سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

بەڵگەکانی نایاساییبوونی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم

لە بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (١٠)ی پێشنیارکراو لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٧٪ دیاریکراوە، لە کاتێکدا بەپێی ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم ١٤.١٤٪ بووە.

بڵاوکراوەتەوە لە : 14 تشرینی یەکەم 2026

بەڵگەکانی نایاساییبوونی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو: 

 راپۆرتی: د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان


بەڵگەکانی نایاساییبوونی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ

پێشەکی
لە بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (١٠)ی پێشنیارکراو لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٧٪ دیاریکراوە، لە کاتێکدا بەپێی ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم ١٤.١٤٪ بووە.
ئەم جیاوازییە، کە ١.٤٤ خاڵی سەدییە، پرسیارێکی گرنگی دەستووری، یاسایی و ئاماری لەسەر بنەما و ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم دروست دەکات.
گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە ڕێژەی دانیشتوان تەنها ژمارەیەکی ئاماری نییە، بەڵکو یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیاریکردنی شایستە داراییەکان، دابەشکردنی داهاتە گشتییەکان، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و پشکی هەرێم لە پڕۆژە و وەبەرهێنانەکان.
بەپێی ماددەی (١٢١/سێیەم)ی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدڕاڵییەکان وەربگرێت، بە جۆرێک کە ڕەچاوی بەرپرسیارێتییەکان، پێداویستییەکان و ڕێژەی دانیشتوانی بکرێت.
لەبەر ئەوە، هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ماف و شایستەکانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە لەسەر بنەمایەکی یاسایی و زانستیی ڕوون، بە پەیڕەوکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەرژمێری ئەنجام بدرێت.
لە نووسینی ئەم وتارەدا، تەنها پشت بە دەستووری کۆماری عێراق، یاسا فیدڕاڵییەکان، بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی و نووسراو و بەڵگە فەرمییەکانی خودی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەبەستم، بۆ ئەوەی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە نادروستی و نادادپەروەریی کەمکردنەوەی تاکلایەنەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٧٪ بخەمەڕوو.
یەکەم: دەسەڵاتی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و نەبوونی دەسەڵاتی یاسایی بۆ بڕیاری تاکلایەنە
بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی سەبارەت بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، بە تایبەتی بڕیارەکانی ژمارە (٢٤٨٥٣)ی ٥/١١/٢٠٢٤ و (٢٤٨٦٠)ی ١٢/١١/٢٠٢٤، میکانیزمی هاوبەشییان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە پەیوەندیدارەکانی سەرژمێری دیاریکردووە.
بەپێی بڕگەی (٣)ی بڕیاری ژمارە (٢٤٨٥٣)، بەراوردکردنی داتاکانی وەزارەتە دیاریکراوەکان لەگەڵ ئەنجامەکانی سەرژمێری، بە هاوکاریی دەستەی ئاماری فیدڕاڵی و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵی ئەنجام دەدرێت.
هەروەها، بڕگەی (٤)ی هەمان بڕیار جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەنجامەکانی سەرژمێری و مقاطعەی داتاکان بۆ ناوچە پەیوەندیدارەکان، بە پێی ڕێککەوتنی هاوبەش، لە تایبەتمەندیی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستاندایە.
لە بڕگەی (٢)ی بڕیاری ژمارە (٢٤٨٦٠)یشدا، ئاماژە بە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی پسپۆڕان و تەکنیکییەکانی هەردوو دەستەی ئاماری ناوەند و هەرێم کراوە.
بەم پێیە، بنەمای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بریتییە لە کاری هاوبەش و هەماهەنگیی دامەزراوەیی، نەک بڕیاری تاکلایەنە.
هیچ بڕگەیەکی ئەم بڕیارانە دەسەڵاتی تاکلایەنە بە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی نابەخشێت بۆ ئەوەی بەبێ جێبەجێکردنی ڕێکارە هاوبەشەکان، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت یان کەمی بکاتەوە.
لە ڕووی یاسای کارگێڕییەوە، ئەگەر بڕیارێک لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی یاسایی دیاریکراو دەرچووبێت، دەتوانێت تووشی کەموکوڕی لە ڕوکنی تایبەتمەندیی یاسایی (عيب عدم الاختصاص) بێت. هەروەها، ئەگەر مەرجی هاوبەشی و ڕێکارە پێویستەکان ڕەچاو نەکرابن، ئەوا کێشەی پێشێلکردنی شێوە و ڕێکارە یاساییەکان (عيب الشكل والإجراءات)یش دروست دەبێت.
لەبەر ئەوە، کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٧٪، ئەگەر بە بڕیاری تاکلایەنە و بەبێ جێبەجێکردنی میکانیزمی هاوبەشی پێویست ئەنجام درابێت، لە ڕووی یاساییەوە شیاوی تانەدان و داواکردنی هەڵوەشاندنەوەیە.
دووەم: پێشێلکردنی مەرجی تەواوبوونی مقاطعەی داتاکانی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی سەرژمێری
بڕگەی (٤)ی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی ژمارە (٢٤٨٦٠)ی ساڵی ٢٠٢٤، بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێری و ئەنجامە کۆتاییەکان دەکات.
دەقی ئەم بڕگەیە بەم شێوەیەیە:
«تعد النتائج المعلن عنها لعموم المحافظات بعد الانتهاء من عملية سجل الأسرة أولية وستعلن النتائج النهائية للمناطق المتنازع عليها والمحافظات الأخرى بعد استكمال مقاطعة البيانات والسجل الخاص الذي يعد لهذا الغرض بموجب قرار مجلس الوزراء (24853 لسنة 2024) ويعتمد السجل النهائي بعد التدقيق للمناطق المتنازع عليها والمحافظات الأخرى».
بەپێی ئەم دەقە، ئەنجامە ڕاگەیەنراوەکانی سەرژمێری، پێش تەواوبوونی مقاطعەی داتاکان و پشکنینی تۆماری تایبەت، بە ئەنجامی سەرەتایی دادەنرێن.
ئەمەش بە تایبەتی گرنگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، کە لە چوارچێوەی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری عێراقدا دەکەون.
لە هەمان کاتدا، بەراوردکردنی داتاکانی ئەم ناوچانە لەگەڵ داتاکانی سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧، یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی ڕێکارە پەیوەندیدارەکان.
پێویستە ئەم بەراوردکردنە بە هاوبەشیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئامارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی ئەنجام بدرێت، نەک بە ڕێکاری تاکلایەنە.
هەروەها، ئەو ڕێکارانەی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دیاریکراون، نابێت بەبێ بنەمایەکی یاسایی ڕوون بگشتێندرێن بۆ سەرجەم دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
لەبەر ئەوە، ئەگەر مقاطعەی داتاکان و پشکنینی هاوبەش هێشتا تەواو نەبووبێت، ڕاگەیاندنی ئەنجامێکی کۆتایی و بەکارهێنانی بۆ دیاریکردنی پشکی دانیشتوانی هەرێم، پرسیارێکی جدیی یاسایی و ئاماری دروست دەکات.
سێیەم: پابەندبوونی یاسایی بە پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
پەیڕەوکردنی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها داواکارییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بنەمایەکی یاسایی لە یاساکانی عێراقدا هەیە.
بەپێی ماددەی (١/دوازدەیەم)ی یاسای دەستەی ئامار و سیستەمەکانی زانیاریی جوگرافیی عێراق، ژمارە (٣٢)ی ساڵی ٢٠٢٣، سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و نیشتەجێبوون بە پشتبەستن بە بنەما و پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسە کراوە، کە دەقی عەرەبیی بڕگەکە بەم شێوەیەیە:
«ثاني عشر: التعداد العام للسكان والمساكن: عملية جمع البيانات الإحصائية الاقتصادية والاجتماعية والديمغرافية والثقافية والبيئية والخدمية من كل مكلف عراقي يسكن في جمهورية العراق أو خارجها أو كل مكلف أجنبي يسكن في جمهورية العراق وفقاً لمبادئ ومعايير الأمم المتحدة».
ئەم دەقە بە ڕوونی پەیوەندیی نێوان سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەلمێنێت. بۆیە پابەندبوون بەو پێوەرانە تەنها هەڵبژاردەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پابەندییەکی یاساییە کە خودی یاسادانەری فیدڕاڵی جێگیری کردووە.
هەروەها، ماددەی (٥/دەیەم)ی هەمان یاسا جەخت لە پەیڕەوکردنی پێوەر و پۆلێنکارییە ئامارییە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی (Usual Residence) ـە، نەک تەنها شوێنی تۆماری باری شارستانی یان ڕەچەڵەکی کەسەکە.
واتە، ئەگەر کەسێک لە پارێزگایەکی تری عێراقەوە هاتبێتە هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی ئاسایی لە هەرێم نیشتەجێ بێت و مەرجە ئامارییە پەسەندکراوەکانی تێدابێت، نابێت تەنها بەهۆی شوێنی تۆماری باری شارستانییەکەی لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم دەربکرێت.
چوارەم: ئاوارەکان، هاتووەکان و نیشتەجێبووان و بارگرانیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان
یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئاوارەکان، هاتووەکان و ئەو کەسانەی تۆماری باری شارستانییان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ئەگەر ئەم کەسانە مەرجەکانی نیشتەجێبوونی ئاسایییان تێدابێت، دەرهێنانیان تەنها لەسەر بنەمای شوێنی تۆماری باری شارستانییان، پرسیار لەسەر گونجانی ئەم ڕێکارە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەرژمێری دروست دەکات.
لە هەمان کاتدا، هەموو ئەو ئاوارە و هاتوو و نیشتەجێبووانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، وەک هەر هاوڵاتییەکی تری هەرێم، سوودمەندی خزمەتگوزارییە گشتییەکانن، وەک پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان.
دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە خەرجیی دارایی بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنێت، کە لە چوارچێوەی بودجەی کارپێکردن (النفقات التشغيلية) و بودجەی وەبەرهێنان (النفقات الاستثمارية) تەرخان و دابین دەکرێن.
بۆیە، ئەگەر ئەم کەسانە لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم دەربکرێن، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆیان، ئەوا نایەکسانییەکی ئاشکرا لە نێوان ئەو بەرپرسیارێتی و بارگرانییە داراییەی حکومەتی هەرێم هەڵیدەگرێت و ئەو شایستە داراییانەی بەپێی ڕێژەی دانیشتوان بۆی دیاری دەکرێن دروست دەبێت.
ئەمەش لەگەڵ ڕۆح و مەبەستی ماددەی (١٢١/سێیەم)ی دەستووری عێراق ناگونجێت، کە لە دیاریکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێم لە داهاتە فیدڕاڵییەکاندا، جەخت لە ڕەچاوکردنی بەرپرسیارێتی، پێداویستی و ڕێژەی دانیشتوان دەکاتەوە.
بنەمای دادپەروەری ئەوەیە کە ئەو دانیشتوانەی حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان هەڵدەگرێت، لە کاتی دیاریکردنی پێداویستی و شایستە داراییەکانی هەرێمدا ڕەچاو بکرێن، تەنانەت ئەگەر هەموویان بەپێی پێناسەی ئاماریی دانیشتوانی هەرێم هەژمار نەکرێن.
پێنجەم: یەکسانیی پێوەرەکان لە سەرجەم عێراق و بنەمای یەکسانیی دەستووری
پێوەرە ئامارییەکان دەبێت بە یەکسانی لە سەرجەم عێراق جێبەجێ بکرێن و نابێت پێوەرێک تەنها بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت، لە کاتێکدا هەمان پێوەر لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق پەیڕەو ناکرێت.
بەپێی خشتە و زانیارییە فەرمییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی سەرەتایی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (٦,٥١٩,١٢٩) کەس بووە، بەڵام دوای ئەنجامدانی ڕێکارە ئامارییەکان، بۆ (٥,٨٠٥,١٤٢) کەس کەمکراوەتەوە؛ واتە کۆی (٧١٣,٩٨٧) کەس لە ژمارەی سەرەتایی دانیشتوانی هەرێم لابراون. لەم ژمارەیە، (٢٢٠,٥٩١) کەس بیانی و ناعێراقین، بەڵام (٤٩٣,٣٩٦) کەسی دیکە هاووڵاتیی عێراقن، کە هەڵگری کارتی نیشتمانیی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و سوودمەندی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمن. سەرەڕای ئەوە، ئەم کەسانە لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لادراون و بۆ پارێزگاکانی تری عێراق هەژمار کراون.
جێگای سەرنج و نیگەرانییە کە ئەم ڕێکارەی گواستنەوەی ئاماری، بە پشتبەستن بە شوێنی تۆماری کارتی نیشتمانی لەبری شوێنی نیشتەجێبوونی ڕاستەقینە، تەنها بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە هەمان شێوە پەیڕەو نەکراوە. ئەمەش جیاکارییەکی نەرێنییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی، کە لەگەڵ بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسا، جێگیرکراو لە ماددەی (١٤)ی دەستووری عێراقدا، ناکۆکە؛ بە تایبەتی کە هەرێمی کوردستان بارگرانیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەم دانیشتوانە هەڵدەگرێت، بەڵام لە دیاریکردنی پشکی دانیشتوان و شایستە داراییەکانیدا هەژمار ناکرێن.
شەشەم: بەڵگە فەرمییەکانی خودی وەزارەتی پلاندانانی عێراق
یەکێک لە پرسیارە گرنگەکان ئەوەیە کە چۆن دەکرێت خودی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢دا ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی بە نزیکەی ١٤٪ دیاریکردبێت، بەڵام لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤دا ئەم ڕێژەیە بۆ ١٢.٦٧٪ کەمکرابێتەوە؟
یەکەم: نووسراوی ساڵی ٢٠١٨
بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارە (١١٥٤٧) لە بەرواری ٢٥/١٠/٢٠١٨، بە واژۆی د. سەلمان عەلی جومەیلی، وەزیری پلاندانانی ئەوکاتی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە (٥,٣٠٩,٥٩٢) کەس دیاریکراوە، لە کۆی (٣٨,١٢٤,١٨٢) کەسی دانیشتوانی عێراق.
واتە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم نزیکەی ١٣.٩٣٪ بووە.
دووەم: نووسراوی ساڵی ٢٠٢٢
بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارە (٣٦٦/١/١) لە بەرواری ٢/٩/٢٠٢٢، بە واژۆی پڕۆفیسۆر دکتۆر خالید بەتاڵ نەجم، وەزیری پلاندانانی ئەوکاتی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەم شێوەیە دیاریکراوە:
* دهۆک: ١,٤٣٢,٣٦٩ کەس
* هەولێر: ٢,٠٥٥,٤٤٨ کەس
* سلێمانی: ٢,٣٩٦,٢٠٦ کەس
کۆی گشتی: ٥,٨٨٤,٠٢٣ کەس
لە هەمان نووسراودا ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە کۆی دانیشتوانی عێراق بە ١٤٪ دیاریکراوە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
ئەگەر خودی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی بە نزیکەی ١٤٪ دیاریکردووە و لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا هەمان ڕێژەی پشتڕاست کردووەتەوە، چۆن دەکرێت دوای چەند ساڵێک، لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤دا، ئەم ڕێژەیە بۆ ١٢.٦٧٪ کەم ببێتەوە؟
ئەم دوو نووسراوە فەرمییە بەڵگەیەکی گرنگن بۆ داواکردنی ڕوونکردنەوە و پێداچوونەوە بە ئەنجامە نوێیەکانی سەرژمێری.
حەوتەم: ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان و مەترسیی جێگیرکردنی ڕێژەی ١٢.٧٪ لە یاسای بودجەدا
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە ماددەی (١٠)ی پێشنیارکراو هێشتا لە چوارچێوەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧دایە و نەبووەتە یاسایەکی پەسەندکراو.
لەبەر ئەوە، لە قۆناغی ئێستادا تانەی دەستووری لە خودی ڕەشنووسی یاساکە، بە شێوەیەکی گشتی، پێش پەسەندکردنی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی وەرناگیرێت.
بۆیە، پێویستە هەوڵە یاسایی و دامەزراوەییەکان لە ئێستادا چڕ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم پێش پەسەندکردنی یاسای بودجە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و ئەنجامی ڕاستی لەسەر بنەمای یاسا و داتاکانی سەرژمێری دیاری بکرێت.
لە هەمان کاتدا، ئەگەر ڕێژەی ١٢.٧٪ بەبێ چارەسەرکردنی ناکۆکییە یاسایی و ئامارییەکان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا جێگیر بکرێت، مەترسیی ئەوە دروست دەبێت کە ڕێژەیەکی جێگای ناکۆکی ببێتە بنەمای دابەشکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
ئەمەش بەبێ دەستبەرداربوون لە مافی پەنابردنە بەر دادگای باڵای فیدڕاڵی یان دادگای دەسەڵاتداری پەیوەندیدار، ئەگەر یاسا یان بڕیارێکی کۆتایی و شیاوی تانەدان دەرچوو کە پێچەوانەی دەستوور یان یاسا بێت.
هەشتەم: پێویستیی چارەسەری هاوبەشی یاسایی و تەکنیکی
چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی هاوبەشی یاسایی و تەکنیکی هەیە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی.
ئەم پێداچوونەوەیە دەبێت هەم داتاکانی سەرژمێری و هەم بنەما یاساییەکانی گۆڕینی ڕێژەی دانیشتوان بگرێتەوە، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەرژمێری.
بە تایبەتی، پێویستە ژمارەی کەسانی کەمکراوە لە ئەنجامی سەرەتایی، چۆنیەتی هەژمارکردنەوەیان لە پارێزگاکانی دیکە و یەکسانیی جێبەجێکردنی پێوەرە ئامارییەکان بە وردی پشکنین بکرێت.
هەروەها پێویستە ئەنجامی ئەم پێداچوونەوەیە پێش یەکلاییکردنەوەی ماددەی (١٠)ی ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ بخەرێتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.
کۆتایی و بانگەواز
سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان دەبێت پرۆسەیەکی زانستی، پیشەیی، بێلایەن و شەفاف بێت، کە ڕەنگدانەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتوان بێت.
کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٧٪، بەبێ ڕوونکردنەوەی بنەمای یاسایی و ئاماری و بەبێ پشکنینی هاوبەش، جێگای پرسیار و پێداچوونەوەی جددییە.
لە هەمان کاتدا، ئەم وتارە بانگەوازێکە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵات و دامەزراوە فیدڕاڵییەکان لە بەغدا، بە تایبەتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزیران و بەرپرسانی کوردستانی، بۆ ئەوەی بە یەکدەنگی و هەڵوێستێکی هاوبەش، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی، داکۆکی لە ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانی بکەن.
پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی پێش پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، ئەم بابەتە بە شێوەیەکی یاسایی و زانستی چارەسەر بکرێت و ڕێگە نەدرێت ڕێژەیەکی جێگای ناکۆکی، بەبێ ڕوونکردنەوەی بنەماکانی، لە یاساکەدا جێگیر بکرێت.
چونکە ئەم بابەتە تەنها پرسێکی حکومی یان حزبی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە ماف و بەرژەوەندیی سەرجەم دانیشتوانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 8 کاتژمێر

نەوەی نوێ چەند پۆستێكی لە عێراق وەرگرت

null
پێش 10 کاتژمێر

پژاك كۆماری دیموكراتیك بۆ ئێران بە گونجاو دەزانێت

null
١٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٦

بۆ کردنەوەی گرێی "کابینەی دەیەم" بەدوور لە مەسرور بارزانی