Draw Media

كۆنگرەگەی هەولێر لەنێوان ئابڕوچون‌و كارەساتدا 

كۆنگرەگەی هەولێر لەنێوان ئابڕوچون‌و كارەساتدا 

2021-09-26 11:31:31


شوان داودی
لە كۆتایی مانگی ئۆگستی رابردوو لە كردنەوەی دیداری رافیدەین لە شاری بەغدا، یەكێ لە دیبەیتە تایبەتەكان بۆ موحەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێكخرابوو، ئەو كەسەی دیبەیتەكەی بەڕێوەدەبرد راگەیاندنكارێكی دیاری لوبنانی خاوەن رەگەزنامەی فەڕەنسی بوو بەناوی سامی كلیب، لە وروژاندنی پرسیارەكانیدا هەوڵی دەدا حەلبوسی دڕدۆنگ بكات، بۆیە حەلبوسی بە ئاشكرا پێی وت دەزانم كێ هێناویتی، بۆ تۆیان هێناوە، لەوەڵامی پرسیارێكدا لەسەر ئاسایی كردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا حەلبوسی بە دەنگی بەرز كۆمەڵی دروشمی سەبارەت بە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە پشتوانی دۆزی فەلەستین‌و دژی ئاسایی كردنەوە وتەوە .
هەمان شەو لە ماڵی پەرلەمانتارێك میوان بوین كۆمەڵێ سیاسەتمەدارو كاندیدی تازەی عەرەبی سوننەی شارەكانی رومادی‌و تكریتی لێ بوون، رەخنەیان لە وەڵامەكەی حەلبوسی هەبوو سەبارەت بە ئاسایی كردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەدروشمی سواو ناوزەدیان كرد، من ئەو هەڵوێستەم پێ سەیرو مایەی هەڵوستەكردن بوو لام، بۆیە كەوتمە گفتوگۆو پرسیاركردن لەگەڵیان، زۆر راشكاوانە وەڵامیان دامەوە وتیان ئەو پرسە لە شەقامی سوننە یەكلایی بۆتەوەو هەموو نوخبەی سیاسی سوننە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە تا  ئاسایی كردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا نەكەین دۆخی  عێراق ئاسایی نابێتەوەو كاتی ئەوەش هاتووە ئەو پرسە بەئاشكرا بوروژێنین، وەپێیان وابوو  عەرەبی شیعەش ئەگەر سەقامگیری عێراقیان دەوێت‌و بیانەوێ دەستی ئێران لە عێراق ببڕن دەبێ بگەنە ئەو بڕوایەی ئاسایكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا بكەین .
لە 22ی ئەیلول‌و لە درێژەی پرۆسەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەردەم كۆمەڵێك لە ئەندامان‌و هەوادارانی حزبەكەی بە ئاشكرا دانی بەوەدا نا كە ئەو بەعسیانەی كە خوشك‌و دایكی ئێمەیان ئەنفال دەكرد ئێستا لە هەولێرن‌و بەشان‌و باڵی سەرۆكی حزبەكیدا هەڵدەدەن، هەرچەندە ئەو زانیارییە تازە نەبوو، پێشتر حەسەن عەلەوی باسی لەوە كردبوو كە لە هەولێر چەند جارێك لەگەڵ عزەت دوری كۆبۆتەوە، و بەرپرسانی هەواڵگری رژێمی بەعس زۆر جار ئەوەیان دووپات كردۆتەوە كە تەنانەت پێش ڕوخانی بەعسیش پەیوەندی باشیان لەگەڵ قیادەی پارتیدا هەبووە، بەڵام ئەمە یەكەم جار بوو كە بەرپرسێكی باڵای پارتی دان بەو ڕاستیەدا بنێت، بۆیە بەگشتی لە شەقامی كوردستان‌و بە تایبەت لای ئەو ڕێكخراو و كەسایەتیانەی كار لە سەر پرسی جینۆسایدكردنی گەلی كورد دەكەن كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە .
دوو رۆژ دوای ئەو بابەتە، هەینی رابردوو 24ی ئەیلول لە ئوتێل دیڤانی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی 300 كەسایەتی عەرەبی سوننە كە لە ناوەوەی عێراق‌و دەروەی عێراقەوە هاتونەتە كوردستان كۆنگرەیەك لەژێر ناوی ئاشتی‌و گەڕانەوەی ماف وەك باس دەكرێت بە چاودێری ناوەندی ئاشتی نێودەوڵەتی ئەمریكی كە لەلایەن راوێژكارێكی بایدنەوە بەناوی جیمس سەرۆكایەتی دەكرێ گرێ دراوە بۆ پشتوانی لە ئاسایكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل‌و چونە پاڵی رێككەوتنی ئیبراهیمی كە ساڵی پار هەر یەك لە ئیماراتی عەرەبی‌و بەحرێن واژۆیان كردووە،  بەپێی راگەیاندنەكانی ئیسرائیل كورێكی شیمۆن پێریز ئامادەی كۆنگرەكە بووە، لەوەش خراپتر، یەكێ لە ئامادەبوانی كۆنگرەكە بەناوی سەعد العانی لای ئامادەبوانی كۆنگرەكە خۆی وەك نوێنەری (صبار المشهدانی أبو جعفر) ئەمینداری گشتی قوتری عێراقی حزبی بەعس ناساندوە .
ئەم كۆنگرەیە لە ناوەندە سیاسی‌و حكومی‌و حزبیەكانی عێراق‌و كوردستان كاردانەوە زۆری لێ كەوتەوە بۆ رەتكردنەوەی .
ئەو پێشەكییانەم بۆ ئەم وتارە هێنایەوە تا بۆ خوێنەری رونكەمەوە كە ئەو كۆنگرەیە لە خۆڕاو بێ پێشەكی‌و كۆرپەی ساتی گرێدانی نیەو پێم وایە زۆربەی پێكهاتە سیاسیەكانی عێراق بەگشتی لێی ئاگادارن، بۆیە زۆربەی بەیاننامەو رونكردنەوەكانی عەرەب‌و كوردو توركمان بەتایبەت سوننە مەزهەبەكان بە فشەی هەڵبژاردن دەزانم، هەروەها پێم وایە هەردوو حكومەتی بەغداو هەولێر بەرپرسیارن  چونكە مومكین نیە دەوڵەت لە پرسێكی وا هەستیاردا بێ ئاگا بێت .
وەكو كوردێك زیاتر هەردوو رونكردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم‌و سەرۆكایەتی هەرێم سەرنجیان راكێشانم كە بێ ئاگایی خۆیان لەو كۆنگرەیە  پیشان دەدەن لە كاتێكدا راگەیاندنی ئیسرائیلی باس لەوە دەكات كە كۆنگرەكە لەلایەن ئاسایشی كوردیەوە پارێزگاری لێكراوە ..
با ئێمە واز لە راگەیاندنی ئیسرائیلی بێنین، لە سەر رونكردنەوەكان هەڵوەستەیەك بكەین، ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەتی هەرێم‌و دەسەڵاتی هەولێر بێ ئاگا بن لە بەستنی گۆنگرەیەكی لەو شێوەیە (خۆم پێم وانیە ئاگادار نەبن) كە ئاسایشی هەرێم‌و قەوارەكەی‌و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەخاتە بەر مەترسی گەورە، ئەمە ئابڕوچونێكی گەورەیە بۆ كوردو پێویستە دەسەڵات لە هەرێم وەڵامی هەبێ، ئەگەریش بە ئاگاداری دەسەڵاتی هەرێم ئەو كۆنگرەیە گرێدراوە ئەوە كارەساتێكی گەورەیە كە لە چوارەم ساڵیادی ریفراندۆمدا گەلی كوردو هەرێمی كوردستان روبەڕووی هەڕەشەی جدی‌و گەورەتر دەكرێتەوە لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان زۆر ماندون‌و هێشتا شۆكی لێكەوتەكانی ریفراندۆم بەری نەداون.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand