Draw Media

ئینتیما بۆ ئێستا و ئەگەری بەرگریی

ئینتیما بۆ ئێستا و ئەگەری بەرگریی

2021-12-12 12:31:08


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

مرۆڤ بوونەوەرێکی خاوەن ئینتیمایە، ھەمیشە ئینتیمای بۆ شتێک، مەسەلەیەک، ڕوانینێک، لۆژیکێک، جۆرێکی تایبەت لە ژیان، دۆرمێکی دیاریکراو لە مۆرڤبوون، ھتد... ھەیە. ھەیە ئینتیمای بۆ ڕابردوو ھەیە، دیاردە، ڕووداو و دەق و کەسایەتییەکی ڕابوردو شوێنی ئینتیماکەیەتی، ھەیە ئینتیمای بۆ ئایندەیە، ئایندەیەک لە ئێستا نەچێت و ئەو شتانەی تێدابێت ئەو کەسە بەگرنگ و بنەڕەتیی و ماناداریی دەزانێت. ھەموو فۆرمێکی ئینتیما گەر شتێک لە ڕاستگۆیی تێدابێت، دەشێت شتێک لە جوانیی تێدابێت. ڕاستگۆبوون دیوە ساختەکەی ئینتیما و دیوە نمایشکار و دەمامکاویەکەی ئیتیماکانی مرۆڤ ئاشکرادەکات. جیاوازیی نێوان ئینتیمای ڕاستەقینە و ئینتیمای ساختە، جیاوازی نێوان مرۆڤی ڕاستەقینە و مرۆڤی ساختەیە لەیەکتری. 
 لەناو جۆرە جیاوازەکانی ئینتیمادا ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئینتیمایە بۆ ئێستا، ئینتیما بۆ ئەو جیھانەی لە ئێستادا ھەیە و لەئارادایە، ئینتیما بۆ ئەو شوێن و جێ و سەردەمەی لەناویدا لەدایکدەبین و دەژین و دەمرین. بە بۆچوونی من ئینتیما بۆ ئێستا لە فۆرمەکانی تری ئینتیما گرنگترە. کە باس لە ئێستاش دەکەم باس لە کۆمەڵێک کێشە و تەحەدا و ئەگەر دەکەم لەناو ئەو دونیایەدا کە تیایدا دەژین، قسە لە جۆرێکی تایبەت لە ئەخلاقیات و فۆرمێکی بەرپرسانەی بەرپرسیاریەت دەکەم. باس لە جۆرێک لە ڕیسک و مەترسیش دەکەم کە ماناکانی ئەو ئینتیمایە قووڵتر و ڕاستگۆیانەتر، دەکات. 


ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین ھەموو ئێستاکان، بە پلە و ڕادەی جیاواز، ئێستایەکی نوقسان و بیمار و ماندووکەرن، ھەندێکیان، وەک لە دونیای ئێمەدا، ئێستای کوشندەن، ھەڵگری چەندەھا دەرکەوت و ڕووکاریی ناشیرین و نائینسانین، ڕیسکی گەورە بە ژیانی ھەمووانەوە دەکەن، ھێزی نامۆکردنی مرۆڤن لە مرۆڤ و مرۆڤن لە جیھان و مرۆڤن لە خودی خۆی. لە ھەموو ئەودۆخانەدا ئینتیما بۆ ئێستا بە مانای ئینتیما بۆ ئەو لۆژیک و عەقڵیەت و ھێزانە نا، کە ئەو ئێستایەیان دروستکردوە و بەبەردەوامیش دروستیدەکەن، ئینتیما بۆ شێوازە باڵادەست و کۆنترۆڵکراوەکانی خودسازیی و بەکەسبوون نا، کە مرۆڤی گوێڕایەڵ و دەستەمۆ دروستدەکەن، ئینتیما بۆ ئەو سیستمە ئەخلاقییانەش نا، کە لەسەر سڕینەوەی ئازادیی و شکاندنی ئیرادەی مرۆڤەکان، کاردەکەن. ئینتیما بۆ ئێستایەکیش نا کە پڕبێت لە چاوساغی سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و  بە کۆ ئەمر بە مرۆڤەکان بکەن،چۆن ھەڵسوکەوت بکەن و چۆن بجوڵێنەوە و چۆن بژین، چۆن قسەبکەن و چی بڵێن و چی نەڵێن و کام حەرام و نەشیاو لەناو خەیاڵ و زمانیاندا، بچێنن. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا ئینتیما بۆ ئێستا کاتێک دەبێت بە ئینتیمایەکی ڕاستەقینە و مانادار، کە مانای رەفزکردنێکی ھەمەلایەنی ئەو ئێستایە، بێت. بەگژاچوونەوەی لۆژیک و عەقڵیەت و بکەر و ھێزە ترسناکەکانی ناوی بێت. رەفزکردنێکی گشتگریی ئەخلاقیات و سیاسەت و بەھا و نۆرمەکانی، ڕەفزکردنی ئەو جیھانە ڕەمزیی و ئایدیۆلۆژیە بێت، کە لەناو خانە جیاوازەکانی ئەو ئێستایەدا چنراون. وەکچۆن ڕەفزکردنی سیاسەتی بەکەسکردن و بەخودبوونی باڵادەست بێت لەناویدا. لەم دۆخانەدا ئینتیما بۆ ئێستا مانای ئینتیما بۆ ڕەخنەکردن و بەگژاچوونەوەی ئەو ئێستایە، بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لەناویدا چێنراون. دژایەتیکردنی ئەو ھێزانەی بەنیازن ئەو ئێستایە بەردەوام دروستبکەنەوە و بە ئەبەدیی بکەن، ئەم جۆرە ئینتیما ڕەخنەییە بۆ ئێستا ئەو جۆرە تایبەتەی پەیوەندییەیە کە دەمانکات بە بوونەوەرێکی ئێستایی، بە بەشێک لەو جیھانەی لەناویدا دەژین بەڵام بەشە ڕەخنەیی و رەفزکەرەکەی، بە ھێزێک لە ھێزەکانی ناوی، بەڵام ھێزە ڕەخنەیی و عەقڵانیی و ئەخلاقییەکەی ئەو ئێستایە، بەشە بەرپرس و متمانەپێکراوەکەی. 

ھەموو بیرکردنەوەیەک لە ئایندە، لە دۆخێکی جیاواز و باشتر و ئینسانیتر لەوەی لە ئێستادا ھەیە و باڵادەستە، بەناو دەرگیربوونێکی بەرپرسیار و ئەخلاقیی لەگەڵ ئێستادا تێدەپەڕێت، بەناو ئەو ئینتیما ئەخلاقیەدا کە نرخێک بە بوونمان وەک مرۆڤ و وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتیی بەرپرس و وەک ھاوڵاتییەک، دەبەخشێت. 
ئەوەی لە ئێستای ئێمەدا باڵادەستە شتگەلێکی ناشیرین و نائینسانییە، جیھانێکە بە ڕق و ئیھانەکردن و بێمافی دروستکراوە، دەیەھا و سەدەھا میکانیزم بەڕێوەیدەبات مرۆڤ ھەم لە خۆی و ھەم لەوانیتر و ھەم لەو ژینگەیە نامۆدەکات کە تیایدا دەژیی. پاڵی پێوەدەنێت سەرھەڵگرێت و بڕوات. بەڵام ئەم دۆخی ناشیرینیی و نامۆکردنە، نابێت ھۆکاری ئەوەبن مرۆڤ ئینتیمانی بۆ ئێستا نەمێنێت. ئینتیمایەک کە رەفزی ھەموو پاشەکشێ و دانوسانێک لەسەر بڕیاری گۆڕین و دەسکاریکردنی ئەو ئێستایە، بکات. لە ھەنگاوی یەکەمدا نەبوون بە بەشێک لە ناشیرینیی و تاریکییەکانی ئەو ئێستایە، وادەکات خۆبەخۆ بکەوینە ناو ئەو ھاوکێشەیەوە کە دەمانکات بە دژ و نەیاری سەرجەمی ئەو ھێزانەی ئەو ئێستایەیان بەو شێوەیە دروستکردوە. ئەم دۆخەش جارێکی تر دەمانباتەوە بەردەمی چەمکی بەرگریکردن. 
ئینتیما بۆ ئێستا، بە مانا ئەخلاقیی و بەرپرسیارەکەی، مانای سەرلەنوێ بونیادنانەوەی خودی بەرگریی خۆیشی، بەرگریی بە مانای رەفزکردنێکی ھەمەلایەنی ئەو جیھانە نائینسانییەی دروستکراوە. لە ھەنگاوی یەکەمدا بەرگریی مانایەکی ئەخلاقیی ھەیە، لە فۆرمی جۆرێک لە ئەخلاقی جیاوازدا دەردەکەوێت، ئەخلاقی پاراستنی خود لەوەی ببێت بە بەشێک لەو دونیا ناشیرینەی دروستکراوە. خەمخواردن و مشورخواردن لە خود خۆی و ھێشتنەوەی لە دەرەوەی یارییە بۆگەن و پیسەکانی ناو واقیعدا، لەوەی نەھێڵیت بەوجۆرە بیربکەیتەوە و ببیت بەو کەسەی کە ئەوان، ھێزە ناشیرینەکانی ناو ئەو واقیعە. دەیانەوێت بیربکەیتەوە و ببیت. بەرگریی ئەخلاقیی لەم دۆخەدا پاراستنی خود خۆیەتی لەوەی ببێت بە پارچەیەک لە پارچەکانی ئەو دونیا ناشیرینەی دروستکراوە. نەبوون بە بەشێک لە ناشیرینیی و تاریکییەکانی ئێستا، نەچوونە ناو ستراتیژیەتە باڵادەستەکانی واقیعەوە بەو شێوەیەی کە ھەیە و دروستکراوە، ڕاستەوخۆ وادەکات دژ بە سەرجەمی ئەو ھێزانەبیت کە ئەو ئێستایەیان بەوشێوەیە دروستکردوە. یەکەمین کردەی بەرگریکردنی ڕاستەقینە لەم خاڵەوە دستپێدەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand