بازنە ونەکان
2021-10-03 11:56:10
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ھەموو سیستمێکی سیاسیی سێ بازنەی سەرەکیی دروستیدەکات. یەکەمیان بازنەی دەسەڵاتە، کە تیایدا ھێزێک یان چەند ھێزێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەسەڵات دەگرنە دەست و ئەو بەرنامە سیاسییانە پیادەدەکەن کە ھەڵگرین. بازنەی دووھەم بریتییە لە گەل یان میلەت یان نەتەوە. ئەمانەش ئەو دانیشتوانە تایبەتەن کە ژیانیان دەکەوێتە ناو سنوورە سیاسییەکانی ئەو دەسەڵاتەوە کە ئامادەیە و لەو ساتەدا حوکمڕانیی دەکات. ئەمانە دەشێت گەلێکی ھاوشێوە و ھاوزمان و ھاودین و ھاوکولتور بن، وەکچۆن دەشێت گەلێکی پلورالی فرەزمان و فرەدین و فرەکولتور و فرەشێوەبن. بازنەی سێھەمیش بریتییە لە نیشتیمان، لەو سەرزەمینە جوگرافییە سیاسییە کە دەبێتە چوارچێوەی نیشتەجێبوونی ئەو دانیشتوانە بەیەکەوە و دەبێت بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شوناسیی ئەو دانیشتوانە.
ئەم سێ بازنەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەیەکترییەوە گرێدراون. بازنەی دەسەڵات بازنەیەکە بەناوی ئەو میلەت و نیشتیمانەوە قسەدەکات کە خۆی بەشێکە لەوان. لە ناوەوەی نیشتیماندا ”نوێنەر“ی بەشە جیاوازەکانی ئەو میلەت و نەتەوە و خەڵەکەیە کە حوکمیان دەکات، لە دەرەوەش نوێنەری ئەو سەرزەمین و نیشتیمانەیە کە ئەو گەل و نەتەوە و میلەتە لەناویدا نیشتەجێن. بیرۆکەی ”نوێنەرایەتیکردن“، بە شێوەیەکی گشتیی، بیرۆکەی سەرەکیی ناو سیاسەت و سیستمە سیاسییەکانی دونیای مۆدێرنە.
خاڵێک گرنگە لێرەدا ھێمایەکی خێرای پێبکەین ئەوەیە ئەم دیدە بۆ سیستمی سیاسیی ھەڵگری وێنەیەکی گشتیشە بۆ مرۆڤ، وێنەیەکی گەردونیی بۆ مرۆڤ کە تیایدا مرۆڤبوون بە ئامادەگیی کۆمەڵێک ماف و بڕێکی زۆر لە بەرپرسیاریەتەوە گرێئەدرێت. ھەر دەستبردن و پێشێلکردنێکی ئەو ماف و بەرپرسیاریەتانەش وەک پەلاماردانی مرۆڤبوونی مرۆڤ و وەک پێشێلکردنی مافە ھەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی، وێنادەکرێت.
مێژووی دروستبوونی ئەم وێنە گەردونییە بۆ مرۆڤ لە ئەوروپادا بە بزوتنەوەی ڕیفۆرمی دینی لە سەدەی شازدەھەمەدا دەستپێدەکات، یەکێک لە کارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئەم بزوتنەوەیە ئەوەبوو پەیوەندی نێوان خوداوەند و مرۆڤی گۆڕیی. مرۆڤەکان لە دەسەڵاتی سیاسیی ھەموو ئەو کەسانە ڕزگارکران کە بەناوی خوداوە قسەیاندەکرد و خۆیان وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی نیشانئەدا. وێنەیەکیش بۆ مرۆڤ دروستکرا کە بوونەوەرێکی عەقڵانی سەربەخۆ و ئازادە و خاوەن توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیە. دوای ئەو بزوتنەوەیە شۆڕشی فەرەنسی لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمدا ڕووئەات و ئەم شۆڕشەش پەیوەندی نێوان مرۆڤ و حوکمڕانانی گۆڕیی، شۆڕشی فەرەنسیی تاکەکەسەکانی لە ڕەعیەتەوە گۆڕیی بۆ ھاوڵاتیی و دەسەڵاتداریشی لە بوونەوەرێکی پیرۆز و خاوەن دەسەڵاتی ڕەھاوە بۆ ھاوڵاتییەکی سەرزەمینیی گۆڕیی، کە ڕەوایەتی دەسەڵاتەکەی لەو خەڵکەوە وەردەگرێت کە حوکمڕانیان دەکات. ھەموو ئامەنش لەناو بیرۆکەی ”گرێبەستی کۆمەڵیەتیی“دا کە ڕێکەوتنێکی مێژوویی و کاتیی نێوان کۆمەڵگا و حوکمڕانانە و قابیلی گۆڕان و دەسکاریکردن و پیاداچونەوەیە.
بەڵام ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە تەواو ناکۆکە بەو پێدراوە سەرەتاییانەی سەرەوە کە بنەمای دروستبوونی سیستمی سیاسین. لە دونیای ئێمەدا سیاسەت نە سیاسەتی نوێنەرایەتیکردنە، نە سیاسەتی ماف و بەرپرسیاریەتییە. نە سیاسەتێکیشە لە پشتییەوە وێنەیەکی گەردونیی بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی، ئامادەبێت. بە ھیچ جۆرێکیش سیاسەتێک نییە پەیوەندیی بە بیرۆکەی گرێبەست و ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە ھەبێت. لەباتی وێناکردنی مرۆڤەکانیش وەک مرۆڤی گەردونی و وەک ھاوڵاتیی، وەک مرۆڤی سنوورادر و وەک ڕەعیەت وێنایان دەکات. لای ئەم فۆرمە لە سیاسەت مرۆڤەکان مرۆڤی خێڵ و ناوچە و حیزب و بنەمالەکانن و ئەم جۆرانەش لە مرۆڤبوون نەگۆڕ و ئەبەدیین.
تا ئەم ساتە ماناکانی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا لەناو دوو دیدی تەقلیدا نووقمە.
یەکەمیان، نووقومبوونە لەناو ئەو جۆرە لە ھێزەدا کە ئیبن خەلدون ناوی ”ھێزی عەسەبیەت“ی لێدەنێت. ئەم عەسەبیەتە لە دونیای ئێمەدا یەکسانە بە ھێزی چەند بنەماڵەیەکی سیاسیی، کە لەناو حیزبی سیاسیی و دەزگای کۆنترۆڵکردنی مۆدێرندا جێگیرن. ئەو فۆرمەش لە دەسەڵات ئامادەیە کە بەناوی ئەو عەسەبیەتە خێزانیی حیزبییەوە حوکمڕانە و تا ئەو عەسەبیەتەش بوونی ھەبێت دەیەوێت تاقە دەسەڵاتداری وڵاتەکە بێت. دەسەڵاتدار لێرەدا وەک سوڵتانێکی سیاسیی ئامادەیە، ھەم فرەدەسەڵاتە و ھەم خاوەنی دواھەمین بڕیاریشە.
دووھەمیان نووقمبوونە لەناو ئەو دیدگا دینیەدا کە کەسێکی وەک ماوەردی ناوی ”دەسەڵاتی ئیمام“ی لێدەنێت. ئیماێکی دینیی سیاسیی، یان سیاسیی دینیی. ئەوەی لەبەردەم ئەم جۆرە حوکمڕانییەشدا غائیبە چەمکەکانی ”ئیرادەی گشتیی“ و ”میلەت“ و ”نەتەوە“ و ”نیشتیمان“ و ”گرێبەستی کۆمەڵایەتییجە. وەلا بۆ ئیمام بنەمای دانپیانان و قبووڵکردنی کەسەکانە وەک مرۆڤ، مرۆڤ لە فۆرمی ڕەعیەتێکی دینیدا.
لە ھەموو ئەم دۆخانەدا دەوڵەت و کۆمەڵگا و نەتەوە و نیشتیمان، بە خودی مرۆڤەکان خۆشیانەوە، دەبن بە موڵکی شەخسی حوکمڕانان و دەبن بە بەشێک لەو دیکۆرە سیاسییە، کە حوکمڕانییەکەیانی پێ دەڕازێننەوە.