Draw Media

مەترسی ڕوخانی قەوارەی هەرێم

مەترسی ڕوخانی قەوارەی هەرێم

2021-12-28 09:17:17


ئاری محەمەد هەرسین

هۆکاری دەرەکی: قسەیەک هەیە کە دەگوترێت: کورد هەرگیز خاوەنی ئەجێندای نیشتیمانی و بەرنامەی سیاسی خۆی نەبوە و، هەمیشە بۆتە بەشێک لە ئەجێندای خەڵکیتر و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە. پەنجا ساڵ یان نیوسەدە، قۆناغێکی زۆر کورتە لەچاو تەمەنی مێژوو. یەک قۆناغی نیو سەدەییم پێ بڵێن کە میللەتی کورد لەلایەن هێز، وڵات یان وڵاتانی بێگانەوە بەکار نەهێنرابێت و لە ئەنجامدا باجی قورسی نەدابێت.

کورد لەسەرێکەوە لەلایەن دراوسێکانیەوە بەکار هێنراوە، لەلایەکیترەوە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکاوە. خەون و ئاواتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی ئێمە هەرگیز لەسەر مەداری بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتانەدا نەبوە. هەربۆیەش بەرژەوەندیەکی هاوبەشیش نەبوە تا بمانکاتە شەریکی یەکتر. لەئێستادا هەندێک ڕۆشنبیری هاوڵاتی جیهانی سێهەم پێیان وایە کە سەردەمی ئیستیعمار (کۆلۆنیالیزم) بەسەر چوە. ئەمە لەکاتێکا کە خودی خوێندەوارەکانی خۆرئاوا باس لە سەردەمی ئیستیعماری نوێ (نیو کۆلۆنیالیزم) دەکەن. سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا ڕوون و ئاشکرایە. مەسەلەی مافی ئینسان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەکەی ئەوان هەتا سنوری وڵاتەکەی خۆیان بڕ دەکات. ئیتر لەودیو سنورەکانیانەوە ئینسان لەبرسا دەمرێت، ئەشکەنجە دەدرێت، ماڵی وێران دەبێت و یان هەڵدەواسرێت، نە بایی تۆزقاڵە زەڕڕەیەک خەمی پێ دەخۆن و نە دەیبیستن ونە دەیبینن. ئەوان نیشتیمانی میللەتان پارچە پارچە دەکەن… وەک لاستیک تەعامول لەگەڵ سنوری وڵاتاندا دەکەن ولە کوێدا پێیان خۆش بوو بچوک و گەورەی دەکەنەوە. بۆ ئەوان مافی ئینسان و نیشتیمانی میللەتان بایەخی لە بەرمیلێک نەوت، کیلۆیەک زێڕ یان مسقاڵێک ئەڵماسی ئەفەریقا کەمترە.

لەسەروبەندی ڕێفراندۆمدا فڕۆکەخانەی هەولێر نەیدەزانی چۆن فریای فڕک و هوڕی فڕۆکەی وەفدە خۆرئاواییەکان بکەوێت. هەموو دەهاتن تا قەناعەت بە سەرۆک مەسعود بارزانی بکەن دەست لە مافی ڕەوای میللەتەکەی هەڵگرێت. هەندێک هێز و کەسایەتی خۆش باوەڕو خەیاڵبافی ناوخۆش رێفراندۆمیان لەناو خۆماندا کردە دێوجامەیەک و بەتاوان وەسفیان کردو، ئەو تاوانەشیان خستە ئەستۆی سەرۆک بارزانی. بەبەرچاوی خۆرئاوای دیموکرات و ئینسان دۆست، فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر داخران و، کار گەیشتە ئەوەی هێز جوڵەی پێکراو لە ١٦ ئۆکتۆبەردا بەهاوکاری هەندێک بەکرێگیراوی ناوخۆ ٥١% خاکی پیرۆزی کوردستان کەوتە ژێر دەستی عەرەب. ئەو خۆرئاوایەی کە لە ڕێگای کۆمپانیاکانیانەوە (بە پێچەوانەی ئەو بۆچونەی کە پێی وابوو، هەرشوێنێک کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆرئاوای لێبوو سەقامگیری مسۆگەر دەکات) نەوتی هەرزانی ئێمەیان بەتاڵان دەبرد نەک هەر هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە موعجیزە چاوەڕوان نەکراوەکە ڕویداو حەشدی شەعبی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تانکی ئابرامزی دەستکردی (شەیتانی بزورگ) بەرەوڕوی هێزی پێشمەرگە بوونەوەو زنجیری تانکەکانیان بە خوێنی پێشمەرگەی کوردستان سور کرد. ئەمەریکای دوژمنە سەرسەختەکەی ئێرانیش نوزەی لێوە نەهات. بە درێژایی چەند سەد ساڵ ئەم نەریتە سیاسیەی خۆرئاوا کارێکی کرد کە بە سەدان نێلسۆن ماندێلا بۆ دەیان ساڵ بخرێنە زیندانی ئینفیرادیەوەو، بە سەدان ڕابەری نیشتیمانپەروەر لە جیهانی سێهەم تیرۆرو بێ سەرو شوێن بکرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی داکۆکیان لە مافی میللەتانی خۆیان دەکرد.

ئێستا خۆرئاوا لە خۆمان باشتر دەزانن حاڵی ئێمە لەناوخۆدا چۆنە. ئەوان سەوداو معامەلەی گرنگ و ستراتیژیان لەگەڵ دراوسێکانی ئێمە هەیە. با واقیعبین بین، ڕێکكەوتنی خۆرئاواو ئێران یەکێکە لە مومکینەکان، چونکە لە دونیای سیاسەتا موستەحیلات نیە. هەرچی تورکیاشە مۆرەیەکی گرنگی ناتۆیە. ئێمە دووجار خراوینەتە ئەجێندای دەرەکیەوە. جارێک لە ئەجندای خۆرئاواییەکاندا ڕۆڵێکی لاوەکی و کاتیمان بۆ دیاری کراوە، جارێکیش لە ئەجندای دراوسێکانمان. زیاد لە دە ساڵە سوریا لە شەڕێکی وێرانکاریدایە… زیاد لە بیست ساڵە ئەفغانستان سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوری بەخۆیەوە نەبینیوە، کەچی خۆرئاواییەکان نەک هەر بە دودەست وڵاتەکەیان پێشکەشی ئەو گروپە کرد کە خۆیان بە تێرۆریست ناویان دەبرد، بەڵکو بوونە پشتیوانیشیان. هەردوو ڕژێمی سوریاو ئەفغانستانیش لە دەسەڵاتدا ماون، چونکە دەوڵەتن و سەودایان لەگەڵ خۆرئاوادا هەیە، نەک لەبەر ئەوەی دیموکراتن و عەدالەتی کۆمەڵایەتیان لە وڵاتەکەیاندا چەسپاندوە. ئیتر چارەنوسی خەڵکی ئەفغانستان و سوریا کوژران و ماڵوێرانی و کۆچی ملیۆنەها کەس کێشەی خۆر ئاوا نیە. گرنگە ئێمە ئەوە بزانین کە خۆرئاواییەکان معامەلەی میللەتێکی بێ دەوڵەت لەگەڵ ئێمەدەکەن، واتە بەرنامەی هاوکاری و هاوڕێیەتی درێژخایەنیان لەگەڵ ئێمە نیە. هەر ئەم سیاسەتەی خۆرئاواییەکانیشە کە وەک فاکتەرێکی کاریگەر کە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆمان بوە، هۆکار بوە بۆ ئەو نەهامەتیانەی کە بەسەرمان هاتوە. ئێمە دەوڵەت نین، خۆرئاواییەکانیش هیچ حەزیان بەوە نیە ئێمە ببینە دەوڵەت و، بگرە ڕێگرێکی سەرەکیشن لەبەردەم ئەو مافە ڕەوایەی نەتەوەی کورد. لای ئەوان ئێمە و میللەتانی جیهانی سێهەم وەک کەروێشکی تاقیگاکان واین، هەم دەرمان و هەم چەک و هەم زبڵدانی خۆیانمان لەسەر تاقی دەکەنەوە.

دڵنیام هەندێک لە کەوادری بە (حساب) پێشکەوتووی حیزبەکان بەم نوسینەی بەندە مشەوەش دەبن و دەڵێن پێویستە دڵی دەرودراوسێ و خۆرئاواییەکان ڕاگرین بۆ ئەوەی لێمان توڕەنەبن. منیش بەو کەسە سادانە دەڵێم دڵنیابن نە ئێران و تورکیا لەبەر ئەم گوتارەی بەندە هێرشێکی سەربازی دەکەنە سەر کوردستان، نە ئەوروپا و ئەمەریکاش بۆمبای ئەتۆمی بەسەرماندا دەبارێنن. ئەگەر سیاسەت بەو سادەییە بوایە ئەو کەسە سادانە بیری لێ دەکەنەوە، ئەوا لەمێژ بوو میللەتی جولەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست دا خنکابوون، ئێران وڵاتی ئیسرائیلی لەگەڵ زەوی تەخت کردبوو، ئەمەریکاش بە بۆمبای ئەتۆمی هێرشی دەکردە سەر کۆریای باکور. ئەم جۆرە بۆچونانە وە ک بیر کردنەوەی هەندێک کەس وایە کە جاران بە ئێمەیان دەگوت باسی دەوڵەتی کوردی مەکەن و ئاڵای کوردستانیش هەڵ مەکەن، با برا عەرەبەکانمان لێ عاجز نەبن و توڕەیان نەکەین…! وەک ئەوەی براعەرەبەکان بەبێ باس و خواستی دەوڵەتی سەربەخۆش بەرنامەی تەعریب و ئەنفال و ڕاگوێزانی بەکۆمەڵیان بەسەرماندا جێبەجێ نەکردبێت و یەک دانە بۆبمای کیمیایشیان تێنەگرتبین.

کورت و کوردی: ئەوەی کە دەبێت مشورێکی ئەم هەرێمە بخوات تەنیا خۆمانین. زەنگی خەتەری مان و نەمان نەک ئەمڕۆ، بەڵکو دوێنێ و پێرێ لێدراوە… گەر مشورێک نەخۆین ڕوخان و داڕمان مسۆگەرە. ئیتر نە بۆریە نەوتەکە بە تورکیادا دەڕوات و نەقەبارە بازرگانیە چەند ملیار دۆلارەکەی لەگەڵ ئێران هەمانە، مانەوەی قەوارەکەمان مسۆگەر دەکات. ئێمە نابێت ڕێگە بدەین بمانکەنە کارمەندی دراوسێ وخۆرئاواییەکان، بەڵکو دەبێت خۆمان چارەنوسی خۆمان دیاری بکەین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand