کێ دۆستە و کێ دوژمن؟

Draw Media

2021-12-05 12:39:59



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

کارل شمیت، تێوریسی ئەزموونی نازیزم لە ئەڵمانیادا، کە ھابرماز بە نووسەرێکی فاشیستی-دینیی ناویدەبات، “clerico-fascist”،  جەوھەری سیاسەت لە توانای جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمندا، دیاریدەکات. سیاسەت لای ئەم پیاوە نازییە ئەو کردەیەیە بە ھۆیەوە دۆست لە دوژمن جیادەکرێتەوە، ھاریکایی دۆست دەکرێت و بەگژ دوژمنیشدا دەچێتەوە. ئەم دیدە نازیانەیە بۆ سیاسەت، ئەو دیدە نییە من ساڵانێکی درێژە بەرگریی لێدەکەم، بەڵکو بە پێچەوانەوە من بەرگریی لە دیدی ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنت سیاسەت دەکەم، کە بەدرێژایی خەت دژ بە دیدگای کارل شمیتە. ھانا ئارێنت پێ لەسەر ئەوە دادەگێت سیاسەت کردەی ھاوبەش و پێکەوەیی تاکەکەسەکانە بۆ دروستکردنی ژیانێکی گشتیی ھاوبەش و قبوڵکراو لەلایەن ھەمووانەوە. لەم ڕوانینەدا بیرۆکەکانی ”ھاوڵاتیبوون“ و ”جیاوازیی“ و ”یەکسانیی“ و ”دیموکراسیەت“ و ”پلورالیزم“ بیرۆکەی سەرەکیی و سێنتراڵن. پەیوەندیەکی تایبەتیش ئەم چەمکانە بە چەمکەکانی ”ھاوڕێیەتیی“ و ”ھاریکاریی“ و ”خۆشویستنی جیھان“ەوە گرێئەدات. لە دیدی ھانا ئارێنتدا بۆ سیاسەت مرۆڤ تاکەکەسێکی ئازادە و لەڕێگای گفتوگۆ و بەشداریی عەقڵانییەوە، لەگەڵ کەسانیتردا دونیایەکی ھاوبەش دروستدەکەن و بەڕێوەیدەبەن. شتێک بەناوی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنەوە لە ئارادا نییە. 
ئاشکرایە دیدی باڵادەست بۆ سیاسەت لە دونیای ئێمەدا دیدە ئارێنتییەکە نییە، ئەوەی ئامادەیە ئەو دیدە شمیتیەیە کە لەسەر دابەشکردنێکی شاقوڵیانەی جیھانی دەوروبەر بۆ دۆست و دوژمن کاردەکات.  سیاسەتی کوردیی لە ھەرێمدا، کە سیاسەتێکی سوڵتانیی عەیار ٢٤ ەو بە دەوری پیادەکردنی ڕوانین و وەدیھێنانی خواستەکانی، کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسییدا دەسوڕێتەوە، سیاسەتی جیاکردنەوەی  دۆست لە دوژمن کردەی سەرەکیی ناو ئەو ڕوانینەیە کە بۆ سیاسەت لە ھەرێمدا ئامادەیە. بەڵام ئەم کردەی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنە لە ھەرێمدا لۆژیکێکی تەواو شێواو و  ترسناک ئاراستەیدەکات، کە چاوەڕوانی ھیچ شتێکی باشی لێناکرێت. 


بە بۆچونی من لەمڕۆکەی سیاسەتی ھێزە سوڵتانییەکانی ھەرێمدا ڕوانین بۆ دوژمن و دەستنیشانکردنی ئەوەی کێ دوژمنە، دوو گۆڕانی سەرەکیی بەسەرداھاتوە. 
یەکەمیان بەدۆستکردنی ئەو ھێزە ئیقلیمییە نادۆستانە و درێژکراوە ناوەکییەکانین، کە بکەری ژمارە یەکی دروستکردنی بڕێکی زۆری ئەو کارەساتە گەورانەن لە سەدەی بیست و ئەم سەدەیەشدا بەسەر میلەتی ئێمەدا ھاتوە.  لە پێش ھەمووانیشەوە کارەساتی ”بە کەمینەکردن“ لەناو چوارچێوە فەرمیەکانی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی دەسەڵاتگەر و ستەمگەری تازەدروستکراوی ناوچەکەدا. دوای ئەوەش کارەساتی بە ”بە ئەمنییکردن“ی داخوازییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتورییە سادەکانی ئەم میلەتە، لە ھەر یەکێک لەو بەشانەدا و وەڵامدانەوەی سەربازیی و ئەمنیانەی بەو داخوازیانە. (بێگومان بە پلە و ڕادەی جیاواز لە ھەریەکێک لەو وڵاتانەداا. دۆخی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتوە و تەواو جیاوازە لە دۆخی وڵاتەکانی دیکە). بە مانا شمیتیەکەی دەبوایە تورکیا و ئێران و سوریا سەر بەو چەمکی ”دوژمن“ە بن، کە مافە ھەرە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان و گروپە ئەتنییەکانی تریش، لەووڵاتانەدا، ناسەلمێنن. دەبوایە سیاسەتەکانیان لەناو وڵاتەکانی خۆیان و لە ناوچەکەشدا وەک سیاسەتی نادۆست ببینرایە و وەک سایسەتی نادۆستیش، مامەڵەبکرایە. بێگومان ئەمە مانای پەلاماردان و بەگژاچوونەوەی ئەو وڵاتانە ناگەیەنێت، بەڵکو مانای بونیادنانی ئەو لۆژیکە سیاسییەی کە تیایدا بکرێت دۆست و نادۆستی مەسەلە سەرەکییەکانی میلەتی ئێمە لەیەکدی جیابکرێتەوە و وەک ژێرخانێکی ئەخلاقیی و عەقڵانی ئاراستەی کردەی سیاسیی بکات. ئەوەی لە ھەرێمدا ئامادەیە ڕێک پێچەوانەی ئەم دۆخەیە.  دۆستی ھەرە گەورەی بنەماڵە سوڵتانییەکان، ئەو ھێزە ئیقلیمییە نادۆستانەن کە ئامادەنین سادەترین مافی دانیشتوانە کوردەکانی خۆیان، مافی زۆرێک لە کەمینەکانی تریش، بسەلمێنن. نەک ھەر ئەمە بەڵکو سەرجەمی شێوە ئازاد و سەربەخۆکانی کوردبوونیش، لە ھەر شوێنێکی جیھاندابێت، وەک ھەڕەشەی گەورە بۆسەر خۆیان وێنادەکەن و سەرجەمیان وەک ”دوژمن مامەڵەدەکەن. تورکیا بۆ پارتی و ئێران بۆیەکێتی ”دۆست“ی ستراتیژین و لە زۆر ساتیشدا ئەوەی ئەم دوو ھێزە دەجوڵێنێت خواستی ئەو دوو دەوڵەتە ئیقلیمیەن. 

دووھەمیان، بەدوژمنکردنی سەرجەمی ئەوکەس و لایەن و گروپ و ھێز و بەشە ناوکییانەی کۆمەڵگای کوردستانی خۆی، کە ناڕازین بەرامبەر بەوەی لە ھەرێمەکەدا ڕووئەدات، چونکە ئەوەی ڕووئەدات، گرفتی گەورە و ھەمەلایەنیان بۆ دروستدەکات، لە پێش ھەمووانیشەوە نەتوانینی دابینکردنی ژیانێکی سادەی مافپەروەر و کەرامەتپارێزاراو. ئینجا مۆنۆپۆڵکردنی ھەموو شتێکی مانادار لە ھەرێمەکەدا بۆ ئەندامان و منداڵان و دۆستانی بنەماڵە سوڵتانییەکان. کاتێکش بەرامبەر بەم واقیعە مێژووییە تاریکە لە چەندان ناوچەی ھەرێمەکەدا ناڕەزایی دەردبڕدرێت،  ناڕەزایی خوێنداکاران، فەرمانبەران، کەس و کاری ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانە زیندانیکراوەکان، یاخود کاتێک بەشێکی دانیشتوان بەشێوەیەکی دەستەجەمعی سەرھەڵدەگرن و دەچنە سەر سنووری وڵاتانی تر بۆ دەربازبوون لەم ھەرێمە سوڵتانییە، ماشێنە میدییایە ئاراستەکراوەکەی ئەم ھێزانە، سیاسیی و ناسیاسییە گەورە و بچووکەکانیان، دێنەقسە و سەرجەمی ئەو کاردانەوانە وەک ”پیلان“ و ”ڕق“ و ”گێچەڵ“ دەبینن و ”دەستی دەرەکیی“ بە جوڵاندن و ڕوودانیان، تۆماردەکەن. کەسێکیان بوێریی ئەوەی تێدانییە بۆ ساتێکیش بێت، لۆژیکی حوکمڕانییە خێزانییەکە و سیاسەتە کارەساتاوییەکانی تاوانباربکات و بە ھۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخەی بزانێت. لێرەدا، لە ھەرێمدا، ئەوەی کە بە لۆژیکە شمیتیەکەی دەبێت ”دۆست“بێت، لای ئەم حوکمڕانانە گۆڕاوە و دەگۆڕێت بۆ دوژمن. بە کورتییەکەی ئەوەی لە ھەرێمدا ڕووئەدات پێچەوانەکردنەوەیەکی تەواوی دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنە. ئەوەی دوژمن و نادۆستە گۆڕاوە بۆ دۆست و ئەوەشی پێویستە و دەبێت دۆست بێت، کراوە بە دوژمن. ئەم لۆژیکە لەیەککاتدا ھەم لۆژیکی ڕقبوونەوەیە لە خود، واتە لۆژیکی خودنەفرەتییە، ھەم لۆژیکی تەماھیکردنێکی تەواویشە لەگەڵ دوژمن و نادۆستدا. 
ئەو ھەواڵانەی لەم چەند ڕۆژی دواییدا لەسەر شەھیدکردنی چەندان پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە و بریندارکردنی چەندان خوێندکاریش لە خۆپیشاندانەکاندا، بیستمان، سەر بەم لۆژیکە پێچەوانەیەی جیاکردنەوەی دۆستە لە دوژمن. بەرامبەر بە داعش ھێزەکان ئەمری تەقەکردنیان پێنییە، بەڵام بەرامبەر بە خوێندکاران ئەمری تەقەکردن و لێدان و گرتنیان پێیە. داعش بەبەردەمیاندا تێدەپەڕێت و ئەوان ھیچ  کاردانەوەیەک نیشاننادەن، بەڵام دەیان بۆمبای دووکەڵھێن فڕێئەدەن ناو زانکۆکانەوە و قوتابیانی کچ و کوڕ بریندار و بێھۆشدەکەن. ئەم لۆژیکی بە دوژمنکردنی دۆست و بە دۆستکردنی دوژمنە، یەکێک لە ڕووکارە ھەرە ھەرە خراپ و ترسناکەکانی سیاسەتمەداران و حوکمڕانانی ھەرێمە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand