ئیسرائیل دۆستی كورد نیە !
2021-09-26 11:57:55
دانا حەمەعەزیز
ئیسرائیل، دەوڵەتێكی پێشكەوتووە، خاوەن ئابورییەكی پتەو و سیستەمێكی ڕوونی دیمۆكراسی یە. ستراتیجی ئەم دەوڵەتە، دابینكردنی ئاسایشو ئاشتیو خۆشگوزەرانییە بۆ جولەكەو بۆ ئیسرائیلییەكان، لەم پێناوەشدا هاوپەیمانی ستراتیجیی توركیاو چاوی لەسەر ئاشتیو دۆستایەتییە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە.
هیچ خاڵێكی هاوبەش لەنیوان كوردو جولەكەدا نیەو هیچ بەرژەوەندییەك كۆیان ناكاتەوە، بەپێچەوانەوە پشتیوانی كورد یان تەنانەت دۆستایەتیشی، تەواو پێچەوانەی ستراتیجو پرەنسیپەكانی دەوڵەتی ئیسرائیلە كە سەرەنجام پێكهاتنە لەگەڵ دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان بە ئێرانیشەوە.
بەدرێژایی 73 ساڵەی تەمەنی، دەوڵەتی ئیسرائیل جگە لە پەیوەندییەكی هەواڵگری بچوك لەگەڵ شۆڕشی ئەیلول (بە فەرمانی شای ئێران) كە بەزیانی گەورە بۆ كورد شكایەوە، هیچ پشتیوانیەكی كرداریی یان تەنانەت هیچ هاوخەمییو هیچ هەنگاویكی مەعنەویشی بۆ پرسی كورد پیشان نەداوە، بەپێچەوانەوە، ئیسرائیلو لۆبیو دەزگا هەواڵگرییە باڵادەستەكەی، یان تەماشاكەرێكی بێتام یان هەڵوێستی نامرۆڤانەیان هەبووە بەرامبەر بە كوردو مەینەتیەكانی، بەتایبەتی لە گرتنی عەبدوڵا ئۆجالاندا.
ئاخر ئیسرائیل هێشتا لەشەڕدایە لەگەڵ سوریا، كەچی لەو نزیكەوە بە درێژایی دە ساڵی رابردوو، ئامادەنەبووە بچوكترین هاوكاری پێشكەشی كوردی سوریا بكات كە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدراوە.
ئێستا سەردەمی پەنجا ساڵ لەمەوبەر نیە بۆ لاوازكردنی سوپای عێراق، ئیسرائیل چەند ئەفسەرێكی هەواڵگری بنێرێت بۆ باڵەكایەتی بۆ ئەوەی نەخشەی شەڕی هەندرێنمان بۆدانێت، ئەمڕۆ ئیسرائیل كاری بە لاوازكردنی عێراقو هیچ كام لە دوژمنەكانی دوێنێی نەماوە، ئەوان ئێستا یەك بەیەكیان دەست لەسەر سنگ بۆ كرنوشبردن بۆ جولەكە لەسەرەدا وەستاون. وەك ئەنوەر ساداتی رەحمەتی پێشبینی كردبوو، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە كە هەموو وڵاتانی عەرەبیو ئیسلامی، شانازی بە دۆستایەتی ئیسرائیلەوە ئەكەنو بە ئاشكرا پەیمانی ئاشتیو خۆشەویستی لەگەڵدا ئەبەستن.
كورد بەگشتی، لە هاوڵاتیەكی دڵسۆزەوە تا سیاسییە چاوچنۆكەكان، بە عەقڵی جولەكەو بە سیستەمی حوكمڕانی ئیسرائیل سەرسامە. خودی بنەماڵە سوڵتانییە عەیار بیستوچوارە خێڵەكییەكان كە نەیانهێشت كورد حوكمڕانییەكی ڕوونو دیمۆكراسی وەك ئەوەی جولەكەی هەبێ، تائێستا كوێرانە گرەو لەسەر دۆستایەتی ئیسرائیل ئەكەن، بە لێداوانو كۆڕ و كۆبونەوەی بێ مەعنا زیانی زیاتر لە پرسی كورد ئەدەن، بێ ئاگا لەوەی هەر هەنگاوێك یان هەر بیرۆكەیەك بۆ پشتیوانی كورد لەلایەن ئیسرائیلەوە، دژی ئەو ئامانجەیە كە خودی دەوڵەتی ئیسرائیلی لەپیناودا دروست بووە كە ئاشتیو دۆستایەتییە لەگەڵ توركو عەرەبو فارس!