پلانەکانی پێشترو دابەشکارییەکانی ئێستای عێراق
2022-01-12 11:21:13
بەختیار شارەزوری- سەرکەوتی جیهاز
عێراق بوەتە سەکۆیەک بۆ بەریەککەوتن و ڕێککەوتن و گۆڕینەوەی کارتی وڵاتانی زل هێزو وڵاتانی ناوچەیی، لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی ئێستە لە عێراق ڕوو دەدات ڕوداوێکی چاوەڕوانکراو بو بەو پێیەی کە پێشتر جموجۆڵی حیزبی و وڵاتانی ناوچە لە عێراقدا دەبینران و ڕەسمی دابەشکاری پۆستەکان کرا بو، ئەوەش دەزانین کە تورکیاو ئێران دو دەوڵەتن لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەم ناوچانەدا نەک هەر ڕۆڵیان هەیە بگرە خاوەنی بڕیارن و لەنێوان خۆشیاندا (ئەنقەرە و تاران) هاوبەرژەوەندین و لە زەهاو و ئەرزڕۆمەوە تا ئێستا ڕیککەوتنەکانیان بەردەوامی هەیەو زۆر کات کارتەکانیان و مەهامیان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی یەکتر دەگۆڕنەوە، بۆ نمونە سوریا بۆ تورکیاو عێراق بۆ ئێران، یەمەن بۆ ئێران و لیبیا بۆ تورکیا، هەردولاشیان سیاسەتی قوڵ لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان دەکەن، ئێران لە عێراق خاوەنی هێزی نەرم و هێزی ڕەقە، واتا هیچ هێزێک لە دەرەوەی کاریگەری و باڵادەستی ئێران و تورکیا نیە، ئێران هێزە ڕەقەکانی بەردەوام یاری پێ دەکات لەسەر هێڵیکی بەرزو نزم، بەڵام هێزە نەرمەکەی وەک جۆین لەنێوان خۆی و دوژمنەکانیان سەیر دەکات و نەرمەو لەسەر یەک هێڵی ڕاست دەڕوا بە دنیایەک سیناریۆوە، لە پێش ئەم هەڵبژاردنانەدا هێزە رەقەکەی بەرامبەر کۆمەڵیک ڕیکكەوتن خەواند وەک (خەزعەلی، عامری، مالیکی، یەکێتی لەسەر ئاستی عێراق نەک کوردستان) لە بەرامبەردا کاری لەسەر هێزە نەرمەکەی کرد کە سەدرو بەرەی تشرین و هاوشێوەکانی بوە.
ئێمە دەزانین مەبدەئی(تەوافق) سازان لە عێراق کاری پێدەکرێ جا ئیتر ئەم کازمیە کام تەوافقی پێ قبوڵە چۆن کاری پێ دەکات ئەمەیان بابێکی ترە، بە پێ ی ئەم سازانە سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعەو سەرۆکی کۆمار بۆ کورد، ئیتر لە خوار ئەمانەوە هەموی بەشکراوە، جا هەر هەمان خەریتە بۆ کوردستانیش هەر وایە، با بڵێین چۆن: ڕێککەوتنامەی ستراتیژی کە لە ئەنقەرەو تارانەوە دانراوەو وڵاتانش تائێستا مامەڵەی بەرژەوەندی خۆیانیان لەگەڵ کردوە، ئەگەر چی وڵاتانی وەک ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیاو ئەڵمانیاو هتد، کۆمەڵێک هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی دابەشکاری نەهێڵن بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی نەبوەو نابێ، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ئاستی کوردستان بۆ پۆستەکانی ناو کوردستان و عێراق دابەش دەبێت بەسەر هەردو زۆنەکەدا بە پەنجا بە پەنجا، سەرۆکی کۆمار کە پشکی کوردە بۆ زۆنی سەوزو یەکێتی لە بەرامبەردا سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی، جا دەتوانن بیگۆڕنەوە، کە پێشتر هەوڵێک درا کە نێچیر بچێتە کۆشکی سەلام و بەرهەم بێتەوە سەرۆکایەتی هەرێم ، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسەنگی نێوان زۆنەکان تێک دەچێت و پارتیش بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ململانێی مەسرورو نێچیر زۆر پێویستی بەو پۆستە هەیە ، پۆستێکی تر سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر سەرۆکی پەرلەمانە کە دەبێ هەر کات سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی بو ئەوا سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ یەکێتی دەبێت و بە پێچەوانەشەوە (بەرهەم و کەمال)، کە دەبو بە دوساڵ بە دوساڵ بێت بەلام پارتی قۆرخی کردوەو یەکێتی بەهۆی کۆچی دوایی مام جەلال و کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆییەوە نەیتوانیوە ئەم گۆڕینەوەیە بکات، حیزبەکانی تریش پشکیان هەیە لەم ڕێککەوتنانەدا بەپێ ی زۆن، بۆ نمونە گۆڕانی کۆن ٧٥% لە زۆنی سەوز ٢٥% لە زۆنی زەرد، یەکگرتو پەنجا بە پەنجا لەهەردوو زۆنەکە، ئابەم شێوەیە بۆ هەمویان.
ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ هیچ شتێکی نوێ نیە پێشتر ڕەسمی کراوەو ئێستە جێبەجێ دەبێت، سێلایەنە سەرکییەکە بە پێی دابەشکاری و خەریتەی وڵاتانی دەرەوەو ڕیککەوتنیان هەمان شت دابەشکراوەو ئێستە جێ بە جێ دەکرێ و کاندیدەکانیش لەهەر لایەک بێت دەبێت لایەنەکەی تر ئۆکەی لەسەر بکات، بەڵام لە نێوان کاندیدو کوتلەی حیزبەکاندا ململانێ ی قوڵ دروست دەبێت، وە ساڵی ٢٠٢٢ هەم نرخی نەوت بەرز دەبێت هەم بانکی ناوەند بڕیار لەسەر دابەزاندنی بەهای دولار دەدا لەبەر ئەوەی کورتهێنانی بودجە نامێنێت و جارێکی تر بە هۆی کۆرۆناو ئۆمیکرۆنیشەوە ئەگەر زیاتر بڵاوبێتەوە ناهێڵن جموجۆڵی ئابوری بازرگانی پەکی بکەوێت.
بە کورتیەکەی ئەوەی دەستکاری دەکرێت تەنها وڵاتانی جیهانی و ناوچەیین کە بە پێی ڕیککەوتنەکانیان هێزەکانیان و کاندیدەکانیان دەگۆڕن ئەگینا پۆستەکان هەمان دابەشکاریە کە پێشتر کراوە، بە تایبەت دوای هێنانەوەی سونە بۆ ناو بازنەی دەستەڵات.