پارتی، لە کوردایەتییەوە بۆ عێراقییبوون
2022-01-19 13:33:35
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە وڵاتەکەی ئێمەدا هەروەکو چۆن خودا یەکە و نابێت بە دوو، لە ژیانی حیزبایەتییشدا سەرۆک یەکە و نابێت بە دوو، لە مۆدێلی حوکمڕانییشدا حیزبی قائید یەکە و نابێت بە دوو، گەر یەک دوو حیزبی تریش داڵدەی سیاسیی بدرێن، تەنها بۆ ئەوەیە حیزبەکەی سەرۆک بەهێزتربێت، نەک دوانەکەی تر. گەر کەمەکێک بە وردییەوە تەماشای مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی سوڵتانیزم لە هەردوو زۆنەکەی هەرێمدا بکەین، دەبینین براگەورەکان بەردەوام تارماییەکیان بەسەرەوەیە کە بە سێبەرەکەی خۆیانەوە دەبن بە دوو. سێبەرە دووەمەکان لە نەخشەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێمەدا، هێزە ئێقلیمییەکانن. تارمایی سیاسەتی تورکیا باڵی بەسەر زۆرینەی بڕیارەکانی پارتییدا کێشاوە، هاوشێوەی تورکیا، سێبەری ئێرانیش بەسەر زۆرینەی بڕیارەکانی یەکێتییەوە ئامادەیە. هاوکات بە هەیمەنەی تورکیی و ئێرانیی، هەم پارتیی و هەم یەکێتی لەژێر سێبەری ئەمر و نەهی ئەمریکادان. لەناو عێراقیشدا هەمان هاوکێشە ڕۆڵی گەورە لە کۆی پرۆسەی سیاسییدا دەگێڕێت. بەشێکی گەورەی ئەو فەوزایەی لە دانیشتنی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێڕاقدا ڕوویدا، دەرئەنجامی ئەو هاوکێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییانەیە کە نەخشەی داهاتووی سیاسیی لە عێراقدا دیاریدەکەن. دابەشبوونی ماڵی سیاسیی هێزە شیعییەکان و دابەشبوونی بەرەی سوننی و بەرەی کوردییش بەسەر ئەم هێزانەدا یەک مانای هەیە، هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندییە باڵاحیزبیی و خێزانییەکانی خۆی و ئەو پاترۆن و هێزە ئیقلیمییەی کە دەیپارێزێت، بڕیاری سیاسیی دەدات.
ئەم خولەی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، کوکتێلێکی نوێی ناسیۆنالیزمی عێراقیی دوای سەدام و لاوازبوونی هەیمەنەی ئێرانە. سەدرییەکان وەک گەورەترین هێزی ئایدیۆلۆژیی شیعیی، بە دروشمی „لاشەرقییە، لاغەربییە“ بانگەشەی سەرەوەرییەکی نوێ بۆ دەوڵەتی عێراق و نیشتیمانپەروەرێتییەکی عێراقیی نوێی دوای قۆناغی بەعسیزم دەکەن. سەدر و هێزەکەی چەندە هێمان بۆ کۆتایی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی عروبەی عەلمانیی سونیی، هێندەش نیشانەن بۆ سەرەتای دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێ بۆ ناسیۆنالیزمی عێراقیی دوای بەعسیزم کە سەرچاوە کۆمەڵایەتیی و ئایدیۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزمێکی دینیی شیعییە.
خولی پێنجەم بە رێککەوتنی پڕۆگرام نادیاری سێ کوتلەی سەدری و بارزانی و حەلبوسی دەستیپێکرد و بە نماییشکردنی سروتی ئایینیی و فۆلکلۆریی کۆتاییهات. چ شێوازی بەشداریکردنی سەدرییەکان بە کفنی سپی و چ خۆنماییشکردنی هەندێ لە پەرلەمانتاران بە جلی کوردییەوە، مانا و دەلالاتی ڕەمزیی خۆی هەیە کە لەجەوهەردا دژ بەیەک نین، بەڵکو لە کولتووری سەرۆکپەرستیی و تەقدیسکردنی کەسدا یەکدەگرنەوە. لەکاتێکدا سەدرییەکانیان لە پەرلەمانی عێراقدا هوتافیان بەسەر سەرۆکە پیرۆزەکەیان دەکێشا، پارتییەکانیش لەناو هۆڵی پەرلەماندا دروشمی پێشڕەوی کورد پارتییە و سەرۆکمان بەرزانییەیان دەگوتەوە، نەک دروشمی نیشتیمانیی و نەتەوەیی کە خۆیان بە نوێنەری پاکوبێگەردی کوردایەتیی نماییشدەکەن. ئەوەی ئێستا لە بەغدا ڕوودەدات دواپێشهاتی دوای ریفراندۆم نابێت لە بەتاڵبوونەوەی زنجیرەی درۆی یەکڕیزیی نەتەوەیی و خەبات بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بەڵکو سەرەتایەکی نوێشە بۆ بوونەوەی پارتی و بارزانیی بە حیزب و سیاسەتمەدارێکی عێراقیی ڕەسەن. پارتی تەنها دەستی لە سەرچۆپی یەکڕیزیی نیشتیمانیی کوردان بەرنەداوە، بەڵکو دەیەوێت بەتەنهاش نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی هەرێم بکات و بە خواست و ئیملای ئەو هەموو پۆستە سیاسییەکانیش پڕبکرێنەوە.
پارتی هێزێکە لە مێژووی سیاسیی کوردستانی عێراقدا بە بەردەوام موفاجەئەی سیاسیی و سەربازیی بۆ نەیارەکانی بەرهەمهێناوە. لە ٣١ی ئابەوە تاوەکو دەگاتە ئەمڕۆ، پارتی هێزە سیاسییەکانی تری تووشی موفاجەئەی گەورە و بچووک کردووە و دەکات. ئەوە پارتییە سنوور و هێڵی سووری نەتەوەیی بۆ هێزەکانی تر دادەنێت و خۆشی هیچ ڕەنگ و سنوورێک ناناسێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە خێزانیی و سیاسییەکانی. تاکە شەرمێکی سیاسیی کە پارتی هەیبوو ترس بوو لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی و درۆ سیاسییەکانی لەناو ڕووبەری گشتییدا و شکانی هەیبەتی خێزانیی و سیاسییەکەی، بەڵام ئەم شەرمەش ڕوو لە نەمان دەکات. پارتی هەیبەت و خەرمانەیەکی سیاسیی بۆ بارزانی و بارزانییەکان دروستکردووە کە هەڵە بە کاری باش و درۆ بە کردەی ڕاست نماییشدەکات. ئەم حیزبە دەتوانێت بەبێ کێشە ئەندامەکانی بە هەمان زمان و کەرەسەکانی بەعسیزم و ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتارییەکان، گۆشبکات و ئەو وەهمەیان لادروستبکات کە هەموو کوردێکی باش پارتییەکی باشە و هەرچییەکیش بارزانیی بیکات لەخزمەت گەلی کوردایە.
لەکاتێکدا پارتی پرسی نەتەوەیی کردووە بە موڵکی شەخسیی خۆی و بەتەنها کوالیسیۆن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تر دروستدەکات، بەتەنها نوێنەرایەتی هەموو کورد دەکات و بەتەنها دەیەوێت ئیملای پۆستە سیاسییەکانیش بکات، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیش سیاسەتی بەتەواوەتی بیرچووەتەوە. مامەڵەی بارزانی لەگەڵ بەشەپۆستە سیاسیی و سیادییەکانی کورد لە بەغدا وەک مامەڵەی وایە لەگەڵ پرسی نەوتدا، واتە پارتی دەیەوێت هەم داهات و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خۆی بێت و هەم بەشە بوجەکەشی لە بەغدا وەک خۆی بمێنێتەوە.
ئەوەی پارتی و بارزانی لە بەغدا کردیان و دەیکەن پەیامێکە بۆ هەموو هێزەکان و کۆمەڵگای کوردیی، کە کورد تەنھا پارتی و ماڵباتی بارزانییەکانی شایستەیە حوکمڕانیان بێت.
هەرکاتێک سیاسەتمەدارەکانی پارتی و یەکێتیی پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ پێ لەسەر یەکڕیزیی نیشتیمانی و کوردایەتیی دادەگرن و پاشان هەریەکەیان لەژێر سێبەری پاترۆنە ئیقلیمییەکانیان بەسەر پڕۆژەی تائیفیی و ئایدیۆلۆژیی ناکۆک و جیاوازی عێراقییبوونی دوای سەدامدا دابەشدەبن، قسە کۆمیدییە بەناوبانگەکەی سەدامم بیردەکەوێتەوە کە دەیگوت: „ڕاستە من جگەرەی ئەمریکیی دەکێشم، بەڵام بە شقارتەی عێراقیی دەیسوتێم“.
بەبۆچوونی من رزگارکردنی ئینسانی ئێمە بە پاکژبوونەوەی عەقڵی تێدەپەڕێت لە کۆی ئەو وەهم و درۆ ناسیۆنالیستییانەی کە هەم ریفراندۆم و هەم شانزەی ئۆکتۆبەری بەرهەمهێنا. عێراقییبوونەکەی پارتی دوای ریفراندۆم لەبەغدا لە پرسی سیاسییەوە بووە بە نماییشی فۆلکلۆریی، لە یەکڕیزیی نیشتیمانییەوە بووە بە ملشکاندنی نیشتیمانیی و لە داکۆکییکردن لە مافە نیشتیمانییەکانەوە بووە بە داکۆکییکردن لە بەشە حیزبیی و بنەماڵەییەکان لە داهات و پۆست.