مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
دوێنێ لە شاری پاریس ٨٠٠ هەزار کەس چوونەوە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی بەرامبەر بەو دۆخە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەی لە سێ دەیەی دواییدا کەوتونەتە ناوی. خۆپیشاندانەکانی دوێنێ، بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردووە، بەشێوەیەکی زۆر هێمنتر و بێتوندوتیژیتر و بێپێکدادانان تێپەڕین. هاوکات باس لە ئامادەگیی ٧٠ هەزار پۆلیس لەسەر شەقمەکان دەکرێت بۆ پاراستنی هێمنیی و باس لە بوونی فڕۆکەی هەلیکۆپتەر و درۆنی چاودێریکەریش بە ئاسمانی پاریسەوە، دەکرێت. شوێنە بازرگانییە گەورە و گرنگەکان لەژێر چاودێرییەکی گەورەی پۆلیس و هێزە ئمنییەکاندابوون و یاساغکرابوو خۆپیشاندەران بچنە ئەو ناوچانەوە. دەرگای مۆزەخانەی لۆڤەر و چەندان مۆزەخانەیتر و کۆمەڵێک سێنتەری هونەری دیکەش قوفڵدرابوون.
ئەگەرچی لە پاریس خۆپیشاندانەکان رێگەپێدراوبوون، بەڵام لە شارەکانی نیس و بۆردۆ و مارسیلیا رێ بە خۆپیشاندان نەدرابوو، هۆکارەکەشی پەیوەندیی بەوەوە هەبووە گوایە بڕ و ڕادەی پەلاماردان و توندوتیژیی لەو شوێنانەدا هێجگار زۆر بووە و حکومەت لە دووبرەبوونەوەی هەمان دۆخ ترساوە.
توورەبوونێکی فرەجەمسەرەی زیاد لە هێزێکی کۆمەڵایەتیی لە وڵاتەکەدا هەیە.
ژێرخانی ئەم توڕەبوونەیش هەستکردنە بە زوڵم و نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتیی گەورە. مەسەلەکە تەنیا نەبوونی نەبوونی توانای مادیی لای دەوڵەتی فەرەنسیی نییە، بەڵکو خاڵی سەرەکیی پەیوەندیی بە چۆنیەتی دابەشکردنی سامان و ئەولەویەتەکانی دەوڵەت خۆیەوە هەیە. بەشەکی گەورەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە باوەڕیان بەوە نییە کە بارگرانیەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا دابەش دەکرێن. ئەم هەستکردنە بە زوڵم و نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی لە زۆر شوێنی کۆمەڵگاکەدا ئامادەیە و خەڵکانێکی زۆر هەست بە قورسبوونی ژیان و قورسبوونی بەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانەیان دەکەن. وەک دەزانین سەرەتای بەگاچوونەوەی ئەم دۆخە لەناو سیستمی خوێندن و لەناو قوتابخانەکاندا دەستیپێکرد، بە تایبەتی لەناو ئەو قوتابخانانەدا کە دەکەونە ناوچە هەژار و کەمدەرامەتەکانی ئەو وڵاتەوە، کە زۆرجار زۆرینەی دانیشتوانەکەیان کەسانی کۆچبەرن. لەپاڵ ئەمەدا ئەو دۆخەی بەشێکی گەورەی گەنجان و خوێندکارانی زوویر کردوە ئەو راستییەیە، کە بەدەستهێنانی بڕوانامە گەرەنتی ئەوە نابەخشێت کە خاوەن بڕوانامەکە کارێکی دەستبکەوێت، لەم رووەوە بەرزبوونەوەی دیاردەی خۆکوشتن لەناو خوێندکاراندا مەسەلەیەکی هەستپێکراوە، نەبوونی شوێنی تایبەت بەخۆیان بتوانن تیایدا بژین مەسەلەیەکی سەرەکیی ترە. بەرزبوونەوەی نرخی شت و مەک و زەحمەتبوونی ژیان بەگشتیی بەشێکی جەوهەریی ژیانی کەسانێکی زۆری ناو کۆمەڵگاکەیە.
خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی گروپی «هێلەکە زەردەکان» لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ یشدا پەیوەندیی بە هەمان ئەو هۆکارانەوە هەیە، کە خۆپیشاندانەکانی ئەمرۆکەی دروستکردوە. لە هەردوو دۆخەکەشدا کاردانەوەی دەوڵەت بەرامبەر بە خۆپیشاندەرەکان هەمانشت بووە. ئەودەمیش داخوازییەکانی خۆپیشاندەران بێوەڵامی راستەقینە مایەوە. حکومەتی فەرەنسی هەندێک لە داواکارییەکانی جێبەچەکرد، بەڵام پەتای کۆرۆنا هاتو و داواکاریی خۆیپشاندەرەکان بوون بەژێر ئەو دۆخە ترسناکەوە کە کۆرۆنا لەگەڵخۆیدا هێنای و دروستیکرد.
وا پێدەچێت بەرەنگاربوونەوەی سەربازیی و ئەمنیی تاقە ستراتیژیەتێکبێت لەبەردەم حکومەتێکدا
لە زیاد لە وڵاتێکی ئەوروپیدا قەیرانێکی گەورە لە پەیوەندیی نێوان دەولەت و ئەم نەوە گەنجەدا دروستبووە، بەڵام ئەم دیاردەیە لە فەرەنسادا زۆر بەهێزترە تا لە ولاتە ئەوروپییەکانی تردا. قوتابخانە وەک یەکێک لە دەزگا هەرەسەرەکیی و هەرە بنەرەتییەکانی دروستکردن و بەرهەمهێنانی «هاوڵاتیی یەکسان» لە ماف و لەبەرپرسیاریەتیدا، وەک شوێنی بەخشینی «سەرەتایەکی یەکسان» بە هەمووان، وەک دەزگایەک بۆ بەخشینی ئەگەر و توانای جێگۆڕکێی کۆمەلایەتیی و کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان، لەناو قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەندا دەژیی. قوتابخانە و سیستمی خوێندن و پەروەردە لە فەرەنسادا نەک ئەم ئەرکانەی بۆ وەدیناهێنرێت، بەڵکو خۆی بووە بە ئامرازیی دروستکردنی جیاوازیی چینایەتیی و ئەتنیی و بوو بە شوێنێک بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی کۆی جیاوازییە چینایەتییەکان.
ئینجا نایەکسانی ئابووری، دەرفەتی سنووردار بۆ جووڵە و جێگۆرکێی چینایەتی، هەڵاوێردن کە زۆرجار ڕووبەڕووی هەندێک گروپ دەبێتەوە، کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوە گشتییەکان، بۆشاییەکی گەورە و بێمتمانەییەکی فرەلایەنیان لە نێوان مۆدێلی مێژوویی فەرەنسیی بۆ حوکمرانیی و ئەزموونی ڕۆژانەی زیاد لە بەشێک لە هاووڵاتیاندا، هەم دروستکردوە و، هەم بەردەوام ئەو بێمتمانەییە فراوانتر دەبێت.
خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە لەم مۆدێلە فەرەنسیەدا پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتی پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بێناوەندگیرییە، پەیوەندییەکە راستەوخۆ لە نێوان هاولاتیی و دەوڵەتدا. ئەمەش وایکردوە شەقام لە فەرەنسادا، بە بەراورد بە ولاتە ئەوروپییەکانی تر، بە بەردەوامی «شەقامێکی سیاسیی» بێت. هەر هاوڵاتییەک نارازیبێت راستەوخۆ نارازیبوونەکەی بباتە سەر شەقام و وابکات دەولەت بە راستەوخۆیی ببینێت و بزانێت ئەو هاوڵاتییە چی دەوێت.
دەوڵەتی فەرەنسی لە دۆخێکی سیاسیی و ئابوریدا نییە، بتوانێت وەڵامی داواکارییە دەستنەجێیەکانی خۆپیشاندەران بداتەوە
هەموو ئەمانەش تەحەدایەکی گەورەیان بە رووی مۆدێلە فەرەنسییەکەی حوکمڕانیدا بەرزکردۆتەوە، مۆدێلێک بەوە ناسراوە کە لەسەر دروستکردنی هاوڵاتی یەکسان کاردەکات. ئەم تەحەدایە پەیوەندیی بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی متمانەی هاوڵاتیانەوە هەیە بەو مۆدێلە کە خاڵی سەرەکیی و بنەڕەتیی لەناویدا بوونی هاوڵاتیانی یەکسانە. بەم مانایە خۆپیشاندانەکانی ئەم رۆژانە تەنها روویان لە جێبەچەکردنی داخوازییە دەستەبجێ و رۆژانەییەکان نییە، بەڵکو لە قووڵاییدا روویان لە گەڕاندنەوە و پاراستنی ئەو مۆدێلە فەرەنسییەیە کە لەسەر مامەڵەکردنی دانیشتوانی وڵاتەکە وەک هاوڵاتی یەکسان، کاردەکات.
هەمووان دەزانن دەولەتی فەرەنسی لە دۆخێکی سیاسیی و ئابوریدا نییە، بتوانێت وەڵامی داواکارییە دەستنەجێیەکانی خۆپیشاندەران بداتەوە. ئەم حکومەتە پارەی نییە و ناتوانێت ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات کە خۆپیشاندەرەکان داوای دەکەن. حکومەتی فەرەنسیی حکومەتێکی قەرزارە و لەناو پشێویەکی دارایی گەورەشدا دەژی. بڕی ئەو قەرزەی لەسەر دەڵەتی فەرەنسییە بەڕدایەک گەورەیە سنووری قەرزاربوونی رێپێدراوی لەناو یەکێتی ئەوروپادا، تێپەراندوە. . بەپێی یاساکانی ئەوروپای یەکگرتوو هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە قەرزێکی لەسەربێت کە زیاتر بێت لە ٦٠% بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی، الناتج المحلي الإجمالي. قەرزی دەوڵەتی هۆڵەندا بۆ نموونە ٤٥% بەرهەمی ناوخۆیی گشتییە، واتە لە خوار ئەو سنوورەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا دایناوە، بەڵام بری ئەو قەرزەی دەوڵەتی فەرەنسا کردویەتی ١٢٠% ،بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی فەرەنسایە. ئەمەش دوو ئەوەندەی ئەو رێژەیەیە کە یەکێتی ئەوروپا دایناوە. ئینجا ئەم پارەیە کە دەوڵەتی فەرەنسی قەرزیکردوە پارەیەکە دەبێت «سو» یان فائیدەکەی بدات، کە بەشێکی دەگاتە بری ٥%. واتە دەوڵەتی فەرەنسیی تەنها پارەیەکی زۆری بۆ داناوەی قەرزەکان پەویست نییە، بەڵکو دەبێت پارەی سودەکانیش بداتەوە. هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن بری ئەو سو یان فائیدەیەی کە دەولەت دەبێت بە قەرزەکەی بدەنەوە، زیاترە لەو بودجەیەی کە بۆ هەموو سیستمی خوێندن و فێربوون لە فەرەنسادا، تەرخانکراوە.
تا ئەم ساتە وا پێدەچێت بەرەنگاربوونەوەی سەربازیی و ئەمنیی تاقە ستراتیژیەتێکبێت لەبەردەم حکومەتێکدا کە هەم متمانەپێکردنی لەناو بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکەیدا نەماوە، هەم بەژێر قەرزێکەوە بووە کە توانای دانەوەی، نییە. دابەزاندنی تەمەنی بەرپرسیارکردنی گەنجانیش لە ١٨ ساڵییەوە بۆ ١٦ ساڵیی، گرتنی ژمارەیەکی گەورە لێیان، هەموویان پشتکردنە کۆمەڵێک دەسکەوتی سەرەکین کە مۆدێلە فەرەنسییەکە لە کۆمەڵگای فەرەنسیدا دەستەبەریکردوە.