عامری بۆ بارزانی: دەستوەردان لە پۆستی سەرۆك وەزیران مەكەن
2022-01-18 12:03:06
(درەو):
عامری داوای لە بارزانی كردووە، چۆن ئەوان دەستوەردان لە دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماردا ناكەن، با پارتیش دەستوەردان لە كاندیدی سەرۆك وەزیراندا نەكات لەنێوان ئەوانو موقتەدا سەدردا.
دوێنێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بە نوێنەرایەتی لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم دیدارەدا، عامری بە بارزانی وتووە" چۆن ئێمە دەستوەردان لە دانانی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ناكەین، ئێوەش دەستوەردان لە دانانی كاندیدی سەرۆك وەزیراندا مەكەن كە پشكی شیعەكانە، ئێوە هەر كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكەن ئێمە دەستوەردان ناكەین و رازین پێی".
عامری بە بارزانی راگەیاندووە" شكانەوەی كورد بەلای موقتەدا سەدردا، وا ئەكات ماڵی شیعە زیاتر تێكبچێتو سەدر زیاتر سور دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی خۆی".
لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە دانانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا، رێككەتنی نێوان سەدرو پارتیو سوننەكان بەدی كرا، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (واتە ئەو لایەنە شیعانەی كە ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنو بریتین لە مالیكی، عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادیو عەممار حەكیم) دەنگیان بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەدا.
لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بوو، كە محەمەد حەلبوسی بۆ جاری دووەم وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردراو رەوتی سەدریش وەكو هەمیشە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی برد (حاكم زاملی)، پارتیش پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی برد (شاخەوان عەبدوڵا).
بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، پارتی چەند جارێك وەفدی ناردە بەغدادو لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدردا كرد، لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانەوە، بەروبومی ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان سەدرو پارتی بەدركەوت.
ئەمە لەكاتێكدا رویدا، دوو رۆژ بەر لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانو بە دیاریكراوی لە رۆژی 7ی ئەم مانگەدا، وەفدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بە سەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد لە بەغداد سەردانی هادی عامرییان كردو لەوێ بەڵێنیاندا، كورد نەبێت بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەو لەگەڵ لایەك نەبن دژی لاكەی تر.
بەرپرسانی پارتی باسلەوە دەكەن، هێشتا سورن لەسەر ئەوەی نەبن بە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە، ئەوەی لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا رویداوە، كۆتایی گەمەكانی ناو ماڵی شیعە نییە، چونكە ململانێی سەرەكی شیعەكان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانە، نەك پۆستی جێگری یەكەمی پەرلەمان، كە ئەم پۆستە هەر لە بنەڕەتەوە لای سەدرییەكان بووە.
سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ تەماشاكردنی دوو سكاڵای یاسایی كە لەبارەی نادەستوریبوونی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان تۆماركراوە، ئەگەر دادگا سكاڵاكان رەتبكاتەوە، دەستەی نوێی سەرۆكایەتی وەكو خۆی بەردەوام دەبێتو رۆژی 8ی مانگی شوبات سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر دانیشتنەكەش بە نادەستوری ناوببات، دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەوشێتەوەو دەبێت دانیشتننی یەكەمی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوەو سەرلەنوێ دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێتەوە، لەم حاڵەتە رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت پەرلەمان سەرلەنوێ دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە.