کۆچ و بیانوو داتاشین بۆ شکست
2021-11-11 15:12:35
کاوە محەمەد
لەمێژوودا ئەو دەسەڵاتانەی بە شۆڕش و راپەڕین و کودەتا رۆژیان ئاوابووە، ئەو دەسەڵاتە بێ گوێ و نابینایانە بوون کە هەمیشە خەریکی داتاشینی بیانوو بوون بۆ شکستەکانیان، بەردەوام لەهەوڵی کارخانەسازیی دروستکردنی دوژمنی وەهمی و فڕێدانە دەرەوەی کێشەکان بوون..ئێ بەدڵنیاییەوە ئەوان کە هەمیشە خۆیان لەباجی چاکسازیی دەدزنەوە، کێشەکان لەسەر یەک کەڵەکە دەبن و رۆژ بە رۆژ نیگەرانی و ناڕەزاییەکان زیاتر و بەرفراوانتر دەبن، تا ئیتر خەڵک دەگەنە ئەوپەڕی بێ ئومێدی و جگە لەتەقینەوەی جەماوەری هیچ دەرەتانێک لەبەردەمدا نامێنێت..نموونەکانی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکانی مێژووی نزیکی ناوچەکە لەبەرچاون، ئەگەر دەسەڵاتێک هەبێت چاو و گوێی هەبێت و ئامادەگی سیاسی و ئەخلاقی ئەوەی تێدابێت کە پەندیان لێ وەرگرێت. بەڵام جێی سەرنجە کە زۆربەی ئەو دەسەڵانانە لەیەک دەچن و هەمان جیناتی کەڕی و کوێری لەکرۆمۆسۆمەکانیاندا بوونی هەیە، هەر بۆیەشە هەمان چارەنووسی نغرۆبوونیان بە نسیب دەبێت.
جێگەی داخە کە دەسەڵات لەهەرێمی کوردستانیش هەمان مۆدێل و کۆپی ئەو تایپەیە لەدەسەڵات و لەساڵی (١٩٩١) ەوە تا ئێستا، ساڵ بە ساڵ لەئاست ئەو هەموو کێشە و قەیرانانەی یەخەی هەرێمیان گرتووە، کوێرتر و کەڕتر دەبن و کەمترین شەهامەتی سیاسیان نیە کە دان بە شکستە یەک لەدوای یەکەکانیاندا بنێن و لەخاڵێکدا ستۆپ بە گالیسکە شەقوشڕەکەی حوکمڕانیان بکەن و خەمی کورسی و دەسەڵاتدارێتیان بە خەمی نیشتیمان و هاونیشتیمانیان بگۆڕنەوە. نوێترین نموونە؛ ئەو پاساوە بێ لەزەتاتەیە کە بۆ کۆچی بە لێشاوی خەڵک بۆ سنوورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا دەیهێننەوە و جارێک پەکەکە و جارێکی تر بەغدا و تەنانەت خودی کۆچکردووانی دەستی نەهامەتیەکانیش تۆمەتبار دەکەن کە هۆکارن، تەنها خۆیان نەبێت، وەک ئەوەی ئەو خەڵکە داماوە بەدوای خۆشیەکانی ژیان کەوتوون، نەک لەدەست بەدکاری و بێدادییەکانی ئەوان سەریان هەڵگرتبێت و ئەو رێگایەی هات و نەهاتیان هەڵبژاردبێت. ئەمەش دیسانەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێتەوە کە تەنها تەقینەوەی جەماوەری لەبەردەم خەڵکدا ماوەتەوە، چونکە روژ بە رۆژ تارمایی نائومێدی تاریکتر و بەرفراوانتر دەبێت و ئەم دەسەڵاتە نابەرپرسیار و بێ بێ باکە هیچ بژاردەیەکی تر بۆ خەڵک ناهێڵێتەوە کە پەنای بۆ ببەن و تینوێتیی چاوەڕوانیان بشکێنێت.