Draw Media

ھەڵبژاردن و پیاوە نادیموکراتەکانی وڵات

ھەڵبژاردن و پیاوە نادیموکراتەکانی وڵات

2021-10-10 13:02:05


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ڕەنگە یەکێک لە قورسترین ئەو پرسیارانەی کە ڕووبەڕووی فیکری ئینسانی بووبێتەوە و ببێتەوە، پرسیاری ئەوەبێت ئایا کۆمەڵگا چۆن ئیشدەکات؟ چۆن پەیوەندییەکانی دادەمەزرێنێت و پەرەپئەدات و ڕێکدەخات؟ ئەی چۆن کۆمەڵگا دەمێنێتەوە و تازەدەبێتەوە و دەگۆڕێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە کارێکی ئاسان نییە، یەکێک لەو ھۆکارانەی وادەکات وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە قورسبێت، ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە پرسیار دەربارەی کۆمەڵگا پرسیار نییە دەربارەی مرۆڤ وەک تاکەکەس، باس لەم یان لەو تاکەکەسی تایبەت ناکرێت، بەڵکو باس لە مرۆڤ دەکرێت وەک کۆ، باس لە مرۆڤەکان دەکرێت، باس لە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و لەگەڵیەکدا ژیان و دروستکردنی ڕووبەر و ژیانی ھاوبەش دەکرێت، باس لەوەدەکرێت چۆن مرۆڤەکان جیھان لەگەڵیەکتردا بەشدەکەن.  خاێکی تری زەحمەتبوونی وەڵامدانەوە ئەوەیە"کۆمەڵگا" یەک فۆرم و یەک جۆرنییە، ئەوەی لەناو واقیع و مێژوودا ئامادەیە، کۆمەڵگا نییە وەک تاک، بەڵکو ”کۆمەڵگاکان“ە وەک کۆ، بە کۆمەڵێک جیاوازیی گەورە و ھەمەجۆرەوە. تەنانەت کۆمەڵگایەکیش بە تەەنھا، لە سەردەم و قۆناغی جیاوازدا دەشێت فۆرم و دەرکەوتی جیاواز وەربگرێت و ئەمڕۆکەی لە دوێنێی و سبەینێی لەمڕۆ نەچێت. 
ئەم پێدراوە سادانە بەشێکی گرنگیی ھەر بیرکردنەوەیەکی مەنھەجین، کە لانی ھەرەکەمی زانستیبوونی تێدابێت.  ئێستا کە ئێمە لە ساتەوەختی ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانیداین بۆ پەرلەمانی عێراق، کارێک بتوانین بیکەین پرسیارکردنە دەربارەی ئەو ”شتە“ی ناوی ”کۆمەڵگای عێراقیی“ە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە. ھەموومان ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانین کە ھەڵبژاردن یەکێکە لە میکانیزم و ئامرازە سەرەکییەکانی ئەو سیستمەی ناوی دیموکراسیەتە و تەعبیر لە کۆمەڵگایەکیش دەکات کە ھەڵگری لانی ھەرەکەمی دونیابینییەکی دیموکراسیانەیە.  پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەوەی لە عێراقدا ڕووئەدات، بە ھەرێمەکەی ئێمەشەوە، چ جۆرە پەیوەندییەکی بە دیموکراسیەتەوە وەک سیستمی حوکمڕانیی و چ پەیوەندییەکی بەو کۆمەڵگایەوە ھەیە وەک کۆمەڵگایەکی دیموکراس؟
 ئایا ئەوەی  ووئەدات لەناو چ جۆرە کۆمەڵگایەکدا و لەناو کام کایەی سیاسیدا ڕووئەات؟


بەر لە ھەمووشتێک دەبێت لەو خاڵە تیوریی و مەنھەجییە ھەرە سەرەتاییەوە دەستپێبکەین کە پێیوایە بۆئەوەی دیموکراسیەتت ھەبێت پێویستت بە کەسانی دیموکراتە. دیموکراسیەتی باش ئەو دیموکراسیەتەیە کە کەسی دیموکراتی باشی تێدایە. ”کەس“ وەک تاک نا، بەڵکو ”کەسان“ وەک کۆ. دیموکراسیەت ئەو سیستمەیە کە ژمارەیەکی زۆر  لە کەسانی تێدایە کە دیموکراتن و دەیانەوێت دیموکراسیەت سیستمی سیاسیی و سیستمی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان بێت لەگەڵیەکدیدا، چ لەناو دەوڵەت و چ لە دەرەوەی دەوڵەتدا. واتە بەبێ کەسانی دیموکرات دیموکراسیەت بوونی نابێت. بێگومان پیادەکردنی دیموکراسیەت پێویستی بە کۆمەڵێک پێشمەرجی تریش ھەیە، بەڵام لەم نووسینەدا تەنھا پێ لەسەر بوون یان نەبوونی کەسی دیموکرات، وەک پێشمەرجی بوونی دیموکراسیەت دادەگرین.  
١- بەر لە ھەمووشتێک لە عێراق و ھەرێمدا کەسایەتییەکی سیاسیی خاوەن پێگە و بڕیاری سیاسیی نادۆزینەوە باوەڕی بە دیموکراسیەت بێت. نە ئەوانەی لە بەغدا حوکمڕانن دیموکراتن، نە ئەوانەی ھەرێم. زۆربەیان ئەندامی بنەماڵەی سیاسیی خاوەن نفوزن و شێوازی بیرکردنەوە و ھەڵسوکەتیان، لۆژیکی ئەو بنەماڵەبوونە بەڕێوەیدەبات، لۆژیکێک کە لۆژیکی بەر لەدروستبوونی چەمکەکانی ”نەتەوە“ و ”گەل“ و ”نیشتیمان”ە. ئەوەی ئامادەیە ئەو لۆژیکە داخراوەیە کە ئیبن خەلدون ناوی ”عەسەبیەتجی لێدەنێت. عەسەبیەتێک کە کراوە بە لۆژیکی ئیشکردنی پارتە سیاسییە حوکمڕانەکانی وڵاتەکە.  
٢- بوونی ئەم عەسەبیەتە سیاسییانە وایکردوە لەباتی ئەوەی یەک بازنەی سەروەریی لە وڵاتەدا ئامادەبێت کە سەروەری دەوڵەت بێت، زیاد لە بازنەیەکی سەروەریی لەئارادایە،: "multiple sovereignty, ئەمانە ھەریەکێکیان دەسەڵاتێکە لەناو دەسەڵاتێدا و دەوڵەتێکە لەناو دەوڵەتدا. ژمارەیەکی گەورە لە ”بارەەگا“ی تاکەەکەسیی و دینیی و حیزبیی و میلیشیایی لەئارادایە، کە ھەریەکێکاین ”سەروەریی تایبەت“ بەخۆی ھەیە و زۆرجار ئەو سەروەرییە تایبەتانە لەسەروی سەروەریی دەوڵەتەوەن. ھەموویان بە لۆژیکی سوڵتان و بنەماڵەی سوڵتانی حوکمدەکەن. 
٣- ئەم بازنە جیاوازانەی سەروەریی ھێزی تایبەتی خۆپاراستن و خۆسەپاندنیان ھەیە. سەروەریی تایبەتی خۆیان لەڕێگای ھێزی تایبەت بەخۆیانەوە دەسەپێنن. ئەمەش وادەکات فرەلەشکریی و فرەسوپایی، لە فۆرمی بوونی چەندان میلیشیای تایبەتدا، ببێت بە پێکھێنەری ئەو دیمەنە سەربازییەی لە وڵاتەکەدا ئامادەیە. ئەم دۆخەش ھەموو مانایەک لەو بازنەی سەروەریە دەسێنێتەوە کە دەشێت ناوی ”سەروەریی دیموکراسیەت“ی لێبنێین. 
٤- یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەپاندنی ئەو فرە سەروەرییەی لە ئارادایە. لەڕێگای بەبنەمماڵە و بەخێڵەکیی و بەحیزبیکردنی جیھازی بیرۆکراسیەتەوە ڕووئەدات. ئەوەی ڕووئەدات گواستنەوەی لۆژیکی ”بارەگا“یە بۆناو دەزگاکانی دەوڵەت و لەڕێگەیەوە بە بارەگاکردنی دەوڵەت خۆش. ئەمە وادەکات وڵاتەکە خاڵیبێت لە دەزگا بەمانا ڕاستەقینەکەی دەزگا، بە تایبەتی ئەو دەزگایانەی ھاوڵاتیان وەک ھاوڵاتیی مامەڵەدەکەن و دەرفەتی بەشداربوونیان لە ژیانی گشتیدا بۆ دەڕەخسێنن.
 ھەڵبژاردن لەناو ژینگەیەکی لەو بابەتەدا کورتدەبێتەوە بۆ ئامرازێکی تر بۆ بەخشینی ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی ئەو بوونەوەرە نادیموکراتانە، کە شەرم لەوە ناکەن بەردەوام باس لە دیموکراسیەت بکەن. ھاوکات کۆمەڵگایەک دروستدەکات بە سەدان ھێکتار دوور لە سادەترین پرنسیپی دیموکراسیەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand