Draw Media

فەیسبوك ماڵێك بۆ سایكۆپاتەكان 

فەیسبوك ماڵێك بۆ سایكۆپاتەكان 

2022-01-13 18:11:26


ئارام سەعید 
كۆمەڵەی نیشتمانی چەكفرۆشان لە یەكێك لە دروشمەكانیان دەڵێن" چەك خەڵك ناكوژێت، ئەوە مرۆڤە مرۆڤ دەكوژێت" هەرچەندە ئەم وتەیە بێمانایەو بۆ پاساوی ئەوەیە بەردەوامی بدەن بەچەك فرۆشتن، بەڵام لۆژیكێكیان دۆزیوەتەوە كە مایەی سەرنجە، فەیسبوك ئەمڕۆ بۆتە ئاوێنەیەك كە لەڕێگەیەوە كۆمەڵگە دەبینین، بەڵام هەندێك لەوانەی دەیبینین تەواو نیگەرانمان دەكات، ترسی ئەوەمان لا دروست دەكات بوبێتە چەكێك بەدەست هەندێك سایكۆپاتەوە.
بەگوێرەی ئامارەكان، كینت ئەی كیل لە كتێبیكیدا لەسەر سایكۆپات دەڵیت "لەڕاستیدا هەر 47 چركەیەك لەجیهاندا كەسیكی نەخۆشی دەرونیی لەدایك دەبێت" ئامارێكی مەترسیدارە، بەگویرەی ئەو ریژەیە بیت لەسەدا 1ی دانیشتوان ئەو سیفەتانەی نەخۆشی دەرونیان هەیە، ئەگەر تائێستا كەسی وات نەناسیوە، جاریكی تر بیر بكەرەوە... راستە زۆربەی ئەوانەی تاوانباری گەورەن‌و لە زیندانەكاندان سایكۆپاتن، بەڵام مەرج نیە هەركەس سایكۆپات بێت ئیتر وەك تاوانبار سەیر بكرێت... سایكۆپات ئەو كەسەیە كە پەشیمانیی نیە، سۆزداری تیا نیە، نەرجسیەتی بەرزە، حەزبە درۆ دەكات، هەست بەوە دەكات قوربانیە، لۆمەی هەموو كەس دەكات لەسەر شتەكان، لەڕاستیدا ئەم سیفەتانە لە زۆر كەسدا هەن. 
رەنگە فەیسبوك ببێتە ماڵێكی باش بۆ ئەوانەی نایانەویت خۆیان ئاشكرا بكەن تا بتوانن گفتوگۆی دەبەنگیی‌و نوسینی خراپ‌و رقوكینەی زۆر بەكاربهێنن‌و پەیجی تایبەت دروست بكەن بۆ مەرامەكانیان، كە ئەمە دیاردەیەكی رۆژانەیە لە كوردستان.
زۆر لە زانكۆكانی جیهان لێكۆڵینەوەی وردیان لەسەر دەركەوتن‌و كاریگەری سایكۆپاتەكان كردووە لەناو سۆشیاڵ میدیاو چۆنیەتی ناسینەوەیان، بەستنەوەی پۆستەكانیان بەهەڵسوكەوتیان، هەڕەشەكانیان، حەزو ئارەزوەكانیان لەناو سۆشیاڵ میدیا، جنێو و ئیهانەكردنی هاوڕێ‌و دۆستەكانیان.كە زۆر نزیكن لەو حاڵەتانەی ئەمڕۆ لە سۆشیاڵ میدیا دەیانبینین لە كوردستاندا دەتوانریت گرێبدرێتەوە بەو نەخۆشیە دەرونیانەوە. 
ئەگەر وای دابنێین هەر كەس لە لیستی هاوڕێكانیدا لە فەیسبوك 500 هاوڕێ زیاتری هەبێت‌و بەگوێرەی ئەو ئامارە بێت كە لەسەدا یەكی نەخۆشی دەرونی بێت، ئەوا لەناو لیستی هاوڕێكانتا كەسی نەخۆشی دەرونی هەیە، بەڵام مەرج نیە هەستی پێ بكەیت‌و بزانیت، چونكە دۆزینەوەیان ئاسان نیەو ئەوان پرۆفایلی خۆیان زۆر نیشان نادەن.. بەڵام هەندیك لە سیفەتەكانیان ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات لە نوسینی هەڕەشەئامیزو نوسینی كۆمێنتی جنێو و ناشرین كە هانی كاری خراپە دەدات‌و ئازاری ئەوانی تر دەدات كە گوی نادەنە ئەوەی چ ئازارێك بۆ مرۆڤەكانی تر دروست دەكەن‌و چێژ لەوە دەبینن.. زۆركات پەیامەكانیان كورتەو لە ڕستەیەكی كورتدا كۆتایی پێدەهێنن بۆئەوەی بەدووربن لەوەی كەسایەتیان ئاشكرا بێت... 
گەر بەووردی سەرنجی ئەنستاگرام‌و فەیسبوك‌و سناپچات بكەین، ئەوا هەموو ئەو نمونانە دەبینین كە لە لێكۆڵینەوەكاندا باسكراون‌و وەك سایكۆپات دەناسرێن، لەناو كورتە ڤیدیۆكاندا، لێدوان‌و گاڵتەجاڕی هەندێك كە خۆیان بە كۆمیدی ناودەبەن، یان ئەوانەی جنێودەدەن‌و هەم ئەوانەشی خۆیان‌و لەش‌و لاریان نمایش دەكەن بۆ سایكۆپاتەكان كە خۆشیان بەدەرنین لەو جیهانەی بەنەخۆشی دەرونی پێناسە دەكرێن.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان كە لە بەشەكانی ئایندەدا ئاماژەیان پێدەكەم ئەو سیفەتانەی كەسی سایكۆپاتی پێ دەناسرێتەوە ئەمانەن:
1.  تەنگ پێهەڵچنینی هاوڕێكانی لە سۆشیاڵ میدیاو بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی توندوتیژو كاری سێكسی..
2.  ئەوانەی سێڵفی زۆر دەگرن‌و خۆیان ماندوو دەكەن بەسێڵفیەكانەوە..
3.  ئەوانەی زۆر عاشقی دانانی سفرەو نانخواردن‌و چێژن‌و بەردەوام خواردنەكانیان بڵاودەكەنەوە پێویستیان بەوەیە خەڵك خواردنەكانیان ببینێت‌و تیركردنی حەزو ئارەزوەكانیان نیشان دەدەن .
4.  دروستكردنی هەراو ئاژاوەی سیاسی لەڕێگەی پۆستەكانیەوە. 
لێكۆڵینەوەكان كە كاریان لەسەر كەسی سایكۆپات‌و دەركەوتنیان كردووە لە فەیسبوك‌و سۆشیال میدیا لەم دامەزراوانە كراون كە جێی بایەخی زۆر لە لێكۆڵەران‌و میدیاكان بووە:
Mind Research Network، Tagesspiegel، هەردوو زانكۆی یۆتۆبوری‌و لوند The Local، زانكۆی ئۆهایۆی ئەمریكی، Computers in Human Behavior، زانكۆی مانیتوبا. كە لەبەشەكانی تردا بە وردی باسی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان‌و چۆنیتی كاركردنیان دەكەین.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand