Draw Media

نيولیبرالیزم لەنێوان شیلی و ھەرێمی کوردستان

نيولیبرالیزم لەنێوان شیلی و ھەرێمی کوردستان

2022-01-02 11:26:51


نەوزاد شوانی

بەربژێری بەرەی چەپ گابریاڵ بۆریکی تەمەن ٣٥ ساڵە کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری شیلی زیاترین دەنگی ھێنا لەسەر بەڵێنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هەژاران و باجێکی زیاتر لەسەر چینە داراکان و کۆتاییھێنان بە سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ. لە یەکەم لێدوانیدا دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن گوتی (شیلی شوێنی لەدایکبوونی نیولیبرالیزم بوو و شوێنی ناشتنیشی ئەبێت). نیولیبرالیزم یا لیبرالیزمی نوێ، ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ئایدیاکانی لیبرالیزمی سەدەی١٩ لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ کە بنەما ئابورییەکەی سەرمایەداری بازاڕە. ئەم تەوژمە ھامڕای سەرھەڵدانی بەرچاوی چەندھا پارت و رێکخراوی سیاسی و قوتابخانەی ھزری بوو لە رۆژئاوا کە ھەڵگرو بەرگریکاری ئەوئایدیۆلۆژیایە بوون. گەوھەری نیولیبرالیزم بریتیە لە نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم جوڵەی سەرمایەو کاڵاو لابردنی قانون و ریساکانی سنوردارکردنی میکانیزمی بازاڕو دەستکۆتاکردنی دەوڵەت لە بواری ئابوری و کەمکردنەوەی بودجەی حکومی و خەرجی گشتی و بچوککردنەوەی کەرتی گشتی و خزمەتگوزاییە گشتییەکان و واڵاکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بۆ سەرمایەی تایبەت و کەمکردنەوەی باج لەسەر سەرمایەگوزاری. بە کورتی سەرمایەداری بێ دەستکێش کە تەنھا رێشاندەرو پێوەری چالاکی مرۆڤ قازانجەو ھیچی تر. بە پاساوی ئەوەی میکانیزمەکانی بازاڕ گەرنتی گەشەی ئابوری و کارامەیی لە دەستنیشانکردنی پێشینەکانی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچون ئەکات و ئابوری کۆنترۆڵکراو ئەگەر هەمان ئامانجیشی هەبێت دەرهاویشتەی پێچەوانەی هەیە. نیولیبرالیزم هەر لە پەیدابونیەوە بابەتی مشتومڕێکی گەرم و درێژخایەنە لەهەردوو ئاستی هزرو پیادەکردنداو تاوەکو ئێستاش بەردەوام دەرهاویشتە کارەساتاوییەکانی پیادەکردنی نیولیبرالیزم لە شیلی لەلەلایەن دەیەها نوسەرەوە دۆکۆمێنت کراوەو لەناویاندا نایومی کامبڵ لە کتێبی (Shock Doctrine) بە وردی باسی ئەو سەردەمەی حوکمی پینۆشیەو رۆڵی فریدمان و کوڕانی شیکاگۆی کردووە لەو تاوانانەی بە درێژایی ١٧ ساڵ دژ بە چینە نەدارەکانی شیلی کرا. ھزرەوانی بواری سیاسەت وێندی براون دەڵێ ئامانجی سەرەکی نیولێبرالێزم بە ئابوری کردنی ھەموو کایەکانی ژیان. ژمارەیەکی زۆر ھزرەوان و ئابوریناس و کۆمەڵناس و سیاسی و رۆشنبیر لە ڕاست و چەپ رەخنەی توندیان ئاراستەی نیولیبرالیزم کردووە، وەک سڵاڤۆی ژیژک و ناعوم چۆمسکی و پاپا فرانسیس و جۆرجمونبیۆت و پۆڵ کۆرگمان و مارک فیلمینگ و دەیانی تر بەڵگەیان ھێناوەتەوە کە نیولیبرالیزم ئەبێتە ھۆی باڵادەستی بەرژەوەندی تایبەت لە بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی و بڕەوی تاکگەرایی و فەرامۆشکردنی چاکەی گشتی کە بە پێوەرە ئابورییەکان ناپێورێت و خورانەوەو لاوازبوونی دیموکراسی وەک رەنگدانەوەی نابەرابەری ئابوری و ناکارامەیی و خراپ بەکارهێنانی هێزەکانی بەرهەمهێنان وفەرامۆشکردنی گرفتە یونیڤێرساڵەکان وەک گەرمبوونی گۆی زەوی و پیسبوونی ژینگە. ژمارەیەک ئابوریناس ئەرگومێنتی ئەو ئەکەن کە نیولیبرالیزم تیچون ئەخاتە ئەستۆی کۆی کۆمەڵگاو قازانج بۆ سەرمایەداران. هەتا قەیرانە مەزنەکەی سییەکانی سەدەی رابردووی سیستەمی سەرمایەداری، لیبرالیزم و جمکە ئابورییەکەی (ئابوری کلاسیکی ئینگلیزی) هەژمونی تەواویان هەبوو بەسەر سیاسەت و ئابوری سەرمایەداریدا. بەڵام ئەو قەیرانە قوڵ و درێژخایەنە کۆتایی بەو دۆخە هێنا و تیئۆری جۆن مایناردکێنز «خستەنەگەڕی گشتی» بۆ رێگاگرتن لە ناسەقامگیری میکانیزمی بازار لە رێگەی دەخالەتکردنی دەوڵەتەوە جێگای گرتەوە. هەرچەند بەر لە حەفتاکان بیریارو سیاسییە لیبراڵەکان بەردەوام هەوڵی بوژاندنەوەیان ئەدا، بەڵام ئەوەی جارێکی تر بڕەوی دایەوە بە لیبرالیزم، قەیرانەکانی حەفتاکان بوو کە تیئۆری کێنز نەیتوانی بەریان پێ بگرێت و چارەسەریان بکات. شایانی باسە، تێرمی نیولیبرالیزم لەلایەن لایەنگیرانیەوە بەکارنایەت. سەرتای دەرکەوتنی وەک دەستەواژەیەکی نەگەتیف، ئەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ٢٠ لەسەر پاشخانی کودەتاکەی ١٩٧٣ی جەنەڕاڵ ئۆگەستۆ پینۆشێ بەسەر سەرۆکی هەڵبژێراوی چیللی سلفادۆر ئەیێندی و ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی کرد. لایەنگیرانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و رەخنەگرانی سەرمایەداری بازاڕ بەستایانەوە بە بیرۆکەکانی فریدرش هایک و میڵتۆن فریدمان و جەیمس بۆکانان و سیاسەتمەدارانی وەک مارگریت تاتشەر و پاشتر رۆناڵد ریگان. دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکی رۆڵێکی باڵایان هەبوو لە رێکخستن و سەرکەوتنی کودەتاکەی پینۆشێ وهەتا کۆتایی پشتگیری سیاسی و سەربازی و هەواڵگری تەواویان لێ کرد. لە رووی ئابورییەوە میڵتۆنفریدمان و قوتابیەکانی، شیلیان وەک مشکی تاقیگا مامەڵە کرد بۆ تیئۆرە ئابورییەکەیان. فریدمان لە پاش سەردانی چیللی لە ١٩٧٥ لە نامەیەکدا بۆ پینۆشێ روانگەی خۆی بۆ چارەسەری گرفتە ئابورییەکانی چیللی بە پێویستی «شۆک» وەسف کرد. ئەو رۆشیتەیەی فریدمان پێشنیاری کرد بۆ چارەسەری گرفتە ئابورییەکانی شیلی بریتی بوو لە کەمکردنەوەی بودجەی گشتی بە رێژەیەکی زۆر و بەیەک هەنگاو (پێچەوانەی قۆناغ) و دەستکێشانەوەی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و کردنەوەی ئابوری وڵات بۆ سەرمایەی تایبەت. ئەمانە هەمووی بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن رژێمی پینۆشێوە سەپێنران و دەرئەنجامەکەی زیادبوونێکی بێ پێشینەی بێکاری و هەژاری و نەھێشتنی مافی کرێکاران و چینە نەدارەکانی کۆمەڵگا لە رێگەی دکتاتۆریەتێکی خۆێنرێژی بێپەردەوە. لەپەنای ئەمەدا، ئابوری شیلی بۆ بە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ سەرمایەی ئەمریکی بۆ جەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزان و دەستگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانی. قانونەکانی پاریزگاری لە مافی کرێکاران هەڵوەشانەوەو مافی مانگرتن و نارەزایی زەوتکراو چەپەکان و سەرکردە سەندیکاییەکان زۆربەیان سەرنگوم کران و ئەوانی تریش ناچار رویان کردە تاراوگەکان. کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەک دۆ کیمیکاڵ و فایەرستۆن و ئینتەرناشناڵ تەلەفون& تەلگراف گەڕانەوە بۆ شیللی کە پێشتر سلفادۆر ئەیێندیدەریکردبوون. مارگریت تاتشەری سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی شانشینی یەکگرتو و سەرکوتکەرو تێکشکێنەری مانگرتنە مەزنەکەی کرێکارانی کانەکانی به‌ریتانیا، یەکێک لە بەهێزترین پشتگیریکەرانی پینۆشێ و رژێمە سیاسی و ئابورییەکەی بوو و ئاشکرا راپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی رەت ئەکردەوە دەربارەی حوکمڕانی خوێناوی پینۆشێ و ئاستی بێکاری و هەژاری چیللی لەسایەی سیاسەتی نیولیبرالیزم. رۆناڵد ریگان یەکێکی تر بوو لە بەرگریکارە سەرسەختەکانی پینۆشێ. لەسەرتای هاتنە سەرکاری لە ١٩٨١ رایگەیاند رژێمی پینۆشێ هاوپەیمانێکی ئایدۆلۆجی ئەمریکاو دژە کۆمۆنیستێکی سەرسەختەو رابەرایەتی ئابورییەکی نمونەیی سەرمایەداری ئازاد ئەکات و هەموو راپۆرتەکانی سەرکوت و پێشێلی ماهی مرۆڤی رژێمەکەی پێنۆشیەی نادیدە گرت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنج و تێڕامانە، لە کاتێکدا لە لانکەی نیولیبرالیزم ئاهەنگی مەرگی ئەگێڕن. لە ھەرێمی کوردستان خێڵە دەستەڵاتدارەکان سیاسەتێکی دڕندانەی نیولیبرالیزم پیادە ئەکەن کە وەک زەمینلەرزە کۆی پایە ئابورییەکانی کۆمەڵگا ئەروخێنێت و لەسەر وێنای نیولیبرال بەرهەمی ئەھێنێتەوە. سەرباری ئەوەی کوردستان ئابورییەکی کشتوکاڵی بووە بە هۆی خاک و ئاوی گونجاو، دەستەڵاتدارانی ھەرێم بە تەواوی ئەو کەرتەیان ئیفلیج کردووەو بازاڕی هەرێمیان بە تەواوی واڵا کردووە بۆ هاوردەکردنی خۆراک لە وڵاتانی دەوروبەرو هەر خۆشیان خاوەنی ئەو بازرگانیەن و بە قاجاغیش بەرھەمی کشتوکاڵی ئەھێننە ھەرێمەوە بۆ پێشبڕکێی