2021 ساڵی شکستی مۆدێلی ناسيۆنالیزمی کوردیی
2021-12-31 13:38:15
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ڕووداوەکانی ساڵی 2021 ڕووداوگەلێک نەبوون کە تەنها لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمدا بەهای میدیاییان هەبێت، بەڵکو مانا و رەهەندی سیاسیی و ئەخلاقیی قوڵیان بۆ پێگەی دەسەڵاتدارێتیی هەرێم و کۆمەڵگای کوردییش هەبوو. ساڵی 2021، ساڵی وێرانکردنی تەواوەتیی پرۆسەی دیموکراسیی بوو لە هەموو بڕیارە سیاسیی و ئۆرگانە یاساییەکان. 2021 ساڵی دروستبوون و سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی تەواو ناکۆک بوو بە کۆمەڵگای دوای راپەڕین. کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕین کۆمەڵگایەک بوو خەونی بە بنیاتنانی نوێی وڵات و گەڕانەوەی کەرامەت بۆ ئینسانی کورد و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و ماڵئاواییکردن لە مۆدێڵی بەعسیزم بۆ سەرۆکپەرستیی و حیزبسەروەرییەوە دەبینی، کۆمەڵگای 2021 گۆڕینی هەمان گەل بوو بۆ گەلێکی نائومێد و هەژار و هەڵهاتوو لە کولتووری حیزبخێزانیی و سەرۆکپەرستیی. ساڵی 2021 بوو بە ساڵی شکستی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی هەرێمیی (القومية القطریة) کوردیی، چونکە لەبری ئەوەی گەلێکی هاوخەم و هاوخەون و هاوچارەنووس بەرهەمبهێنن، نەوەیەکی توڕە و ڕاکردوویان لە نیشتیمانی خۆیان دروستکرد.
ناسیۆنالیزمیی پارتیی و یەکێتیی لە چوار پرۆسەی گرنگدا شکستی گەورەی هێنا، یەکەمیان تێکشکاندنی هەموو دەزگا شەرعییەکانی کۆمەڵگا وەک دادگا و پەرلەمان و کردنیان بە گۆشتی زیادەی سەر جەستەی سیاسیی حیزب و سەرۆک و لۆردە سیاسیی و سەربازیی و ئەمنییەکان. دووەمیان دزینی سامانە نەتەوەییەکان و فەراهەمنەکردنی ماف و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاونیشتیمانیان لە وێنەی مووچە و کارەبا و نەوت و غاز و ئاو. سێیەمیان خستنەگەڕى پرۆسەی بەتایبەتکردنی یان بەپرایڤتکردنی سێکتەرە گرنگەکانی پەروەردە و خزمەتگوزارییەکان کردنیان بە بزنس و بەتایبەتکردنی هێزە چەکدارەکانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسیی و ئابوورییەکانیان. چوارەمیان شکستی گەورەی ئەخلاقیی ناسیۆنالیزمی کوردیی بریتییە لە هەڵهاتنی بەکۆمەڵی خەڵکی هەرێم بۆ سەر سنوورەکانی ئەوروپا و دەنگدانەوەی گەورەی ئەم کۆچە دەستەجەمعییەش لە میدیا جیهانییەکاندا. ئەم ڕووداوە هەم ئەوروپای تووشی دڵەڕاوکێ کرد، هەم سیاسەتمەدارەکانی هەرێمیشی تووشی شۆک کرد، چونکە عەقڵی حکومڕانییان هێندە بچووکە کە ناتوانن لەو واقیعە کارەساتبارە سیاسیی و ئابووریی و داراییە بگەن کە خۆیان بۆ گەلەکەیان بەرهەمهێناوە. بۆیە وەک هەموو دەسەڵاتدارە ستەمگەرەکانی تری دونیا کەوتنە هێڕشکردنی مدیایی بۆ سەر پەناهەندەکان و تاوانبارکردنیان بە تێکشکاندنی سومعەی هەرێم و داتاشینی پاساوی بێبنەما بۆ هەڵاتنیان.
ساڵی 2021 بۆ یەکێتی ساڵی داوەشانی دەزگایی و سیاسیی و یاسایی بوو. یەکێتی ئەمڕۆ ئەوەندەی خەریکی تەسفییەی حیساباتی شەخسیی و ململانێی دەسەڵاتی نێوان شەخس و خێزانە سیاسییەکانە لەناو ئۆرگانە سیاسیی و سەربازیی و ئیداریی و ئەمنییەکانی خۆی، هێندە خەریکی پرسی دەسەڵات و کێشەی فەرمانڕەوایەتیی و شەرعییەتی حومکڕانیی و چاکسازیی نییە لە هەڕێمی کوردستان. پارتیی دوای ریفراندۆمیش ئەوەندەی سەرقاڵی دەسەڵات و پۆست و سەدەقەیە لە بەغدا، هێندە سەرقاڵی کێشە قوڵ و گەورەکانی هەڕێمەکەی خۆی نییە. پارتیی هێندەی خەریکی پتەوکردنی پێگەی سەربازیی و سیاسیی دەوڵەتی تورکیایە لە هەرێم، هێندە سەرقاڵی بەهێزکردنی پێگەی حکومەتەکەی خۆی نییە لەناو ڕای گشتی هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانیی، چ لە ناوەوە و چ لە لەدەرەوە بووە بە بەناوبانگترین سەرۆکوەزیرانی هەرێم کە ڕوبەڕووی ڕەخنەی توند و هەڵدانەوەی پرسی گەندەڵیی بووەتەوە و لەبەر سیاسەتی دژایەتییکردنی میدیای ئازاد و بیروڕای ئازادیش وەک کاراکتەرێکی ئۆتۆکرات ناودێڕدەکرێت. ساڵی 2021 تەنها ساڵی شکستی ئەزموونی مۆدێلی حوکمڕانیی سێقۆڵیی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو، بەڵکو ساڵی شکستی کاوێژی سیاسیی نەوەی نوێ و هێزەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتیش بوو.
ساڵی 2021 ساڵی جنێو و بێڕێزییکردن و شکاندنی کەرامەتی ئینسانی ئێمە بوو. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هێزە سیاسییەکان پارتیزانی دیجیتاڵیی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەر کاتێک ویستیان، فەرمانیان پێدەکەن هێرشی مونەزەم بکەنە سەر نووسەر و ڕۆژنامەنووسە نەیارەکانیان، یان ئەوانەی کە بەدڵی ئەوان نانووسن و قسەناکەن. حىزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرهەمهێنەری سەرەکیی دیاردەی پارتیزانی دیجیتاڵیین. ئەم هێزە نوێیە وەک هێزێکی نەرم هاوشان بەو هێزە ڕەقەی هەیانە لە پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە، شەری سایبەر یان شەڕی پارتیزانیی ناو دونیای دیجیتاڵیان بۆدەکات.
بەبۆچوونی من هاوشان بە پارتی و یەکێتی کە خاوەنی دەیان سایت و پێگەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پێشمەرگەی دیجیتاڵیین کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کێوماڵی نەیار و دوژمنە سیاسییەکانیان دەکەن، نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیی سەلەفیی و گەریلا سایبەرەکانی هەوادارانی پەکەکەش لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی پارتیزانی دیجیتاڵیین کە بوونەتە هۆکاری بەرهەمهێنانی بەڵتەجیی ئەخلاقیی و جنێوفرۆش و برەودان بەو کولتووری بێڕێزییکردنەی کە پارتیی و یەکێتیی دروستیان کردووە. وەزیفەی سەرەکیی ئەم پارتیزانە دیجیتاڵییانە زۆر ئاسانە، ئەرکیان کورتبووەتەوە لە هێرشی شەخسیی و ئایدیۆلۆژییانە بۆ سەر هەموو ئەوانەی ڕەخنە لە مۆدێلی دەسەڵاتی رێکخراوەکانیان و عەقڵی سیاسیی سەرۆکە پیرۆزەکانیان و توندوتیژیی ئایینیی دەگرن. ساڵی 2021 ، ساڵی ڕاوکردنی هەموو ئەو چالاکوان و ڕەخنەگرانە بوو کە بە دوژمنی گەل و نۆکەری بێگانە و کافربوون تاوانباردەکران و پرۆسەیەکی مەترسییدار لە ناوزراندن و شکاندنی کەسایەتییان خرایەگەڕ.
ساڵی 2021، ساڵی سقوط و ساڵی فیرار بوو، 2021 ساڵی کەوتنی تەواوەتیی کۆی ئەو بەهایانە بوو کە ناسیۆنالیزمی کوردیی بە باڵە جەلالیی و مەلاییەکەی، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە دروستیان کردبوو. هەڵهاتنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان تەنها هەوڵدان نییە بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامیی و دابینکردنی ژیانێکی کەرامەتداری نوێ، بەڵکو پشتکردنە لەو هەموو درۆ و وەهمانەی کە ناسیۆنالیزمی کوردیی بەناوی گەلەوە بەرهەمی هێنابوو. هەم لەدوای ڕووداوەکانی بیلاڕووسەوە دانیشتوانە هەڵهاتووەکەی هەرێمی کوردستان ئەم سیاسەتمەدارانە بە نوێنەری خۆیان نازانن، هەم لەدوای دەرئەنجامی کارەساتباری ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا دانیشتوانی ناو هەرێمیش ئەم نوخبە سیاسییانە بە نوێنەری خۆیان نازانن. بەبۆچوونی من ئەم دوو ڕووداوە ئاماژەیەکی ترسناکی شکستی هەموو پردەکانی پەیوەندی نێوان هاونیشتیمانیان و دەسەڵاتە و سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێیە لە بیرکردنەوە بۆ ڕاگرتنی ئەم پرۆسە مەترسییدارەی تێکشکانی ئینسانی کورد و ماف و بەهاکانی چەمکی هاونیشتیمانییبون لە هەرێمی کوردستان.