Draw Media

کاک ئاری هه‌رسین ، ئه‌م کۆچه له تێریا نیه‌، کۆچه به دوای که‌رامه‌تدا  

کاک ئاری هه‌رسین ، ئه‌م کۆچه له تێریا نیه‌، کۆچه به دوای که‌رامه‌تدا  

2021-11-14 18:12:13


هۆزان هه‌ڵه‌دنی
  
کاک ئاری دوینێ شه‌و له‌گه‌ڵ کچه شه‌ش ساڵانه‌که‌م نامه‌یه‌کمان بۆ پاشای سوید نوسی و پاشان داوای کاتێکیشمان کرد چاومان به سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید بکه‌وێت ! دواتر دوو بلیتی کۆنسێرتێکمان گرت له هۆڵی شاهانه‌ی زانکۆی میوزیک له ستۆکهۆڵم بێ به‌رامبه‌ر، هه‌موو ئه‌مه به نیو کاتژمێر له شه‌وێکدا !  هه‌رکه‌س ده‌توانێت ئه‌مه بکات ئه‌گه‌ر تاقه‌تی هه‌بێت. ئه‌زانی به‌مه ده‌وترێت چی؟ هه‌ست کردن به که‌رامه‌تی خۆت و منداڵه‌که‌ت. هه‌ستکردن به بونی خۆت وه‌ک مرۆڤێکی ڕێز لێ گیراو، به‌ر له پانزه ساڵ له‌مه‌و پێش وه‌ک باقی هه‌رگه‌نجێکی وڵات منیش هاتم به‌ره‌و سوید، بیرمه له‌سه‌ر سنور به چاوی پڕ فرمێسکه‌وه سه‌یری نیشتیمانم ده‌کرد و له دڵی خۆمدا ده‌مگوت بم بوره، ده‌بێت بڕۆم و که‌رامه‌تی خۆم به‌ده‌ست بێنم. ئاخر ئه‌وساش هه‌ر وه‌ک ئێستا نادادی و فه‌سادی ئیداری و جیاوازی چینایه‌تی و ئه‌قڵیه‌تی قۆرخ کاری نیشتمانی ته‌نی بوو، ئه‌وساش وه‌ک ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی نان و ئه‌مانێکت ده‌ست بکه‌وتایه ده‌بوو ته‌یدی لایه‌نێکت بکردایه، له ناو لایه‌نه‌که‌شدا ده‌بوو به هه‌ر باجێک بوایه خۆت ببردایه پێشێ، هه‌رچه‌ندم ده‌کرد نه‌م ده‌توانی ئه‌و شۆڕشه‌ی که‌سوکاره‌که‌م کردویه‌تی بیکه‌م به په‌یژه‌و پیایدا سه‌رکه‌وم بۆ مه‌رامه‌کانی خۆم، دڵ ته‌نگ بووم که ده‌مبینی بۆ ئه‌وه‌ی که‌رامه‌تم بۆ بگێڕدرێته‌وه ئه‌بوو هه‌نگاو بنێم به‌سه‌ر هه‌زاران خه‌ڵکی بێ ده‌ره‌تاندا. گه‌نج بوم و پڕ بوم له وزه، سه‌رم ده‌نا به هه‌ر سێکته‌رێکه‌وه ده‌بو که‌سێک بناسم و بم ناسێت، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و شوێنه هه‌ر لایه‌نێک بوایه من ده‌بوو حه‌و پشتی خۆمم نیشان بدایه که به‌ڵێ ئێمه‌ش له ئێوه‌ین. کاک ئاری تۆ بیرت چوه که ئێستا له دورترین گوندی ئه‌م کوردستانه‌دا خه‌ڵکی ئایفۆن و گالاکسی پێیه، ڕه‌نگه دوو ده‌فته‌ریشی پێ بێت، به‌ڵام ئه‌ڵێی چی که دوو ده‌فته‌ره‌که‌ی ئه‌و هێنده بێ نرخ و بێ که‌رامه‌ته له شه‌وێکدا چوار منداڵی به‌ر پرس له گه‌عده‌یه‌کدا دای ده‌نێنن ؟ فه‌زایه‌ک دروست بوه به زه‌قی ده‌یبینین گه‌ر واسته و پاره‌ی باشت پێ نه‌بێت کارامه‌تت ده‌که‌وێته ژێر مه‌ترسیه‌وه. کۆچی ئه‌م جاره‌ی خه‌ڵک کۆچه بۆ دۆزینه‌وه‌ی که‌رامه‌تی خۆیان و منداڵه‌کانیان ، خۆشاردنه‌وه‌یه له باوه‌شی نیشتیمانیکیتردا تا چیتر که هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌کان قافڵه‌ی سه‌یاره‌‌ی به‌رپرسه‌کان نه‌بینن ، چیتر پێوست نه‌کات بۆ دامه‌زاراندنی منداڵه‌که‌یان شه‌وڕۆژ ڕێپیوان بکه‌ن و گوێیان لێ نه‌گیرێت، ڕاکردنه له‌و دوبه‌ش کردنه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ دوو چینی نا به‌رامبه‌رو جیاواز، خۆشاردنه‌وه‌یه له‌و هه‌موو کۆمپانیا و جی کلاس و مۆدێل و پاڵاوگه‌ی نه‌وت و بزنزمان و تازه پیاکه‌وتوانه‌دا که چاویان به هیچ پڕ نابێته‌وه،کاک ئاری پێم ناڵێیت له‌م نیوه‌نده‌دا دوو ده‌فته‌ری ئه‌م خه‌ڵکه داماوه بای چه‌نده ؟ مرۆڤی کورد به جۆرێک له ڕوی ده‌رونیه‌وه ده‌هاڕدرێت به ده‌ست قه‌یران و سیاسه‌تی حیزبه‌کان و ئه‌و نا عه‌داله‌تیه‌یی که هه‌موو جومگه‌کانی ژیانی ته‌نیوه ، گه‌یشتوه به‌وه‌ی کۆچ کۆتا چاره‌سه‌ر بێت به داخه‌وه.
سه‌ره‌تای وتاره‌که‌ت بۆ من جێگه‌ی سه‌ر سوڕمان بوو که چه‌مکی کۆچت کاته‌گۆریسێرا نه‌کردوه و باست نه‌کردوه هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م کۆچه به لێشاوه چیه‌!! به جۆرێک له جۆره‌کانیش به کۆچبه‌ران ده‌ڵێیت ئۆباڵی ئه‌ومیحنه‌ته‌ی تێی که‌وتون به گه‌ردنی خۆیان ! کاک ئاری ئه‌م تێڕوانین و بیر کردنه‌وه‌یه‌ی جه‌نبتان وه‌ک ئه‌وه‌ی بیندراویت له میدیاکاندا زیاتر به پیاوێکی نیشتیمان په‌روه‌ر و هۆشیار و جیاواز و سه‌نگین ده‌رده‌که‌ویت نه‌ده‌بوو وا بیر بکه‌نه‌وه. خۆشت باش ده‌زانیت ئه‌م لێشاوی کۆچه هی ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات داران زۆر به جددی نیگه‌ران بونایه و ئه‌گه‌ر باس له ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌‌ی کاربه‌ده‌ستانیش نه‌که‌م ده‌بوو ده‌سه‌ڵات به‌ڵێنێکی گه‌وره‌ی بدایه بۆ کۆتایی هێنان به‌م مۆدێلی حوکمڕانیه‌یی که ئێستا هه‌یه بۆ حکومه‌تێکی نیشتیمانی دامه‌زراوه‌یی پاک و بێگه‌رد دور له ده‌ستی منداڵه‌کانیان، دور له ده‌ستی به‌رپرس و به‌ناو سه‌رمایه‌داره چاو برسیه‌کان و وه‌ ڕاست کردنه‌و‌ی ئه‌و هه‌موو نادادی و گه‌نده‌ڵی و نا عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یی که وای کردوه مرۆڤی کورد هه‌ست به ده‌رکراوی بکات له نیشتیمانه‌که‌ی خۆی و کۆچی ناچاری بکات. چونکه لانی که‌م ده‌یه‌وێت فریایی که‌رامه‌تی منداڵه‌کانی بکه‌وێت. له‌م کۆچه‌دا بینیمان ژنی به‌ته‌منی تێدایه چونکه ده‌زانێت که له ئه‌وروپا نه‌خۆش که‌وت ، که‌رامه‌ت و ته‌ندروستی پارێزاوه، گه‌نجی تێدایه چونکه ده‌زانێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ژیانی هاوڵاتیه‌کانی بۆ چاک ناکرێت ، منداڵی تێدایه دایک و باوکیان پێیان وتون به‌رگه‌‌ی سه‌رما و برسیه‌تی بگرن هینده‌مان نه‌ماوه بگه‌ینه ئه‌ڵمانیا، ئه‌وێ به‌هه‌شتێکه و ئێوه‌ش له‌م چڵ بۆ ئه‌و چڵ ده‌فڕن بۆخۆتان. ئه‌م کۆچ کردنه ده‌چێته خانه‌یه‌کی مه‌ترسیدار، سکانداڵێکی گه‌وره‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارن ، له هه‌مووشی ترسناکتر به‌کارهێنانی ئه‌م‌  کریسه گه‌وره‌یه‌یی کۆچبه‌رانه له لایه‌ن حیزبی موعاره‌زه بۆ ده‌ست که‌وتی سیاسی که له‌م نێوه‌نده‌دا ته‌نها هاوڵاتیان ده‌بنه قوربانی .  له کۆتایی وتاره‌که‌تدا من ئیدی ئه‌وه‌م لا ڕوون بۆوه که جه‌نبتان ویستوتانه زۆر خێرا دور بکه‌ونه‌وه  له‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که ده‌بوو بیڵێن و نه‌تان وتوه ، هاتون باس له حیزبه ئه‌وروپیه‌کان ده‌که‌ن  که چ سیاسه‌تێکیان هه‌یه به‌رامبه‌ر کۆچبه‌ران یاخود ئه‌وروپا و ئه‌مریکا چ سیاسه‌تێکی خاریجی داگیرکاری و به‌رژه‌وه‌ند خوازی هه‌یه !! به جددی ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی خۆشارنه‌وه‌یه له به‌ر پرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر  ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆیه‌یی به‌سه‌ر خوشک و براکانمادا هاتون له ڕوسیایی سپی دیکتاتۆر و سنوره‌کانی پۆڵه‌ندا که بونه قوربانی ده‌ستی دیکتاتۆرێکی وه‌ک ئه‌لیکسانده‌ر لوکاشینکۆ که ساڵی 2020 به فێڵ هه‌ڵبژرادنی برده‌وه و ئه‌وروپاش دانی پێدا نه‌نا و هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان به غه‌ش بۆ له‌قه‌ڵه‌مدا و ناویان نا ئه‌خیر دیکتاتۆر له ئه‌وروپدا که له ساڵی 1994 له‌سه‌ر حوکمه، ئیستاش ئه‌لێکسانده‌ر تۆڵه‌ی خۆی له ئه‌وروپا ده‌کاته‌وه به ناردنی کۆچبه‌ران بۆ سنوری ئه‌وروپا ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کۆچبه‌ر ئاگای له‌م هاوکێشه سیاسیه بێت ، که گومان ده‌کرێت گه‌ر به زویی فریایی ئه‌و کۆچبه‌رانه نه‌که‌ون به ده‌یانیان گیانیان ده‌سپێرن له سه‌رما و برسا !! کاک ئاری خه‌مه قوڵه‌که‌یه ئه‌وه‌یه ، ڕه‌نگه ئه‌م هه‌زاران کۆچبه‌ره کورده، به‌ر له به ده‌ست هێنانی که‌رامه‌تیان، به‌ر له فڕینی منداڵه‌کانیان له به‌هه‌شته‌که‌ی ئه‌ڵمانیادا و چنینه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانیان ، توشی مه‌رگه‌ساتێکی جه‌ماعی ببنه‌وه له سه‌رما و برسا. کاک ئاری هه‌رسین ئه‌م کۆچه‌، له تێریا نیه، گه‌ڕیده‌ییه‌ به شوێن که‌رامه‌تتدا.   

    ستۆکهۆڵم       

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand