Draw Media

کۆچی نوێی کوردی باشورو پێچەوانەبونەوەی ترسناکی ئاماژەکان

کۆچی نوێی کوردی باشورو پێچەوانەبونەوەی ترسناکی ئاماژەکان

2021-11-11 10:26:57


ئەبوبەكر عەلی 

دیمەنی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی کوردستانی باشور لەسەر سنورەکانی پۆڵەندا، جگەلەرووە سۆزداری وئینسانی وناخھەژێنەکەی، جارێکی تر، بەڵام بەجۆرێکی جیاوازو خەمھێنەر، ھەرێمی کوردستان وکوردی کردەوە ڕۆژەڤی سیاسەت ومیدیای جیھانی  وبەتایبەتیش خۆرئاوا.
 بۆیە دەشڵێم جیاوازو خەمھێنەر، چونکە ئەگەر کۆڕەوی کوردی باشور لەسەرەتای نەوەدەکاندا، بوو بێتە سەرچاوەی لالێکردنەوەی جیھانی وسەرنج ڕاکێشانی ناوەندە جیھانییەکان وچەندین دەوڵەت وڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مەرگەسات وچەوساندنەوەی مێژوویی کوردی ئەم پارچەی کوردستان بەدەست ڕژێمە سەرکوتکەرەکان و لەوانەش بەعسەوە، ھەروەھا ھاوسۆزییە مرۆییەکە لەگەڵ گەلی دەربەدەرکراوی کوردستان، دەرھاویشتەی سیاسی   بەقازانجی  مەسەلەی کوردستانی لێکەوتبێتەوە، وەك مەسەلەی گەل ونەتەوەیەکی بێ دەوڵەت وسەرکوتکراوو پەلاماردراوی خۆرھەڵاتی ناوەراست، بەکردەوەش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھێنابێتە سەر خەت بۆ دروستکردنی نەوای ئارام، کەبووە سەرەتاو زەمینە سازکەر بۆ ھاتنەکایەی ھەرێمی کوردستان،
ئەوا کۆچی  بەکۆمەڵی ئەمجارەیان بەتەواوی پێچەوانەی ئەو  ئاماژەوئەرك ووێنایەیە؟!
لەکاتێکیشدا کۆچی بەشێکی دیاریکراو لەدانیشتووانی ھەرێمە،    بەڵام لەھەندێ ڕوەوە، کاریگەری کۆڕەی ھەیە. بەحوکمی تێپەڕاندنی دۆخی کۆچکردنی تاکەکەسی وگروپیی بچوك وتێکەڵبوونی  مەسەلەکە بەململانێی نێوان دەوڵەتان ووێناکردنی وەك کارەساتێکی مرۆیی خەمناك.
گۆڕەوی یەکەم مرۆڤ وگەلی کوردستانی وەك قوربانی دەستی ڕژێمێکی داپڵۆسێنەر نیشانی جیھان دا، خۆرئاواش وەك ھاوسۆزی مرۆیی وڕێگرتن لەشاڵاوی پەنابەران وکارتی فشار بەسەر ڕژێمەوە، دروستکردنی نواو پەنای حەسانەوەی بەبەرژەوەندی خۆی دەزانی، ئەوەشی لە  بیربوو کەجەنگی خۆی دژ بەڕژێم ڕۆڵی لەم ئاوارە کردنەدا ھەبووە.
لەکاتێکدا کۆچی بەکۆمەڵی ئەمجارە واوێنا دەکرێت: ڕاکردنە لە ژێر  گەندەڵی وبێکاری وناعەدالەتی وھەست بەترس لەسایەی دەسەڵاتێکی خۆماڵی کوردیدا؟! پەیامی یەکجار خراپیشی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە،
لەوانەش:
١- لاوازبوونی زیاتری شەرعیەتی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان وکەمبونەوەی پشتیوانیە نێو دەوڵەتیەکەی. بەحوکمی ڕەچاونەکردنی پێوەرە کان وژێرپێدانی بەھاکان ونەبوونی دەوڵەت وھێزی تر بۆ چاولێپۆشینی ھەلپەرستانەی خۆرئاوا.
٢- وێناکردنی وەك ھەرێمێکی شکستخواردوو لەڕوی ئابوری وسیاسیەوە، کەتوانای چارەسەری کێشەکانی نیەو بەشێکی بەرچاو لەخەڵکەکەی و بەتایبەتیش لاوان،  ئاسۆیەکی ڕون بۆ خۆیان نابینن.
٣- وێناکردنی ھەرێم وەك دورگەیەك بۆ  سنوردارکردنی  ئازادی وڕەچاونەکردنی پێوەرەکانی ئازادی ڕادەربڕین وھەڵسورانی مەدەنی.
٤- وێناکردنی ھەرێم وەك ئۆردوگاو مەڵبەندێکی زۆرلێکرد وناعەدالەتی وگەندەڵی خراپ سودلێوەرگرتنی توانا ئابورییەکان لەلایەن دوو پارت وبنەماڵەی سیاسیەوە.
٥- پاشەکشەی زیاتری پرسی کوردو متمانە بەناسیۆنالیزمی کوردی لەوەی بتوانێت جێگرەوەیەکی دیموکراسیترو دادپەروەرتر بۆ ڕژێمە باڵادەستەکانی ناوچەکە پێشکەش بکات.
 ڕەنگە ھەندێك لەم نێوەندەدا بڵێن: خودی ئەم ڕوداوە وا لەخۆرئاوا وئەوروپا دەکات، لەسۆنگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان وڕێگری لەشاڵاوی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان، ئاوڕێکی زیاتر لەھەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆئەوەی بتوانێت بەسەر کێشەکانیدا زاڵبێت وبارەئابوریەکەی باشتر بکات وڕێگە لەکۆچی بەکۆمەڵی گەنجەکانی بگرێت؟ ئەوگێڕانەوەش لەحکومەتی ھەرێم ونوخبەی حوکمڕان قبوڵ بکات کەدەڵێت: بەغدا سەرچاوەی کێشەکانە؟
بەڵام لەگەڵ بوونی ھەندێك لۆژیك لەم بۆچونەدا، چەندین ھۆکارھەن ڕێگرن لەوەی شتێکی لەم جۆرە بەشێوەك ڕوبدات،  کاریگەری بەسەر دۆخەکەوە دیار بێت، لەوانەش:
١- نائومێدبونی خۆرئاوا لەنوخبەی دەسەڵاتداری ھەرێم لەوەی توانای چاکسازی جددی مابێت؟
٢- ئاگاداربونی دەوڵەتانی خۆرئاوا بەواقیعی ھەرێم وقەبارەی گەندەڵی وخراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکان وچۆنێتی بەکارھێنانی دادگاکان ومامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی چەك وپارە.
٣- زانیاری وقەناعەتیان دەربارەی قوڵیی ناکۆکی وبوغزە سیاسییەکان وقورسیی پرۆسەی گەلسازی ودروستکردنی ناسنامەیەکی نیشتیمانیی ھاوبەش وبیناکردنەوەی ھەرێمێکی بەھێزو یەکگرتوو
٤- ناڕەزایەتیان لە جۆری مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ڕۆژنامەنوس وچالاکوانان وئەوکێشانەی بۆ ئازادی ڕادەربڕین وبەشداری مەدەنی، بەتایبەتیش لەبادیناندا ھاتۆتە پێشێ. کەھاوکات بوونی لەگەڵ ئەم کۆچەچە بەکۆمەڵەدا، قەوارەی زیانگەیاندنی بەناوبانگی ھەرێم چەندقات کردەوە.
ھەموو ئەوە پێمان دەڵێت: ئەوەی دەیبینین بەشێکە لەدەرھاویشتەی کێشە کەڵەکەبووەکان، ئەگەر دۆخەکەش بەم جۆرەی ئێستا درێژە بکێشێت، ناکۆکی وگەندەڵی وناعەدالەتی وقەیرانەکان بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بن، دەبێت بترسین لەوەی، سەری لەڕوخانی قەوارەی ھەرێم وگەورەترین کارەساتی مێژویی نەتەوەیی نوێمانەوە دەربچێت. چونکە بەدەستی خۆمان کەرەسەی ئیدانەکردن و پاساوی ھەڵوەشاندنەوەو چەقۆی سەربڕینمان داوەتە دەست دوژمنەکانمان، ئەوانەی بوونی ھەرێمی کوردستان بۆتە مۆتەکەی سەرسنگیان وبەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ کۆتایی پێھێنانی. کارەساتیش ئەوەیە: ئەگەرێکی لەوجۆرە بەرەنجامی شکستی نێوخۆییمان بێت، نەك ھێزو چنگاڵی خوێناوی ئەوان. بەحوکمی ئەوەی سوێکەی قوڵترو ھەڵسانەوەش قورستر دەکات.  واچاکە  لەوپەیامەش تێبگەین کە ھەرێم، لەقەراغی مەرگی ئەخلاقی ومەعنەوی خۆیدایە؟
جا نازانین ھیچ سەرکردەو نوخبەیەك ھەیە لەم پەیامە تێبگاو ڕایچڵەکێنێت، یاخود ئەزموونی دوایەمین خەلیفەی عەبباسی لەبەردەم شاڵاوی مەغۆلەکان دووبارە دەکەنەوە؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand