Draw Media

گەڕانەوە بۆ سیستمی زۆرینە

گەڕانەوە بۆ سیستمی زۆرینە

2022-02-13 09:34:31


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

عێراق وڵاتێکی فرە ئەتنیی و فرەممەزھەبی و فرەنەتەوەییە. لە ڕۆژی دروستبوونییەوە وەک دەوڵەت، دەرگیری چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەم فرەییە ئەتنیی و نەتەوەیی و مەزھەبییەیە. تا ساڵی ١٩٥٨ شتێک بەناوی ”سیستمێکی سیاسیی نیمچەلیبرال“ و ”نیمچە پلورال“ەوە لەئارادابوو، بەڵام ھاوکات حوکمڕانانی وڵاتەکە لە سەرجەمی ئەو قۆناغەشدا عەرەبی سونە بوون. لە دوای کەوتنی سیستمی پاشایەتیی و ھاتنی ڕێژمە سەربازیی و ئایدیۆلۆژییەکانەوە، کۆتایی بەو سیستمە نیمچەلیبرال و نیمچەپلورالە دەھێنرێت و ”سیستمی تاکحیزبیی“ و ”سەرۆکی مێژوویی“ و ”حیزبی قائید“ و ”پێشڕەو“، دەسەپێنرێت. لەم قۆناغە درێژەدا، کە تا کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەخایەنێت، دیسانەوە ھەر سونەی عەرەب جڵەوی حوکمڕانیی وڵاتەکەیان لەدەستدایە. پرۆسەی ”بەبەعسیکردنی ھەمووان“، واتە بەبەعسیکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگا و سەرجەمی کایەکان، ئەو ستراتیژەیە کە بەعس پەیڕەویدەکات و لەمەیشدا پەنابردن بۆ توندوتیژیی زۆر و ھەمەجۆر، گرتن و کوشتن و ڕاونان، جەنگ و پەلاماردانی ناوەکیی و دەرەکیی، کڕینی وەلای مرۆڤە سادەکان، تەکنۆلۆژیای سەرەکیی حوکمڕانیی بەعسایانەی وڵاتەکە بووە. دیوەکەی تری ئەم پرۆسەی بەبەعسیکردنە بریتییبوو لە پەنابردن بۆ ئەو ستراتیژیەی لە زانستە سیاسییەکاندا ناوی ”سەودای دەسەڵاتگەرانە“ی لێنراوە، authoritarian bargain,. بەپێی ئەم سەودا تایبەتە، بەعس نان و ئاو و کاری بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا دابیندەکرد. بەڵام لە بەرامبەردا ئازادیی و سەربەخۆبوونی لە ھەمووان دەسەندەوە و سیستمی حوکمڕانیەکەشی بە شێوەیەکی ترسناک قۆرخدەکرد. 
ئەم مۆدێلە بەعسایانەی حوکمڕانیی لە دوای جەنگی ئێران و عێراق و لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەوە دەکەوێتە ناو قەیرانێکی گەورە و ھەمەلایەنەوە، بەھۆی جەنگ و شەڕ و شۆڕ و داگیرکردن و پەلامارەکانی بەعسەوە، چ لەناو خۆی عێراق و چ لە دەرەوەی عێراقدا، دەوڵەتەکەی بەعس توانای دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە ھەرەسادەکانی نامێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتگەریەکی ڕووتە بەبێ ھیچ سەودایەک لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا. بۆیە تەکنۆلۆژیای سەرەکیی حوکمڕانی لە ساڵانی نەوەدەوە تا ڕوخانی بەعس لە ٢٠٠٣دا دوو ڕەھەند وەردەگرێت. یەکەمیان پەنابردنی زیاتر و زیاترە بۆ توندوتیژیی و سەرکوتکردن. دووھەمیان ستراتیژیەتی پارچەپارچەکردن و ھەڵوەشاندنەوەیەکی قووڵ و ھەمەلایەنی کۆمەڵگای عێراقییە لەسەر بنەمای مەزھەب و دین و خێڵ و ناوچە، کە خودی پارچەپارچەکردنەکە وەلائەت بۆ بەعس و بەھێزکردنی ئەگەری مانەوەی، بەڕێوەیدەبات. کاتێک بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەکەوێت وڵاتەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە پارچەپارچە و وێرانە. 


بیناکردنەوەی عێراقی دوای سەدام لەسەر بنەمای دابەشکردنێکی تائیفیی و ئەتنی وڵاتەکە بوو، وەک ووتم پێشتر و بەتایبەتی لە ساڵانی نەوەدیشەوە دابەشکردنی عێراق لەسەر ئەو بنەمایە لەلایەن ڕژێمەکەی سەدام حوسەین خۆیەوە بەشێوەیەکی فراوان پەیڕەوکرابوو. ئەوەی لە ٢٠٠٣ دا تازەیە دابەشکردنی عێراقە لە ناو چوارچێوەیەکی سیاسیی نوێدا کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە چوارچێوەی ”دیموکراسیەتی ڕێکەوتن“، یان ”دیموکراسیەتی تەوافوقی“ ناودەبرێت. لەسەر ئەم بنەمایە عێراق کرایە دەوڵەتێکی فیدراڵی کە تیایدا ھەر سێ پارێزگایەکی ئەو وڵاتە توانای دروستکردنی ھەرێمێکی سەربەخۆیان لەناو چوارچێوەی ئەو دیموکراسیەتە تەوافوقیە فیدراڵیەدا ھەبێت. ئەمەش بۆڕێگرتن لە کۆبوونەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لە پایتەختی ئەو وڵاتەدا. 
ئەزموونە دیموکراسییەکانی جیھان، بە شێوەیەکی گشتیی، بۆ دوو شێوازی لەیەکتر جاواز دابەشدەکرێن. یەکەمیان دیموکراسیەتیی زۆرایەتییە. ئەویتریان دیموکراسیەتی ڕێکەوتن، یان تەوافوقیە. لەیەکەمیاندا ئەوانەی زۆرایەتییەکی سیاسیین بۆ دروستدەکرێت حوکمڕاندەبن و کەمینە سیاسییەکانیش تا ھەڵبژاردنێکی تر وەک کەمینە دەمێننەوە. لە کاتێکدا لە دووھەمیاندا بۆئەوەی ڕێ لەوەبگرن گروپێک ھەمیشە کەمینە و گروپێکتر ھەمیشە زۆرایەتیی بێت، جۆرێک لە دابەشکردنی دەسەڵات پەیڕەودەکرێت کە ڕێ لە دروستبوونی ”زۆرینەی ھەمیشەیی“ و ”کەمینەی ھەمیشەیی“ بگرێت. دیموکراسیەتی بریتانیی نموونەی یەکەمیان و دیموکراسیەتی سویسری نموونەی دوھەمیانە. 


ئەوەی دەستنیشانی ئەوەدەکات لە وڵاتێکدا پەنا بۆ کام شێواز لەم دوو شێوازەی ڕکخستنی پەیوەندیی سیاسیی دیمورکاسییانە ببرێت، دوو ھۆکارە. یەکەمیان ئەزموونی مێژوویی ئەو وڵاتەیە. دووھەمیان دۆخی ئەو وڵاتە و پێکھاتی دانیشتوان و گروپەکانی ناویەتی. دەزگاکانی سیستمی دیموکراسیی ڕاستەقینە پێویستە لەگەڵ ئەو دوو پێدروەدا بگونجێرێن. ئەزموونی مێژوویی ئەو وڵاتە ھێما بۆ مێژووی ئەو وڵاتە و چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە لەڕووی مێژوویەوە دەکات. دۆخی وڵاتەکەیش ھێما بۆ پێکھاتەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەم ساتە و لێرەدا دەکات. گەر لە سێبەری ئەو ڕاستییە تیوریانەدا سەیری عێراق بکەین دوو ڕاستی دەبینین. ئەزموونی مێژوویی وڵاتەکە ئەزموونی مۆنۆپۆڵ و قۆرخکردنێکی ھەمەلایەنەی دەسەڵاتە لەلایەن گروپ یان تاقە ھێزێکی سیاسییەوە، بە تایبەتی لە سەردەمەی ھاتن و حوکمڕانیکردنی بەعسەوە. دووھەمیان دۆخی ئەمڕۆکەی عێراق دۆخی دابەشبوونێکی ناوەکیی ترسناکە لەسەر بنەمای مەزھەب و ئەتنیەت و وەلائاتی ئیقلیمی. لە ئێستادا شیعەکان. بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوان پێکدەھێنن، لە ڕووی تیورییەوە دەشێت، ببن بە ”زۆرینەیەکی سیاسیی ھەمیشەیی“ و کورد و سونە بەحکومی ئەوەی لەڕوی ژمارەوە کەمینەن، دەتوانن ببن بە ”کەمینەیەکی سیاسیی ھەمیشەیی“، واتە لەڕووی تیورییەوە ئەگەری ئەوە ھەیە شیعە بەناوی زۆرایەتییەوە بۆ ھەتاھەتایە حوکمڕانی عێراقبن و کورد و سونەش وەک کەمینە بۆ ھەتاھەتایە، لەدەرەوەی ئەو حوکمڕانیەدابن. 
 ”سیستمی تەوافوقی“ عێراق کە لە فۆرمی سیستمێکی فیدراڵیدا لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە دروستکراوە، بۆ ڕێگەگرتنە لەم کێشەی بە ھەمیشەبوونەی زۆرینە و کەمینەی سیاسیی پێکھاتەکانی ناوی و بۆ خۆپاراستنیش لەو کێشانەی لەم جۆرە لە زۆرایەتیی و کەمایەتی ھەمیشەییەوە دروستدەبێت. بۆیە وەلانانی سیستمی تەواوفوقیی و گەڕانەوە بۆ سیستمی زۆرایەتی، لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، گەڕانەوەیە بۆ مێژوویەک کە ئەو وڵاتەی لە کارەساتێکەوە بۆ کارەساتێکی تر گواستۆتەوە. لەمەش خراپتر ئەو ھێزانەی لە ئێستادا کۆتایی بە سیستمی تەوافوق دەھێنن و دەخوازن سیستمی زۆرایەتیی بسەپێنن، ھێزگەلێکی تەواو نادیموکراس و دەسەڵاتگەر و ستەمکارن، جگە لە ستەمگەرییش ھیچشتێکی دیکە، لە سیستمی زۆرایەتیبوونیان سەوزنابێت. ھەرکەسێک چاوەڕوانی ئەوەبێت سەدر و حەلەبوسی و بارزانی لەڕێگای دروستکردنی زۆرینەیەکەی سیاسییەوە، کێشەکانی عێراق چارەسەربکەن، لەناو وەھم و خەوێکی قووڵدا نووقمبووە. ھێزەکانی دەرەوەی ئەم زۆریاتیەش ھەڵگری ھەمان دید و عەقڵ و ستراتیژیەتی حوکمڕانین. ئەوەی چاوەڕوانی ئەوەبێت نوخبە سیاسییە زۆرینەکە و ئەوانەی دەرەوەی ئەو زۆرینەیەش. وڵاتەکە بەرەو دۆخێکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی باشتر بگوازنەوە، پێناچێت خەڵکی سەر ئەم ھەسارەیە بێت. سەرەڕای ئەم ڕاستییە سادانە گەڕانەوە بۆ دۆخی دروستکردنی زۆرینەی سیاسیی لە عێراقدا، لە ڕووی تیورییەوە، ھەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand