سوتاندنی دواین کارتی لاهور جەنگی
2021-11-14 16:52:54
ئاسۆ حاجی
ئەو پێشوازیەی بۆ مەلا بەختیار رێکخرابوو، نامەیەکی دوو لایەنەی کوڕانی مام جەلالە، یەکیان بۆ تێکۆشەرانی دێرینی یەکێتی کە ئەوان خاوەن و بڕیار بەدەستی یەکێتین، دووەمیان بۆ لاهور جەنگی و ئەو کەسانەیە کە گەرەو لەسەر ئایندەی دەکەن.
مەلا بەختیار کە لە ئەلمانیا و بەر لە هاتنەوەی بۆ کوردستان، مشوری بە دیکۆمێنت کردنی ژەهرخواردکردنەکەی، چ لە بالیۆزخانەی عێڕاق لە ئەلمانیا و چ ئاگادارکردنەوەی لایەن و کەسایەتی گرنگ و کاریگەر لە وردەکاریەکان، ئاماژەیەکی روونە کە مەلا بەختیار لە دادگاکانی کوردستان و رەنگە دادگاکانی عێڕاق هەروەها ئەو وڵاتانەی کە پشکنینیان بۆ کردووە (ئوردن و ئەلمانیا) کەیسەکەی یەکلایی بکاتەوە.
یەکلاییکردنەوەکە، بە تۆمەتبارکردنی لاهور جەنگی بورهان دەست پێدەکا، کە بەڵگە و دۆکیۆمێنت هەیە بۆ تێوەگڵانی نەک تەنها لە کەیسی مەلا بەختیار بەڵکو لە ژەهرخواردکردنی بافل تاڵەبانی و وەستا حەسەنیش، دەرئەنجامەکەی دادگاش بە هەبوونی ئەو هەموو بەڵگانە دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور دەبێ.
جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا، بەبۆچوونی من دەگەڕێتەوە سەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی لاهور جەنگی بورهان لەگەڵ بڕیاری دادگا، ئەگەر ملکەچ بێ و بڕیاری وازهێنان لە سیاسەت بدا ئەوە رەنگە بڕیارەکە جێنەجێ نەکرێ، خۆ ئەگەر لاملی بکا و دەم لە شتی دیکە بکوتێ بە زەبری هێز پەلکێشی زیندانی دەکەن.
ئەوەی بۆ کوڕانی مام جەلال گرنگە ئەوەیە کە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا و تۆمەتبارکردن و فەرمانی دەستگیرکردنی، بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکان لاهور ناتوانێ هیچ رێکخستنێکی سیاسی دامەزرێنێ یان کاری تێدا بکات، بەو کارەش کارت و ئایندەی سیاسی لاهور و ئەوانەش کە بەتەمای هاوکاری کردنی بوون دەسوتێ.