Draw Media

ئێران ئەنجامی هەڵبژاردنی یەکلاکردەوە

ئێران ئەنجامی هەڵبژاردنی یەکلاکردەوە

2021-10-18 17:38:57


ئارام مەحمود
موبارەکەی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و وەسفکردنی بە پرۆسەیەکی سەرکەوتو، دەلالەتێکی ڕوونە بۆ تێپەڕاندنی ئەنجامەکان بەمشێوەیەی ئێستا و، نەگەڕانەوە بۆ پێش دەی تشرین.
تاران بەم پەیامە ئەوەی گەیاند، ڕازییە بە ئەنجامەکان و، گواستنەوەی ڕابەڕایەتیکردنی هێزە وەلائییەکانی، لە هادی عامرییەوە بۆ نوری مالیکی، ڕەنگە ئەوەش کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هەبێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆ:

1_ مالیکی لەماوەی ڕابردوداو، لە زیاد لەقۆناغێکی هەستیاردا ڕێگر بووە لە تەقینەوەی کێشەکانی نێوان گروپە چەکدارەکان و مستەفا کازمی، کە ئەم پرسە بۆ ئێران و ئەمریکاش، مەسەلەیەکی ئێجگار گرنگ بووە.
2_ مالیکی زیاتر بە سیاسییەکی لێزان و خاوەن ئەزمون ناسراوە، لەبەرگی پیاوێکی دەوڵەتیدا، بەپێچەوانەی عامری، کە زیاتر لەوێنەی جەنگاوەرێکدا دەردەکەوێ.
3_ مالیکی بەدژێکی سەرسەختی موقتەدا سەدر ناسراوە، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ئاگادار، لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا زۆرینەی ئەندامانی حەشدی شەعبی دەنگیان بەمالیکی داوە، چونکە ئەو بە بەهێزتر دەزانن لەعامری بۆ ڕوبونەوەو ڕاگرتنی سەدر، بەتایبەت لەپرسی دەستبردن بۆ حەشدی شەعبی و داواکانی بۆ تێکەڵاوکردنەوەیان لەگەڵ سوپای عێراق.
4_ پێناچێت ئەمریکاو ئێرانیش هیچیان بیانەوێت، سەدر ببێتە بڕیاردەری تاک تەنها لەپرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەتایبەت ئەو پیاوە بەوە ناسراوە کە هەڵوێستەکانی زۆر جێگیرنین و ناکرێت هیچکامیان وەک دۆستێکی هەمیشەیی تەماشای بکەن، بۆیە قوتکردنەوەی مالیکی لەبەرمیدا، ڕەنگە کارتێکی بەهێزبێت بۆ سنوردارکردنی هەنگاوەکانی داهاتوی سەدر.

 لەدیارترین هۆکارە دەرەکییەکانیش:

1_وێڕایی گەمارۆ و قەیرانی قوڵی دارایی، ئێران لەیەککاتدا گیرۆدەی زیاد لە دۆسییەکی سیاسی بووە، گەرچی لەیەمەن حوسییەکانی هاوپەیمانی لەپێشڕەویدان، بەڵام حزبوڵا لە لوبنان دوچاری کێشەی قوڵبوە، بەهۆی فشاری ڕوسیاو نالەباری دۆخی ئابوریشەوە، تاران ژمارەی چەکدارەکانی لە سوریا لە 20هەزارەوە کەمکردوەتەوە بۆ 10 هەزار.
2_لەسەرو ئەمانشەوە، بەرەیەکی فراوان و خامۆشی دەیان ساڵەی بەرامبەر کراوەتەوە، کە بەدرێژایی سێَ سەدەی ڕابردوو هەرچی هەڕەشەیەک بەرۆکی ئێرانی گرتبێت لەوێوە سەریهەڵداوە، ئەویش بەرەی ڕۆژهەڵاتێتی، بەتایبەت دوای سەرکەوتنی ئازەربایجان، هاوپەیمانی تورکیاو ئیسرائیل لەشەڕی قەرەباغ و گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان.
3_ پەککەوتنی دانوستانەکانی ڤێنناش لەبارەی دۆسیە ئەتۆمییەکەی یەکێکی ترە لە پرسە گرنگەکان.
4_ئەمانە هەموی وایکردووە، تاران لەمەسەلەی عێراقدا زۆر پێداگر نەبێت، پێدەچێت پاداشتەکەی لەکۆمەڵێک دۆسیەی تردا وەربگرێت، کە دیارترینیان سوککردنی گەمارۆی ئابوری و یەکلاکردنەوەی دۆسیە ئەتۆمییەکەی بێت.

لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، ئێران دڵنیایە لەوەی هیچ حکومەتێک لە عێراق بەبێ تەوافوق و سازانی لایەنە سەرەکییەکان پێکنایەت، هێزە هاوپەیمانەکانیشی  لەیارییەکە ناکرێنە دەرەوە، چونکە نە کورد ئامادەیە ببێت بە بەشێک لەناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعە، نە هێزە سونییەکانیش بەکارێکی لەوشێوەیە، بەرەیەک لە شیعەکان ئەکەن بە دوژمنی خۆیان. 
ڕاستە کۆمەڵێک  هێز لەعێراق بە ئاشکرا خۆیان بۆ ئێران یەکلاکردوەتەوەو لەسەر تاران حسابن، بەڵام تەواوی هێزەکانی تریش لەبەرەی بەرامبەر، پەیوەندی قوڵ و ستراتیژیان هەیە لەگەڵ ئێران و، هیچ هەنگاوێک نانێن بەرژوەندییەکانی دورمەدایان لەگەڵ ئەو وڵاتە بخاتە مەترسیەوە.

ساختەکاری

لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، زیاد لەهێزێک بانگەشەی بونی ساختەکاری و دەستوەردانی دەرەکی دەکەن لە هەڵبژاردنەکانی دەی تشرینی ئەمساڵ، بەڵام بۆ کەوتنی تەواوی هێزەکانی نزیک لە ئێران لەهەرسێ پێکهاتەکە(شیعەو سوننەو کورد) واقیع پێمان دەڵێت، دۆخی بابەتیی خۆی هەیە.

1_مەزاجی هاوڵاتیانی عێراق بەگشتی، لەدوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019وە گۆڕانی گەورەی بەسەرداهاتووە، تۆمەتبارکردنی ئاشکرای گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە کوشتنی سەدان خۆیشاندەر و ڕفاندنی دەیان چالاکوانی مەدەنی، کاریگەری گەورەی لەسەر پێگەو ناوبانگی ئەو هێزانە لەشەقامی عێراقی دروستکردوەو، زیانی زۆری پێگەیاندون.

2_خولقاندنی دۆخێکی سیاسی و ئەمنی ناسەقامگیر لە عێراق، لەڕێی موشەکبارانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکاو دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ژیانی نێردە دبلۆماسییەکانی وڵاتان لەبەغداد و هێرشکردنە سەر هەولێر، دیسان چارەنوسی عێراق و عێراقییەکانی خستەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەری کراوە، کە تا هەڕەشەی چۆڵکردن و جێهێشتنی عێراق ڕۆیشت، ئەوەش مەسەلەیەکە کە نەهاوڵاتیانی عێراق بەگشتی و نە زۆێکیش لە هێزە سیاسیەکان بە قازانجی خۆیانی دەزانن، بە تایبەت ئەجێندای پشتی ئەو کارانە بە ئەجێندایەکی ناعێراقی دەزانن، کە ئامانجەکەی فشارکردنە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

3_ ڕێزنەگرتن لەدامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕەمزەکانی و کۆکردنەوەی هێزی چەکدار لەدژیان، لەگەڵ دروستبونی هەر ئاڵۆزییەکدا، ئەوەش مەسەلەیەکە زیاد لەجارێک دووبارە بوەتەوە.

4_لەسەر ئاستی سوننەکانیش، کەوتنی هاوپەیمانی عەزم، دیسان بۆ نزیکی لەبەرەی ئێران و نزیکی لە هێزەکانی نزیکی ئێران لەعێراق دەگەڕێتەوە، کە دیارە ئەمە بۆ زۆرێک سوننەکان جۆرێک لەهێڵی سورەو، بەزاندنی بێ سزا تێناپەڕێت.
5_ لەئاستی هەرێمی کوردستانیش، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بەهێزێکی نزیک لە ئێران ناسراوە، گیرۆدەبونی بەکێشە ناوخۆییەکان زیانی گەورەی پێگەیاندووەو، هۆکارێکی دیارە بۆ کەمبونەوەی دەنگەکانی.

بۆیە هەموو قسەکردنێک لەسەر ساختەکاری، لەچوارچێوەی گریمانەدا ئەمنێتەوە، بەتایبەت کە تائێستا جگە لەهەندێک پێشێلکاری و کۆمەڵێک هەڵەی تەکنیکی و شپرزەبونی کۆمسیۆن، هیچ هێزێک نەیتوانیوە بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری بەشێوەیەکی بەربڵاو بخاتەڕوو، بەجۆرێک ببێتە هۆی گۆڕینی ئەنجامەکان و دورخستنەوەی هەندێک هێزێک لە شانۆی سیاسی.        
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand