Draw Media

دوو هەفتەیە تەنیا موچەی حەوت وەزارەت دابەشكراوە

دوو هەفتەیە تەنیا موچەی حەوت وەزارەت دابەشكراوە

2022-01-07 17:10:24


درەو:
لەماوەی دوو هەفتەدا حكومەتی هەرێم موچەی تەنیا حەوت وەزارەتی دابەشكردووە، بە بڕی (377 ملیار) دینار، لە كاتێكدا حكومەت (520 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدایە. 
لە 25ی مانگی رابردووە كابینەی سێ قۆڵی ( پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی راگەیاندووە، لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا تەنیا موچەی حەوت وەزارەت و دامودەزگای دابەشكردووە بە بڕی (377 ملیار) دینار.
ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی تا ئێستا موچەیان وەرگرتووە:
وەزارەتی تەندروستی: 50 ملیار دینار
وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار دینار ( بەبێ 32 ملیار دیناری هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكان) واتا موچەی پێشمەرگە لای وەزارەتی دارایی (101 ملیار) دینارە
وەزارەتی دارایی: 11 ملیار دینار
وەزارەتی كاروباری شەهیدان: 855 ملیۆن دینار
زیندانیە سیاسیەكان: 2 ملیار دینار
كەسوكاری شەهیدان: 35 ملیار دینار
وەزارەتی ناوخۆ: 178 ملیار دینار
كۆی گشتی: 377 ملیار و 855 ملیۆن دینار
واتا تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان (377 ملیار) دینار موچەی دابەشكردووەو نزیكەی (520 ملیار) دیناری ماوە بۆ دابەشكردنی كۆی موچە كە نزیكەی (900 ملیار) دینارە، واتا تا ئێستا (41%)ی موچەی دابەشكردووەو (59%)ی موچەی موچەخۆران دابەشنەكراوە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی (12) زیاتر لە (520 ملیار) دیناری لەبەردەستدا بووە، (360 ملیار) دیناری داهاتی نەوت و (160 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ. 
ئێستا كابینەی سێقۆڵی بەم شێوازی دابەشكردنی موچەیە هەموو رۆژەكانی مانگی تەرخانكردووە بۆ دابەشكردنی موچە، موچەی مانگێك تەواو ناكات دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگێكی تر دەكات، سەرباری ئەمەش هێشتا فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا موچە وەرناگرن .
ئەمە لەكاتێكدایە كە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت و داهاتی ناوخۆ و باج و رسوماتیش زۆر زیادی كردووە، كابینەی مەسرور بارزانی چەند مانگێكە لێبڕینی موچەی هەڵگرتووە بەڵام شێوازی دابەشكردنی موچەی بەجۆرێك رێكخستووەتەوە كە هەمانكاریگەری مانگەكانی لێبڕینی موچەی لەسەر بژێوی موچەخۆران درووست كردووە.
دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت قەیرانی موچە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی دەبێت بە قەیرانێكی ئەبەدی و چارەسەرناكرێت، رەنگە دواجار بە كابینەی قەیرانی موچە ناوببرێت.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand