لەشکرێک درۆزن و ساختەکار
2022-01-16 14:12:17
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ھەموو کۆمەڵە ئینسانێک کە بڕیارئەدەن لەپاڵ یەکەدا و بەیەکەوە بژین، کە چەندەھا پەیوەندیی جیاواز و ھەمەجۆر لەگەڵ یەکتریدا دروستدەکەن، کە ژیانیان بە پلە و ڕادەی جیاواز بەیەکتری تێکەڵدەبێت، ئیتر سیاسەت وەک چالاکییکی ئینسانیی بنەڕەتیی، دەبێت بە بەشێکی گرنگی ژیانی ئەو کۆمەڵەیە. بەر لە ھەمووشتێک ئەو کەسانە پێویستیان بە ڕێکخستنی ئەو ژیانە پێکەوەییە ھەیە کە بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئەم ڕێکخستنەش پێویستی بە کۆمەڵێک پرنسیپ و بەھا و ڕوانین ھەیە ئاراستەی بکات بۆئەوەی ژیانێکی پێکەوەیی دروستبکات کە بەشداربووان لەسەری ڕێکەوتبن و پێیڕازیبن. لە مانا ھەرە بنەڕەتیەکەیدا سیاسەت بریتییە لە چالاکیی دروستکردن و بەگەڕخستنی سەرجەمی ئەو پرنسیپ و بەھا و ڕوانینانەی ئەو کۆمەڵە کەسە دروستیاندەکەن بۆ ئاراستەکردن و ڕێکخستنی ژیانی پێکەوەییان..
لەڕووی مێژووییەوە گرنگترینی ئەو پرنسیپانەش بریتین لە: دادپەروەریی، یەکسانیی، ڕێز، متمانەکردن بە یەکتریی. ئەم کۆمەڵە پرنسیپەش پرنسیپی گشتیی و گەردونین، تایبەت نین بەم یان بەو میلەت و بەم یان بەو بەشی جیھان. ھەموو کۆمەڵەیەک بۆئەوەی بتوانێت ژیانێکی باشی پێکەوەیی دروستبکات و ئەندامەکانی بەبێ کێشەی گەورە بەیەکەوە بژین، پێویستی بە ڕێکخستنی ئەو ژیانە پێکەوەییە ھەیە، لەپاڵ ئەو پرنسیپانەدا. سیاسەت ئەو چالاکییە ئینسانییە گرنگەیە کە ئەو کاری ڕێکخستنە، لەپاڵ ئەو پرنسیپە سەرەکییانەدا، ئەنجامئەدات.
بە مانایەکی دیکە ھەموو کۆمەڵەیەکی ئینسانی پێویستی بە سیستمێکی تایبەتی دەسەڵات ھەیە لەڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی ناو ھەناوی خۆی ڕێکبخات، ئەو سیستمەی دەسەڵاتەیش پێویستی بە شەرعیەت و ڕەوایەتیی ھەیە. ئەوەی ئەم ڕەوایەتییە بە دەسەڵات دەبەخشێت، پیادەکردن و ڕێزگرتنی ئەو پرنسیپانەن کە باسمانکردن: پرنسیپەکانی دادپەروەریی و یەکسانیی و ڕێز و متمانەکردن بەیەکتریی. بە کورتییەکەی، لەم ڕوانینەدا سیاسەت ئەو چالاکییە ئامانجادارەیە کە ژیانی گشتیی بەڕێوەدەبات، کەرەستە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابەشدەکات، یاسا بۆ ململانێکان دادەنێت، ئۆرگانە بیۆکراسیەکان ڕێکدەخات، سیستمی پاداشت و سزای یاسایی دادەڕێژێت، پەیڕەوی یاساکان دەکات و بڕێکی زۆریش لەبەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت. سیاسەت بەم مانایە ئەو چالاکیەیە کە ژیانمان، بە تایبەتی ژیانی پێکەوەییمان، وەک مرۆڤ دروست و ئاراستەدەکات.
بیرکردنەوەی عەقڵانیی، توانای قەناعەت ھێنان بەیەکتریی، دیالۆگ و متمانە و کاری پێکەوەیی، ڕەگەزە ھەرەسەرەکییەکانی سیاسیەتن وەک چالاکیی. لەناو سیاسەتدا مرۆڤەکان سیستمێک لە بەھا دروستدەکەن، کە وادەکات، لانیکەم، نەھێڵێت ئەو مرۆڤانە ببین بە دوژمن و ناحەزی یەکتری. سیاسەت خەمخۆریی و مشورخواردنە لەو جیھانەی مرۆڤ تیایدادەژیی، بەتەنگەوەھاتنی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە مرۆڤەکان لەناویدا بەیەکەوە دەژین. خۆشویستنی جیھانە بە مانای شوێنی نوکۆیی و ھاوبەشی ھەمووان. بەبێ ئەمانە سیاسەت بە تەواوی لە خۆشەویستیی دادەبڕێت، مشورخواردن و خەمخۆریی تێدانامێنێت، کورتدەبێتەوە بۆ گەمەی بەدەستھێنانی دەسکەوتی تایبەت و خێرا و بەرتەسک. دەگۆڕێت بۆ چالاکیی دروستکردنی ناحەز و دوژمنی بەردەوام.
ئەوەی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، بەر لە ھەمووشتێکی تر، نەخۆشە تێگەیشتنی ھێزە سیاسییەکان و تێگەیشتنی قەبە سیاسییەکانە بۆ خودی سیاسەت خۆی، تێگەیشتنی پارتە باڵادەستەکان و تێگەیشتنی ئەو سیاسییانەیە کە وەک سەرۆک و سەرکردە و ڕابەر و باوکی میلەت دەناسرێن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای ڕێکەوتنی نھێنیی و ژێربەژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ گروپەکەی موقتەدای سەدر و سونەکاندا، بە ئاشکرا بینیمان چ دیدێکی وێران بۆ سیاسەتکردن لە ھەرێمدا ئامادەیە.
گوێمان لە دەیان سیاسیی و خوێندەوار و ڕۆژنامەنووس بوو، بێ ھیچ شەرمکردنێک، ئەو ڕستە سواو و ترسناکەیان سەدبارە کردەوە کە دەڵێت: ”سیاسەت مانای مەسڵحەت، نەک دۆستایەتی“. ”لە سیاسەتدا دۆستایەتی بەردەوام نییە، بەڵکو مەسڵەحەتی بەردەوام ھەیە.“ ئەمەشیان بە مەبەستی بەخشینی ڕەوایەتی بەو ڕێکەوتنە ژێربەژێرەی پارتی بەکاردەھێنا، لە کاتێکدا پارتی و ھێزە کوردییەکانی تر لیژنەیەکی ھاوبەشیان بۆ دانوسان لەگەڵ ھێزەکانی بەغدادا دروستکردبوو.
بەکارھێنانی ئەم ڕستە ترسناکانە وەک ڕەچەتەیەکە بۆ بەرگریکردن لە درۆکردنی بەردەوام، بۆ بەرگریکردن لە فێڵ و تەڵەکە و خەڵەتاندنی ھەمیشەیی، بۆ شکاندنی متمانە، بۆ شاردنەوەی ڕوخساری ساختە و درۆزنانە، بۆ شەرمنەکردنی بێسنوور، بۆ بەزاندنی ھەموو حەرامێکی سیاسیی و ئەخلاقیی. لەم تێگەیشتنە گەمژانە، بەڵام ترسناکەدا بۆ سیاسەت، ئەخلاقیاتی درۆکردن و شەرمنەکردن و ساختەکاریی و تەڵەکەبازیی وەک شارەزایی و لێزانیی سیاسیی مامەڵەدکرێت و بێحورمەتی سیاسیش وەکو حیکمەت نیشانئەدرێت.
لە ھەرێمدا بەھێزکردنی پێگەی تایبەتیی چەند گروپ و خێزان و بنەماڵەیەک وەک جەوھەری سیاسەت و ناوەرۆکی کاری سیاسیی، نیشانەئدرێت. گرنگ نییە پاراستن و بەھێزکردنی ئەو پێگانە بە چ شێوەیەک و چۆن دەکرێن. بە تایبەتی لە ڕێگای درۆکردن و دزیکردن و فێڵکردن و شەرمنەکردن و دەرھێنانی ھەموو حەڵاڵ و حەرامێک لە سیاسەتدا. کێشەکە لەوەدایە ئەو دەرەنجامانەی دەشێت لەم یەکسانکردنەوە بەدەستبھێرێن باسناکرێن و بە دەنگی بەرز ناگوترێنەوە. ئاخر ئەگەر سیاسەت مانای درۆ و فێڵ و ساختەکاریی بەردەوام بێت، مانای شەرمنەکردنێکی حەیابەرانە بێت، ڕوبەرێک بێت بۆ بێمتمانەیی و سەدڕوویی، ئەودەم یەکەمین دەرەنجامێک بکرێت لەم تێگەیشتنەوە بۆ سیاسەت بەدەستبھێنرێت ئەمەیە: ئێمە ھێزی سیاسیی و کەسایەتی سیاسیمان نییە، بەڵکو ھێز و کەسایەتی درۆزن و بێشەرم و بێحەیامان ھەیە، کۆمەڵێک دووڕو و ساختەچیی و بێدەربەستی نابەرپرسیارمان، ھەیە.