کۆچ یاخود ھەڵاتن و سەرھەڵگرتن
2021-11-14 09:53:54
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
زیاد لە ھەفتەیەکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ھەرێم کوردستانیان بەجێھێشتوە و لەسەر سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوس، لە ھەلومەرجێکی سەخت و نائینسانیدا، گیریانخواردوە. یەکەمین تێبینییەک بکرێت لەسەر ئەم دیاردەیە ھەمانبێت، ئەوەیە سێ نەوەی جیاواز لەیەککاتدا ھەڵدێن و وڵاتی خۆیان بەجێدەھێڵن نەک ئەم یان ئەو تاکەکەس بەتەنھا. باپیرە و داپیرەکان و دایکان و باوکان و منداڵەکان بەیەکەوە ھەڵدێن. ئەمانە مەگەر ناچاربکرێن و بەزۆر بیانگەڕێننەوە بۆ کوردستان، دەنا ئامادەنین ئاوڕێک لەدوای خۆشیان بدەنەوە و ھەندێکیان تف و نەفرەت لەو خاکە دەکەن کە تیایدا لەدایکبوون و گەورەبوون. لەڕاستیدا ئەوەی ڕووئەدات کۆچ نییە بە مانا ئاساییەکەی کۆچکردن، کۆچ وەک جێگۆڕکێی مرۆڤەکان بە مەبەستی بەدیھێنانی حەز و خواستێکی تایبەت، بەڵکو ھەڵھاتنە لە ژینگەیەکی تەواو ناشیرین و نائومێد و وەڕسکەر، ڕاکردنە لە کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی دەسەڵاتدار، لە فۆرمێک لە حوکمڕانیی بێدەربەست و نابەرپرسیار و لە دیندارییەکی ڕووکەش و خنکێنەر.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێک دەنگ لەناو بازنەکەی دەسەڵاتەوە ھاتنەدەر و کەوتنە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی ئەم دیاردەی سەرھەڵگرتنە دەستەجەمعیە. وەک ھەمیشە قسە و لێکدانەوەکانیان نیشاندەرێکی ڕاستەوخۆی ئەو عەقڵیەت و ئەخلاقیاتەیە، کە خەڵکی ئەم ھەرێمە لێی ڕادەکەن و لێیتوڕەن. خودی قسەکان خۆیان و ئەو عەقڵیەتەی لە پشتیی قسەکانەوە ئامادەیە، لەو ھۆکارە سەرەکیی و بنەڕەتیانەن خەڵک نائومێد و وەڕسدەکەن و پاڵیان پێوەدەنێن وڵاتەکە بەجێبھێڵن. یەکێک لەو دەنگانە وتی ئەم خەڵکە ”قاچاخچی خەڵەتاندونی“، یەکێکیتریان ڕستە ھەرە ھەرزان و بەناوبانگەکەی دووبارەکردەوە و وتی ” دەستی دەرەکیان لەپشتە“، کەسێکی تریان وتی ”هۆکاری کۆچی کوردان بەغدا و پەکەکەیە". کوڕی سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەش، کە ئێستا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمەکەیە، بە زمانێکی ئینشایی دوورلەڕاستیی بە گەنجە ھەڵاتوەکانی گوت: ” ئێوە خاوەنی ئەم وڵاتەن“ ، بەڵێنێ ئەوەشی پێدان کە ئەوان ”سەرکردەی ئایندەی ئەم وڵاتەن“.
ڕەنگە زەحمەتبێت لە ھەموو ھەرێمەکەداتاقە کەسێک بدۆزینەوە باوەڕی بە ھیچ یەکێک لەو قسانەی ئەو بەرپرسانە ھەبێت، بە خودی قسەکەرەکان خۆشیانەوە. لە ڕاستیدا یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ھەڵاتنی خەڵک لە وڵاتەکەیان، سەدبارەکردنەوەی ئەم جۆرە قسە درۆزنانە و ئەم جۆرە بەڵێنە ئینشاییە خڵەتێنەرانەیە، کە بەشێکن لە تەکنیکی خۆ بە بەرپرسیار نەزانینی دەسەڵاتداران لە دروستبوونی کێشەکان. ڕێک لەو ساتەدا کە کوڕەکەی سەرۆکی پارتی مژدەی بەسەرکردەبوونی گەنجە ھەڵاتوەکانی وڵات ئەدات، زۆرینەی خەڵکی ھەرێم گیریان بەدەست نەوەی دووھەم و سێھەمی خێزانە سیاسییەکان و ھاتنیان بۆناو ژیانی گشتییەوە، خواردوە. ھەمووشمان دەزانین بڕی ھەرەزۆری سامانی سەرزەویی و ژێرزەوی وڵاتەکە بووە بە موڵکی بنەماڵە سیاسییە دەستڕۆشتوەکان و بە موڵکی منداڵ و دۆست و خزم و کەسە نزیکەکان لێیانەوە. سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە خۆشی، لە لۆژیک و عەقڵیەتی بنەماڵە حوکمڕانەکاندا، تا ڕۆژی قیامەت، لەسەر خۆیان و منداڵەکانیان تاپۆکراوە.
بەدەر لەم ڕەخنە سیاسییە ڕاستەوخۆیانە، کۆمەڵێک ھۆکاری سەرەکی تریش ھەن وا لەخەڵک دەکەن سەرھەڵگرن، کە ھەموویان پەیوندیەکی پتەویان بەو سیستمی حوکمڕانییەوە ھەیە لە ھەرێمەکەدا سەروەرکراوە. لەوانەش:
یەکەم: باڵادەستیی لۆژیکی مۆنۆپۆڵکردنی سەرجەمی کایەکان لە ھەرێمدا. ئەم مۆنۆپۆڵکردنە تەنھا دەستگرتن بەسەر ئابوریی و بازاڕ و سەروەت و سامانی ژێرزەویی و سەرزەوی وڵاتەکەدا نییە، تەنھا مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و جیھازی بیرۆکراسی وڵاتەکە نییە، تەنھا مۆنۆپۆڵکردنی ھێزە چەکدارەکان نییە، بەڵکو مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی ئەگەر و تواناکانی گەشەکردن و بەرەوپێشەوەچوونی کۆمەڵایەتیشە. لە ھیچ بوارێک لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و پیشەییدا، ئەگەرێک بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی سەربەخۆ، لە دەرەوەی خواست و ویست و زەوقی بنەماڵە و بازنە دەسەڵاتدارەکەدا، نەماوەتەوە. بۆ نموونە، چ گەنجێک لەم ھەرێمەدا دەتوانێت خەونی ئەوە ببینێت ببێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتایی، بەبێ ڕوخسەت و ڕەحمەتی باڵێک لە بەڵاکانی ناو ئەم حوکمڕانییە. کێ دەتوانێت بیری بۆئەوەبچێت ببێت بە سەرۆکی بەشێک لە بەشەکانی شارەوانی، یان بەشێک لە زانکۆکاندا یان ھەر بەشێکی بێرۆکراسیی تر، بەبێ ڕازیبوونی ئەوان. ئەی کێ دەتوانێت خەونی ئەوەی ھەبێت ببێت بە ژەنەڕاڵێکی سوپا بەبێ ئەوەی بەناو ھەموو فیلتەرەکانی وەلائەتی بنەماڵە حوکمڕانەکانی کوردستاندا تێبپەڕێت. لەم ژنیگە تەواو مۆنۆپۆڵکراوەدا نە تواناکان و نە خەونە شەخسییەکان و نە کەرامەتی مرۆڤەکان، مانایەکیان نەماوە، ئەوەی مانای ھەیە دەستی بنەماڵە سیاسییەکان و دەستی ئەم یان ئەو باڵ و ئەندامی خاوەن نفوزی ناو حیزبە حوکمڕانەکانە، لەناو ئەو پێگانەدا کە گەنجێک دەتوانێت خەونیان پێوەببینێت. ئەم مۆنۆپۆڵکردنە ھەمەلایەنەی ئەگەری پێشکەوتن و توانای جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی، ئەو تاوانە قورس و گەورەیەیە کە خێزانە سوڵتانیی و نوخبە بچووکەکەی دەوروبەریان، لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەنجامیانداوە. تاوانێک ھەموو خەون و ئومێدێکی شەخسیی سەربەخۆ و کۆنترۆڵنەکراوی لە وڵاتەکەدا کوشتوە و دەکوژێت و لەشکرێک لە مرۆڤی دڵشکاو و بریندار دروستدەکات.
دووھەم: نە ھەژاریی نە دەوڵەمەندیی ڕاستەوخۆ ھۆکاری ڕاکردن و سەرھەڵگرتن نین، بەڵکو تێکچوونی ھاوسەنگیی پەیوەندیی نێوان ھەژاریی و دەوڵەمەندیی کێشە ھەرە سەرەکییەکەیە لە ھەرێمدا. بێگومان لە ھەرێمدا جۆرێک لە ھەژاریی دروستبووە کە لەئاستی ھەژاریی وڵاتە ھەرە ھەژارەکانی دونیادایە، خەڵکانک ھەن لە ماڵەکانیان دەردەکرێن و دەکەونە سەر شەقامەکان لەبەرئەوەی کرێی خانوویان پێنادرێت. یان منداڵەکانیان لە نەخۆشخانەکان دوای لەدایکبوون جێدەھێڵن چونکە ناتوانن بیانژیەنن. بەڵام ئەوانەی سەرھەڵدەگرن ئەم کەسە ھەژارانە نین، بەڵکو کەسانێکن، لانیکەم توانای ئەوەیان ھەیە پارەی قاچاخچییەکان بدەن. ئەوەی لەم ئاستەدا دۆخی ھەرێمەکەی وێراکردوە، ئەو پەیوەندییەیە کە لە نێوان دەوڵەمەندیی و ھەژاریدا دروستبووە. ھەرێم بووە بە شوێنی لەدایکبوونی ملیارلدێر و ملیۆنێری بێئیش و بێپیشە و بێشارەزایی. جۆرێک لە دەوڵەمەدنیی درستبووە لەدەرەوەی کارکرن و ھیچ جۆرە توانا و شارەزاییەکدا، دەوڵەمەندییەکی لەپڕ و بێمێژوو، دەوڵەمەندییەک بەخێراییەکی گەورە و لە ماوەیەکی زۆرکەمدا. ئەمەش وەک دەرەنجامی ھەبوونی دەسەڵاتی سیاسیی، یان ئەندامبوون و نزیکبوون لە خێزانە سوڵتانییە دەسەڵاتدارەکانەوە. تێکەڵبوونی ئەم کەڵەکەکردنەی سەرمایەیە بەبێ ئیش و بەبێ بەرھەم و بەبێ پیشە، بەو دۆخی مۆنۆپۆڵیکردنەی لەسەرەوە باسمکرد، ژینگەیەکی دروستکردوە کەس ئومێدی بەوەنەبێت بتوانێت لەڕێگای توانا و شارەزایی و لێوەشاوەیی پیشەیی خۆیەوە، دەوڵەمەند ببێت و پێشبکەوێت. گەر کەسێکیش بە دڵی بنەماڵە سوڵتانییەکان و بەرپرسە گەورەکان نەبێت، مەترسی ئەوەی ھەیە یان دەست بەسەر سەرمایە و سەروەتەکەیدا بگیرێت، یان بە چەندان تاوانی جیاواز تاوانبار بکرێت و لەزنیدان توندبکرێت. ھەموو منداڵێکی ئەو ھەرێمە ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئیشکردنی ئاسایی، یان ناتوانێت مرۆڤ بژیەنێت، یاخود ھیچ ئەگەرێکی پێشکەوتنی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی نابەخشێتە خاوەنەکەی. ئەو مۆدێلی دەوڵەمەندبوونەی لە ھەرێمدا دروستبووە، بێنرخکردن و سەندنەوەی ھەموو مانایەکە لە ئیشکردن وەک چالاکییەکی ئینسانی بۆ باشتکردنی ژیان و سەرکەوتن لە ھەرەمی کۆمەڵایەتیدا. ئەم دۆخەش تێکەڵ بەخراپیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دابیننەکردنی لانی ھەرەکەمی دڵنیایی لە ھیچ بواتێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ژینگەیەکی تەواو نائومێدکەری دروستکردوە.
سێھەم: نەک تەنھا ئیشکردن سەرچاوەی دەوڵەمەندبوون و گۆڕینی پێگەی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو خوێندن و بڕوانامەش لەوەخراون ئامرازی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیبن. ئەوەی لە ھەرێمدا ڕوویداوە کۆتاییھاتنی سیستمی خوێندن و فێربوونە وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی ژیانێکی باش و بەخشینی ئومێد بە جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی. ئەمەش بێئومێدکردنی سەدان ھەزار خوێندکارانەی لێکەوتۆتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی لە قوتابخانە حکومییەکاندا دەخوێنن. دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەوەدا سەرکەوتون کۆتایی بە سەردەمی جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتی لەڕێگای بڕوانامە و خوێندنەوە بھێنن، لە کاتێکدا بە درێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە خوێندن و بڕوانامە یەکێک لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی بووە. دەسەڵاتداران شوێنی خوێندن و فێربوونیان بەڕادەی دوور و نزیکی لە بنەماڵە سوڵتانییەکانەوە پڕکردۆتەوە..
چوارھەم: لەناو ئەو ژینگە شێواوەدا وەڕسبوونێکی گەورە لە دەموچاوە سیاسییە تیکرارەکان و لە بکەرە سەرەکییە دووبارەکان دروستبووە کە ھەندێکیان نزیکەی پەنجا ساڵە لە ھەمان پێگەی دەسەڵاتدان. زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێمەکە، لەڕێگای بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانەوە، ئەم وەڕسبوون و حەوسەڵەنەمانەی چەندانجار بەھەموان نیشانداوە. گواستنەوەی دەسەڵاتیش لە باوکەکانەوە بۆ منداڵەکان و بەدەسەڵاتدار و بەحوکمڕانبوونی ئەو منداڵانەش خەڵکێکی زۆری توڕە و ناڕازیی کردوە. پەنابردن بۆ تەزویر و فشاریش مەسەلەی مانەوەی ئەو دەموچاوانەی سەدانجار ناشیرینتر و دزیۆتر کردوە. ھەموو ئەمانەش لە ژینگەیەکدا بەتاڵ لە کەمترین توانا و میکانیزمی لێپرسینەوەی یاسایی و ئەخلاقیی و بەتاڵ لە کەمترین توانای دەستگۆڕکێی دەسەڵات.
ئەو خاڵانەی باسمکردن بەشێکن لەو ھۆکارە سەرەکییانەی ”پاڵ بە کەسێکەوە دەنێن“ سەرھڵبگرێت و بڕوات. بەڵام کۆمەڵێک ھۆکاریتر ھەن کە خەڵک ”داوەت و بانگدەکەن“ بۆ کۆچکردن. باسکردنی ئەوەیان لەدەرەوەی مەبەستی ئەم نووسنیەدایە.