هەڵبژاردن و کێشەی حوکمڕانێتیی لە عێراقدا
2021-10-13 18:52:11
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
بە شێوەیەکی گشتیی حوکمڕانێتیی لەسەر دوو جەستە کاردەکات، یەکەمیان جەستەی مرۆڤە وەک تاک و دووهەمیان جەستەی کۆمەڵگایە وەک کۆ. گەر سەردەمی پێش مۆدێرنە سەردەمی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ وەک تاک و کۆمەڵگاش وەک کۆ بووبێت بە تەکنەلۆژیای تەقلیدیی، ئەوا سەردەمی ئێمەی مرۆڤی مۆدێرن لەلایەن ڕژێمێکی نوێوە ئاراستە و کۆنترۆڵدەکرێین کە هێز و توانا نامادییەکەی لە هێزو وتوانای مادییەکەی زۆر گەورەتر و قووڵترە، ئەو ڕژێمەش ناوی ڕژێمی زانیارییە.
بە بۆچوونی فەیلەسوفی ئەڵمانی کۆریی، بیۆنگ چول هان، قەیرانی سەرەکیی دیموکراسیی بریتییە لە نەمانی ڕەهەندی گوێگرتن و کێشەیەی قووڵی سەردەمی دیجیتاڵییش، بریتییە لە کێشەی ونبوون و نەمانی کەسی بەرامبەر بۆ پەیوەندیبەستن و قسەکردن. ئەو ڕای وایە کە لە ڕژێمی زانیارییدا تۆ فەرماندەردەکەیت و دەزگاکەت جێبەجێیدەکات. گەر ئەم بۆچوونە وەربگێڕینە ناو واقیعی کۆمەڵایەتیی خۆمان، دەتوانین بڵێین چەمکی سەرەوەریی و دەسەڵات رەهەندێکی ئایدیۆلۆژیی وەردەگرێت و هەمان وەزیفەی فانۆسە سیحرییەکەی عەلادین جێبەجێدەکات، بەڵام بەشێوەیەکی دیجیتاڵیی و بە تاکەکان دەڵێت تۆ سەروەریت، فەرمانبکەن بۆئەوەی جێبەجێیبکەم و ئارەزووی چیت هەیە بۆئەوەی بۆت دابینکەم. بۆ نموونە سیری ناو ئایفۆنەکەت خۆت دەنگەکەی دیاریدەکەیت مێ بێت یان نێر، وەک سکرتێرێکی گوێڕایەڵ کاروبارەکانت بۆ جێبەجێدەکات. سیری دەتوانێت نامەت بۆ بنووسێت، ئیمەیلی ئەو کەسە بدۆزێتەوە کە دەتەوێت بۆی بنێریت، مۆسیقای دڵخوازت هەڵبژێرێت، ئەو یارییەی دەتەوێت کاتی پێبەسەربەریت بۆت ئامادەبکات، ئەو دەزانێت ئایا کە دەچیتە دەرەوە پێویستت بە چەتر هەیە یان نا، ئەو زۆر شتی تریش دەزانێت، بۆ نموونە دەزانێت ئاووهەوای چەمچەماڵ چۆنە، لەدوا ڕوبەڕوبوونەدا بەرشەلۆنە چۆن یاریکرد و دۆلار بە چەند دینارە و پشکی کۆمپانیاکان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتووە و هتد، سیری هەموو ئەم کارانەت بۆ جێبەجێدەکات بەبێئەوەی گفتوگۆت بکات، پرسیار و ڕەخنەت ئاراستەبکات و گازندە یان جنێوبارانت بکات. بە سمارت هۆمیش دەڵێیت چی کارێکی ناو ماڵەکەت بۆ بکات، گلۆپەکان بکوژێنێتەوە، پەردەکات دابخات، دەرگای گەراجەکەت پێش گەیشتنەوەت بۆ ماڵەوە بکاتەوە، فەرمان بە گسکی کارەباییە سمارتەکەت دەکەیت، پێشئەوەی بگەیتە ماڵەوە ماڵەکەت بۆ پاکبکاتەوە. گەر تەختەی نوستنەکەشت سمارت بێت، دەتوانێت باری تەندروستیت پرۆتۆکۆلبکات و داتاکات بخاتە بەردەست، ئەمانەو چەندین دەزگای دیجیتاڵی ترمان هەیە کە ژیانی بۆ ساکار کردووین و کوردوینی بە بکەرێکی هەستسوڵتانیی. ئەم جیهانە جیهانێکە پڕاوپڕ لە ئازادییەکی ڕەها بۆ کەسی بەکاربەر، بەڵام ئەم کەسە بێئاگایە لەوەی کە لەناو بەندیخانەیەکی دیجیتاڵی گەورەدا دەژیی، بەندیخانەیەک کە وشیارییەکی درۆزنانەی ئازادیی بۆ بەرهەمهێناوین.
زیادکردنی رەهەندی دیجیتاڵیی بۆ هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی لەناو فلاش میمۆرییدا، مانا ئازادیی بژاردەی تاکەکان نییە، بەڵکو دەتوانێت تەواو بەپێچەوانەوە بێت و مانای بەرهەمهێنانی وشیارییەکی درۆزنانەی پرۆسەیەکی بێگەرد و کۆنترۆڵکردنی خواست و ئیرادەی تاکەکان بێت بەبێئەوەی خۆیان بەرامبەر بەو لەسەدەستدانە وشیاربن. هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کێشەی سەرەکیی حوکمڕانێتیی بووە، چونکە هیچ یەکێک لە هەڵبژاردەنەکان پاک و بێگەردنەبوون. مێژووی هەڵبژاردنەکان مێژووی دابەزینی بەشداریی ژمارەی دەنگدەران و دەنگسوتێنەرانە بە شێوەیەکی دراماتیکیی. لەراستییدا مێژووی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا مێژووی دوو تەکنیکی جیاوازی تەزویر بووە، یەکێکیان تەزویری خۆماڵیی و ناوەکییە، ئەوی تریشیان تەزویری بیانیی و دەرەکییە. ئەم دوو تەکینیکەش لە تەزویر یان هێزە سەرەکییەکان کە خاوەن دەسەڵات و چەک و سەرمایەن پێیهەڵساون، یان بە پاڵپشتی مادیی و تەکنەلۆجیی دەوڵەتانی دراوسێ پیادەکراوە و یاری بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان کراوە. هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان مانای سەرەوربوونی تاکەکان و ئیرادەی گەل نییە بەسەر دەسەڵات و حیزب و خێزانە سیاسییەکان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵکو هەڵبژاردن بووە بە چرکەساتی لەدەستدانی سەروەریی و ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگا وەک ئاکتێکی دیموکراسیی لە دواوێستگەی پێشڕاگەیاندنی دوادەرئەنجامەکان.
کێشەی حوکمڕانیی لە عێراق بەپلەی یەکەم بریتییە لەوەی سیاسەت توانای کارکردنی لەسەر جەستەی کۆی کۆمەڵگا نەماوە، بەڵکو کۆمەڵگا بووە بە چەندین پارچەی جوگرافیی کە هەر پارچەی لەلایەن گروپێکەوە حوکمڕانیی دەکرێت و هەر جوگرافیایەکیشی لەلایەن دەوڵەتێکی ئیقلیمییەوە کۆنترۆڵدەکرێت. لە عێراقدا جگە لە کاتیگوریی سوننە و شیعە و کورد، لەناو سوننە چەندین گروپی جیاوازی مەدەنیی و توندتوتیژ و لەناو شیعە چەندین گروپی سیاسیی و چەکداریی فەناتیک و لەناو کوردیشدا دوو هێزی چەکداری سەرەکیی و چەندین گروپی تری چەکدار و بێچەکی تر بە فۆرمی جیاواز و لەناوچەی جیاوازی جوگرافییدا دەسەڵات پیادەدەکەن.
دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستاندا بەبەردەوامیی ئەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییە دەسەلمێنن کە ئیختراقکردنی سیاسیی حیزبەکان بۆ جوگرافیای یەکتری کارێکی زۆر دژوارە. واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی پێماندەڵێت کە چەمکی سەروەریی و حوکمڕانێتیی لە عێراق و کوردستاندا مانا عەقلانییەکانی خۆیان لەدەستبداوە و رەهەندێکی لۆکاڵیی و جوگرافیی و ئەتنیی و تائیفییان وەرگرتووە. لەپاڵ ئەم ڕەهەندەی حوکمڕانێتیی، دەسەڵات لە عێراقدا لەوە کەوتووە مانایەکی نیشتیمانیی هەبێت بۆ سەرەوەریی، چونکە بکەرە سەرەکییەکانی ناو دەسەڵات بە هەموو تەکنیک و تەکنەلۆژیاکانیی کە لەبەردەستدایە ئاراستە و دەستکارییدەکرێن. هەر ئەمەشە وادەکات کە هەڵبژاردن لە عێراقدا چ لە فۆرمە نادیجاڵییەکەی و چ لە فۆرمە دیجاڵییەکەیدا نە ڕەنگدانەوەی سەرەوریی تاکەکان بێت بەسەر ئیرادەی خۆیان و نە دەربڕی ئازادیی بژاردەی سیاسییشیان بێت. گەر ساڵانی رابردوو لە تارانەوە دەستکاریی دیجیتاڵییانەی هەڵبژاردن کرابێت و گەورەیی و بچووکیی کوتلەکان دیاریکرابێت، ئەوا ئەمجارە گومانەکان پێچەوانە بوونەتەوە، چونکە لە ئیمارات داتاکان کۆکرانەوە و هێزە دڵخوازەکانی خەلیج و تورکیا سەرکەوتن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای لاوازبوونی هەیمەنەی ئێرانیی و سەرەتای بەهێزبوونی هەیمەنەی خەلیجی و تورکییە یان داننەنانی گروپە شیعییە توندڕەوەکانە بە نەخشەی سیاسیی نوێ و سەرەتای جەولەیەکی تری ململانێیەکی توندی ناو کۆمەڵگای داوەشاوی تائیفیی و ئەتنیی عێراقییە.