Draw Media

شێوازی سەرکردایەتیکردنی سێکوچکەی تاریک

شێوازی سەرکردایەتیکردنی سێکوچکەی تاریک

2022-03-12 12:54:46


ئارام سەعید

(نارسیست، سایکۆپات، مەکیاڤیللی)

دەرونناسان هەمیشە نیگەرانیەکیان هەیە کە ئەویش ئەوەیە چۆن سایکۆپات و نەرجسییه‌كان لەدەرەوەی پۆستە باڵاکانی دەسەڵات بن، چونکە کێشەیەکی گەورەی دەسەڵات ئەوەیە گەر سایکۆپاتێک بێت ئەوا هەموو ئاڕاستەکان بەخزمەتی خۆیدا دەبات، دەسەڵاتەکانی خراپ بەکاردەهێنێت و کارەسات دەنێتەوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی حوکمڕانی بە پشتاو پشت دەگوازرێتەوە نەک بە هەڵبژاردن چوارساڵ جارێک بگۆڕێت، هەرچەندە بۆ سیستمی دیموکراسیش دەتوانن زیانی گەورە بگەیەنن.

لە دەرونزانیدا ئەوکاتەی باسی سێکوچکەی تاریک دەکرێت مەبەست لێی ئەو کەسانەن کە هەڵگری سیفاتی دڕندانەن کە ئەوانیش سایکۆپات و نارسیست و مەکیاڤیللیە کە هەمیشە تێک ئالۆسکاون و یەکگرتون، واتە ئەگەر کەسێک هەڵگری سیفەتی سایکۆپاتی بێت ئەوا سیفەتی نارسیستی تێدایە لەگەڵ مەکیاڤیللی، هەربۆیە پێکەوە باس دەکرێن چونکە سیفاتەکانیان زۆرلەیەک نزیکن.

زانایەکی دەرونناسی دەڵێت" ئەو کەسێتیانە وەک چۆن خەلوزێک بۆ گەشانەوە پێویستی بە شنەبایەکە ئاوا حەزیان لە دەسەڵات و سەرکردایەتیکردنە، رۆبەرت هیر زانای دەرونناسی دەڵێت" ئەوان دڕندەی کۆمەڵایەتین، وەک هەموو ئاژەڵێکی دڕندە بۆ شوێنێک دەگەڕێن ڕاوی تیابکەن، هەربۆیە دەسەڵات و پارە لەکوێ بێت ئەوان لەوێن."

لەکارکردنی سیاسیاندا زۆر رقیان لەوەیە رەخنەیان لێدەگرێت هەر بۆیە لە سەرکردایەتیکردندا پشتدەبەستن بە سەپاندنی دەسەڵات و دژایەتی و توڕەیی، چونکە خەمی سەرەکی ئەوان ئەوەیە سەرنجی ئەوانی تر رابکێشن بەلای خۆیاندا، نەک گوێ لەوانی تر بگرن. هەرچەندە لە هەڵسوکەوتیاندا لایەنی خراپ هەیە، بەڵام لایەنی باشیشی تیدایە، بۆنمونە توانای ئەوەیان هەیە وێنە گەورەکە ببینن پێش خەڵکی ئاسایی، چونکە سۆزداری کاریان تێ ناکات، ئەو بەهرەیان هەیە کە سەرنجی زۆری هەواداریان رابکێشن بەلای خۆیاندا، چونکە توانایەکی باشیان هەیە لە گوتارداندا، هەندێکجار دەبنە کاریزما، چونکە سڵ ناکەنەوە لە درۆکردن لە گوتارەکانیانداو دروستکردنی وەهم بۆ خەڵک.

لایەنی خراپیشیان ئەوەیە ناتوانن لێبوردوو بن بەرامبەر رەخنەو هەندێكجار زۆر توند وەڵام دەدەنەوە، تەنها ئەو رەخنانە نەبێت کە خۆیان پێویستیانە بەکاری بهێنن، هەربۆیە زاناکان دەڵێن گوێگرێکی باش نین و ئەوەش وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆئەوەی گوێیان لە رەخنەکان نەبێت.. کۆپی بچوک لەخۆیان دروست دەکەن و بەکاریدەهێنن، یان ڤێرژنێکی تری خۆیان بۆ پاراستنیان بەکاردەهێنن. حەزدەکەن زۆربن ئەوانەی سەرکردایەتی دەکرێن. سەرکردەی نەرجسی کە بزنزمان دەبێت هەوڵ دەدات کۆمپانیا لەدوای کۆمپانیا دروست بکات کە سەرکردەی سیاسیش بن بەهەمان شێوە هەوڵی فراوانبونی دەسەڵاتیان دەدەن.

سایکۆپاتەکان دەبنە گرفتی گەورە ئەوکاتەی سەرکردایەتی ئەکەن و دەبنە سەرۆک، دۆناڵد ترەمپ بەنمونە، لەمبارەیەوە ژمارەیەک لێکۆڵەری زانکۆی ئۆکسفۆرد هەڵسەنگاندنێکیان کرد لەسەر ترمپ و هێلاری کلنتۆنی رکابەری بۆ رێژەو ئاستی سایکۆپاتیان و لەئەنجامدا دەرکەوت ترمپ زیاتر سایکۆپاتەو نمرەی زیاتری هێناوە لە هێلاری کلنتۆن، کە تیایدا بەراوردیان کردون بەسەرکردە جیهانیەکانی بەسایکۆپات ناسراون، بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە، ترمپ ئاستی سیفاتە سایکۆپاتیەکانی لە هێتلەر بەرزتربووە ١٦٩و کەمێک کەمترە لە ژەنراڵ عیدی ئەمینی سۆماڵ ١٧٦و پادشا هێنری هەشتەم ١٧٨ نمرەکەی ترەمپ ١٧١. ناپلیۆن پۆناپارت ١٥٣، ونستن چەرچل ١٥٥، مارگرێت تاتشەر ١٣٦، سەدام حوسەین یەکێکە لەو کەسێتیانەی کە زۆرترین نمرەی هێناوە ١٨٩ یە.

وەک زۆربەی پسپۆڕانی تری دەرونیی، ماری ترەمپ کە خۆشکەزای دۆنالد ترەمپەو خۆی پسپۆڕی دەرونییە، پێیوایە کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زۆر لەسیفاتەکانی دەروون شێواوی هەیەو گرفتی سەرەکی ئەوەیە نەرجسیەتی توندی هەیەو هەموو سیفاتەکانی سایکۆپاتی تێدایە، کە دەچێتە خانەی ئەوانەی دژی کۆمەڵگان و دەکرێت بە سۆسیۆپات سەیربکرێت.

ئەوەی کە سایکۆپاتەکان دەچنە دەسەڵاتەوەو سەردەکەون هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو کەسانەی سۆزدارن و خەڵکی بەرپرسن حەزیان لە دەسەڵات و خۆسەپاندن نییە، حەزدەکەن خزمەت بکەن لەگەڵ هاوکارانیان کاربکەن و بمێننەوە، ئەوەش دەرفەتێکی باش دەدات بەو دڕندانە ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand