لە یادی شەھید جەباری حاجی رەشید، مامۆستا ئەحمەدی سەناعە و ھاوڕێکانی رێکخراوی سلێمانیدا
2021-11-22 17:23:51
تەحسین قادر
پاش کۆنفرانسی سێھەمی کۆمەڵە لە ھاوینی ١٩٨٤ دا کە ئێمەی ھاوڕێیانی شار بە رووپۆشی بەشداریمان تێدا کرد و
تیایداچەند ھاوڕێیەکی شار خۆیان پاڵاوت بۆ سەرکردایەتی و دەرچوون، لەوانە کاک دلێر ئەحمەد شوکری( ھاوڕێ سەلیم) کە تا ئەو دەمە لێپرسراوی رێکخراوی سلێمانی بوو.
ئەوان ماڵئاواییان لە رێکخستنەکانی شار کرد و چوونە شاخ. کاک لەتیف( ھاوڕێ نزار)، کاک عەدنان شاسوار (ھاوڕێ ئاکام)، کاک خەسرەو( ھاوڕێ ئازاد) مانەوە و کاک برایم حەمە عەلی( ھاوڕێ پیرۆت) یش لە پاش رۆیشتنی ھاوڕێی کۆچکردوو
مامۆستا رەووف( ھاوڕێ عادیل) کرایە ئەندامی رێکخراو. بۆ سەرلە نوێ دارشتنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی، پێشنیاری چەند ھاوڕێیەک کرا شەھید ئارام محمد کەریم( ھاوڕێ نەبەز) و تەحسین قادر( ھاوڕێ ھیوا).
ئەو سەردەمە کاری رێکخراوەیی و سیاسی.. تێکۆشان و قوربانیدان بوو، کەس ھەوڵی بۆ پلە و پایە نەدەدا، بە پێچەوانەوە ھەر ھاوڕێیەک ھەوڵی پێشخستنی ھاوڕێکانی دەدا،
ھەر یەکە لەم دوانە خوازیاری پێشخستنی ئەوی تریان بوو، ھەوڵی ھاوڕێ ھیوا سەرکەوت و کاک ئارام پێش ئەو بووە ئەندامی رێکخراو. لە لایەکی ترەوە چەند ھاوڕێیەکی دێرین بە ھەمان شێوە لە کاردابوون لەوانە شەھید جباری حاجی رەشید( ھاوڕێ باوەڕ)، عەزیز عومەر( ھاوڕێ بەرانان)،
پاش ماوەیەک مەترسی لەسەر ھاوڕێان نزار، پیرۆت، ئازاد دروست بوو، شارییان بەجێھێشت و چوونە دەرەوە، شەھید جەبار و کاک عەزیز عومەر جێیان گرتنەوە.
یەکترناسین لەگەڵ شەھید جەبار
کاک عەدنان شاسوار ئاگاداری کردمەوە کە کاتی یەکتر ناسین لەگەڵ ھاوڕێیەکی بەرپرس ھاتووە، لەسەر شەقامێکی گشتی ھاوڕێ جەبار ئوتومبیلەکەی دەئاژوو، کاک عەدنانی لەگەڵدا بوو، منیان ھەڵگرت و دەسکرا بە گفتوگۆ. بە رەچاوکردنی پرانسیپەکانی خۆپاراستن من پێم باشبوو کە وردە وردە و بەگوێرەی پێویستی کارەکان، یەکتر بناسین و بچینە ماڵی یەکتری، بەڵام کاک جەبار دەسپێشکەری کرد و وتی:
دەزانم بایەخی زۆر بە پرانسیپەکان دەدەیت، بەڵام کارەکان وا دەخوازێت پەلە بکەین ، من خۆمت بەتەواوی پێدەناسێنم و ھەر ئێستا دەچین بۆ ماڵی خۆمان بۆ کۆبوونەوە، لێی پرسیم بەرامبەر کتێبخانەی گشتی و تەنیشت بەنزینخانەی عقاری شارەزایت، وتم بەڵێ لەو گەڕەکە ماڵی ( رەشەی ملا ئیبراھیم) دەزانم! حەپەسا و وتی چۆن؟ وتم لەگەڵ نەورۆزی حاجی رەشید خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری بووم. پێکەنی و وتی دە ئەوە ماڵی ئێمەیە و من برا گەورەی نەورۆزم!
دارشتنەوەی پەیکەری رێکخراوی سلێمانی
لەناو ھاوڕێیاندا شەھید جەبار لە ھەمووان پڕ ئەزموونتر بوو، تەمەن و کەسایەتی کۆمەڵایەتی سەقامگیر بوو، ئاستی بژیوی بەرز و توانای ھاتوچۆی ئاسانتر بوو، لە رووی بەڕێوەبردنیشەوە کارامە و عەمەلی بوو، بۆیە پێشنیار کرا کە ئەو لێپرسراوێتی رێکخراو لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام خۆی وای بەباش زانی وەک ئەزمونێکی نوێ رێکخراو بەرپرسی نەبێت و بە ھاوکاری و کاری بە کۆمەڵ بەڕێوە ببرێت، ھەرزوو دەرکەوت کە ئەو شێوازە کارناکات و بە رەسمی بووە لێپرسراوی رێکخراو، ھەر وەک بە عەمەلی پێشتریش ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرتبوو.
کۆتایی گفتوگۆ و ھەڵگیرساندنەوەی شەڕ
ساڵی ١٩٨٥ لە سەرەتاوە تا کۆتایی زۆر سەخت بوو، ئەرکی گەورە و گران کەوتە سەر رێکخستنەکانی شار، ھەر لە
کۆکردنەوەی زانیاری، خۆراک، پۆشاک، دەرمان، کۆمەکی دارایی بۆ شاخ ھەتا کاری رێکخراوەیی لە پاراستن و باش رێکخستنەوەی ئەو خەڵکە زۆرەی لە ساڵی پێشووی گفتوگۆدا رێکخرا بوون، ئینجا چالاکی فیکری و نوسین و بەیاننامە بڵاوکردنەوە بۆ ھەموو بۆنەکانی ئەو ساڵە لەگەڵ ھەندێک چالاکی فیعلی بۆ تێکدانی ئەو بۆنانەی بەعس سازی دەکردن، دواجاریش ھاوکاری پێشمەرگە لە چالاکییەکانی شارەکان و چەندین چالاکی پێشمەرگانەی راستەوخۆ لە لایەن ھاوڕێیانی رێکخستنەوە.

قەڵەم و بییرە فراوان و تیژەکەی ئارام محمد کەریم بە بەرھەمە فیکری و راپۆرت و بەییاننامەکانی ئەو ساڵەدا زۆر دیار و کاریگەر بوو، چالاکی کاک عەدنان شاسواریش لە سەرپەرشتی رێکخستنەکان و کاری رێکخراوەییدا کەم وێنە بوو، ھێمنی و لۆجیکی کاک عەزیز عومەر بۆ راگرتنی ھاوسەنگیی لە نێوان قوربانیدان و بەدەسھێنانی ئامانجەکاندا جێی سوود بوو.
منیش دوو کەرتی فراوانی رێکخستنم لە ئەستۆدا بوو، یەکەمیان پێکدەھات لە پۆلی سلێمانی ھەتا خانەقین کە رەحمەتی کاک حەمە نوری گەرمیان ) ھاوڕێ موراد( لێپرسراوی بوو، پۆلەکەی تر لە سلێمانی ھەتا ھەڵەبجە و ھەورامان کە کاک ئەحمەد کوڵکنی لێپرسراوی بوو، کەرتەکەی تر ناوی شەھید لەیلا بوو کە ھەموو ژنان و ئافرەتانی تێکۆشەری کۆمەڵەی تیدا کۆکرابوەوە، چەندین خوشک لە ئاستی لێپرسراوێتیدا کاریان تێدا دەکرد، لەوانە: پەروین کاکە حەمە، دڵسۆز قادر،گێلاس محێدین، نەسرین شێخ جەمال،شەوقيە کاکە حەمە، تارا عومەر و شیرین محمود سەعید و زۆری تریش.
لە بەشێکی تری ئەو کەرتەدا، کاک فەرەیدون حەسەن،خوالێخۆشبوان کەمال تایەر، ھیوا خاڵ و کاک حەمەعەلی( ھاوڕێ پەیڕەو) کاریان دەکرد، کاک کاميل-ھاوڕێ پەسەند لێپرسراویان بوو، پەیوەندییان بە منەوە بوو.
جگە لە کەرت و سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی، زۆر جار ئەرک و سەرپەرشتی کردنی ناوچەکانی تریشی بەرەورووی رێکخراوی سلێمانی دەبوەوە، لەوانە ھێڵی خوێندکارانی زانکۆی موسڵ کە سەرەتا کاک ئومێد محمود( ھاوڕێ ئاکۆ) لێپرسراوی بوو، پاش ئەوەی ئەو خوێندنی تەواو کرد، کاک سەردار قادر( ھاوڕێ ھوشیار) بووە لێپرسراوی.
ھەموو ئەمانە بەبێ سەرکردایەتی و گیانفیدایی کاک جەبار نەدەکران کە خۆی، شەمامخانی خێزانی، ماڵی خۆیان، دەواجنەکانیان، ماڵ و ئوتمبیلی کەسوکاری ھەردووکیانیش خرابوونە خزمەتی رێکخستنەوە.
چاپ و چاپەمەنییەکانی رێکخراو
مامۆستا ئەحمەدی سەناعە کە کادرێکی پێشکەوتوو، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی دیار و رێزلێگیراو بوو، پێشتر ناوی نھێنی ( سوورە) و پاشان ناوی ( گمۆ) ی ھەبوو، وای بەباش زانی ئەرکە رێکخراوەییەکان لە ئەستۆی لاببرێت، خۆی و ماڵەکەی تەرخان بکا بۆ کاری چاپ و چاپەمەنییەکانی رێکخراو. من تەکلیف کرام بە وەرگرتنی ئەو لێپرسراوێیتییە و بەستنەوەی بە رێکخراوەوە. ئەدرێسەکەم وەەگرت و چووم بۆ سانەوی وەتەن لە سەروو باخی گشتی. ئوتومبیلەکەم دوور راگرت و چوومە ژوورێکەوە کە چەند مامۆستایەک دانیشتبوون، سڵاوم کرد و ھەواڵی مامۆستا ئەحمەدم پرسی، یەکێکیان وتی: دوو مامۆستا ئەحمەدمان ھەیە
کامیانت دەوێ؟ ئیحراج بووم چونکە نەمدەناسی و پێشتر یەکترمان نەبینی بوو، پێش ئەوەی وەڵام بدەمەوە، مامۆستا ئەحمەد بە زیرەکی خۆی تێگەیشت، ھەستایە سەرپێ و بە گەرمی ھات بەرەو رووم، بەخێرھاتنی کردم و چووینە دەرەوە بۆ قسەکردن.
ئەو کاتە ماڵی مامۆستا ئەحمەد لە گەڕەکێکی شەعبیدا بوو، بەرامبەر قوتابخانەی گۆیژە لە پشتی شەقامی گۆران، دەسی بە
دروستکردنی خانووش کردبوو لە گەڕەکی بەختیاری بەڵام بۆی تەواو نەدەکرا، لەبەر نەگونجاوی گەڕەکە کۆنەکە، بڕیاردرا چاپ و رۆنیۆکان بگوازینەوە بۆ ژێرزەمینی ھەیکەلی خانووەکەی بەختیاری. ئوتومبیلی سوپەری کاک سەروەر بەرزنجی ئەفسەرمان بەکارھێنا بۆ گواستنەوەکە، کە خاڵی پشکنینەکان رایان نەدەگرت، چونکە ئەو کاتە ھەر ئەفسەرەکان ئەو جۆرە ئوتومبیلەیان
ھەبوو. ئەو ژێرزەمینە، کۆنکریت نەکرا بوو، لەسەر تەڵاشە بەردەکان، مقەبا و بەتانی کۆنمان راخستبوو، بەیاننامەکان ھەر
مامۆستا ئەحمەد خۆی لەسەر ستێنسڵ چاپی دەکرد، پێکەوە بە رۆنیۆ ھەزاران کۆپیمان رادەکێشا، لەو ئەرکەشدا زۆر جار کاک سامان مەولود) ھاوڕێ بەرزان( ھاوکارمان بوو. بەسەر ھەموو کەرتەکاندا دابەشمان دەکرد و رۆژی دوایی شار و قەزا و ناحیەکان پڕ دەبوون لە بەیاننامە.
. ھەروەھا شەھید عەلی حسەین محەمەد- ھاوڕێ شاڵاو ) لە راپەڕینی سلێمانی ٨ ئازار ١٩٩١ لە ئەمنە سوورەکە شەھید بوو( بە خۆی و پاسە کۆستەرەکەیەوە لە ناو شار و بۆ ھێنان و بردنی بەریدی دەرەوەش ھەر لە گیانبازیدا بوو.
رەنجکێشی، دڵسۆزی، خەمخۆری و لەخۆبوردوویی مامۆستا ئەحمەدی سەناعە و عیسمەتخان خێزانی لە باسکردن نایەن،
خۆراگری و ئازایەتیشی بەرامبەر جەللادەکانی ئەمن، زۆر کەم وێنە بوو.
کاری کوشندە
شەھید ئارام محمد کەریمی یاساناس دوای تەواو بوونی ماوەی ئینتیدابەکەی کە لەبەر پێویستی فەرمانگەکان لە جیاتی
سەربازی لە فەرمانگەی تاپۆی سلێمانی کاری دەکرد، بانگکرایەوە بۆ خزمەتی سەربازی، بڕیاری دا بچێتە شاخ و ھەموو ھاوڕێیانی رێکخراویش پشتگیری بووین، بە زەحمەت قەناعەتی بە باوک و دایکی کرد و خواحافیزیمان لێکرد و چووە دەرەوە، بەڵام ناوەندی کۆمەڵە بە زۆر ناردییانەوە بۆ شار، بە پاساوی ئەوەی کە تێکۆشان لە شار زیاتر پێویستی بە مانەوەیەتی، ئەویش ئیلتیزامی کرد و گەڕایەوە، قەناعەت پێھێنانی خێزانەکەی بۆ ھاتنەوەی بۆ ناو شار، زۆر
زەحمەتتر بوو لە چوونە دەرەوەکەی.
له
١٩٨٥ دا نەبەردییەکانی پێشمەرگە و رێکخستنەکان لەھەڵکشاندا بوو، رژێم لە ١٧ی ئۆکتۆبەردا ھاوتوچۆی قەدەغه
کرد و پشکنینی گشتی کرد، سەدان ھاوڵاتی و ھاوڕێی رێکخستن دەسگیرکران، دەیان کەسییان لێ گوللەباران کرا. لەو کادرە پێشکەوتووانەی لەو پشکنینەدا دەسگیرکران :
کاک محمد کەریم محمد(ھاوڕێ سەنگەر)، لەگەڵ کاک جەمال مەحمود سەعید (ھاوڕێ دلاوەر) پێکەوە گیران، شەھید رێبوار عوسمان فەرەج( ھاوڕێ ئەدیب)، شەھید خالید سێوسێنانی( ھاوڕێ ھاوار). ئەم چوار ھاوڕێیە نوسەریش بوون، لە ساڵانی
پێشتردا چەندین دیراسەی قووڵ و وردیان لەسەر بابەت و پرانسیپەکانی خۆپاراستن لە دەسگیرکردن و چۆنێتی بەرگریکردن لە کاتی گیراندا نوسی بوو، کاک جەبار بە گاڵتەوە دەیوت لەناو ھەموو ھاوڕێیاندا ئەو چوارە لە ھەمووان زیاتر بایەخییان بە خۆپاراستن و پرانسیپەکانی کاری نھێنی دەدا، کەچی ئەوان پێش ھەمووان تووشبوون و گیران!
دیراسەکانییان یارمەتیدەر بوون بۆ چۆنێتی بەرگری و خۆڕاگرتن بەرامبەر ئازاردانی دەروونی و جەستەیی، بۆ خۆیان و
زیندانییەکانی تر، سیانییان رزگارییان بوو، بەداخێکی زۆرەوە ھاوڕێ ھاوار لەگەڵ چەندین ھاوڕێ و ھاوڵاتیدا ھەر ئەو کاتە لە حامییەی سلێمانی کە ئێستا پارکی ئازادییە گوللەباران کران.
ئەو رووداوانە و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردن لە کوردستان کە چووبووە بواری پەروەردە و
قوتابخانەکانەوە لە رێی چەندین مامۆستای تەعریبەوە
شەھید ئارام و زۆر لە ھاوڕێیانی تری تووڕە کردبوو، شەھید ئارام بە بڕیاری خۆی لێژنەیەکی پێشمەرگانەی نوێی پێکھێنا(ھەرچەندە لێژنەیەکی کارامە و کارا ی پێشمەرگانەی ناو شارمان ھەبوو کە ساڵانێک بوو چالاکی سەرکەوتووانەیان دەکرد) بۆ وەستانەوە بەرابەر تەبعیس لە قوتابخانەکاندا، مامۆستایەکی تەعریبییان لەناو برد.
زۆر بە داخەوە بەھۆی خیانەتکارێکی ناوخۆوە.. کەشف و دەسگیرکران. لە ھەڤدەی کانوون دا شەھید ئارامی سەرکردە و ھەردوو خوێندکار و کادری جوانەمەرگ شەھید ھیوا نامق فارس و شەھیدسەردار عوسمان فەرەج لەبەردەم سانەوی رۆشنبییردا گوللەباران کران
شەھید جەبار ھاتە ماڵمان و بە گریانەوە ھەواڵەکەی پێ گەیاندم، ئەوە خەسارەتێکە ھەرگیز قەرەبوو ناکرێت و زامێکە قەت !سارێژ نابێت
ھەواری خاڵی
شەھید جەبار وەک براگەورە و باوک رەفتاری لەگەڵ ھەموو ھاوڕێیان، خێزان و منداڵانی ھەموواندا دەکرد، لە کاتی
زیندانیکردنی مندا بە درێژایی ساڵی ١٩٨٨بە ھەموو رێگا و شێوازەکان بە دوامەوە بوو، رۆژانە لە خێزان، دایکی
خوالێخۆشبووم و منداڵەکانی پرسیومەتەوە. لە کاتی نەبوونی، نەخۆشی، کێشەی کۆمەڵایەتیشدا فریادرەسی ھەموو ھاوڕێیان بوو.
مامۆستا ئەحمەدی سەناعە، شاخێک بوو لە ورە، قەڵایەکی سەخت بوو بۆ بییروباوەڕەکەی، نموونەی بەرزی فیداکاری و
قوربانیدان بوو، گاڵتەی بە ئازاردانی جەللادەکان دەھات .
ھەر یەکە لە شەھیدان وەستا بەکری دارتاش، شەھید حەمەرەحیم و شەھید عەتای حاجی ئەحمەدیش کە پێکەوە لە ٧ ی نۆڤەمبەری ١٩٩٠ دا لە سێدارەدران، خاوەنی چەندین داستان و شایستەی سەدان لاپەڕەی شانازین.
بە داخەوە ئێستا ھەواری ئەو شەھیدانە، خاڵییە لە نموونەی بەرز و جوانی وەک ئەوان، کاربەدەستان و بنەماڵە سیاسییەکان لە ململانێی ناڕەوایانەی دەسەڵات و پارە و پۆستدا، جەھەنەمێکییان بۆ سلێمانی و ئازادیخوازانی بادینان و ھەموو کوردستان دروستکردووە. بەھۆی سەرکردە و حیزبەکانی دەسەڵاتی ئەم حوکمڕانییە ٣٠ ساڵییە شکستخواردووەوە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە دەس دران و تەعریب و تەشییع تیایاندا بەردەوامە. لە ھەرێمیش سێ لەسەر چواری
دەنگدەران بایکۆتی دوا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقییان کرد و ئێستاش لە بێچارەیی و بێ ھیواییدا، بە کۆمەڵ وڵات بەجێدەھێڵن!
لە یادی شەھیدبوونی ئەو ھاوڕێیانەدا، سەری رێز بۆ گەورەیی و جوامێری خۆیان، خێزان و نەوەکانییان دادەنەوێنم. لەدوای ئەوان و ھەزاران شەھیدی ھەموو لایەنەکانی کوردستان ، ھەوارێکی خاڵی لە فیکر و رێبازی ئەوان بەجێماوە.
ھەر بۆیە ھەموو حیزبە سیاسییەکان، بروای زۆرینەی خەڵکییان دۆڕاندووە، ئۆپۆزیسیۆنی تاکەکەسی و خەباتی مەدەنی لە برەودایە بە ھیوای دواڕۆژێکی روون.