Draw Media

نه‌وتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بایه‌خی جارانی لای ئه‌مریكا ماوه‌؟

نه‌وتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بایه‌خی جارانی لای ئه‌مریكا ماوه‌؟

2021-11-12 19:52:33


فه‌رهاد حه‌مزه‌ 

لای هه‌مووان ڕوونه‌ كه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست چه‌ندێك ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانی نه‌وت و غاز ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافییه‌كه‌ی كه‌ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا پێكه‌وه‌ گرێ‌ ده‌دات ، سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ش چه‌ندین ڕێره‌وی ئاوی گرنگی وه‌ك ته‌نگه‌ی هرمز له‌خۆ ده‌گرێت . هه‌ر له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه‌ ئه‌مریكا چه‌ندین پلان و پیلانی داڕشت تا جێ‌ پێی خۆی له‌م ناوچه‌ گرنگه‌ بكاته‌وه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و سامانه‌ بێشووماره‌دا بگرێت ، له‌م پێناوه‌دا چه‌ندین شه‌ڕ و شۆڕی ناوه‌ته‌وه‌ چه‌ندین كوده‌تای سه‌ربازی ئه‌نجام داوه‌ .تاقه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا دابینكردنی ئاسایشی وزه‌یه‌ به‌ مانایه‌كی تر ده‌ست كه‌وتنی وزه‌ی نه‌وت و غاز به‌ نرخێكی گونجاو كه‌ توانای كێبركێی پیشه‌سازی بپارێزێت بۆ خۆی و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ په‌یمانی ناتۆ به‌مه‌ش ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ دۆلاری ئه‌مریكی بهێڵێته‌وه‌ هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ دانانی نرخی نه‌وت به‌ دراوێكی تر هێڵی سووره‌ بۆ ئه‌مریكا ناكرێت چاوی لێ‌ بپۆشرێت .
له‌ دوای دابه‌زینه‌ مێژوویه‌كه‌ی نرخی نه‌وت له‌ ساڵی 2008 تێبینی ده‌كه‌ین تێڕوانینی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست وه‌ك خۆی نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ ، لێره‌دا سێ‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی له‌ ئارادایه‌ وای له‌ ئه‌مریكا كردووه‌ كه‌متر پشت به‌ نه‌وتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ببه‌ستێت كه‌ ئه‌مانه‌ن :-
1-دابه‌زینی خواستی ناوخۆ و كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌كاربردنی نه‌وت. 
ئاشكرایه‌ كه‌رتی گواستنه‌وه‌ كه‌ زیاتر ئۆتۆمبێل ده‌گرێته‌وه‌ 70% ی به‌روبوومه‌ نه‌وتییه‌كان خه‌رج ده‌كات به‌ڵام ئێستا ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی به‌ بڕێكی زۆر بازاڕی داگیر كردووه‌ جێگه‌ی به‌نزین و دیزلی گرتۆته‌وه‌ . له‌ راپۆرتێكی رێكخراوی ئۆپیك دا هاتووه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ساڵی 2040 دا ڕێژه‌ی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی بگاته‌ 13% هه‌موو ئۆتۆمبێلی جیهان كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر خواستی نه‌وت به‌ بڕی 3 ملیۆن له‌ رۆژێكدا كه‌م ده‌كاته‌وه‌ . ئاژانسی وزه‌ی جیهانی  (EIA) كه‌ ئاژانسێكی ئه‌مریكییه‌ له‌ راپۆرتێكیدا هاتووه‌ :-
له‌ ساڵی 2007 پێویستیمان به‌ 21 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌بووه‌ به‌ڵام له‌ ساڵی 2011 رۆژانه‌ 19 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتمان به‌كار هێناوه‌ ، ئاژانسه‌كه‌ راشیده‌گه‌یه‌نێت داواكاری له‌سه‌ر نه‌وت له‌ ئه‌مریكا گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌ ساڵانه‌ به‌ ڕێژه‌ی 1% دا ده‌به‌زێت .
2- به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ 
ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ی پیاده‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی نوێوه‌ نه‌وتی به‌ردین به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ساڵانه‌ بڕی 200 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا زیاد ده‌كات . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌رهه‌می غازی به‌ردین كه‌ ئه‌ویشیان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ ، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ وای له‌ ئه‌مریكا كردووه‌ به‌ رێژه‌ی 50% كه‌متر متمانه‌ بكاته‌ سه‌ر نه‌وتی هاورده‌كراو .
3- به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ له‌ نیوه‌ی رۆژئاوایی گۆی زه‌وی 
شان به‌ شانی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی ئه‌مریكا بری به‌رهه‌مهێنان له‌ چه‌ند وڵاتێكی تری كیشوه‌ری ئه‌مریكا زیادی كردووه‌ كه‌ به‌رازیڵ و كه‌نه‌دا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێن به‌ جۆرێك له‌ 5 ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ دوو هێنده‌ی ئه‌و بڕه‌ی ئه‌مریكا له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست (سعودیه‌ و عێراق و كوێت ) ده‌یكرێت .
سه‌رباری كه‌مبوونه‌وه‌ی بایه‌خی نه‌وتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ لای ئه‌مریكاوه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌مریكا نایه‌وێت به‌یه‌كجاری ده‌ست به‌رداری بێت و گۆره‌پانه‌كه‌ به‌ جێبهێڵێت به‌ڵكو ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی كه‌میش بێت بمێینێته‌وه‌ تا رَێگری له‌ چین و رووسیا بكات له‌ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه‌ و لاسه‌نگ بوونی ته‌رازووی هێز به‌ لایاندا . هێشتا ئه‌مریكا پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ ئاسایشی وزه‌ بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی مسۆگه‌ر بكات ، مانه‌وه‌یه‌كی رووكه‌شیش به‌ پێویست ده‌زانێت تا وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت نه‌كه‌ونه‌ ژێر ره‌حمه‌تی چین و رووسیاوه‌ . به‌ جێهێشتنی ئه‌فغانستان و  كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراقدا و ئاماژه‌ دان به‌ كشانه‌وه‌ له‌ سوریا هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن بۆ كه‌م بایه‌خبوونی نه‌وتی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ لای ئه‌مریكاوه‌ .

 

* كۆمپانیای نه‌وتی باكوور

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand