هۆکارەکانی هێرش کردنە سەر هەولێر

2022-03-13 09:57:00
ئاسۆ حاجی
لە هەولێر سەلامەتترین شوێن کۆنسلخانەی ئەمریکایە، چونکە ئێران هەرگیز ناوێرێ توخنی بکەوێ و هێرشی بکاتە سەر، ئەوەش نەک تەنها لە هەولێر و هەرێمی کوردستان وایە، بگرە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان وەسف بۆ بالیۆزخانە و ناوەندەکانی بەرژەوەندی ئەمریکا راستە، ئێران هەرگیز نەوێراوە راستەوخۆ زیان بە ئەمریکا بگەیەنێ، ئەوەی بە حیسابی خۆی بەرامبەر بە ئەمریکا لە هەولێر کردی، لە ساڵی 2020 لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سلێمانی کردی، تەنها موشەکەکانی لە دووری بنکەکانی ئەمریکا فڕێدان و چەند سەربازێکی عێراقی بوونە قوربانی و خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەوت.
هێرشی ئەوجارەی سەر هەولێریش هەر پەیوەندی بە تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی بوو، بەڵام ئەوجارەیان لە رۆژی لە دایک بوونی بوو نەک کوشتنی، رێک لە هەمان کاتی کوشتنی قاسم سولەیمانیش بوو کاتژمێر 1:20 خولەکی شەو.
ئەو هێرشەی ئێران لە دوای سەرکەوتنی دێ لە بەغدا، بە نزیککردنەوەی موقتەدا سەدر و نوری مالیکی کە ئەگەرێکی زۆر هەیە، شیعە یەک فراکسیۆنی پەڕلەمانی دروست بکەن و دیسان ببنەوە گەورەترین فراکسیۆن درێژە بەهەمان سیاسەت و شێوازی حوکمڕانی بدەن لە ژێر سێبەر و لە بەرژەوەندی ئێران.
هۆکارێکی دیکەی ئەو هێرشانە پەیوەندی بە گۆڕانی هاوکێشە ئیقلیمی و جیهانیەکان هەیە، کە لە دوای هێرشکردنی روسیا بۆ سەر ئۆکڕاینا دروست بوون، لە سەر ئاستی ئیقلیمی تورکیا لە جاران زیاتر بۆتە جێگای بایەخپێدانی ئەروپا وئەمریکا، دەیانەوێ بە هەر نرخێک بێت بیکەنە بەشێک لە ستراتیژیەتی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا، هەروەها ئەو شەڕە کێرڤی بایەخی وڵاتانی عەرەبیشی بەرزکردۆتەوە و زۆربەیان نیگەرانن لە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو دەرفەتە دەیانەوێ ئەمریکا بەو ئاراستەیە هانبدەن کە ئەوان کاری بۆ دەکەن، هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستوری لە ناوچەکەدا جێگایەکی گرنگ دەگرێ لەو هاوکێشەیەدا، بە تایبەتی کە باس بێتە سەر پرسی نەوت و غازی سروشتی.
ئێران کە ئێستا لە رێکەوتنی لەگەڵ ئەمریکا نزیک بۆتەوە دەربارەی بەرنامە ناوەکیەکەی، و بە کەلک وەرگرتن لەو دۆخەی ئەمریکا تێی کەوتووە لە بەرامبەر پەلهاوێشتنی سەربازی روسیا و کشانی ئابوری چین، لەلایەک، توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی دۆستەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تورکیا و وڵاتانی عەرەبین، هانی ئێران دەدات بە هەموو شێواز و توانایەوە تا بتوانێ ئەمریکا ناچار بکات بە قبوڵکردنی مەرجەکانی کە گرنگترینیان هەڵگرتنی تەواوی سزا ئابوریەکانە، هەروەها مانەوەی بەرنامەی دروست کردنی موشەکە بالستیەکان، ئێران بەو هێز و پێگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەرەوەی سنوورە فەرمیەکانی خۆی هەیەتی، کە لە یەمەنەوە درێژ دەبێتەوە تا لوبنان و فەلەستین، دەتوانێ مەترسی بێت بۆ سەر ئەمریکا هەر کاتێک بیەوێ، هەروەها کەلک وەرگرتن لە لاوازی ئیدارەی سەرۆک بایدن کە میراتگری لاوازیەکانی ئیدارەی ئۆبامایە، کە لە ساڵی 2011 وە لە بەرامبەر ئێران لە پاشەکشێ و شکست لە دوای شکست دایە دوای بڕیاردانی کشانەوەی هێزەکانی لە عێڕاقدا، ئەوەش دوای چوار ساڵ لە 2015 گەیاندیە ترۆپکی شکستەکانی بە ئیمزاکردنی رێکەوتن لەگەڵ ئێران دەربارەی بەرنامە ناوەکیەکەی، کە تا ئیستاش ستراتیژیەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاشەکشێیەکی توند دایە، کە هەرهەنگاوێک بۆ دواوە دەهاوێژی ئێران هەنگاوێک دەچێتە پێش.
رەنگە پرسیار بکرێ، ئەگەر ئیران راستەوخۆ ناوێری هێرش بکاتە سەر ئەمریکا، چۆن ئەمریکا لە پاشەکشێ و ئێرانیش لە پێشڕەوەی زیاتر دایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامەکە ئاسانە، ئێران لە رێگای خۆپاراستنی لە بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا و بەکارهێنانی هێزە پڕۆکسیەکانی خۆی قازانجی گەورەی کردووە، و هەموو کاتێکیش دەرفەتی رێکەوتنی ژێر بە ژێری لەگەڵ ئەمریکا هێشتۆتەوە دەربارە پرسە گرنگەکانی وەک دیاری کردنی حکومەتی عێڕاق، یان شەڕ و ململانێی نیوان ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە تێیدا تەنها ئەمریکا و ئێران سوودمەندن و هەموو لایەنەکانی دیکە زیانمەند، ئەوەی دیارە ئەمریکا زیاتر پێویستی بەو رێکەوتنە هەیە نەک ئێران.
ئێران تەنها دووجار راستەوخۆ هێرشی کردووە، ئەویش بۆ نزیک بنکەکانی ئەمریکا بووە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو دووجارەش ئێران ناچار بووە، چونکە پەیوەندی بە شکۆ و هێزی رژێمی ئیستای ئێرانەوە هەیە، هەروەها ئێران دەیەوەێ لە سەر ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش وەبەرهێنانی لێ بکات، لە نیشاندانی هێزی خۆی، ئەگەرچی لە راستیدا کە ئێران دەتوانێ ئەو کارانە بکات لە بەهێزی ئێران نیە بەڵکو لە بیهێزی نەیارانی ئێرانە.
