ساڵێکی نوێ و هیوایەکی نوێ
2022-01-01 07:57:20
ئاری محەمەد هەرسین
کات یەکێکە لەو شتانەی کە ئینسان دەسەڵاتی بەسەردا نیە. نە ئەتوانی بیگەڕێنیتە دواوە و، نە ئەشتوانی خێرایی بدەیتێ. بابەتی (کات) دابەشکاریەکی ژمارەییە بۆ ڕێکخستن و تێگەیشتن لەو گۆڕانکاریانەی لە ئەنجامی سیستەمێکی خواکردی گەردونی کە کە لەدەورو بەری ئینسان (بە زەوی و بۆشایی ئاسمانەوە) پەیوەندی بە جوڵەوە هەیە و، جوڵەکەش لەسەر هێڵی چەماوە، بازنەیی و هێلکەییە. لەدەرەووەی کات هیچ شتێک مانای نیە.
ئینسان لە زیندانی کات دا ژیان بەسەر دە بات. بەجۆرێک کە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت لە هیچ چرکە ساتێکی ژیانیدا کات نادیدە بگرێت و لە بیر و ئیش و کارەکانیدا حسابی بۆ نەکات. هەر بۆیەش بە بەقەناعەتی بەندە نابێت زاتی دە ستکاریکردن و کۆنترۆڵ کردنی (کات) بکات، چونکە هیچ سودێکی نیە و لە خەیاڵێکی خۆش زیاتر هیچی لێ شین نابێتەوە. بەداخەوە وەک زۆربەی دانیشتوانی وڵاتانی جیهانی سێهەم ئێمەی کوردیش وەک پێویست قەدری کات نازانین، بۆیە زۆربەی جار (کات) بەفیڕۆ دەچێت.
هیواخوازم ساڵی تازە پڕ خێر و بەرەکەت بێت بۆ خەڵکی کوردستان و، هەموان بە عەقڵێکی تەندروست تەعامول لەگەڵ (کات) دا بکەین. هیواخوازم هەموان لە بەڵا بەدوور بن. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت و هەمیشە لەخۆشیدابن… کوردستانیش هەمیشە ئاوەدان بێت.