Draw Media

بەرپرسیارێتیی و بەدامودەزگاییکردنی ناحەقیی

بەرپرسیارێتیی و بەدامودەزگاییکردنی ناحەقیی

2022-01-05 18:34:41


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

بەرپرسیارێتیی دوو جۆری هەیە، یەکەمیان بەرپرسیارێتیی سیاسییە، دووهەمیان بەرپرسیارێتیی شەخسییە. بەرپرسیارێتیی سیاسیی شتێک نییە حکومەتەکان یان حیزب و سەرۆکەکان و تەنانەت نەتەوە و نەوەکان خۆیانی لێبێبەرییبکەن. هەموو حکومەتێکی نوێ دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو کردانە هەڵگرێت کە حکومەتەکەی پێش خۆی پێی هەڵساوە، سەرۆکی نوێی هەموو حیزبێک دەبێت بەرپرسیارێتی سیاسەتی سەرۆکەکەی پێش خۆی هەڵگرێت، هەموو نەتەوەیەک دەبێت بەپرسیارێتی بەرامبەر بە ڕابردووی خۆی هەڵگرێت و هەموو نەوەیەک دەبێت بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە کارەکانی نەوەکەی پێش خۆی هەڵگرێت. لەڕووی سیاسییەوە وتە بەناوبانگەکەی ناپلیۆن جوانترین دەربڕی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە کاتێک دەڵێت: „من بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بەهەموو ئەو شتانە هەڵدەگرم کە لویسی نۆیەم تا دەگاتە کارەکانی کۆمیتە یان لیژنەی سەلامەتی گشتیی پێی هەڵساون.“

بەرپرسیارێتیی شەخسییش مانای ئەوەیە کە مرۆڤ نەکەوێتە ناو ئەو هاوکێشەیەوە کە دەڵێت: گەر من نەیکەم یەکێکی تر دەیکات، یان من برغویەکم لە ماشینە بیرۆکراسییەکەی دەسەڵات و ئیدارەی دەوڵەت، بۆیە هەر فەرمانێکم پێبکەن، من ناچارم جێبەجێی بکەم. ئەم پاساوە لە جەوهەردا خۆدەربازکردنە لە بەرپرسیارێتیی و نەبوونی وشیاریی جیاکارییە لەنێوان هەق و ناهەق، زوڵم و ڕێز، هەڵە و ڕاستیی. ئەمەش ئەو مەترسییە دروستدەکات وەک هانا ئارێنت دەڵێت: „لە هەر شوێنێک هەموو تاوانبار بوون، کەس تاوانبار ناکرێت“.

دوای ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز ڕۆژێک بە تەکسی چووم بۆ بازاڕ، شۆڤێری تەکسییەکە گەنجێکی چوارشانە بوو، بەڵام زۆر بێدەنگ و خەمبار. دوای بێدەنگییەکی کورت، گوتی مامۆستا من تۆ دەناسم متمانەم پێتە، حەزدەکەم شتێکت لا بدرکێنم، منیش گوتم، فەرموو. ئەو لەگەڵ هەڵمژینی بەهەناسەیەکی قووڵەوە گوتی، دەزانی مامۆستا من تاوەکو دوێنێ یەکێک بووم لە پێشمەرگەکانی هێزی ئاڵتوونی، گەر باوەڕیش ناکەیت ئەوە ئایفۆنەکەم پڕێتی لە وێنەی خۆم لە کاتی شەڕی داعش و چالاکیی تر. هەرچەند گوتم من بڕوام بە قسەکانت هەیە، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی هەندێ وێنە و ڤیدیۆی چالاکییەکانیم نیشانبدات. ئەو گوتی دوێنێ کە منیان برد بۆ ئەگەری پەلاماردانی هاوڕێ و ئەندامانی هاوحیزبەکەم، ڕەتمکردەوە دژیان بجەنگم، بۆیە چەکم دانا و گوتم من لەم ناحەقیی و ئەگەری تاوانی کوشتنی برا پێشمەرگەکانی خۆم و ئەندامانی حیزبەکەی خۆم، بەشدارنابم. ئەوسا ڕووە خەمبارەکەی تێکردم و گوتی: بەڕای بەڕێزتان من کارێکی باشم کردوە یان خراپ؟ ئەم نموونەیە ئاماژەیەکی گەورەیە هەم بۆ بەرپرسیارێتیی شەخسیی و هەم بۆ بەرپرسیارێتیی سیاسیی. ئەم نموونەیە دەربڕی ڕاستترین و جوانترین هەڵوێستە بۆ سەلماندنی قسە بەناوبانگەکەی سوکرات کە دەڵێت: „باشترە مرۆڤ زۆڵمی لێبکرێت وەک ئەوەی زۆڵم بکات“. هەموومان مرۆڤین، مرۆڤیش خاوەن هەڵەیە و دەشێت ئەو هەڵەیەش لە شوێن و کاتی جیاوازدا ببێت بە زوڵم و لەکاتی تایبەتیشدا ببێت بە تاوان. ڕاستە هەموومان هەڵەدەکەین، بەڵام هەموومان بەقەد یەک و وەک یەک هەڵە و زۆڵم ناکەین، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ڕێگرییکردن لە ناحەقیی زوڵم، بوونی ئەخلاق و وشیاریی بەرپرسیارێتییە. بەرپرسیارێتی ئەخلاقییش یەکێکە لە گرنگترین خەسڵەتەکانی مرۆڤ بۆئەوەی نەهێڵێت زۆڵم ببێتە دۆخێکی باو.
  
بە بێ تێگەیشتن لە هیچنەکردن و تەماشاکردن و بێدەنگیی لە سەرەتای دەستپێکردنی زۆڵم و ناحەقییەکانی دەسەڵاتدارێتیی نازیزم و بەعسیزم ئاسان نییە لە تاوانە گەورەکانی ساڵانی دواتریان تێبگەین. بوون بە بینەر و بێدەنگی لە زۆڵم مانای ڕێگەخۆشکردنە بۆ ناحەقیی و پاشان تاوان. نماییشکردنی گەنجانی خۆپیشاندەری پیرەمەگرون وەک تیرۆریست، تاوانێکە هەم رەهەندێکی ئەخلاقیی هەیە و هەم رەهەندێکی یاسایی. ئەم کردەیە هەڵەیەکی تەکنیکی یان شەخسیی نییە، بەڵکو تەعبیر لە تێگەیشتنی ئەو دەزگایە و سەرۆکە سیاسییەکانی ئەم دەڤەرە دەکات کە بە چ مۆدێلێکی ئەمنیی، تیرۆری کەسایەتیی ئنیسانەکانی ئێمە دەکەن. من قسەم لەسەرئەوە نییە کە ئەم نماییشکردنە بێتامە پێش دادگاییکردنیان و حوکمدانیان کارێکی نایاساییە، بەڵکو قسەم لەسەر ئەوەیە کە بڵاوکردنەوەی فەرمیی ڤیدیۆیەکی دانپێنانی پەشیمانیی هەندێ کرێکاری تەمەن بیست ساڵە بە جلی پرتەقاڵییەوە بەرامبەر سوتاندنی کتێبخانەکەی پیرەمەگرون، هەم شکاندنی کەرامەتی ئینسانیی ئێمەیە، هەم دووبارەکردنەوەی ئەزموونی دژەدیموکراسیی هەموو ئەو دەسەڵاتە پۆلیسیی و ئەمنیی و دیکتاتۆرانەیە کە دژ بە نەیارە سیاسییەکانی خۆیان پیادەیدەکەن. 
گەر یەکێک لە ئارگیومێنتە گرنگەکانی دادگاییکردن و سزادان مانای پاراستنی کۆمەڵگا بێت لە تاوان و تاوانکاران و ترساندنیان بێت لەوەی کاری لەو جۆرە دووبارە نەکەنەوە، ئەوا ئەم شانۆگەرییە دژ بەمافی مرۆڤەی کە هەم لە سلێمانیی و هەم لە بادینان بینیمان، ئەو ڕاستییەمان بیردەخاتەوە کە هەندێ جار هاوکێشەکە بەپێچەوانەوەیە؛ کۆمەڵگا دەبێت لە تەعەسوفییەتی هێزە ئەمنیی و دەزگاکانی جێبەجێکار بپارێزرێت، بۆئەوەی بەردەوام کەرامەتیان نەشکێنرێت. ماوەی چەند ساڵێکە تاوانی گەورە و بچووک بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنیی و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و تەنانەت ئاساییش خۆشی ڕوودەدات و خەڵکی مەدەنیی بێتاوان و هەندێجار چەکداری خۆیانی تێدا کوژراوە، کەچی لەبەرئەوەی تاوانکاران کوڕ و کچ و خزمی سوڵتانەکان و لۆردەکانی جەنگن، کەس بۆی نییە دەستی تاوانیان بۆ درێژبکات، چجای ئەوەی دادگاییبکرێن و سزابدرێن. کۆمەڵگای ئێمە لە قۆناغێکی مەترسییداردایە، چونکە هێندەی پێویستە لە تاوانکارانی دەزگا ئەمنیی و سەربازیی و منداڵانی لۆردەکان بپارێزرێت، هێندە پێویستی بە پاراستن نییە لە هەندێک گەنجی بەردوەشێن. گەر ئەو گەنجانە تاوانباربن بە سوتاندنی کتێبخانەیەک کە کردەیەکی نادروستە، دەزگاکانی دەسەڵاتیش تاوانبارن بە سوتاندنی کەرامەتی ئینسانیی تاکەکان و بڵاوکردنەوەی کولتووری بێڕێزییکردن و ترس و تۆقاندن لەناو فەزای گشتییدا.
ئەمەی لە هەرێمی ئێمەدا ڕوودەدات پرۆسەی بەداموزەگاییکردنی ناحەقیی و زوڵمە. ئومێدەوارم هاوشێوەی ئەو کوڕە گەنجەی کە چەکی دانا دژ بە هاوڕێ و هاوڵاتیانی خۆی بجەنگێت، لەناو دەزگای ئاساییش و دەزگاکانی تری هەرێم ئەم جۆرە لە ئەخلاقی بەرپرسیارێتیی شەخسیی و سیاسیییش بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی هاوڵاتیانی مەدەنیی دروستبێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand