دوای ٣١ ساڵ: نەفرەتکردن لە ڕاپەڕین
2022-03-05 18:14:31
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە سپێدەی ڕاپەڕیندا کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی ماندو و بریندار و پڕوکاو بوو. بە درێژایی ساڵانی ھەشتا بەناو تونە تاریک و حەمامە خوێناوییەکانی جەنگی عێراق و ئێراندا تێپەڕیبوو. ئەم جەنگە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەی گۆڕیبوو بۆ سەرباز و جاش و جەیشی شەعبی. ھەموو ئابوریی وڵاتەکەشی گۆڕیبوو بۆ ئابوریی جەنگ. عێراق خۆیشی کەوتبوە ژێر باری قەرزێکی گەورە و زیاد لە ملیۆنێک سەرباز لە دانیشتوانێکی ١٢ بۆ ١٣ ملیۆن کەسی دروستکرابوو. کە جەنگەکەش لە کۆتاییەکانی نزیکدەبوەوە میلەتی ئێمە کەوتە ناو ئەزموونی گازی کیمیاویی و پەلامارە ژەھراویی و وێرانکەرەکانی ئەنفالەوە. ھەزاران گوند و شارۆچکەی کوردستان تەختکران، زیاد لە ملیۆنێک مرۆڤ ڕاگوێزران و لەناو ئۆردوگا زۆرەملێکاندا، بێکار و بێبژێو و بێئاکار، کۆکرانەوە. سەدان ھەزار مرۆڤ کوژران. بەشێکی گەورەی ژینگە مادییەکەی کوردستان وێرانکرا، چەندان ملیۆن مین لەژێر زەویە بەزۆر چۆڵکراوەکاندا دانرا، دار و درەختێکی زۆر بڕانەوە و سەدەھا کانی تەقێنرانەوە و ئاژەڵێکی زۆر بە تاڵان بران. ژمارەیەک نەزانراویش لە کچانی گەنج بەکەنیزەک کران و فرۆشران و ترسێکی تۆقێنەریش بەھەموو شوێنێکدا بڵاوکرایەوە. لە سپێدەی ڕاپەڕیندا ئێمە لەناو وردەکارییە ترسناکەکانی ئەم مێژووە ئەتککراودا دەژیاین، مێژوویەک سەرقاڵی لە ئینسانخستنی ئینسان و لە کۆمەڵگاخستنی کۆمەڵگای ئێمەبوو. لە سپێدەی یەکەمی ڕاپەڕیندا خەڵک، دوای ئەو ھەموو ساڵە تۆقێنەرانە، تۆڵەی لەو مێژووە تاریکە دەکردەوە، بەگژ یەکێک لە ترسناکترین سیستمە سیاسییەکانی مێژووی سەدەی بیستەمدا دەچووەوە. لە سپێدەی یەکەمی ڕاپەڕیندا مرۆڤ دەیتوانی خەون ببینێت و بیر لە دونیا و مێژوویەکی تازە و باشتر بکاتەوە.
سی و یەک ساڵ دواتر ھیچ شتێک لە ڕۆحیەت و ماناکانی ئەو سپێدە تایبەتە لەناو مێژووی ئێمەدا، نەماوەتەوە. سی و یەک ساڵ دواتر زمانی قسەکردن لەسەر ئەو بەیانیانەی ڕاپەڕین و مانابەخشین پێیان و وێناکردنیان، گۆڕانێکی ھەمەلایەن و ڕیشەیی بەسەرداھاتووە. دونیای دوای ڕاپەڕین بە ڕادەیەک ناشیرینکرا، ”نەفرەتکردن لە ڕاپەڕین“ بووە بە دیاردەیەکی سیاسیی سایکۆلۆژیی بەرچاو و وەک دەرکەوتێکی تایبەتی ”نەفرەتکردن لە خود“ خۆیشی، بووە بە بەشێک لە سایکۆلۆژیا و زمان و تێگەیشتنی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە، بۆ خۆی و بۆ ئەو مێژووەی لەناویدا ئامادەبووە. ”خودنەفرەتیی“ لە دونیای داوی ڕاپەڕیندا بە نەفرەتکردن لە ھێزە سیاسییەکان و لە بنەماڵە سوڵتانییەکان دەستپێدەکات، بەڵام گەشەدەکات بۆ نەفرەتکردن لە خودی ڕاپەڕین و دواتریش بۆ نەفرەتکردن لە کوردبوون خۆی. خودنەفرەتی دۆخی سایکۆلۆژیی و ئەخلاقیی و سیاسیی و ڕەمزیی باڵادەستیی ناو ئەو دونیایەیە، کە دوای سێ دەیە لە ڕاپەڕین دروستبووە. با سەرنج لە ھەندێک لەو پۆستە سەرەتاییانە بدەین کە دوێنێ، سپێدەی یەکەمی ڕاپەڕین، لە سەعاتەکانی یەکەمی یادکردنەوەی ڕاپەڕیندا، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسران.
لە یادی ٣١ ساڵەی ڕاپەایندا خوێنەرێک دەنووسێت ”ڕاپەڕین کۆتایی بە حوکمی تاکەکەس ھێنا و حوکمی جووت بنەماڵە جێگەی گرتەوە“. حوکمی جووت بنەماڵەش وەک حوکمێکی مافیایی و جەردەییانە دەناسرێنرێت. ئەوەتا لەسەر ھەمان ھێڵ خوێنەرێکی تر دەنووسێت: ”ڕاپەڕین دەلاقەیەک بوو، لەوێوە خیانەتکار و جنێوفرۆشەکانی شاخ، بوونە تاڵانچی و دز و مافیا لە شار“. ئەم وێناکردنە کافکاییە، ئەم گۆڕان و بە دەعەجانبوونە سیاسییە، بە ڕادەیەک لەناو زمان و وێناکردنی بەشێک لە خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەدا ئامادەیە، وادەکات کەسێکی تر لەبارەی وردەکارییەکانی ئەم گۆڕانکارییەوە، بنووسێت: ”هەرزاران سڵاو لەوانەی بەپێڵاوی لاستیكەوە هاتن و بوونە ملیاردێر و سەرمایەداری گەورەی ئەوروپا و ئەمریكا! هەزاران سڵاو لەوانەی شانازی بەدەركردنی بەعسەوە ئەكەن و دەبابەی بەعسیان هێنا ناو پارلەمان، كوڕی عەلی كیمیاویان بردە هەولێر، فڕۆكەوانەكەی كیماوی هەڵبجەیان ناردە بەریتانیا، بە چەپڵە فایلدارەكانیان كردەوە بە بەرپرس.“ لەسەر ھەمان ھێڵ کەسێکی دیکە زمانی بەعس قەرزدەکات و سەبارەت بە ڕاپەڕین دەنووسێت: ”تاکە سوودی ڕاپەڕین ئەوە بوو کە ڕووی ڕەشی ئەو دەسەڵاتدارانەی کەشف کرد و زانیمان بەڕاستی موخەڕیبن !“. کەسێکی تر لەم یادەدا و بە زمانێکی ڕۆژانەییتر دەنووسێت: ”ڕاپەڕین کەرایەتیەک بوو کردمان و تەواو، دەبێت باجەکەشی بدەین ھەتاکو ڕێگایەک دەدۆزینەوە و کەرایەتیەکەمان ڕاست دەکەینەوە“ ئەم قەرزکردنە ئاشکرایەی زمانی بەعس بۆ قسەکردن لەسەر خود بەو دەرەنجامە دەگات کەسێکی تر بنووسێت: ”ڕاپەڕین ھەڵەیەکی مێژوویی بوو خەڵک کردی، نەفرەت لەو ڕۆژە“. یان ”ڕاپەڕین ئەو ڕۆژە ڕەشەبوو کە دەرگای بۆ ئەم دۆزەخەی ئەمڕۆ کردەوە، خوا بیبڕێ و خۆزگەم بەوڕۆژە ڕەشە نەبێت“.
”یاداوەریی دەستەجەمعیی“ ھەر میلەتێک یاداوەریەکە پڕ لە گۆڕان و دەسکاریکردن و سەرلەنوێ بونیادنانەوە. گۆڕانی ڕاپەڕین لە ساتەوەختی لەدایکبوونی کۆمەڵێک خەونی مێژوویی گرنگەوە، بۆ کابوسێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی، لە ساتەوەختی بەخشینی شتێک لە شکۆ بە خود بۆ نەفرەتکردن لەو خودە، ئەو گۆڕانکارییە کافکاییەیە لە سێ دەیەدا لە دونیای ئێمەدا، دروستبووە. دروستبوونی ئەم زمانە تازەیەش بۆ قسەکردن لەسەر ڕاپەڕین بەناو ھەمان ئەو مێژووەدا تێدەپەڕێت. مێژوویەک کە بڕێک لە ھێڵە سەرەکییەکانی لەناو نووسینی ئەو کەسانەدا ئەدۆزینەوە کە لە سەرەوە ھێمامان بۆکردن.
شتێک بکرێت لێرەدا بە خێرایی ھێمای پێبکەین ھەندێک میکانیزمی ترە کە ئەو مێژوە خودنەفرەتە دروستدەکات. لە پێش ھەمووانەوە میکانیزمی پارچەپارچەکردنێکی سیستماتیکی کۆمەڵگاکە و دابەشکردنی ناوچە و شار و دەزگا و پۆست و پێگە و ئابورییەکەی بەسەر دوو حیزب و لەڕێگای ئەوانیشەوە بەسەر چەند بنەماڵەیەکی سیاسیدا. بەشەخسیکردنی سوپا و ئەمن و ئاسایش و دەزگاکانی تری حوکمڕانیی، کوشتنی ھەموو ھاوبەشێکی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و ڕەمزیی، سڕینەوەیەکی ھەمەلایەنی چەمکی ھاوڵاتیی یەکسان و خاوەن ماف، نەفیکردنی ڕێز و کەرامەتی ئینسانیی، باڵادەستکردنی سیاسەتی زەلیلکردنی سیاسیی و ناسیاسیی. خستنەوەی لەشکرێک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنج و گواستنەوەیەکی ئاشکرا و بینراوی تاپۆی وڵاتەکە لە باوکەکانیانەوە بۆ ئەوان. ئیفلیجکردنی تواناکانی گۆڕانکاریی ھێمن و پلان و خواستی بە ئەبەدیکردنی دەسەڵاتی ئەو بنەماڵانە.
لە دەیەی سێھەمی دونیای دوای ڕاپەڕیندا ڕاپەڕین بووە بە کابوس و نەفرەت و ھەڵە، لەسەر ئەم ھێڵە خودنەفرەتە ڕاپەڕین لە چەند ساڵی داھاتودا دەبێتە خیانەت و ناپاکییەکی گەورە.