زارا محەمەدی: مۆدێلێک بۆ بەرگریکردن
2022-01-09 10:41:13
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە ساتەوەختی دەرکەوتنییەوە زارا محەمەدی مۆدێلێک لە بەرگریکردن نیشانئەدات کە ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە و قابیلی لەسەروەستان و ڕاڤەکردەنە. بەر لە ھەمووشتێک ئەم خاانمە دەزانێت ئەو کردەیەی ئەو ئەنجامیئەدات ڕژێمی جمھوری ئیسلامی و دەسەڵاتی ئایەتوڵا و ئاخوندەکان ناڕوخێنێت. کۆتایی بە سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیەکەی دەسەڵاتدارانی ئێران ناھێنێت. دەشزانێت زیندانکردن و ئازاردان دەرەنجامێکی حەتمی ئەو کردە تایبەتەی بەرگریکردنە. پرسیارەکە ئەوەیە بەرگریکردن لەم دۆخەدا چ مانایەکی ھەیە؟ چۆن لێی بڕوانین و بە چ شێوەیەک لێی تێبگەین؟
بە بۆچوونی من ئەم شێوازە لە بەرگریکردن کورتنابێتەوە تەنھا بۆ بەرەنگاربوونەی سیاسەتێکی دەرەکیی قێزەون، سیاسەتی یاساغکردنی زمانی میلەتێک لە سەدەی بیست و یەکەمدا، تەنھا بەگژاچوونەوەی ڕاسیزمی دەوڵەتیش نییە کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای زمان لەیەکتری جادەکاتەوە و ڕێ لە فێربوونی ئەم یان ئەو زمانیان دەگرێت. ھاوکات ئەم بەرگریکردنە تەنھا کردەی ڕەفزکردن و پێداگرتن لەسەر پێداویستی کۆتاییھاتن بە جیھانێکی نائینسانیی تایبەتیش، نییە. بەرگریکردن لێرەدا بەر لە ھەمووشتێک کردەیەکی پۆزەتیڤە، پێداگرتنە لەسەر فۆرمێکی تایبەت لە مرۆڤبوون، دروستکردن و پاراستننی وێنەیەکی خودە کە بەشێکی زۆری ماناکانی بوون و ژیانی، لە ھێشتنەوە و داڕشتنەوەی بەردەوامی ئەو وێنەیەدا بەرجەستەیە.
بەرگریکردن لێرەدا، گەر بە زمانی فەیلەسوی فەرەنسی میشێل فوکۆ بدوێین، جۆرێکە لە مشورخوردنی مرۆڤ لە خود خۆی، پاراستن و ڕزگارکردنی ئەو خودەیە لە بڕێکی زۆر لەو میکانیزمی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنە دەرەکییانەی کە سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینییەکە، بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنرێت. ڕێگرتنە لەوەی مرۆڤ بگۆڕێت بۆ خودێکی ئاراستەکراو و گوێڕایەڵ و تەسلیمبوو بە میکانیزم و گوتارە باڵادەستەکانی ئەو سیستمانە. کردەی بەرگریی لێرەدا تەنھا کردەی ڕەفزکردنی ئەو میکانیزمە دەرەکییە سەپێنراوانە نییە، بەڵکو کردەیەکی ناوەکیی بەرھەمھێنیشە، کە تیایدا مرۆڤێک خۆی خۆی دروستدەکات و پێ لەسەر ئەوەدادەگرێت بە مەرجەکانی خۆیەوە لەو ژینگە کۆنترۆڵکراوەدا درێژە بە ژیانی بدات. بەرگریی لێرەدا کەسایەتییەک دروستدەکات لە دەرەوەی ئاسۆی چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتدا بژیی و کار لەسەر شوناسی تایبەتی خۆی بکات، ئیتر لە چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە بیگرە، بۆ چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتی دینیی و لەوانیشەوە بۆ چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتە ڕەمزییەکانی ئەو دەوڵەتە ڕاسیستییە.
لەسەرێکی دیکەوە کردەی بەرگریکردنە چەندە کردەی دروستکردنی خودێکی تەلسیمنەبوو و یاخییە، لە ھەمانکاتدا کردەی ڕێگەگرتنیشە لە ڕوخانی ناوەکیی مرۆڤەکە خۆیشی، ڕێگرتن لە سڕینەوەی ناوەکیی مرۆڤەکە لە ناوەوەی خۆیدا. بەم مانایە ئەم کردەیە بەر لەوەی کەسەکە بکات بە شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و سیاسیی، دەیکات بە مرۆڤێک لە خەمی پاراستنی مرۆڤبوونی خۆی و لە خەمی پاراستنی ئەو مەرجانەدا بێت کە شوناسێکی تایبەتی پێئەبەخشن. شوناسێک پێشئەوەی لەبەردەم جیھانی دەرەوەدا نمایشیبکات، لەبەردەم خۆی و لە پەیوەندیدا بە خۆیەوە، نمایشیدەکات.
بە زمانێکی سادەتر بدوێم کردەی بەرگریکردن وا لە زارا محەمەدی دەکات کەسێکبێت بە مەرجەوە بژیی، ڕێزی خۆی و ڕوانینەکانی خۆی بگرێت، مشوری ئینسانبوونی خۆی بخوات، بە تەنگ ئەو وێنە و دید و ڕوانین و زمانەوە بێت کە ئەو دەکەن بەو کەسە تایبەتەی لەو ساتەوەختە مێژووییە تایبەتەدا ڕێیکەوتۆتە ناو ئەو جیھانە تایبەتەوە، کە تیایدا دەژیی. بەم مانایە کردەی بەرگریکردن لێرەدا کردە و دەستپێشخەریی تاکەکەسیی ماناداری ئەم خانمەیە کە لە ڕێگایەوە خۆی دەبێت بە نووسەر و داھێنەری شوناسی خۆی، وەک مرۆڤێک لەناو ژینگەیەکی نائینسانیی و دڕندەدا. وەک ووتم کردەی بەرگریکردنەکە بە پلەی یەکەم ڕزگارکردنی خود خۆیەتی لە بڕێکی زۆر لەو میکانیزمانەی کۆنترۆڵ و دیسپلین و ئاراستەکردنی دەرەکیی. کە جۆرێک لە مرۆڤی ڕامکراو بەرھەمدەھێنن.
ئەم گەڕانەوەیە بۆ خود خۆی و ئەم مشورخواردنە لە ئینسانبوونی ئینسان خۆی، کارێکی ھێجگار گرنگە لە ژینگەیەکدا ئەگەری شۆڕش و ئەنجامدانی گۆڕانکارییی خێرا و گەورە و ماناداری تیادا لاوازبووبێت. پرۆژەیەکی کۆیی بەرگریکردن و ھەوڵی ڕێکخراو و سیستماتیکی بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایە، بوونی نەبێت یان زۆر لاواز و پەراوێزیبێت. لە ڕاستیدا مشورخواردن لە خود خۆی، لەوەی مرۆڤ چ کەس و بوونەوەرێک بیت، لە چ پەیوەندییەکادا بیت لەگەڵ خودی خۆیدا، بەشێکی ھێجگار گرنگ و سەرەکیی ھەر کردەیەکی بەرگریکردنە بیەوێت بەرگرییەکی ڕاستەقینە و ماناداربێت. ئینسان بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێکبێت لە پرۆژەی ئازادیی و سەربەخۆبوونێکی دەستەجەمعی، پێویستە سەرەتا ئەو پرۆژەیەی لە ناوەوەی خۆیدا و لە پەیوەندیدا بەخۆیەوە ھەڵگرتبێت. لەم دۆخەدا کردەی بەرگریکردن کردەی داھێنان و دروستکردنی خود خۆیەتی بەپێی خواست و ویست و دید و ھۆشیاریی ناوەکیی ئەو خودە خۆی، نەک تەنھا بەپێی لۆژیکی کاردانەوە بەرامبەر بە فشارە دەرەکییەکان و بەگژاچوونەوەی ئەو فشارانە.
کە ئەمە دەڵێم نامەوێت لە قورسایی فشارە دەرەکییەکان کەمبکەمەوە، بە پێچەوانەوە فشارە دەرەکییەکان پاڵنەری ھێجگار گرنگن، زارا محەمەدی کورد نەبوایە و لە ئێرانی ڕژێمی ئایەتوڵاکاندا نەژیایە، بێگومان کەسێکی دیکە و ژنێکی دیکەی لێدەردەچوو. ئەوەی من دەمەوێت بەرگریی لێبکەم ئەو پاڵنەرە ناوەکییانەیە کە کەسێک بەرەو ئەوەدەبەن ھەوڵی ڕزگارکردنی ئینسانبوونی خۆی بدات، لە ژینگەیەکدا یەکێک لە میکانیزمە سەرەکییەکانی لە ئینسانخستنی ئینسانە. مشورخواردنەوە لە خود خۆی و پاراستن و ھێشتنەوەی ئینسانەکەی ناو کەسەکە خۆی، شەپازلەیەکی گەورەیە لە ڕوخساری میکانیزمە باڵادەستەکانی لە ئینسانخستنی ئینسانەکان خۆیان. زارا محەمەدی ئەو شەپازلە ئینسانییە گەورەیەیە لە ڕوخساری سیاسەتی لە ئینسانخستنەی ئینسان، لەمڕۆکەی ئێراندا.
گەڕانەوە بۆ ئەو دێڕە شیعرەی قانعیش کە دەڵێت ”قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی ھیوای بە بەندیخانەیە“، دەسکارییەکی تەواوی ماناکانی زیندان و پێچەوانەکردنەوەی ئەرک و واجیبەکانی زیندانە وەک دەزگایەکی سەرەکیی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردن. گۆڕینی ماناکانی زیندانە لە شوێنێکەوە بۆ چاندنی بەزاندن و تەسلیمبوون لەناوەوەی مرۆڤدا، بۆ قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و دروستبوونو خۆداھێنانی نوێ. ئەمەش دیسانەوە درێژەی ئەم ستراتیژیەتی مشورخواردنەیە لە خود خۆی.
ڕێک لەو کاتەدا کە زارا محەمەدی بەرەو زیندان دەچێت و بەرگریکردنەکەی ڕەھەندێکی بەرچاو و بینراو وەردەگرێت، ئێمە دەنگ و سەدا و قسەکانی دەبسیتین، بەمەش ماناکانیکردەی بەرگریکردنەکەی گەورەتر و گشتیتر دەبێت، لە ھەمانکاتدا لە ھەرێمی کوردستاندا یادی قاسم سلێمانی کرایەوە و بەجۆرێک باس لەم کەسایەتییە کرا، ھەموو مانایەکی پۆزەتیڤی لە بەکارھێنانێکی بەرپرسیارانەی زمان و قسەکردن و دەرکەوتن سەندەوە. لەباتی ڕێزگرتنی قسەکەرەکان لە خودی خۆیان و لەباتی بەتەنگەوەھاتن و مشورخوردنیان لە زمان و خود و قسەکانیان، بوون بە داھۆڵێکی بەتاڵی فوتێکراو، یان بە تەسجیلێک چەند بەرپرسێکی ئێرانی ئەو شتانەیان لەسەر تۆمارکردبێت کە لەوانەیە خودی ئەو بەرپرسانە خۆیشیان، باوەڕیان پێینەبێت. ئەوەی لە یادکردنەوەی قاسم سلێمانی لە ھەرێمدا گوترا، ھێندەی نمایشکردنی سوکایەتیکردنی قسەکەرەکان بوو بە خودی خۆیان و بە زمان و بە کردەی قسەکردن خۆیشی، ھێندە نمایشکردنی ھیچ شتێکی دیکە، نەبوو.
بەم شێوەیە ئێمە لەیەک کاتدا دوو شتی تەواو ناکۆکمان بینیی: لەسەرێکەوە مۆدێلێکمان لە بەرگرییکردن بینی کە مرۆڤ بەھۆیەوە بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی ئینسانبوونی خۆیدایە، لە سەرێکی دیکەوە مۆدێلێکمان لە تەسلیبوون بینی، کە مرۆڤ تیایدا بەر لە ھەمووشتێک سوکایەتی بە خودی خۆی دەکات.