دەیانتوانی و نەیانکرد!
2021-11-13 19:30:46
پشكۆ نەجمەدین
قسە لەسەر پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەیی نەیارانی فیکر و سیاسەتە لەنێو ماڵی حیزبدا، نەک لەنێوان ماڵی حیزبەکاندا.
بەدرێژاییی ساڵانی خەباتی سیاسی و چەکداریی حیزبەکانی کوردستان، پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەییی نەیارانی ئیدۆلۆگی و سیاسیی حیزبە دژبەرەکان، کارێکی بینراو بوە، بەڵام بۆڕدان و دەمکوتکردنی نەیارانی فیکر و سیاسەت، تا سنورەکانی پاکتاوکردنی جەستەیی، لە چوارچێوەی تەلاری یەک حیزبدا، کەمتر بینراوە و هیچ سەرکردەیەکی باڵادەست و خاوەنبڕیاری هیچ حیزبێک، پڕکێشیی ئەوەی نەکردوە کە نەیارانی فیکریی خۆی، بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی دەستەڵات، هەمو پرەنسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکان ببەزێنێت و تیرۆر یانژی ژەهرخواردیان بکات!
لە تەلاری سیاسی و ڕێکخراوەییی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ناکۆکی و ململانێکان، هەمیشە لە هەڵچون و داچوندا بونە و زۆر جارانیش بە لوتکەی جیابونەوە و دوکەرتبونیش گەیشتون و مەگەر لە سەنگەرە خوێناوییەکاندا، دەنا لە ژورە جیاوازەکانی ماڵی حیزبدا، بە تیرۆری جەستە نەگەیشتون.
لە نێوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بوریدا، لە شاخ و لە جەنگەی خەباتی چەکداریدا، هەڵچونی ناکۆکییەکانی دەرونی کۆمەڵە و یەکێتی، ئێمەی بە جیابونەوە گەیاند! ئێمە و هاوڕێکانمان پەلامار دراین، زیندانی کراین، سوکایەتیمان پێ کرا و حوکمی ئیعدامیش دراین و جێبەجێ نەکرا.
مەلا بەختیار، شێخ عەلیی ڕەوانشاد و من، دو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ و نیومان، لە بێزراوترین زیندانەکانی چیادا بەسەر برد.
کە نەوشیروان مستەفا و ناوەندی کۆمەڵە، لە میانەی پلینۆم و دادگای گاڵتەجاڕیی حیزبییەوە، بۆیان نەلوا و پێیان نەکرا، بەئاشکرا ئیعداممان بکەن، نە ئەوان و نە مام جەلالیش، هەرگیز بیریان لەوە نەکردەوە، بە فێڵ و پلانکاری، ژێربەژێر و پەنامەکێ، لەنێومان ببەن!
ئەوان دەیانتوانی و زۆریش ئاسان بو کە لەو ماوە دورودرێژەی زینداندا، ژەهرخواردمان بکەن و تاوانەکەش لە گەردنی تاوانلێڕژاوی بەعس بنێن! ئەوان دەیانتوانی نارنجۆکێک لە ڕۆژنەی ساپیتەی زیندانەوە، فڕێ بدەن و بکەرەکەیشی ڕەوانەی شار و لای موخابەراتی بەعس بکەنەوە!
نا ئەوان ئەو کارەیان نەکرد!
ئەوان دو سەرکردەی بڕیاربەدەستی بەئەزمون و سیاسەتدیدە بون. ئەوان بیریان لە ئاییندەی یەکێتی و ڕابردوی ئێمە دەکردەوە.
ئەوان پێیان وا بو، ڕەنگە سەردەمێک و ڕۆژگارێک بێت، نەیارە سیاسی و دژبەرەکانی ئێستایان، هێز و توانست و ئەزمونەکانیان، بە ئاقارێکدا ئاڕاستە بکەن، خزمەت بە بزوتنەوەی سیاسیی کوردو یەکێتی بکەن. ئەو ڕۆژگارەی زیندان و ئازاردانی ئێمە، بێ ئەوەی هیچ پاساوێک هەڵبگرێت، سەرکوتکردنی ئازادیی بیروڕا و خنکاندنی نوزەی دیموکراتی بو، کەچی جارێ سەرکردەکان، چاویان لە مێژوی داهاتو دەکرد و هەمو تاڵەدەزوەکانیان نەدەپساند!
لەو ڕۆژگارەدا، لە یەکێتی و کۆمەڵەدا، وێڕای هەمو ناڕازای و ڕەخنە بونیادییەکانی ئێمە و ئاڵای شۆرش، دیسان تروسکاییی جۆرێک لە فیکر و ئاییندەبینی دەبینرا.
ڕۆژگار و سەردەمەکان بەسەر چون. دەستەڵاتی سیاسیی بڕیادەری حیزب، لە ڕابەرە بەئەزمونەکانەوە، بۆ سیاسییە نەزان و بێئەزمونەکان دۆناودۆنی کرد. کاریتە و دارەڕای فیکریی تەلاری حیزب پوکانەوە و هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامە و ئامانجەکان، لە بەرژەوەندیی ئابوری و کۆمپانیاکاندا بزر بون!
یەکێتیی نوێ و هەندەک خاوەنهێزی بڕیاربەدەستی حیزب، بۆ پاکتاوکردنی هەمو لەمپەرەکانی ڕێی گەیشتن بە لوتکەی بێبەرانبەری دەستەڵات، هەمو پرانسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکانیان بە خاک سپاردن و هاوڕێ هەڤاڵەکانی حیزب، هەڤاڵانێک کە سیمبۆلی نێو مێژوی ئەو حیزبە بون و هەن، ژەهرخواردو کردن.
مەلا بەختیار، ڕەنگە ماندوترین و ڕۆشنبیرترین سەرکردە و کاراکتەری نێو مێژوی ئەم حیزبە بێت، کە هەوڵی تیرۆرکردنی لە چوارچێوەی ئەقڵە نەزان و بێئەزمونەکانی ئەم حیزبەدایە، کە دەچێتە خانەی تاوان و دەشێت دادگا، بکەرەکانی سزا بدا.
وای دەبینم ئەم حاڵەتە، تەنیا بەرهەمێکی پرۆسەی "نوێبونەوە" بێت لە حیزبدا و مەترسییەکی گەورەش بێت بۆ مێژوی ڕابردو و ئایندەی ئەم حیزبە.