شکستەکەی بزوتنەوەی گۆڕانو ئایندەی گۆڕانکاری
2021-10-28 10:17:29
د. شۆڕش حاجی
بزوتنەوەی گۆڕان لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا دوچاری شکستێکی گەورە بوو نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بێنێ. بەدەست نەهێنانی هیچ کورسییەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلایەن گۆڕانەوە دەرەنجامی نائومێدی خەڵکی باشوری کوردستان بو بە بزوتنەوەی گۆڕان، کە پێشتر سەدان هەزار هاوڵاتی پشتیوانیان لێکردو ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیبو. ئەم چەند دێڕە وەک ئەرکێکی ئەخلاقیو لە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتییەوە وەک هەوڵێکی بچوک ئامادە کراوە بەهیوای ئەوەی هزری گۆڕانخوازیو خەباتی مەدەنییانەی خەڵک لەپێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانیو شێوازی بەڕێوەبردن لە باشوری کوردستان نەگاتە بنبەست. چونکە ئەگەر هیچ نەکرێو خەڵک بە تەواوی نائومێد بێ ئەوا ئەم هەلومەرجە سیاسییە چەقبەستووە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بەردەوامو ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووەش بێباکتر دەبێ. بۆیە ئەرکی هەمو ئەوانەیە، کە هاوڵاتیانی هەرێم بە شایستەی ژیانێکی باشتر دەزانن بەشدار بن لە گێڕانەوەی ئومێد بۆ خەڵکی کوردستانو هەڵکردنی مۆمی هیوای دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ هاوڵاتیان، چونکە هەمو هەنگاوێک بەئاراستەی دانانی نەخشەی سیاسیو هەوڵی گۆڕانکاری پێویستی بە بونی هیواو ئومێدی سەرکەوتنە.
لەئێستادا ئەگەر گۆڕانخوازان نەخشەو پلانێکی تۆکمە دانەنێن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، ئەوا تروسکەی هیوای خەڵك بە گۆڕانکاری خامۆش دەبێو ئەرکی داهاتوش قورستر دەبێ. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا ئەم کارە چۆن بکرێ؟ هەروەها دەبێ بپرسین کێ دەتوانێ کار بۆ هەستانەوەی ئەم جوڵانەوەیە بکا؟ ئایا بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان، کە جوڵانەوەکەیان توشی ئەم شکستە کرد، دەتوانن ئەم ئەرکە قورسە بگرنە ئەستۆ؟ یاخود شانازیی گۆڕینی ئەم شکستە بە سەرکەوتن بەر خەڵکی تری دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان دەکەوێ؟
ئەم کارە، بە بڕوای ئێمە، دو لایەنی هەیە، یەکێکیان هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕانەو بەشەکەی تری کۆکردنەوەی هەمو ئەو هێزە سیاسیو گروپو کەسانەیە، کە بڕوایان بە گۆڕانکاری هەیە لە باشوری کوردستان، لە چوارچێوەی پەیکەرێکی رێکخراوەیی گونجاوو بەشێوازێکی کارکردنی نوێو گرتنەبەری سیاسەتێکی تەندروست بە ئاراستەی گۆڕانکاری ریشەیی.
ئەوەندەی پەیوەندی بە بەشی یەکەمی ئەم کارەوە هەیە، ناکرێ بیر لە پرۆسەی هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێتەوە بەبێ دیاریکردنو چارەسەرکردنی ئەو فاکتەرو روداوانەی بونە هۆکاری ئەم شکستە.
زۆر هۆکاری خۆییو بابەتی لەپشتی شکستی بزوتنەوەی گۆڕان بو، بەڵام گرنگترین ئەو فاکتەرانەی بونە هۆی ئەوەی دەنگدەرانی کوردستان دەنگ بە بزوتنەوەی گۆڕان نەدەن ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم/ بەشداریکردنی شەرمنانەی گۆڕان لە کابینەی نۆی هەرێم، کە تێیدا گۆڕان چەند پلەو پۆستێکی بۆ بەرپرسو هەڵسوڕاوەکانی خۆی وەرگرت، بێ ئەوەی بتوانێ هیچکام لە بەڵێنو پەیامەکانی جێبەجێ بکاو ببێ بە شەریکی راستەقینە لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم کابینەیە. بەڵام هاوڵاتیانی کوردستان بزوتنەوەی گوڕانیان وەک شەریکی دەسەڵات حساب کردو لە دروستبونی ئەو قەیرانانەی کە ئەمڕۆ هاوڵاتیان بەدەستیەوە دەناڵێنن گۆڕانیشیان بە هەمان ئەندازەی پارتیو یەکێتی بە تاوانبار حساب کرد. بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبونیدا خۆی وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنو رەخنەگرێکی جیدیو داواکارێکی مکوڕی گۆڕانکاری بە خەڵک ناساند. بۆیە دەنگدەرانی کوردستان بڕیاری بەشداریکردنی ئەمجارەی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە حکومەت، دوای دەرکردنیان لە کابینەی پێشو وەک پەشیمانبونەوە لە پەیامەکانیانو پشتکردن لە داواکارییەکانی خەڵک لێکدایەوە.
دوەم/ دروستکردنی هاوپەیمانیێتی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردن لەدوای رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چونە حکومەتی هەرێم بە کارێکی باش بۆ گۆڕان نەشکایەوە. چونکە ئەو هەنگاوەش پێچەوانەی ئەو پەیامەی پێشوی گۆڕان بو، کە خۆی بە نەیارو جێگرەوەی پارتیو یەکیێتی دەزانیو خەڵکیش چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرد.
سێیەم/ گوێنەگرتنو بێباکی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەرامبەر هەمو ئەو دەنگە ناڕازییانەی لەناو بزوتنەوەکە بەرز دەبونەوە. هەروەها ئاشت نەکردنەوەی ئەو هەڵسوڕاوانەی نیگەران بونو لە بزوتنەوەی گۆڕان دورکەوتنەوە. بەمەش چەندین کۆڵەگەی گرنگی تەلاری گۆڕان کەوتو جوڵانەوەکە لە توانای کارکردنو قورساییو خۆشەویستی ئەوانە لە ناو خەڵک بێبەش بو. سەرەڕای ئەوە، ئەم حاڵەتە پەرچەکردارێکی وای لەلای هەندێ لەو ناڕازیانە دروست کرد ناچار بن کەموکوڕییەکانی گۆڕانو رەخنەکانیان بەئاشکرا بخەنە ناو سۆشیال میدیا. بەمەش خەڵک بە کەموکوڕییەکانی گۆڕان ئاشناتر بو. سەیر لەوەدایە کە دەسەڵاتدارانی گۆڕان لەگەڵ دو هێزە سەرەکییە نەیارەکەیان – پارتیو یەکێتی – دوای گفتوگۆیەکی زۆر رێکەوتنی سیاسییان واژۆ کرد، بەڵام ئامادە نەبون گوێ لە هاوڕێکانی خۆیان بگرنو لەگەڵیان بگەنە ئەنجامێکی باش.
چوارەم/ کێشەی تەوریسی سیاسیو گواستنەوەی موڵکداریی گردی زەرگەتە بۆ سەر کوڕەکانی کاک نەوشیروان گومانو پرسیاری گەورەی لەلای دەنگدەران دروستکرد. کاک نەوشیروان کە لە ژیان دابو لە ناو خەڵک بەوە ناسرابو کە دژی تەوریسی سیاسی بوەو موڵکوماڵ بەلای ئەوەوە گرنگ نەبوە، بەڵام ئەو هەنگاوەی کوڕەکانی کاریگەری خراپی لە سەر رای خەڵک بەرامبەر ئەو زاتە دروست کرد. موڵکداری گردی زەرگەتە لە سەردەمی کاک نەوشیروان کێشە نەبوو گردی زەرگەتەو کۆمپانیای گاسن، کە موڵکی کۆمپانیای وشە بون، بۆ بەرژەوەندی بزوتنەوەکە بەکاردەهێنرا. چونکە ئەو لە یەک کاتدا خاوەنی کۆمپانیای وشەو رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بو. کوڕەکانی کاک نەوشیروان لە دوای کۆچی دوایی باوکیان هیچ پۆستێکی فەرمیان لە ناو گۆڕاندا نەبو، بەڵام خەڵک ئەوانی بە بڕیاردەری سەرەکی، پشتی پەردە، لە ناو گۆڕان دەزانی. بەمەش زۆربەی دەنگدەرانی گۆڕان بە هەمان چاوی پارتیو یەکێتی تەماشای بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد. دەبو دوای نەمانی کاک نەوشیروان پەیوەندی نێوان کۆمپانیای وشەو موڵکوماڵەکانیو کوڕەکانی کاک نەوشیروان لەگەڵ جوڵانەوەکە رێک بخرایە. چەند جارێک ئەو داوایە خرایە بەردەم جڤاتو خانەو رێکخەری گشتی، بەڵام هیچ هەنگاوێک بەئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەنرا.
پێنجەم/ پەیکەری رێکخراوەیی گۆڕانو جڤاتی نیشتمانی وەک باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردان لە ناو گۆڕان لە دوای نەمانی کاک نەوشیروان نەیانتوانی وەک پێویست رۆڵی خۆیان ببینن، کە خۆشم یەکێک بوم لەوان. ئەم پێکهاتەیە لە سەردەمی کاک نەوشیروان کێشە نەبو، چونکە کاک نەوشیروان وەک کەسایەتییەکی بەهێزو بەئەزمون خۆی داڕێژەری سیاسەتو ستراتیژی گۆڕان بو. بەڵام دوای نەمانی ئەو، ئۆرگانەکانی گۆڕان – بەتایبەتی جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنو رێکخەری گشتی لە روی تواناو بڕیاردانەوە لە ئاست ئاڵنگاری ئەو سەردەمەو پێشهاتەکاندا نەبون. بۆیە بیرکردنەوە لە هەر نەخشەیەک بۆ گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ داڕشتنی پەیکەرێکی تری گونجاو بۆ جوڵانەوەکە، کە تێیدا دامەزراوەکانی گۆڕان بتوانن ژیرانە سیاسەتی گۆڕان داڕێژنو ئۆرگانەکانی گۆڕان بڕیاری کۆتایی بدەن، هەوڵێکی بێ ئەنجامو کارێکی شکستخواردو دەبێ.
چارەسەرکردنی ئەو کێشانەو بنبڕکردنی ئەو هۆکارانەی بونە هۆی شکستی گۆڕان لە هەڵبژاردندا، ئەگەر بکرێ دەکرێ بکرێنە یەکێک لەو رێگاچارانەی ئومێدی گۆڕانکاریو هیوای سەرکەوتن لەلای خەڵک دروست بکاتەوە. دەستلەکارکێشانەوەی رێکخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەراندن دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ١٠ی ئۆکتۆبەر، دەکرێ بکرێتە هەنگاوی یەکەم لە هەوڵی گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە بزوتنەوەی گۆڕان. بەڵام دەستێوەردانی ئەوان لە دەستپێکی نەخشەی کاری ئایندەی گۆڕان یان ساردبونەوەی هەڵسوڕاوان لە هەنگاونان بە ئاراستەی هەستانەوەی گۆڕان نیشانەیەکی تری بێباکیو هەستنەکردن بە بەرپرسیاریێتی دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕانە بەرامبەر ئەم شکستە گەورەیە. بەمەش ئومێدی سودوەرگرتن لە رابردوو هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەش زیندە بەچاڵ دەکرێ.
بەشی دووەمی نەخشەی گێڕانەوەی ئومێدی هاوڵاتیان بە هزری گۆڕانخوازی بریتیە لە کۆکردنەوەو رێکەوتن لەگەڵ هەمو ئەو تاکو گروپو هێزانەی لەخەمی خاکو خەڵکی کوردستانو بەدیهێنانی گۆڕانکاری دان بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان، لە چوارچێوەی پەیکەرێکی هاوپەیمانیدا کە کارو بڕیاردانی بەکۆمەڵ کرۆکی کارکردنیان بێو هەمویان بتوانن لە سەر ئەجێندایەک رێک بکەونو ببنە بەرەی خەڵک لەبەرامبەر دەسەڵات. بۆ ئەوەی ئەو بەرە نوێیە متمانەی خەڵک بەدەستبێنێ، وا چاکە بەڵێن بەخەڵکی کوردستان بدەن کە تاکو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نەبن بە زۆرینەو نەتوانن خۆیان حکومەت پێک بێنن بەشداری لە هیچ حکومەتێک ناکەن، بەڵکو وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی مەدەنی کار دەکەن بۆ هوشیارکردنەوی هاوڵاتیانو چاودێریکردنی حکومەتو خۆئامادەکردن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات.
خۆ ئەگەر بەشی یەکەمی ئەم پلانە، کە تایبەتە بە ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان نەگاتە ئەنجامو سیحری گۆڕان بەو شێوەی کە جاران هەبو، لەلای خەڵک بەتاڵ بوبێتەوە، ئەوا گۆڕانخوازانو ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان کە سورن لەسەر درێژەدان بە هەوڵی گۆڕانکاری دەتوانن ببن بە هەوێنی کۆکردنەوەی هەمو ئەو تاکو گروپو هێزانەی کار بۆ ئاییندەیەکی گەش بۆ خەڵكی کوردستان دەکەنو بە ناوێکی ترو پەیکەرێکی رێکخراوەیی ترەوە بەرەی گەڵ لە بەرامبەر دەسەڵات پێکبهێنن.