خەباتی کۆمەڵایەتیی بۆ دانپێهێنان
2021-12-08 19:57:45
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
داننان بە یەکتر و بە یاسا و رێساکانی کۆمەڵگا پرۆسەیەکی گرنگیی گەشەی کەسایەتیی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤە. یەکێک لە گرنگترین ئەو بیریارانەی تیۆریی دانپێهێنانی بەرهەمهێناوە بریتییە لە ئاکسل هۆنێت. ئەم فەیلەسوفە سەر بە نەوەی سێهەمی قوتابخانەی تیۆریی ڕەخنەیی فرانکفۆرتە. لە کتێبە بەناوبانگەکەی (خەبات بۆ دانپێهێنان) باس لە سێ فۆرم و سێ فەزای جیاواز لە دانپێهێنان دەکات. فەزای یەکەمیان بریتییە لە خۆشەویستیی. ئەم فەزایە بۆ هۆنێت لە کۆی ئەو پەیوەندییە بنەڕەتییانە پێکدێت کە مرۆڤ لە ژیانی شەخسییدا تیایدەژی. بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایک و باوک، یان پەیوەندی سۆزداریی و ئیرۆتیکی نێوان دوو خۆشەویست، یان پەیوەندیی هاوڕێتیی. ئەم پەیوەندییانە پەیوەندیی وجودیین و لە دانپێدانانی یەکتردا مرۆڤ تیایدا شوناس بەرهەمدەهێنێت، گەشەدەکات و خۆی دەدۆزێتەوە. لەم پەیوەندییانەدا مرۆڤ بڕوا بەخۆی دروستدەکات و دەبێت بە بوونەوەرێک کە هەست بە گەرمیی کۆمەڵایەتیی و دانپێهێنان بکات.دووهەم فەزای کۆمەڵایەیتیی کە دانپێهێنانی تێدا بەرهەمدێت بریتییە لە یاسا. یاسا ئەو فەزایەیە کە دانپێهێنان لەنێوان تاک و گروپەکان بەدەزگاییدەکات و ماف و ئەرکەکان دەپارێزێت و دیاریدەکات. واتە یاسا ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەی پێکەوەژیانە کە مرۆڤ دەکات بە کەسێکی یاسایی و سەربەخۆیی تاک لە فەرزکردنی رێزگرتنی ئەوانی تردا دەپارێزێت. یاسا ئەو گوریسەیە کە هەموو تاکەکان لەناو پێکەوەژیانێکی پارێزراو و دانبەیەکدانراودا، بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەموو ئەو یاسا و رێسایانەی کۆمەڵگا ڕێکدەخەن، دەبن بە هۆکاری دانپێهێنان بە ماف و شوناسی یەکتر و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی. بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان سەرۆک و ئەندام، مامۆستا و قوتابیی، نەخۆش و دکتۆر، بینەر و ئەکتەر، گۆرانیبێژ و جمهور و یاریزان و ناوبژیوان و سەرباز و مەدەنیی و هتد، هەموو ئەمانە لە سنووری دانپێهێنانی یەکتردا بە میکانیزمەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و ماف و ئەرک، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان رێکدەخەن.
فەزای سێهەمیان بریتییە لە ئابووریی. جیهانی کار لە پەیوەندیی نێوان کار و سەرمایەدا ئەو فەزایەیە کە تیایدا دانپێهێنان لە شێوازی رێزلێنان لە تواناکانی تاکە کەسدا خۆی بەرجەستەدەکات. ئەم دانپێهێنانەش چەندین فۆرمی هەیە، بۆنموونە دەتوانێت لە بەرزکردنەوەی پلەی کارمەندەکاندا بەرجەستەبێت، یان لە زیادکردنی مووچەیان، یاخود لە فۆرمی خەڵات و ڕێزلێنان بەشێوازی رەمزیی یان مادیی پیادەبکرێت.
بەکورتییەکەی فەزای یەکەم بڕوابوون بەخۆ بەهێزدەکات، فەزای دووهەم رێزلێنان لەخۆ بەرهەمدەهێنێت و فەزای سێهەمیش قەدری خۆزانین پتەودەکات.
تێکچوونی هەر یەکێک لە پەیوەندییەکانی ئەم سێ فەزایە دەبێت بە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندی دانپێهێنانی یەکتر و بەرهەمهێنانی ئەزموونی پڕ لە ژان و نادادیی و بێڕێزیی و شکاندنی کەرامەتی یەکتر و چەوساندنەوە. سەرەنجام ململانێی توند دروستدەبێت بۆ گەڕانەوەی دانپێداهێنان و یەکترقبوڵکردن و رێزلەیەکترنان. بۆ نموونە تێکچوونی پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایک و باوک بە درامای خێزانیی کۆتایی دێت کە هیچ لایەک دان بەویتردا نانێت و لە زۆررینەی حاڵەتەکاندا توندوتیژیی بەرهەمدێت. کاتێک پەیوەندی مەعریفیی نێوان مامۆستا و قوتابیی تێکدەچێت، واتە کاتێک خوێندکار لە مامۆستاکەی زمان زیاتر دەزانێت و پڕمەعریفەتر دەبێت، پەیوەندی دانپێهێنانی مەعریفیی نێوانیان کۆتایی دێت، کاتێک حکومەت موچەی فەرمانبەران نادات، کەس دان بە دەسەڵاتەکەیدا ناهێنێت و هەیبەتی لای تاک و گروپەکان بەرەو پووکانەوە دەڕوات.
دانپێهێنان مانای بەخشینەوەی بەها نییە، بەڵکو مانای دروستکردنی بەهایە. هەڵواسینی وێنەی مام جلال لەهەموو چوارڕیانێک و نماییشکردنی قسەکانی لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی مانای داننانی خەڵک نییە بە گەورەیی مام جەلال، بەڵکو مانای رێزنەگرتنە لە دانیشتوانی شارەکە کە بڕیاری هەڵواسینی ئەو وێنەیەیان نەداوە، بەڵکو بەسەریاندا سەپێنراوە. داگیرکردنی فەزای گشتیی بە وێنە و قسەی سەرۆکەکان مانای سەپاندنی دانپێهێنانێکی نائارەزوومەندانەیە لەناو ڕووبەری گشتییدا. رێزگرتن و دانپێهێنان بەزۆر و سەپاندن دروستنابێت، بەڵکو پرۆسەیەکی سەربەخۆیانەیە. ئەم گریمانەیە بۆ پەیکەرەکانی ناو شارەکەش هەر راستە. پەیکەرەکانی شاری سلێمانی سەرباری ئەوەی هیچ بەهایەکی هونەریی و ئێستاتیکییان نییە، ئەکتێکە لە رێزنەگرتن لە دانیشتوانی شارەکە، چونکە بەسەریاندا سەپێنراوە.
گەورەترین و گرنگترین دەزگای ڕاگرتنی پەیوەندیی رێز و دانپێهێنانی ناو کۆمەڵگا، دادگایە. دادگا بۆ نموونە بە یاساکانی رێسای هاموشۆی سەر شەقامەکان دیاریدەکات و داننان بە ماف و ئەرکەکانی یەکتر دەستنیشاندەکات. ئەم رێسایانە گرنگن بۆئەوەی بتوانین پێکەوەبژین و بەسەلامەتی بگەینەوە ماڵی خۆمان. لە وڵاتی ئێمەدا رۆژانە لەسەر شەقامەکان بێڕێزیی گەورەو بچووک بەرامبەر بە مافی یەکتر دەکرێت. لیستەکانی بێڕێزیی و داننەنان بە مافی یەکتر درێژن، بەڵام درێژترینیان هی ئەوانەیە کە دەسەڵاتدارن، منداڵی سەرۆک و دەستوپێوەندەکانیانن. ئەم بێڕێزییە ڕێسای خۆی بەرهەمهێناوە و ئێستا خەڵکی مەدەنیی لەسەر موخالەفەی رێساکانی هاموشۆ بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت، بۆئەوەی تێیهەڵنەدرێت یان نەکوژرێت هەموو مافخواردنێکی قبوڵە. ساڵانێکە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی داننان بە نایاساییبوونی کردەوەی دەسەڵاتداران بووە بە ڕێسایەکی ئیجباریی بۆ پێکەوەژیان و بێڕێزییش بەرامبەر بە یەکتر بووە بە بەهایەکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە بۆ کۆمەڵگای ئێمە نامۆیە. داننەنان بە ڕێسا و یاساکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، تەنها بێڕێزییکردن و بریندارکردنی مافی تاک و گشتیی نییە، بەڵکو دروستکردنی کولتوورێکی مەترسییداری پۆپجییانەی کۆمەڵایەتییە کە بە کوشتنی حەقیقیی و ڕەمزیی کۆمەڵایەتیی کۆتایی دێت.
ئێمە وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی بەوە دەناسرێینەوە کە مرۆڤین، چونکە لە پەیوەندییەکی رۆحیی و یاسایی و دەزگاییدا بەیەکەوە دەژین. بەو چەشنە مرۆڤ بوونەوەرێکە کە شوناسی بە داننانەوە بەستراوەتەوە. داننان بە یەکتری کە هەموو مرۆڤین و بە زمانی جیاواز قسەدەکەین و بە ئایینی جیاواز بڕوامان هەیە و بە کولتووری جیاواز دەژین. ئێمە هەموو پێویستمان بە داننان بەیەکتری هەیە بۆئەوەی شوناسی خۆمان لەو پەیوەندییەدا دروستبکەین و بپارێزین و گەشەی پێبدەین. هیچ مرۆڤێک ناتوانێت پەیوەندییەکی پۆزەتیڤ لەگەڵ خۆی و دەوروبەریدا بەرهەمبهێنێت گەر لە پەیوەندییەکی تەندروستدا نەبێت لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵیدا دەژی و دان بە ماف و جیاوازییەکانی یەکتردا نەنێن.
کۆمەڵگای ئێمە لەسەر ڕاستەڕێگایەکە بۆئەوەی ببێت بە کۆمەڵگایەک کە کەس دان بەوی تردا نەنێت، نە خەڵک بە حیزبەکان، نە سەرۆک بە هاوسەرۆک، نە حکومەت بە مافی خەڵک و نە خەڵکیش بە دەسەڵات و هتد. داننان بە کەسێک یان گروپێک تەنها مانای مەدحکردن و خەڵاتبەخشین و دەستبەشانداهێنان نییە، بەڵکو مانای بەڕزڕاگرتنی پەیوەندییەکی پۆزەتیڤی کۆمەڵایەتیی و یاسایی پێکەوەژیان و کارکردنە.