پیلانی غوێران دژی "پەكەكە"یە
2022-01-27 14:41:16
ئەنوەر حسێن (بازگر)
پاش یەكساڵ كاری چڕوپڕی موخابەراتی و نهێنی، داعش بە ئامادەسازی تەواو، پەلامار و هێرشی بۆ سەر زیندانی سەناعە لە گوێران بەڕێوەبرد، كە بە تەنها و تەنها هەرگیز داعش ناتوانێت پلان و سیناریۆی وەها دابڕێژێت، مەگەر میت و موخابەراتی سوریا و لایەنی تر بەشدار نەبوو بن.
سیناریۆكە ئاوا داڕێژراوە:
"نەخشەی كارەكە لە سەرێكانیەوە بە هاوكاری توركیا لە مانگی ئازار و نیسانی 2021 دارێژراوە، شانە نوستوەكانی داعش لە غوێران وجودییان هەبوو، وردە وردە، تاك تاك و گروپ گروپ گەڕانەوە غوێران و ڕۆژانە كاریاندەكرد و چاودێری زیندانەكە و جموجوڵی هەسەدە و هێزەكانی ئاسایشییان دەكرد، دواتر لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بە نهێنی چەك، تەقەمەنی، ئۆتۆمبێل و پێداویستی جۆراوجۆرییان بۆ ڕەوانە كراوە"، واتا لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا، (200) چەكداری داعش لە ناوچەكانی سەرێكانێ و گرێ سپی و ڕوومادییە، نێردراونە ناو گەڕەكی غوێران و دەروبەری زیندانەكە، چەك و تەقەمەنییان گواستۆتەوە بۆ ناو ئەو ماڵانە، هاوكات گیراوانی داعش لەناو زیندانەكەوە، پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوە هەبوە، كە هەسەدە دەڵێت "زیاتر لە (5000) داعش لەو زیندانەدا، زیندانی كراون و چاوەڕوانی پەیامی دەرەوە بوون، تا دەستبدەنە یاخیبوون و شكاندنی دەرگای زیندانەكە و نانەوەی فەوزا و ئاژاوە"، پاش ئەمانە:
قۆناغی یەكەم: لەگەڵ ئامادەكاری تەواوی سیناریۆكە، فەرمانی هێرشدرا و لە چوار ڕیانی غوێران بە ئۆتۆمبێلێكی ئامادەكراوی بۆمبڕێژكراو، بە (50) كیلۆ (TNT) تەقێندرایەوە، كە سێ تانكەری سوتەمەنی لەو ناوچەیە هەبوون و هەموویان گڕیانگرت و بەردەم زیندانەكە بوە یەكپارچە ئاگر و گڕ.
قۆناغی دووهەم: ڕێگای سەرەكی زیندانەكە بەوشێوەیە دادەخرێت و لە دەست و كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئاسایشدا نامێنێت.
قۆناغی سێیەم: ئۆتۆمبێلی دووهەمی (TNT) ڕێژكراوی ئامادەكراو لە بەردەم دەرگای زیندانەكە دەتەقێندرێتەوە.
قۆناغی چوارەم: پاش تەقینەوەكان، شانە نوستوەكانی ناو ماڵ و هاوسێیەكانی زیندانەكە دێنە دەرەوە و دەست دەكەن بە تەقەكردن و شڵەژانی ناوچەكە و بەدیلگرتنی خەڵكی مەدەنی ناو گەڕەكەكان.
قۆناغی پێنجەم: دواتر ئۆتۆمبێلی ئامادەكراوی بەهێز خۆ دەكێشێت بە دیواری زیندانەكە و دەیڕوخێنێت و شانە نوستوەكانی دەچنە ناو زیندانەكە و چەك بەسەر زیندانییەكاندا دابەشدەكەن و چەندین ئاسایش و پاسەوان دیل دەكەن.
بەوشێوەیە كۆی پلانەكەی داعش، تا ئەو شوێنە وەك خۆی جێبەجێكرا و تاڕادەیەكی زۆریش سەركەوتوو بوو، كە گومان دەكرێت دەزگای میت و موخابەراتی سوریا، ڕۆڵی گرنگیان هەبوو بێت، هاوكات لەگەڵ ئەم هێرشانە توركیا دەیویست پەلاماری چەند ناوچەیەك بدات، بەڵام بەهۆی ئۆپراسیۆنی هەسەدە لە حەسەكە و ڕەققا، دەستگیركردنی چەند شانەیەكی گەورە و گرنگی داعش پلانەكەیان دواكەوت، بەڵام هاوكات لەگەڵ پەلاماری زیندانەكەی غوێران، گروپەكانی سەر بە توركیا پەلاماری زرگان، تل تەمر، عەین عیسایان داوە، وەكو تەواوكراوی سیناریۆكە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بە تایبەت پاش ئەوەی لە دوایین دیداری ئەردۆگان و بایدن، واشنتۆن ڕازی نەبوو بە ئۆپراسیۆنی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، بەڵام سیناریۆكانی ئەوان شكستیان هێنا، لە بەرامبەردا هێزەكانی هەسەدە، جیا لەوەی بەرەنگاری ئۆپراسیۆنەكە بوونەوە، لەهەمانكاتدا پەیوەست بوون بە پەلاماری غوێران، هێزەكانی هەسەدە و ئاسایش گەڕەكەكانی غوێران و زهوریان گەمارۆدا و شەڕ كەوتە بواری پراكتیكییەوە، لە (20ی ژانیوییە)ی ئەمساڵدا، (150) چەكداری شانەی نوستوو، (200) داعشی تر كوژران.
سەرچاوەكانی زانیاریش باس لەوەدەكەن، كە پاش ئەوە لە (30 كانونی یەكەم)دا، هەردوو دەزگای میت و هەواڵگری سوریا لە عەقەبەی ئۆردون كۆبوونەتەوە، ئاماژە بەو ئۆپراسیۆن و پەلامارە بۆ سەر غوێران كراوە، بەهەمانشێوە لە كۆبوونەوەی (21 كانونی یەكەمی 2021)یش لە دیداری ئاستانا لە نێوان توركیا، ڕوسیا و ئێران، ئاماژە بەوە كراوە، كە ناوچەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگەی مەترسیین و باس لەوە دەكرێت، گەر هێرشەكانی داعش و سیناریۆكانی بۆ سەر غوێران سەركەوتوو بوایە، بەرنامە هەبوو، توركیا پەلاماری باكوری تل تەمر و سوریاش پەلاماری تەبقا و دێرەزوور بدەن.
ئەوەی جێگەی پرسیار و سەرنجە، یەكساڵ كاری چڕوپڕ و نهێنی داعش، چۆن دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا، بەو نەخشە و زانیارییانەی نەزانیوە، گەر زانیوویەتی بۆ قسەیان نەكردوە؟
ڕوونە، كە توركیا ویستوویەتی لە ڕێگای ئەم پەلامارەوە دەست بەسەر حەسەكە و ڕێگای (M4)دا بگرێت، بەمشێوەیەش گەر هێز بكەوتایە دەست چەكدارانی داعش، ئەوا هەرێمی كوبانێ و جەزیرە پەیوەندییان پێكەوە نەدەما و بەوشێوەیەش پەیوەندی نێوان ئەم كانتۆنانە بە ڕەققەوە دەبەسترا و هەسەدە دەكەوتە ناو گەمارۆیەكی بەهێزی توركیا و داعش و چەكدارە بەكرێگیراوەكانی توركیا لە عەفرین و سەرێكانێ و گرێ سپی.
باس لەوە دەكرێت، لە كۆبوونەوەی عەقەبەی ئۆردون، سوریاش ئامادەگی دەربڕیوە لەپاڵ ئەو سیناریۆیەی توركیا، هێزەكانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە پشتیوانی ڕوسیا، پەلاماری دێرەزوور و تەبقایان دەدا و دەستیان بەسەر سەرچاوە نەوتییەكانی ئەو كێڵگانەدا دەگرت، كە تا ئێستا لەژێر دەستی هەسەدە دان و ئەمەریكاش چاودێرییان دەكات، داخستنی دەروازەكانی تەل كۆچە و سێملكان ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی پیلانێكی چنراوی جەمسەرە بەهێزەكانی ناوچەكە هەبوە بۆ كۆتاییهاتنی ئەزموونی ڕۆژئاوا و دەرپەڕاندنی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.
بەمشێوەیە توركیا، كە داڕێژەری سەرەكی پیلان و پلانەكەیە دەستی دەگرت، بەسەر عەین عیسا و تل تەمر و لەملاشەوە فشاری زۆرتری دەخستە سەر یەكینەكانی پاراستنی شەنگاڵ (یەبەشە)، وەكو خۆی دەڵێ "سەر بە (PKK)ن، بۆ چۆڵكردنی شەنگاڵ"، واتا پاش داستانی كۆبانێ و داگیركاری عەفرین، هێشتا ئەو وڵاتانە دەیانەوێت كۆتایی بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بێت، ئەگەر چی هەست بەو مەترسییەی پشتی پەردەش دەكەن، كە ڕەنگە ئەو پشتیوانییەی ئەمەریكا، چەپی فەڕەنسی، حكومەتی سوید، پەرلەمانی برۆكسل و پشتیوانییەكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، لە هەر كاتێكی چاوەڕوان نەكراودا، ڕۆژئاوا بكاتە وڵات، یان هەرێمێكی نێودەڵەتی دانپێدانراوی معترف و دیفاكتۆ.
هەسەدە، هەموو توانا و سەرمایەی ئینسانی و مرۆییەكانی بەكارهێناوە، بەرامبەر ئەو گەلەكۆمەكێیە دوژمنكارانەیە، بەڵام بەرپرسیارێتی گەورەش لەسەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هەیە، كە داكۆكی لەم ئەزموونە بكەن، كە پڕیەتی لە عەدالەت، یەكسانی و ئازادی وەكو چەپە فەڕەنسییەكان دەڵێن "ئینتەرناسیۆنالی چوارەم، لە ئێرەوە سەرهەڵدەدات"، ئەوانە هەمووی ئەوە نیشاندەدات كە كۆی ئەو پیلان و ئاژاوەگێرییانە، گەر بۆ لەناوبردنی ئەزموونی ڕۆژئاواش بێت، بەڵام ئامانجە سەرەكییەكە دژی پەكەكەیە.