Draw Media

لە ماڵئاوایی ساڵی ٢٠٢١ دا

لە ماڵئاوایی ساڵی ٢٠٢١ دا

2021-12-27 14:05:16


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ئەمە دواھەمین دێڕەکانی ساڵی ٢٠٢١ ی منن، دواھەمین شتێک بکرێت لەسەر ئەم ساڵەی دەکەوێتە دوامانەوە بیڵێم. 
لە دیدی مندا ساڵی ٢٠٢١ درێژەدانێکی سەرەتانیانەبوو بە زنجیرە ساڵە ناشیرینەکانی پێشخۆی و دەستپێکێکیشە بۆ درێژەدان بە ڕۆژگارێکی ناشیرینی تر، گەر گۆڕانکارییەکی ھەمەلایەن لە زیاد لە بوارێکی ژیانی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگیی ئێمەدا ڕوونەدات. ساڵی ٢٠٢١ ساڵی گرتن و زیندانیکردنی بەناھەقی ڕۆژنامەوان و چالاکەوانان بوو، ساڵی ھەڵاتن و سەرھەڵگرتنی خەڵکانێکی زۆربوو لە کوردستان، ساڵی مردن و تیاچوونبوو بە چەندان شێوازی جیاواز: خنکان بە خەڵوز، خنکان بە لافاو، خنکاکان لە دەریای ئیجە و کەناڵە نێودەوڵتەییەکاندا، کوشتن لە شەڕی منداڵە چەکدارو خاوەن میلیشیایاکانی، بەرپرسەکاندا. ساڵی ئاشکرابونی دزیی و جەردەیی زیاتر و زیاتربوو، ساڵی درۆی گەورە و بێمتامەنیی گەورەتربوو. ساڵی درێژەدانبوو بە ھەمان تاس و حەمامی سیاسیی، بە ھەمان ئەو دەموچاوانەی زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ھەرێمەکە نایانەوێت بیانبینن. نە خۆیان و نە منداڵ و نەوەکانیان، نە ئەوانەشی لە دەوری خۆیان کۆیانکردونەتەوە.  
کێشەی سەرەکیی لەوەدایە بەشی ھەرزۆری ئەم ناشیرینیی و تاوانانە لەگەڵ مندا دەچنە ساڵی تازەو ساڵەکانی تریشەوە. بەجۆرێک یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی مێژووی ئێمە بووە بە کەڵەکەکردنی بەردەوامی ناشیرینیی. ناشیرینیی لە دونیای ئێمەدا چیتر ڕێکەوت و ڕوداوی تاکانە نییە، بەڵکو بووە بە یەکێک لە میکانیزمە ناوەکییەکانی ئیشکردنی ئەو مێژووە. بە ڕادەیەکیش کۆگیرو فرەلایەنیشه‌ بووە بە یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی مێژووی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەی پێدەناسرێتەوە. 


لە دونیای ئێمەدا تەنھا کەڵەکەبوونی ناشەرعیی و مافیاییانەی سەرمایە لەئارادا نییە، تەنھا گۆڕانی کەسانی بێئیش و بێھونەر نییە بۆ ملیۆنێرو ملیاردلێرانی وڵاتەکە، بەڵکو تەریب بەوانە جۆرێکی تر لە کەڵەکەبوون لەئارادایە کە ”کەڵەکەبوونی ناشیرینیی“ە. ناشیرینیی لە زۆربەی ھەرەزۆری بوارەکاندا، لە بواری ئابوریی و ئیشکردنی سەرمایەدا، لە بواری بەڕێوەبردن و ئیدارەداندا، لە پەروەردەو تەندروستیدا، لە بواری سەربازیی و سوپادا، لە ناو میدیاو شێوازی باڵای قسەکردن و دەرکەوتندا، لە دەرکەوتن و بینینی نەوەی دووھەم و سێھەمی بنەماڵە سوشتانییەکاندا. 
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە لەوەدایە عەقڵیەتێک تیایدا مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکات کە توانای جیاکردنەوەی جوانیی لە ناشیرینیی، ئەشێ لە ناشێ، ماڵی شەخسیی لە ماڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی، مرۆڤ و کۆیلە، تاوان لە کردەوەی ئاسایی، دزین لە ڕاستگۆیی، خیانەت لە لانی ھەرەکەمی دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی، نییە. ئەم عەقڵیەتە تەنانەت توانای بینینی کارەساتەکانیشی نییە، چ جای ھۆکارەکانی پشتی ئەو کارەساتانە. لەھەمانکاتدا عەقڵیەتێکە دابڕاو لە کەمترین توانای ھەستکردن بەو ڕووداوانەی تیایدا ڕووئەدەن، بۆ نموونە مردنی خەڵک نایجوڵێنێت، بەڵام بۆ ڕیکلام و بازرگانیکردن بە ئیحساسەتەوە، بۆ دروستکردنی ھەواڵ، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە کەسوکاری قوربانییەکانەوە دەکەن، بۆئەوەی بەناوی ئەو قوربانیانەوە جارێکیتر مەدح و سەنایەکی درۆزنانەی تری خۆیان دروستبکەن و ببیستن.ئەوان ئەوە نابینن کە ٧٠ لە سەدەی خەڵک بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکات، بەڵام دایک و باوکی خەمباریی خاوەن قوربانییەکان، ناچاردەکەن پشتبکەنە ئیحساسە ھەرەسادەکانی دایکایەتیی و باوکایەتی خۆیان و مەرگیی منداڵەکانیان وەک دیاریی بە باڵانی دڵسۆزیی سەرۆک و بنەماڵەکەیدا ھەڵبواسن. بەمەش کارەساتی مردنەکان بگۆڕن بۆ ئاھەنگی تازەکردنەوەی وەلائی دۆرزنانە بۆ ئەو سیاسیە سەدبارە و بێھونەرانە. 
ئەوەی ئەم جۆرە لە حوکمڕانیی بەرھەمیدەھێنێت تەنھا خنکان و مردن و زیندانیکردن و سەرھەڵگرتن نییە. ئەوەی ئەوان دەیکوژن ”ئیرادەی ژیان“و ”لانی ھەرە کەمی ماف“ و ئەو مشتە بچووکە لە کەرامەتە کە ھەموو ژیانێکی مانادار پێویستیی پێیەتی. ئەوەی غائیبە یارمەتیدانی کۆمەڵگایە بۆئەوەی بتوانێت خۆی خۆی دروست و بەھێزبکات. دابڕانی ئەو شتانەیە لە یەکتریی کە ناکرێت لەیەکتری داببڕێن، بۆ نموونە  دەوڵەمەندبوون لە ئیشکردن، پێشکەوتن لە توانا، بەدەستھێنانی بژێو لە ھێزی بیرکردنەوە، بڕیاردان لە بەرپرسیارێتی، حوکمڕانیی لە یاسا، مرۆڤ لە ماف، ژیان لە ڕێز، ھتد...
ئەوەی دەیانەوێت بەردەوامیی پێبدەن و لەگەڵ خۆیاندا بۆ ساڵەکانی تری ببەن، دروستکردنی کۆمەڵگایەکە توانای دۆستایەتیی و ھاریکاریکردنی تێدا نەمابێت، ئەم بەشی بەدەم ئەو بەشییەوە نەچێت، خاڵیبێت لە خەمێکی گشتیی کە بکرێت خەڵکانی جیاوازی ئەو کۆمەڵگایە لە دەوری یەکتری کۆبکاتەوە، کۆمەڵگایەک تابێت زیاتر و زیاتر پارچەپارچە و بەش بەش، ببێت. ئەوەی بەردەوامی پێئەدرێت باڵادەستکردنی کۆمەڵگیەکە تاکەکانی وەکو یەک نەبینێت، بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەیان نەکات، ئەو ھەستە لە ئینسانەکانیدا لەناوببات کە خەڵکی یەک وڵات و نیشتیمانن، شەریکن لە ھاوڵاتیبوون و ھاوشاریبوون و ھاوچارەنوسیدا.  


ئەوەی لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵەدا دەخوازرێت ببرێت بەرەو ئایندە، بەرەو ساڵەکانی تر، نیشتیمانە وەک کۆمەڵێک سەنگەری دژبەیەک: سەنگەری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و حیزبیی دژبەیەک، سەنگەری سەربازیی و ئەمنیی و بنەماڵەیی. سەنگەری بەرپرسان و منداڵەکانیان بەرامبەر بە ھەمووان، بە جۆرێک پێناسکردنی ھەر گروپ و حیزب و ھێزێک لەسەر ئیھانەکردنی ھێزەکانی تر کاربکات و بێمافکردنی ئەوانەی لەخۆیان ناچن، بەڕێوەیببات. 
بە کورتییەکەی ئەوەی ئەم ھێزانە لە کۆتایی ئەم ساڵەدا دەیانەوێت بۆ ئایندەی ببەن، ئەو ھەموو ناشیرینییە کە ساڵانێکی درێژە بەرھەمدەھێنرێت، ئەو کەڵەکەبوونەی ناشیرینەیە کە ھاوشێوەی کەڵەکەبوونی مافییایانەی سەرمایە لە وڵاتەکەدا ئیشدەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand