گرێی موچە
2021-12-27 11:54:19
لەتیف فاتیح فەرەج
سەرەڕای هەموو ڕەخنەو سەرنجێکمان لەسەر حکومەت و کەموکوڕی و کێماسی و گەندەڵیەکان ئەمساڵی ڕابردوو تاڕادەیەک، وێڕای گرفتی دواکەوتن، بەڵام باش بوو، بڕوام وایە ئەگەر حکومەت و وەزارەتی دارای پلان و پڕۆژەیان هەبێت دەتوانن لەساڵی ئایندەدا بەتەواوەتی چارەسەری کێشەی موچە بکەن، بۆ ئەمەش جگە لە چاکسازیەکی ڕیشەیی، دەکرێت هەندێ هەنگاوی تریش بنەن لەوانە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەو چارەسەرکردنی ڕەهەندی جیاوازی نێوان موچەخۆران، پاکەوان هەیە هەموو ڕۆژی مانگ کار دەکات، کاتی کارەکەشی لە هەشت سەعات زیاترە موچەکەی پێنجسەت هەزارە، فەرمانبەریش هەیە هەفتەی دوو ڕۆژو ڕۆژی چوار سەعات کاردەکات کە بەهەمووی مانگ سی و دوو سەعات دەکات موچەکەی ملیۆن زیاترە، دەرماڵەی مەترسی و شتی دیکەشی هەیە ئەوەش جۆرێک ڕەهەندی نادادیە، هەروەها موچە و دەرماڵەی پۆستەکانی سەرەوەش لەنێو حکومەت و پێشمەرگە زۆر بەرزەو پێویستی بەهاوسەنگیە، ئەمەش جگە لەگێڕانەوەی دادگەری، جۆرێک ئومێدیش بۆ هاوڵاتی دەستەبەر دەکات، بایەخدان بە کشتوکاڵ و پیشەسازی هەمەجۆرو پشت نەبەستنی تەواو بە نەوت، ئەوەش ڕێگەیەکی تری ڕێکخستنەوەی ئابوری و داهاتی نیشتمانیە. ڕێکخستنی باج وگومرگ و ڕێکخستنەوەی شارو ڕاگرتنی شارە نوێیە سەرمایەدار ئەفرێنەکان ڕێگەیەکی تری دەسکەوت و داهاتە. متمانەی بانک و گێڕانەوەی پارەی دەرەوەو پیاچونەوە بەکارو باری کۆمپانیا نەوتی و پیشەسازیەکان ڕێگەیەکی ترە بۆ ئەوەی قەیرانەکان کەمبکرێنەوە، گرفتی گەورەی گەندەڵی لە گرێ و گوڵی نێوان حزبەگەورەکان و حکومەتدایە ئایە حکومەت دەتوانێ بەگژ بەرژەوەندی و گەندەڵی حزبیدا بچێتەوە بەو جۆرەی کەچی تر حزب مشەخۆری سەر جەستەی حکومەت نەبێت، ئەگەر حکومەت بتوانێ ئەمە بکات ئەوە ساڵی ۲۰۲۲ زۆر ئاسان دەتوانێ کێشەی موچە چارەسەر بکات، هەڵبەت بۆ هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان مانگانە موچە کەمتر لە ملیارێک دۆلاری پێویستە ئەو پارەیە ئەگەر پلان و بەرنامە هەبێت بەبێ گرفت کۆدەکرێتەوە تەنها بوێری و بڕیاری دەوێت، من باوەڕم وایە ئەگەر حکومەت وەزارەتی دارای بڕیاری چارەسەر بدەن و کاری بۆ بکەن ئایندەی موچەی موەخۆران باشترو ڕێک تر دەبێتە و دەکرێت هەموو کۆتای مانگێ لە ۲٥ تا ۳۰ مانگ موچەی تەوای موچەخۆران بە پێنج ڕۆژ بدرێت تا ئەو کاتەی سیستمی ئەلەکترۆنی پێدانی موچە دەکەوێتە گەڕ، هەڵبەت گەر ئەمە بکەن دەبێتە دەسکەوتێکی گەورە بۆخۆیان گەر ناساڵی داهاتوو گیرو گرفتی زیاتریان دێتە پێش و ئەو ساڵەش دەبێتە ساڵێکی سەخت. حکومەتی هەرێم تائێستا لەبەردەم چاکسازی ڕیشەیدادەستە پاچەیەو کارەکتەرەکانی حزب لەمپەرو ڕێگرن بێ ئەوەی حکومەت بتوانێ ئەو لەمپەرانە قاوبدات، قاونەدانی ئەو ڕێگریانەش بەشێکی سەرەکی ئەو نادادی و ستەمەن کە هەن.