Draw Media

ئایا له‌ ئێستادا پێویستیمان به‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌‌؟

ئایا له‌ ئێستادا پێویستیمان به‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌‌؟

2022-01-02 09:56:23


د. یاسین محمود چۆمانی

له‌ په‌راوێزی ده‌نگۆی خواستی چه‌ند لایه‌نێك بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌له‌مانی كوردستان، هه‌وڵمانداوه‌ دیراسه‌یه‌كی مته‌وازعی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ بكه‌ین كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر سـتێره‌ی هه‌مواره‌وه‌ و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌: ئایا به‌راست یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پێویستی به‌ هه‌مواره‌؟ كام برگه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان لێره‌و له‌وێ باسی هه‌مواركردنیان ده‌كه‌ن؟ ئایا ئێستا كاتی هه‌مواری ئه‌م یاسایه‌یه‌؟ 
هه‌موومان ده‌زانین یاسای هه‌ڵبژاردن یه‌كه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌ركرابێت، كه‌ له‌ دواییدا بوو به‌ یاسای ژماره‌ (1) ساڵی 1992. ئه‌م یاسایه‌ تاكو ئێستا بۆ گونجاندنی له‌گه‌ڵ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌وت جار هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ واقعی پێكهاته‌ی سیاسی و حیزبی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم گونجێندراوه‌.
كه‌واته‌ له‌ كوێی یاساكه‌ كه‌م و كورتی هه‌یه‌ تا هه‌مواری هه‌شته‌می بۆ بكرێت؟ له‌ خواره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ بوروژێنین كه‌ لێره‌و له‌وێ گوێبیستی پێویستی هه‌مواركردنه‌وه‌یان ده‌بین:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: سیسته‌می بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن 
له‌ ئێستادا له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان سیسته‌می یه‌ك بازنه‌ په‌یره‌و ده‌كرێت، له‌ كاتێكدا چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی خوازیاری گۆرینی ئه‌م سیسته‌مه‌ن بۆ سیسته‌می فره‌ بازنه‌. 
بۆ پێوانی راده‌ی دێموكراسی بوونی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگیرێن، یه‌كێك له‌و پێوه‌رانه‌ گونجانی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ له‌گه‌ڵ واقعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و حزبی كۆمه‌ڵگاكه‌، كه‌واته‌ با هه‌وڵ بده‌ین به‌ لۆژیك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ ئایا بۆ واقعی هه‌رێمی كوردستان سیسته‌می یه‌ك بازنه‌ گونجاوترو دێموكراسیتره‌ یان سیسته‌می فره‌ بازنه‌؟
ئه‌زمون سه‌لماندویه‌تی هه‌میشه‌ بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ فره‌ پێكهاته‌ن و سیسته‌می فره‌ حزبی په‌یره‌و ده‌كه‌ن، یه‌ك بازنه‌ گونجاوترو شیاوتره‌، به‌ تایبه‌تی كاتێك پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ روی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ جیاوازیان هه‌بێت، واته‌ دابه‌ش بووبن به‌ سه‌ر‌ پارتی بچوك و مامناوه‌ند و گه‌وره‌. به‌جۆرێك سیسته‌می یه‌ك بازنه‌ زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی بچوك و مامناوه‌نده‌كانه‌، چونكه‌ حزبی بچوك به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی توانای كورسیه‌ك یان دوو كورسیان هه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیان نیه‌ ده‌نگه‌كانیان بڵاو بن. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر لیستی سه‌رده‌م یان ئازادی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ نمونه‌ وه‌ربگرین كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان خاوه‌نی یه‌ك كورسین، ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ سیسته‌می فره‌ بازنه‌ نه‌توانن ئه‌و كورسیه‌ به‌ده‌ست بێننه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وان ده‌نگی هه‌موو هه‌رێمی كوردستانیان بۆ كۆكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وجا گه‌یشتونه‌ته‌ یه‌ك كورسی، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌نگه‌كانیان بۆ نمونه‌ به‌سه‌ر چوار بازنه‌دا دابه‌شبكرێت ئه‌وا له‌ هیچ بازنه‌یه‌ك ناگه‌نه‌ كورسی و ده‌نگه‌كانیان ده‌فه‌وتێت و كورسی له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ بۆ حزبێكی مام ناوه‌ندیش دروست بێت به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ندێك بازنه‌ به‌ قه‌باره‌ی كورسیه‌ك ده‌نگیان نیه‌، بۆ نمونه‌ كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، ئه‌گه‌ر سه‌یری ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌و حزبه‌ بكه‌ین له‌ پارێزگای دهۆك و هه‌ڵبجه‌ ده‌بینین رێژه‌كه‌ی ناگاته‌ كورسیه‌ك بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌نگه‌كانیئه‌و دوو پارێزگایه‌ی ده‌فه‌وتێت.
له‌ لایه‌كی تر ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ین ده‌بینین له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 كورد له‌ (275) كورسی (75) كورسی به‌ده‌ست هێنا كه‌ ئه‌و كات عێراق یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ گۆرانكاری له‌ یاسای هه‌ڵبژاردن و گۆرینی سیسته‌می یه‌ك بازنه‌ بۆ فره‌ بازنه‌ ژماره‌ی كورسیه‌كانی كورد كه‌م بوویه‌وه سه‌ره‌رای زیاد بوونی ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ له‌ ئێستادا (329) كورسیه‌‌، تاكو ئێستاش كورد ره‌خنه‌ له‌و هه‌مواره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌گرێ و خوازیاری گه‌رانه‌وه‌ی یاساكه‌یه‌ بۆ سیسته‌می یه‌ك بازنه‌، كه‌واته‌ لۆژیك نیه‌ له‌ لایه‌ك به‌ بیانوی زیاتر دێموكراسی بوونی سیسته‌می یه‌ك بازنه‌و نه‌فه‌وتانی ده‌نگ داوای گه‌رانه‌وه‌ی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی عێراق بكه‌ین بۆ یه‌ك بازنه‌و له‌و لاشه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین به‌ فره‌ بازنه‌. 
ئه‌وه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌ سیسته‌می یه‌ك بازنه‌دا ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مان ده‌بێته‌ نوێنه‌ری ته‌واوی هاوڵاتیانی هه‌رێم نه‌ك نوێنه‌ری ناوچه‌یه‌كی دیاری كراو.
ته‌وه‌ری دووه‌م: سیسته‌می لیست
له‌ هه‌ڵبژاردندا تا بژارده‌ له‌ به‌رده‌م ده‌نگده‌ر زیاتر بێت باشترو دێموكراسی تره‌، واته‌ تا لیسته‌كه‌ كراوه‌تر بێت بژارده‌ له‌ به‌رده‌م ده‌نگده‌ر زیاتر ده‌بێت، بۆیه‌ سیسته‌می لیستی كراوه‌ له‌ نیمچه‌ كراوه‌و نیمچه‌ كراوه‌ش له‌ داخراو دێموكراسی تره‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌رادده‌ی هۆشیاری ده‌نگده‌ر له‌ كۆمه‌ڵگادا كه‌ بتوانێت له‌ نێو كاندیده‌كاندا باشترین و گونجاوترینیان هه‌ڵبژێرێت. 
بۆیه‌ ده‌پرسین ئایا سیسته‌می لیستی نیمچه‌ كراوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ هه‌ردووك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان په‌یره‌و ده‌كرێت گونجاوه‌؟ یان پێویستی به‌ هه‌مواره‌؟ ئایا ئه‌و بیانوانه‌ چین كه‌ ده‌هێنرێنه‌وه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ لیستی داخراو؟ 
پێمان وایه‌ دوو بیانو هه‌یه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ لیستی داخراو، بیانویه‌كیان ئاشكرایه‌و ئه‌ویتریان شاراوه‌یه‌، بیانوه‌ ئاشكراكه‌ ئه‌وه‌یه‌ گوایه‌ لیستی نیمچه‌ كراوه‌ بۆته‌ هۆكارێك بۆ دابه‌زینی كواڵیتی په‌رله‌مان و دروست بونی نا هاوسه‌نگی له‌ پسپۆریه‌تیه‌ پێویسته‌كانی ناو په‌رله‌مان، بیانوه‌ شاراوه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لیستی نیمچه‌ كراوه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك به‌رهه‌م دێنێت زیاتر نه‌زعه‌ی سه‌ربه‌خۆیی تێدا زاڵه‌ و كه‌متر پابه‌ند ده‌بێت به‌ حزب و بریاره‌كانی، به‌ تایبه‌تی ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ مه‌ركه‌زیه‌تیان تێدا لاوازه‌و ترسیان له‌ گۆرینی ئاراسته‌ی سیاسی په‌رله‌مانتاره‌كانیان هه‌یه‌.  
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو بیانوه‌كه‌ به‌ره‌وا ده‌زانین و تارادده‌یه‌ك‌ لۆژیكی تێدایه‌، به‌ڵام به‌ بروای ئێمه‌ بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ دواوه‌و عه‌یبدار كردنی پرۆسه‌ی دێموكراسی له‌ هه‌رێم، چاره‌سه‌ری گونجاو هه‌یه‌ بۆ ئه‌و بیانوانه‌، چونكه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سیسته‌می لیستی داخراو پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ دێموكراسیدا، به‌ تایبه‌تی له‌ كاتێكدا عێراق به‌و هه‌موو عه‌یب و عارو ناسه‌قامگیریه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا، له‌م بابه‌ته‌ نه‌ك نه‌گه‌راوه‌ته‌وه‌ دواوه‌ به‌ڵكو هه‌نگاوێكی تریش چۆته‌ پێشه‌وه‌و سیسته‌مه‌كه‌ی كردۆته‌ سیسته‌می زۆرینه‌ی براوه‌ی یه‌ك ده‌نگی نه‌گوازراوه‌، واته‌ لیستی هه‌ر نه‌هێشتوه‌ ده‌نگده‌ر ده‌بێت ته‌نها ده‌نگ به‌ پاڵێوراو بدات. 
بۆیه‌ له‌ باره‌ی بیانوی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌كرێت هه‌ر حزبێك ئه‌و بژاردانه‌ی ده‌یانخاته‌ به‌رده‌م ده‌نگده‌رانی، خه‌ڵكی شایسته‌و گونجاو بن بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌كرێت، له‌و حاله‌ته‌دا ده‌نگده‌ر هه‌ر كه‌سێكیان هه‌ڵبژێرێت له‌ دواییدا كاریگه‌ری نابێت له‌ سه‌ر دابه‌زینی كواڵیتی دامه‌زراوه‌كه‌، بۆیه‌ هه‌ڵه‌یه‌ لۆمه‌ی ده‌نگده‌ر بكرێت له‌وه‌ی كه‌سی نه‌گونجاوی بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ هه‌ڵبژاردوه‌، له‌ كاتێكدا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئه‌و بژاردانه‌یان خستۆته‌ به‌رده‌م، كه‌واته‌ ده‌نگده‌ر گوناحی چیه‌‌ كاتێك حزب ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵكانه‌ی ده‌خاته‌ به‌رده‌م. وه‌ له‌ لایه‌كی تر تارادده‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام و لایه‌نگری حزبێكی دیاری كراو ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی حزبه‌كه‌ی ده‌دات به‌ تایبه‌تی له‌ كاتێكدا بژارده‌ له‌ به‌رده‌میدا زۆر بێت، رێژه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ حزبێكن و ده‌نگ به‌ كاندیدانی حزبێكی تر ده‌ده‌ن كه‌من، بۆیه‌ كاندیدی به‌هێز كه‌ زۆرجار باس ده‌كرێت و ده‌توانێت ده‌نگی زۆر كۆبكاته‌وه‌، ئه‌وا له‌ راستیدا ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ناو حزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی 2021ی په‌رله‌مانی عێراق بینیمان خه‌ڵكانێك له‌ناو حزبێكی سیاسی به‌ ده‌نگی زۆر له‌ رابردوو له‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وتو بوون، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایی وه‌ك سه‌ربه‌خۆ خۆیان كاندید كرد نه‌ك نه‌یانتوانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن به‌ڵكو ده‌نگه‌كانیان شایانی ئه‌وه‌ نه‌بوون باسیش بكرێن، له‌ هه‌مان كاتیش حزب هه‌بوه‌ هیچ پروپاگه‌نده‌ی بۆ كاندیده‌كه‌ی نه‌كردوه‌ به‌ڵكو بۆ لیسته‌كه‌ی كردوه‌و كاندیده‌كه‌شی ده‌رچوه‌، به‌جۆرێك ده‌نگده‌ره‌كانی دوای ده‌رچونی كاندیده‌كهش‌ هه‌ر نه‌یانناسیوه‌. كه‌واته‌ باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه سیسته‌می‌ لیست وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌ و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كاندیدی باش و پر كه‌فائه‌ت پێشنیار بكه‌ن. دواتر كێ گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ لیستی داخراودا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان خه‌ڵكی شایسته‌و به‌ كه‌فائه‌ت ده‌خه‌نه‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی لیسته‌كانیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئێستادا ئێمه‌ دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانمان به‌م سیسته‌مه‌ی لیست ئه‌نجامداوه‌و هاوڵاتی كوردستانی تارادده‌یه‌كی باش ئاشناو شاره‌زای ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌ بووه‌. 
وه‌ به‌ نسبه‌ت بیانوی دووه‌م، به‌ بروای ئێمه‌ بوونی نه‌زعه‌یه‌كی تارادده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان شتێكی خراپ نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ هه‌ندێ بابه‌ت و كێشه‌ی ناسیاسی ئازادانه‌ بدوێ و مه‌وقیف بنوێنێ، به‌ڵام بۆ مانه‌وه‌ی پابه‌ندی ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ سیاسه‌تی گشتی حزبه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی حزب بۆ ئه‌ندامه‌كانی و به‌ هێزی و تۆكمه‌یی پره‌نسیبی په‌یوه‌ندی نێوانیان، بۆیه‌ ده‌كرێت حزب ئه‌و كه‌سانه‌ دیاری بكات كه‌ جێگه‌ی باوه‌ری ته‌واو بن و ترسی ئه‌وه‌یان نه‌بێت له‌ هه‌ر هه‌ڵومه‌رجێكدا له‌ هێڵه‌ گشتیه‌كان و پره‌نسیپه‌ باڵاكانی حزب لابده‌ن. چونكه‌ لیستی داخراویش نابێته‌ گه‌ره‌نتیه‌ك بۆ نه‌گۆرینی ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌ندامی په‌رله‌مان، نمونه‌مان هه‌یه‌ له‌ خولی سێی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كاتێكدا لیستیش داخراو بوو حاله‌تی گۆرینی ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌ندامی په‌رله‌مانمان هه‌بوو. 
توه‌ری سێیه‌م: دروست كردنی لیستی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت به‌ پێكهاته‌كان
ئه‌وه‌یان به‌ بروای ئێمه‌ بابه‌تێكی زۆر نا دێموكراسیه‌، بۆیه‌ به‌ هه‌ڵه‌ی ده‌زانین هه‌ر هێزێكی سیاسی داواكاری وا پێشكه‌ش بكات، چونكه‌ یه‌ك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌ڵبژاردنی دێموكراسی ئازادی ده‌نگده‌ره‌، ده‌نگده‌ر ده‌بێت ئازاد بێت ده‌نگ به‌ كێ ده‌دات به‌ كێی نادات، نابێت ئازادی ده‌نگده‌ر سنوردار بكرێت، زۆر ئاساییه‌ كوردێك ده‌نگ به‌ توركمانێك و مه‌سیحیه‌ك به‌ موسڵمانێك و ئێزیدیه‌ك به‌ كاكه‌ییه‌ك بدات، چونكه‌ په‌رله‌مان په‌رله‌مانی كوردستانه‌، نه‌ك په‌رله‌مانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان دین و مه‌زهه‌بێكی دیاری كراو، بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوی دژی پره‌نسیپه‌كانی دێموكراسی و بنه‌ماكانی مافه‌ مرۆڤه‌ و هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م جۆره‌ پرۆسه‌ی دێموكراسی له‌ هه‌رێم عه‌یبدار ده‌كات. 
بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێن، پێداگری له‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، ناراسته‌وخۆ داواكردنی ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ كاتی خۆیدا، چونكه‌ نه‌ یاساكه‌ عه‌یبه‌یه‌كی وای هه‌یه‌ پێویستی به‌ هه‌موار بێت، به‌ڵكو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ هه‌مواری یاساكه‌ ده‌درێن یاساكه‌ ره‌نگه‌ عه‌یبدار بكات، وه‌ نه‌ كاته‌كه‌ش كاتی هه‌مواری یاساكه‌یه‌ له‌ كاتێكدا چه‌ند مانگێك ماوه‌ بۆ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن. 
 

* دكتۆرا له‌ زانسته‌ سیاسیه‌كان و راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand