Draw Media

لە بەردەم جیھانێکی قەیراناویدا

لە بەردەم جیھانێکی قەیراناویدا

2022-01-02 14:05:36


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

جیھان لە ھەفتەی یەکەمی ساڵێکی تازەدا دەژیی، خەریکە چارەکە سەدەیەکیش لە سەدەی بیست و یەکەمیش تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئەم ساتە ئاماژەیەکی وا لەئارادا نییە بۆ دروستبوونی ”سەرەتایەکی تازە“و ڕۆیشتن بەرەو ئاسۆیەکی نوێ بۆ جیھانێکی تازە. جیھانێک بە بڕێکی کەمتر لەو کێشەو نەھامەتیی و قەیرانانەوە کە لە ئێستادا لەئارادان. تا ئەم ساتە ھێشتا خوێنێکی زۆر لەبەر زۆر ناوچەی جیھان دەڕژێت و جەنگ و کوشتن و ڕاونان بەردەوام و سەروەرن. لە ھەندێک شوێنیتردا ھەژاریی و بێدادیی و نەخۆشیی حوکمڕانە، کارەساتی ژینگەیی ھەمەجۆر یەخەی دەیەھا کۆمەڵگای گرتووەو خەڵکانێکی زۆریش چەند ھەنگاوێکی کەم لە کارەساتی ژینگەییی گەورەوە، لە فۆرمی نەمانی ئاو و نەمانی ھەوای پاک بۆ ھەڵمژین، دوورن. 
لەبەردەم ئەو ھەموو کارەساتە گەورانەدا قسەکردن دەرباره‌ی ڕێزگرتن لە پرنسیپ و بەھاکانی یەکسانیی و دادپەروەریی و ئازادیی، بەرگریکردن لە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەژین، ڕێزگرتنی جیاوازیی و پلورالیزم، بە کورتیی قسەکردن لە ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، وەک چەنەبازیی و قسەی بێنرخ و ڕیتۆریکی بێمانا دەردەکەون. کەسانێکی زۆر ھەن سەرجەمی ئەم پرنسیپانە بە درۆ و دەلەسەی دەسەڵاتداران دەزانن و پێ لەسەر ئەوە دادەگرن لە ھیچ شوێنێکی دونیادا ڕێز لە ھیچ یەکێک لەو پرنسیپانە ناگیرێت و لە ھیچ شوێنێکیشدا، پیادە ناکرێن. یەکێک دەڵێت ئەمانە درۆی خۆرئاوان، یەکێکیتر دەڵێت درۆی بۆرژوازیەتن، سێھەمیش دەڵێت فێڵێکە کاپیتالیزم دەیکات بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی. بە کورتییەکەی، گیرخواردن بەدەستی کێشەو قەیران و کارەساتەکانی جیھانی ئەمڕۆەوە، دۆخێکیان دروستکردووە نەک تەنھا بەشی ھەرەزۆری ئەو پرنسیپانە بێنرخ و بێمانا دەکرێن، بەڵکو خودی ئەو پرنسیپانە خۆیشیان وەک بەشێک لەو دۆخە قەیراناوییە دەبینرێن و وەک ھۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخە وێنادەکرێن.  
بە بۆچوونی من، چ ئێمە وەک میلەتێکی دیاریکراو و چ وەک بەشێکیش لە مرۆڤایەتیی، چ زۆرێک لە میلەتانی تری جیھان، بە دوور و نزیکیانەوە، شتێکی دیکەمان لەبەردەستدا نییە بتوانین بۆی بگەڕێینەوەو بەرگریی پێ لە خۆمان و لەو ژینگەیە بکەین کە لەناویدا دەژین، لەدەرەوەی ئەو پرنسیپانەدا. ھەموو ھەوڵدانێک بۆ ڕزگاربوون لە سەردەمێک و ھەموو کۆششێک بۆ دروستکردنی دونیایەکی باشتر، پێویستی بە ژێرخانێکی ویژدانیی و ئەخلاقیی ھەیە بتوانێت ھاریکاریی مرۆڤەکان بێت، بۆ ئەوەی بزانن بەرەو کوێ و بەرەو چی بەڕێوەن. بە بۆچوونی من ئەو پرنسیاپانەی باسمکردن، واتە پرنسیپەکانی ڕێزگرتن لە بەھاکانی یەکسانیی و دادپەروەریی و ئازادیی، بەرگریکردن لە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەژین، ڕێزگرتن لە جیاوازیی و پلورالیزم، لە بەھا ھەرە سەرەکییەکانن و دەتوانن بۆ ھەنگاونان بەرەو پێشەوە، ھاریکارمانبن. لانیکەم ئەم پرنسیپاپە دەتوانن وەک ڕێگر لە دروستبوونی خواستی خۆسەپاندن و ویستی پەراوێزخستن و ئیرادەی دەستبەسراگرتن و فۆرمە جیاوازەکانی نارسیزمی دینیی و کولتوریی و ڕەفزکردنی ئەوانیتر، کاربکەن.  


لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە پێداگرتن لەسەر گرنگیی ئەم بەھایانە لەئارادایە، خودی ڕۆشنگەریی خۆیشی پرۆژەی ھەڵگرتنی بەشێکی زۆر لە بەھایانەیە، بەڵام ھەر لە ساتەوەختی ھاتنەکایەی ڕۆشنگەریی خۆیشیەوە، ناپاکیکردن و ڕێزلێنەگرتن لەو بەھایانە و پێشێلکردنێکی ھەمەلایەنیان، لەئارادایە. کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و ڕاسیزم و فاشیزم و نازیزم و بەعسیزم و شێوازی تایبەتی ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم، ھتد.. فۆرمی جیاوازیی پەلاماردانی ئەم پرنسیپانە و ڕێزلێنەگرتن و سڕینەوەیانن، لە زیاد لە بەشێکی جیھاندا. 
لەمڕۆشدا و دوای تێپەرینی نزیکەی چارەکە سەدەیه‌ک بەسەر سەدەی بیست و یەکەمدا، چەندان شێوازی تازەی بەربەریەت لەئارادایە کە لە زۆر ڕووەوە لە بەربەریەتی خێڵ و گروپە سەرەتاییە سونەتییەکان گەورەترو ترسناکترە. جەنگی تەکنۆلۆژیی تازەو بێمافکردن و پەراوێزخستن و برسیکردنی نوێ، بێڕێزیکردنی ھەمەلایەن بەرامبەر بە مرۆڤ و شکاندنی کەرامەتی، بەشێکی بەرچاوی جیھانی ئەمڕۆن. کوشتن بڕین و بنکۆڵکردنی کۆمەڵگاو سروشت و دزین و جەردەیی بێپێشینە، ھاتونەتەکایەوە. پرسیارەکە جارێکی دیکە ئەوەیە چۆن بەرامبەر بەم شێوازە نوێیانەی بێڕێزیی و جەردەیی و بنکۆڵکردن و بەربەریبوون، ڕاوەستینەوە؟ پەنا بۆ چی ببەین؟ لە کوێکدا بەدوای ھەندێک دەسپێک و وەڵامی سەرەتاییدا، بگەڕێین؟ چۆن شەھوەتی تەماع و ئیرادەی دەستبەسەراگرتن و خۆسەپاندن، چۆن ستراتیژیەتی رەفزکردنی ئەوانیترو ئەخلاقیاتی بەکەمزانینی کەسانی لەخۆت نەچوو، چۆن وێرانکردنی بەھاکانی بەیەکەوەژیان و ڕێگرتن لە یەکترناسین و دانانی دیواری ئایدیۆلۆژیی و دینیی و ئەخلاقیی گەورە بۆ ڕێگرتن لە بەیەکەوەبوون، کۆنترۆڵ و سنوورداربکەین؟ ئەی چۆن خواستی بە خوداوەندبوون لەناو کەسەکان و بوارەکان و کۆمەڵگاکاندا کۆنترۆڵبکەین؟. چۆن ئیرادەی لەناوبردن و پەراوێزخستنی ئەوانیتر، لاوازبکەین؟ 
گەڕانەوە بۆ ئەو پرنسیپانەی لەسەرەوە باسمکردن دەشێت ھەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەبن. بە ڕادەی بەرگریکردن لەو پرنسیپانە، خاڵێکی دیکەش گرنگە بەرچاوی بگرین. ئەو خاڵەش بریتییە لە چۆنیەتی تێگەیشتنیشمان بۆ واقیع، بۆ ئەوەی ھەیەو دروستکراوە، بۆ ئەوەی لەئارادایەو سەپاوە. واقیع، ھیچ واقیعێک، بریتی نییە لە کۆمەڵێک حەتمیەتی داخراو، قەدەرێکی یەزدانیی و مێژوویی و کولتوریی نییە، شتێک نییە یەکجارەکیی و ھەتاھەتایی. واقیع، ھەموو واقیعێک، بریتییە لە کۆمەڵێک ئەگەرو توانا، لە جوڵەیەکی بەردەوام و ھەڵبەزو دابەز. ئەوەی گرنگە پێوستە ئەو ئەگەرو تواناو جوڵەو ھەڵبەزو دابەزانە بناسین و تێگەیشتنێکی عەقڵانیمان بۆیان ھەبێت. ھەروەھا پێویستمان بە خەیاڵێکی داھێنەر ھەیە بۆ بینین و بەگەڕخستنێکی مێژوویی ئەو شتانە. بەڵام دیسانەوە ئەمە ھەموو پێناسەکانی واقیع نین. واقیع، ھەموو واقیعێک، بریتییە لە کۆمەڵێک ئەگەرو توانا، لە جوڵەیەکی بەردەوام و ھەڵبەزو دابەز، لە ڕووبەرێک بۆ حیساباتی عەقڵانی، شوێنێک بۆ ریسک و موجازەفە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو ئەگەرو تواناو جوڵەو ھەڵبەزو دابەزانە بناسین و تێگەیشتنێکی عەقڵانیمان بۆیان ھەبێت. لەوە تێبگەیەن ھەموو واقیعێک خوزاریای شێوازێکی تایبەتە لە موجازەفە. ھاوکات پێویستمان بە خەیاڵێکی داھێنەر ھەیە بۆ بینین و بەگەڕخستنێکی مێژوویی ئەو شتانە. بەڵام دیسانەوە ئەمە ھەموو پێناسەکانی واقیع نین. واقیع، ھەموو واقیعێک، بریتیشە لە کۆمەڵێک ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی. ئەم ھەستکردنە بە بەرپرسیاریەتی بەشێکی دانەبڕاو و گرنگی پێناسەکردنی واقیع خۆیەتی. بە کورتییەکەی، واقیع ئەو کاتە زیاتر واقیعە کە ھەم دەناسرێت و ھەم بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ناسین و  بەرپرسیاریەتی دەتوانن دەستپێشخەری دروستبکەن و ئاراستەی نوێ بۆ جوڵەو چالاکیی مرۆڤەکان، پێشنیاربکەن.“

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand