ئەوروپا لە بەردەم شەڕێكی گەورەدا!
2022-01-23 14:59:35
دانا حەمەعەزیز
ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی ڕوسیا هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات. زیاتر لە سەد هەزار سەربازی لە سەر سنورەكانی ئۆكرانیا لە خۆرهەڵاتو باكورەوە كۆكردۆتەوە، هەزاران تانكو زرێپۆشو تۆپو موشەكهاوێژو تەنانەت (چەكی ستراتیجیی)شی هێناوەتە ئەم ناوچانەو بەئاشكرا هەڕەشەی داگیركردنی ئۆكرانیا دەكات. دەستدرێژیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، هەشت ساڵە درێژەی هەیەو تیایدا نیمچە دورگەی كرایمیاو چەندین ناوچەی لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا داگیركردووە.
ئۆكرانیا هیچ مەترسییەكی بۆسەر ڕوسیا دروست نەكردووە، بەپێچەوانەوە پەیوەندی مێژویی هاوبەش، كەلتورو تەنانەت ڕەگەزو زمانی هاوبەش، ڕوسو ئۆكرانییەكان بەتوندی بەیەكەوە دەبەستێتەوە. بۆیە لەباشترین بەراوردا، دەستدرێژیی سەربازیی ڕوسیا بۆسەر ئەم وڵاتە (كە تازە ئەكەوێتە سەرپێی خۆی)، لە دەستدرێژیەكەی سەدام ئەچێت بۆسەر كوەیت.
ئۆكرانیا بەدەسەڵاتترین كۆماری یەكێتی سۆڤێتی جاران بوو، زیاتر لە ١٩٠٠ كڵاوەی ئەتۆمی سۆڤێت لە ئۆكرانیا جێگیر كرابوو، بەڵام بەپێی یاداشتنامەی بوداپست-ی ١٩٩٤، ئۆكرانیا سەرجەم بۆمبەكانی ڕادەستی ڕوسیا كرد لەبەرامبەر مەرجی زامنكردنی سنورو سەروەری وڵاتەكەی لەلایەن ئەمریكاو روسیاوە.
ئۆكرانیا وڵاتێكی گەورەو ستراتیجیی ئەوروپایە، هێرشكردنە سەر ئەم وڵاتە، دەستدرێژی یە بۆسەر ئاسایشی ئەوروپاو جیهان. بەڵام لە جەنگێكی وادا، خودی ڕوسیا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت. جگە لە دەرئەنجامە سەربازییە كاولكارییەكانی ئەم شەڕە، ئابوریو خەڵكی هەژاری ڕوسیا بەرگەی ئابڵوقەی ئابوری گشتگیری ئەمریكاو ئەوروپا ناگرن. هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا لەبەرامبەر بچوكترین هەنگاوی سەربازی پوتین دژی ئۆكرانیا، جدیو مەترسیدارە بۆسەر ڕوسیا. نازانرێت كاردانەوەی سەربازیی ناتۆ چی دەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییە دزەپیكراوەكانی لەندەن، ناتۆ بێدەنگ نابێت، لە ڕوی ئابوریشەوە وەك جۆ بایدن بە ڤلادیمیر پوتینی وت "ڕوسیا باجێكی هێندە قورس ئەدات كە هەرگیز پێشبینی نەكردبێت".
بەپێی ئەو پلانەی ئەمریكا دایڕشتووە، ڕوسیا لە بازنەی دامەزراوەی بانكییو دارایی نێودەوڵەتی بەتەواوی دەكرێتە دەرەوە، توانای گۆڕینەوەی رۆبڵ-ی نابێت بە دۆلارو دراوی قورسی تر. لە ڕوی تەكنۆلۆجییو زانستییەوە بە چەشنی سۆڤێتی جاران توشی گەورەترین پاشەكشە دەبێت، بێبەش دەكرێت لە دەستگەیشتن بە تەكنۆلۆجیای ئەلكترۆنییو تەندروستیو هەموو جۆرە پیشكەوتنو ئەپدەیتێكی زانستیی.
ڕوسیا خاوەنی گەورەترین ڕوبەری زەوییە لەسەر گۆی زەوی، كە زیاترە لە حەڤدە ملیۆن كیلۆمەتر دووجا، واتە نزیكەی دوو ئەوەندەی وڵاتی چین، هەروەها خاوەنی گەورەترین هەناردەی سوتەمەنیو دانەوێڵەیە لە جیهاندا، لەكاتێكدا دانیشتوانەكەی تەنها ١٤٥ ملیۆنە. بەڵام دەسەڵاتی دیكتاتۆریی مۆسكۆ، شكستی هێناوە لە فەراهەمكردنی ژیانێكی شكۆمەندانەو دابینكردن خزمەتگوزاری بۆ خەڵكەكەی، كۆمەڵگەی روسیی بەتایبەتی لەدەرەوەی شارە گەورەكان، بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، زاوزێ لە زۆر ناوچە وەستاوەو ساڵانە ژمارەی دانیشتوان لە كەمبوندایە. دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ساردو كرانەوەی جیهان بە رویدا، روسیا دەرفەتیكی گەورەی بۆ هەڵكەوت بۆ ئەوەی ببێت بەبەشێك لەو هەنگاوە گەورەیەی مرۆڤایەتی نای لەڕوی پێشكەوتنی زانستییو پیشەسازیی مرۆیی دا. بەڵام سیستەمی سیاسی مۆسكۆ، بەرەو دیكتاتۆریی ڕەها ملی نا، لەجیاتی چاكسازیی ئابورییو هاوبەشیكردن لە پرۆسەی پێشكەوتنی جیهان بەتایبەتی خۆرئاواو چین، سەرقاڵی نمایشی چەكو هێزی سەربازیو پشتیوانیكردنی ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی دراوسێی بوو. پوتین، توانا مرۆییو سروشتییەكانی ئەم وڵاتە مەزنەی لە خۆ پڕچەككردنو هەڕەشەی سەربازیدا كورت كردۆتەوە. ئێستا پوتین، بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت كە باكی بە ئاسایشی ئەوروپاو خودی روسیاش نییەو ڕێز لە سنوری نێودەوڵەتییەكانو لە یادشتنامەی بوداپست ناگرێ.
مەترسییەكی گەورەیە دەسەڵاتی روسیا كە خاوەن گەورەترین عەمباری چەكی كۆمەڵكوژە، بكەوێتە دەست یەك كەس كە شانازیی بەخۆییو بە جەنگەوە بكات، ئاخر لە سەردەمی یەكێتی سۆڤێتیشدا (دوای ستالین)، هێشتا بڕیارەكانی كرملن بە جۆرێك لە ڕاوێژكردن بوو لەنێوان ئەندامانی سۆڤێتی باڵادا. ئێستا بڕیاری شەڕو ئاشتی تەنها لە دەستی پوتین دایە، هەرچەندە ئەو دەڵێت بەتەمای هێرشكردن نیە بۆسەر ئۆكرانیا، بەڵام هیچ ئومێدێك نیە ئەم هێزە گەورەیە بەبێ دەسكەوتی سەربازییو دیپلۆماسی، لەسەر سنوری ئۆكرانیا بكشێنێتەوە. مەرجی پوتین بۆ ئەمریكاو ئەوروپا ئەوەیە كە نە لەئێستاو نە لەئایندەدا نابێت ئۆكرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ! ئەمریكا، ئەم مەرجەی پوتین كە دژی یاساكانی نەتەوە یەكگرتوەكانە، بەتوندی ڕەتدەكاتەوە. بۆیە هێشتا ئەوروپا لەبەردەم مەترسی شەڕێكی گەورەدایە، كە ئەگەر ڕوبدات، ئاسایشی تەواوی جیهان دەكەوێتە مەترسییەوە!