بەرھەمی خۆماڵی. لە کەرتی پیشەسازی هەر لەپاش راپەڕین خێڵە دەستەڵاتدارەکان سەردەمی حوکمڕانی خۆیان دەست پێکرد بە وێرانکردنی ئەو کارگانەی لەسەردەمی بەعسەوە مابونەوەو مەکینەکانیان وەک ئاسن و مسیخوردە ئاودیوی وڵاتانی دەوروبەر کرد، وەک کارگەکانی جگەرەو شەکرو ئەلبیسەو چیمەنتۆ مەڕمەڕ …هتد. هەر بۆیە ئێستا مانشێتە گەورەکانی ئابوری کوردستان مۆڵە بازرگانییەکانن کە تەنها چالاکیان ساغکردنەوەی کاڵا سەپستانداردەکانی وڵاتانی دەوروبەرو بردنەدەرەوه‌ی دراوی سەختە (وەبەرهێنانی بازرگانی لەجیاتی وەبەرهێنانی بەرهەمهێنان). چونکە هەر خۆیان خاوەنی سەرمایەی بازرگانی کوردستانن و کایەی بازرگانی قازانجێکی خێراو کەم کێشەی لە کەرتی تەندروستی، کەمدەرامەتکردنی خەستەخانەو نۆرینگە گشتییەکان و بێ ئیعتبارکردنیان و لەبەرامبەردا دروستکردنی سەدەهاو بگرە هەزارەها خەستەخانەو نۆرینگەی کەرتی تایبەت و رێگاخۆشکردن بۆ سەرمایەی بیانی بۆ کردنەوەی دەیەها خەستەخانەی تورکی و ئێرانی و لوبنانی و ئوردنی…هتد، کە کەرتی تەندروستی لە خزمەتگوزارییەوە گۆڕیوە بۆ کایەک کە پێوەرەکانی بازاری سەرمایەداری و قازانج رێشاندەرێتی و لە سەرووی توانای زۆرینەی خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستانە. لە کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، هەمان پرۆسەی کەمدەرامەتکردن و بێ ئیعتبارکردنی قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆ گشتییەکان و لەبەرامبەردا قوتکردنەوەی سەدەها قوتابخانەو دەیەها زانکۆو پۆلیتەکنیکی کەرتی تایبەت، گەواهی پیادەکردنێکی بێپەردەو بێسنوری سیاسەتی نیولیبرالیزمن. هەندێک لەو قوتابخانەو زانکۆیانەش کوردی بەکارنایەن و زمانەکانی تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی تیایانا ئەخوێنرێن. سەیر ئەوەیە لە وڵاتانی تر سیاسییەکان خۆیان لە هەر چالاکیەکی ئابوری دورئەخەنەوە لەکاتێکدا لە دەسەڵاتن و زیاتر لەرێگەی پرۆکسییەوە ئەنجامی ئەدەن یا پاش خانەنشین بوون. بەڵام لە کوردستان سیاسییەکان هەر لەوکاتەی لە لوتکەی دەسەڵاتن زانکۆی کەرتی تایبەت دائەمەزرێنن. زانکۆی ئەمریکی سلێمانی، زانکۆی کوردستانی هەولێرو زانکۆی ئەمریکی دهۆک وەک نمونە. لە کەرتی وزە، دواکەوتنی چارەسەری گرفتی کارەبا شتێک نیە بێجگە ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شێوازێک کە سەرمایەی تایبەت به‌کارێت غەزوی تەواوی ئەو بوارەش بکات و لە خزمەتگوزاریەکی گشتییەوە بیکات بە بوارێک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەو قازانج. بەڵام لەبەرئەوەی ژێرخانی کەرتی کارەبا لە ھەرێم کۆنەو پێویستی بە وەبەرھێنانی زۆرە بۆ نۆژەنکردنەوەی. سەرمایەی مشەخۆری ناوخۆش لەبەر چنینەوەی قازانجی خێرا لە کەرتەکانی تر ئامادەی وەبەرھێنانی درێژخایەن نیە لە کەرتی کارەبا. سەرمایەی بیانیش بە مەرجەکانی ھاوبەشی لە قازانج لەگەڵ دەستەڵاتدارانی ھەرێم رازی نین. کەرتی ئاوەدانکردنەوە ئەو بوارەیە کە سەرمایەی مشەخۆرێ وابەستەی حیزب و دەستەڵات سەری ژەنیوەتە موڵکی گشتی بە دەسبەسەراگرتنی باشترین زەوییەکانی شارەکانی ھەرێم بۆ بنیاتنانی باڵاخانەو یەکەی نیشتەجێونی گرانبەھا کە لە دەرەوەی توانای دارایی زۆربەی خەڵکی کوردستانە. لە کەرتی خزمەتگوزاری شارەوانییەکان، دەمێکە کار لەسەر تایبەتکردنی ئەکرێت و ھەندێک خزمەتگوزاری وەک کۆکردنەوەی خاشاک دراوە بە کەرتی تایبەت و ھەوڵئەدەن ئەوانی تریش بە ھەمان دەرد ببەن. لە بواری ئاسایشدا سەرباری بوونی یەکەی تایبەت بە پاراستنی کەرتی نەوت و غاز کە موچە و دەرامەتیان لەسەر حکومەتە، ھەر ئێستا دەیان کۆمپانیای پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز ھەن، کە زۆربەیان ھی کوڕو کەسوکاری سەرکردە سەربازییەکانی حیزبە دەستەڵاتدارەکانن. لەبواری کەرتی نەوت و غازیش کە بۆتە نەفرەتی ئابوری باشوری کوردستان وەک عەرەب ئەڵێن (فحدپ ولا حرج) . بە بەراورد لە گەڵ ئەودوای عێراق کە تا ئێستا زۆربەی چالاکی بەرھەمھێنان و تەسویق دەزگا گشتییەکانی دەوڵەت ئەنجامی ئەدەن بە ھاوکاری کەرتی تایبەت بە شێوازی گرێبەستی خزمەتگوزاری. کۆی پیشەسازی نەوتی ھەرێم رادەستی کۆمپانیا بیانییەکان کراوە لەگەڵ شەریکی خۆماڵی کە زۆربەی کات کۆمپانیاکانی حیزبن بە گرێبەستی ھاوبەشی لە بەرھەمھێنان و یەدەک. بەمانای بەشدارن لە ھەموو نەوت و غازی دۆزراوەی ژێر زەوی. ھەتا بۆڕی ھەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جیھان کە بڕیار بوو موڵکی حکومەت بێت! ئێستا موڵکی کۆمپانیای گاز پرۆمی روسیە بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناسراوی ھەرێم. لەرووی سیاسییەوە دەستەڵاتدارانی ھەرێم سیاسەتی سەرکوتی بێپەردەی ھەر چالاکی و نارەزاییەکیان پیادەکردوە. کوشتنی رۆژنامەوانان و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکردن و سزادانی کەسانی چالاک لە دادگایی رووکەشی .... ھتد. بە تایبەتیش لە کابینەی ئێستای حکومەت سیاسەتێکی پۆلیسی بێپەردە پیادە ئەکرێت و یاساکانی تیرۆر بو دادگایی کردن و زیندانیکردنی نەیاری سیاسی بەکاردێت و ھەڕەشە لە بەرھەڵستکاراران ئەکرێت. پارادۆکس و کارەساتەکە لەوەدایە کە لە وڵاتێکی وه‌ک چیللی دوای نزیکەی پەنچا ساڵ ئاھەنگی مەرگی نیولیبرالیزم ئەگێڕن، ھاوکات لە کوردستان بە چنگ و دان و نینۆک سیاسەتێکی بێپەردەو دڕندانە و دژە مرۆڤی نێولیبراڵ پیادە ئەکرێت، ھەرئێستاش دەرئەنجامە کارەساتاوییەکانی بۆ چینە نەدارەکانی کۆمەڵگا بۆ خاس و عام عەیانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand