هونەری بێدەنگردن
2021-12-15 20:10:43
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
هونەری گفتوگۆکردن و ئارگیومێنتهێنانەوە یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی زانستی ریتۆریک. گەورەفەیلەسوفی ئەڵمانی ئارتۆر شۆپنهاوەر لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (هونەری لەسەر حەق بوون) لە ٣٨ خاڵدا بۆمان رووندەکاتەوە چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانین لە گفتوگۆیەکدا سەرکەوتووبین گەر پاساو و ئارگیومێنتەکانیشمان خراپ بن. دەتوانین ئەو ٣٨ خاڵەی شۆپنهاوەر بە ٣٨ فێڵ ناودێڕیبکەین بۆ فریودانی گوێگر، چونکە ئەو تەکنیکانەی ئەو باسیان دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە ئەخلاق و دۆزینەوەی حەقیقەتەوە نییە کە لە گفتوگۆدا دەستمانبکەوێت، بەڵکو پەیوەندی بە یەک ئامانجەوە هەیە ئەویش ئەوەیە مرۆڤ چۆن قەناعەت بە جمهور بهێنێت کە ئەو لەسەر حەقە گەرچی حەقیقەت لای ئەویش نەبێت. سەرەڕای ئەوەی شۆپنهاوەر لەپاشوەختێکدا تەحەفوزێکی زۆری لە تێزەکانی سەبارەت بە هونەری ئارگیومێنت هەبوو، بەڵام ئەم کتێبەی لە ئێستادا بووە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییە کلاسیکییەکانی زانستی گفتوگۆ و ریتۆریک.
لە دونیای نوێی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئێمەدا دوو ریتۆریکی باڵادەستی ئایدیۆلۆژیی بوونیان هەیە، یەکەمیان ریتۆریکی ناسیۆنالیزمی کوردییە کە پارتی و ماڵباتی بارزانیی ڕابەرایەتیی دەکات، دووهەمیان ریتۆریکی فاندەمێنتالیزم یان ئوسوڵییەتی ئیسلامییە، کە ئیخوانییەکان و سەلەفییەکان نوێنەرایەتیدەکەن. ئەم دوو ریتۆریکە ڕاستەوخۆ کار بە خاڵی ٣٨ی کتێبەکەی شۆپنهاوەر دەکەن، چونکە دەزانن کە بە ئارگیومێنتی عەقلانیی لە گفتوگۆی دیالێکتیکییدا سەرکەوتونابن. بۆیە لادان لە خودی بابەتەکە و ڕووکردن لە خودی کەسەکە مانای ئەوەیە یان نەیارەکان بە تیرۆریست و هەواداری پەکەکە و مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی نیشتیمانیی نماییشبکەیت وەک پارتی دەیکات، یان مۆری مولحید و کافر و زەندیقیان لێدەدەرێت و فەتوای کوشتنیان بۆ دەردەکرێت، وەک هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەیکەن. بە کورتییەکەی گەر هیچ یەکێک لەو ٣٧ ئارگیومێنتەی تر نەیتوانی دەرەقەتی بەرامبەرەکەت بێت و پشتی لە ئەرزبدات، دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکە لابدەیت و پەلاماری شەخسیی کەسەکە بدەیت.
نموونەی ئەم جۆرە تەکنیکانە دژ بە نووسەران و میدیاکاران و چالاکوانی مەدەنیی زۆرن. لە شێرکۆ بێکەسەوە بیگرە تادەگات بە مامۆستا شێرزاد حەسەن نموونەی ئەو نووسەرانەن کە بە حوکمی تێڕوانینە ڕەخنەییەکانیان بۆ ڕۆڵی ئایین لە بواری پەروەردە و کۆمەڵگادا کراون بە کافر. گروپە توندڕەوە ئایینییەکان مۆڵەتی نافەرمییان بە ئیماندار و ئەندامە توندڕەوەکانیان داوە کە کوشتنی نەیارەکانیان وەک ڕاوکردنی مەلی ئازاد حەڵاڵە.
هاوکات لە بەرەکەی تریشدا نموونەی سەردەشت عوسمانمان هەیە کە کرا بە تیرۆریست و پاشان نموونەی چالاکوان و میدیاکارانی بادینانمان هەیە کە لە نماییشکرنێکی دادگاییدا بەتۆمەتی تێکدان و جاسوسییکردن حوکمی زیندانییان بۆ دەرکرا. نوێترین نموونەشمان بەیاننامەکەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتە دژ بە رۆژنامەنووس زاک کۆپلینی ئەمریکیی بوو سەبارەت بە بنکۆڵییەکانی لەسەر پرسی گەندەڵیی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە ئەمریکا. ئەوەی جێگای تێڕامانە بەیاننامەکە تەنها پەلاماردانی شەخسیی رۆژنامەنووسەکە نەبوو، بەڵکو هێرشێکی ئەخلاقیی زۆر بەدکارانە بوو دژ بە شنیار ئەنوەری هاوسەری سەرکەوت شەمسەدینی ئەندام پەرلەمانی پێشوی عێراق. ئەم بەیاننامەیە هیچ پەیوەندییەکی بە خودی بابەتەکەوە نییە، بەڵکو پیادەکردنی پەلاماردانێکی شەخسیی و جێبەجێکردنی ریتۆریکی خاڵی ٣٨ی شۆپنهاوەرە بۆ بەلاداڕێدابردنی ڕای گشتیی لەسەر ئەسڵی بابەتەکە.
کاتێک مرۆڤ ئەم بەیاننامەیە دەخوێنێتەوە جگە لە بوغز و ڕق و شکاندنی بەرامبەر هیچ ئارگیومێنتێکی تری تێدا نابینێتەوە. لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا کەمن ئەو سیاسییانەی کە ئەوەندەی ئەم نەوە نوێیە هەم بوغزاویی و هەم لاوازبن لە تەکنیکی ئارگیومێنت و ریتۆریک دژ بە نەیارەکانیان. ئەم نەوە نوێیە لە هەردوو بەرەکەدا بەرهەمی یەک لۆژیک و تێڕوانینە بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتیی. دەسەڵاتدارێتیی بۆ هەردوولایان سوڵتانییە و دەسەڵاتی سوڵتانیش هەم لای ئەندامە حیزبییەکان و هەم لای سەلەفییەکان مەقامێکی پیرۆزە و سوڵتان وەک وەلی ئەمر وایە و هەروا بەئاسانی ناتوانرێت لەسەر کورسیی دەسەڵات بهێنرێتە خوارەوە. لەم سۆنگەیەوە هەردو بەرەکە سەرقاڵی تیرۆرکردنی مەعنەویی و ڕاوکردنی یاسایی و نەیارەکانی خۆیانن. یەکێکیان لەڕێگای شەرعییەتی یاسایی دەسەڵاتەکەیەوە، ئەوی تریان لەڕێگای ئەو دەسەڵاتەی کە لە شەریعەتی ئیسلامیییەوە بەخۆیان ڕەوادەبینن.
لە کەیسی سەردەشت عوسمانەوە لە هەولێر، تێپەڕ بە گرتن و دادگاییکردنی چالاکوان و میدیاکاران لە بادینان تادەگات بە هەڕەشەی کوشتنی شێرزاد حەسەن لە سلێمانیی، دەرئەنجامی ئەو تێزەیە کە تاوان لە هەرێمی کوردستاندا پێشئەوەی کردەیەک یان روداوێکی جینائیی بێت، تاوانێکی سیاسییە. لای فەندەمێنتالیزمە دینییەکان داعش وەک هێزێکی وەحشەتگەر تاوانبار نییە لە ناشیرینکردنی ئیسلام، بەڵکو ئەوانەی کە تەماهیی لەنێوان داعش و ئیسلامدا دەکەن و وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی رەخنەی دەکەن، لێپرسراوی بەدکردنی هەیبەت و سومعەی ئایینی ملیۆنان کەسن. لای دادگا و پەرلەمان و دەسەڵاتدارانی هەرێم کڕینی ڤێلایەکی ١٨ ملیۆن دۆلاری تاوان نییە، بەڵکو ئەو ژنەی کە پەیوەندی بە رۆژنامەنووسە ئەمریکییەوە هەیە تاوانبارە وەک نوسینگەی سەرۆکی هەرێم بانگەشەی دەکات. ئەم لۆژیک و ریتۆریکە لاواز و بێتیامە لە ئارگیومێنت چ لای سوڵتانەکان و چ لای پاسەوانانی خودا یەک دەرئەنجامی هەیە؛ کوشتنی مەعنەوی نەیارەکەت، دوورکەوتنەوە لە حەقیقەتی مەسەلەکە و شێواندنی واقیعی شتەکان.
هونەری بێدەنگردن هونەری گفتوگۆکردن نییە، بەڵکو هونەری تەکنیکی دروستکردنی دوژمنی وەهمییە بۆ خوداو و سوڵتان کە دەبن بە سەبەبی شێواندنی ئەمنی قەومیی و تێکدانی کولتووری ئیسلام و ئادابی گشتیی. هەموو رەخنەکردنێکی دین لای هێزە فەندەمێنتالیست و سەلەفییەکان و هەموو رەخنەکردنێکی سوڵتانە سیاسییەکانیش لای ئەندامە حیزبییەکان، کوفر و تاوانە. بەبۆچوونی من هەم ستراتیژی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و هەم ستراتیژی فەندەمێنتالیزمە دینییەکان لە جەوهەردا لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە دروستکردنی دوژمنی وەهمیی هەنگاوی یەکەمە بۆ سزادانی حەقیقییان.