Draw Media

لۆبی خۆڕسک سەردەکەوێ بەسەر لۆبی ڕێکخراو

لۆبی خۆڕسک سەردەکەوێ بەسەر لۆبی ڕێکخراو

2021-09-25 20:19:36


فازڵ كوردی


دڕدۆنگی و گرنگی نەدان و پشتەپێ کردنی ئەردوغان و سیاسەتە پاوانخوازەکەی تورکیا بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆڕیەتە گۆڕبەگۆڕەکەی عوسمانی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا (جۆزیف بایدن) و ئیدارەکەی بەزەقی دەبیندرێ ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ چالاکی و شەونخوونی ئەو لۆبیە بێ پارە و خۆڕسکە ناڕێکخراوەی واشنتن!
ئاشکرایە جۆ بایدن بە پاڵ ئیش دەکا، یەکەم جارە لۆبیە بێ پارە و خۆرسکە ناڕێکخراوەکەی واشنتن سەردەکەوێ بەسەر دوو لۆبی دەوڵەمەند (لۆبی فاشیزمی تورک و لۆبی فاشیزمی عەرەب)! باشترین دوو نموونە:
یەکەمیان، پێشوازی هەفتەی ڕابردووی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە (مەکەنزی) فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بوو بۆ بەردەوام بوونی پشتیوانی ئەمریکا لە ڕۆژئاڤا کە ئەردوغان و هاوئاوازەکانی تووڕە و هەراسان کردووە!
دووەمیان، گرنگی پێنەدانی جۆ بایدن بوو بە ئەردوغان لەمیانەی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیویۆرك! جۆ بایدن لە خشتەی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ووڵاتان کاتی بۆ کۆبونەوە لە گەڵ ئەردۆغان تەرخان نەکردبوو! بەڵام بینیمان لەگەڵ سەرۆکی عیراق بەرهەم ساڵح دیدارێکی دۆستانەیان ئەنجام دا!
ئەوەی جێگای داخە بەرهەم ساڵح دەبوایە دڕدۆنگی جۆ بایدن بەرامبەر ئەردوغان بقۆزیتەوە و داوای هاوکاری ئەمریکای بکردایە بۆ وەدەرنانی سوپای تورکیا لە وڵاتەکەی کە یەکیک لە ئەرکەکانی سەرۆکی ووڵات پاراستنی سەروەری وڵاتەکەیەتی! لەجیاتی قۆزتنەوەی ئەو هەلە زێڕینە، بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەردوغان کۆدەبێتەوە!!!!
جێگای وەبیرهێنانەویە، ئەردوغان وەک کاردانەوەیەک بۆ دژایەتی کردنی ئەمریکا بڕیارە لەم نزیکانە لەگەڵ پوتن کۆببیتەوە لەبارەی سیاسەتە پاوانخوازەکەی لە عەفرین و ئیدلیب بۆ داڕشتنی پلانێکی چەپەڵ بە دەست هەڵگرتن لە ئیدلیب کە سوریا و ڕوسیا پلانیان داڕشتوە بۆ گرتنەوە و پاککردنەوەی ئیدلیب لە گرووپە تیرۆرستەکانی سەر بە تورکیا بەرامبەر مانەوەی تورکیا لە عەفرین.
هەر لەم کۆبوونەوەیە ئەردوغان پلانی لەباربردنی دەنگۆی ڕەزامەندی ڕوسیا لەبارەی سیستەمی فیدراڵی بۆ سوریا هەڵوەشێنێتەوە.
لەهەمان کات شاندێکی باڵای سیاسی ڕۆژئاڤا لە واشنتنە بۆ وەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەمریکا لەبارەی سیستەمی فیدراڵی بۆ سوریا هەروەها کارکردن لەگەڵ ناوەندە سیاسیەکانی ئەمریکا بەتایبەتی کۆنگرس بۆ سەقامگیری درێژخایەن وە تەرخانکردنی پشتگیری دارایی بە بڕی ١٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ درێژکردنەوە و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاڤا، لەگەڵ ئەوەی چەند دەنگێکی نەشازی دژ وەک ڕەشیدە تلەیب و ئیلهان عمر و چەند نوینەرێکی تر کە سەربە دیموکراتەکانن بۆ بڕینی ئەم بوودجەیە بەڵام زۆرینەی نوێنەرەکان بەتایبەتی کۆماریەکان کە یەکیک لە دەنگە دلێرەکان (لینزی گرام) بوو هەوڵەکانی لۆبی تورکیان لەباربرد.
جێگای ئاماژەیە، ئەمریکا تاکە هێز کە پێی سەرسام بووبێ و پشتی پێبەستابێ لەشەڕی تیرۆرستانی داعش و جیهادیەکان، هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە وەک هاوبەشێکی ستراتیجی دەبیندرێن لە بەرخودان و شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ تیرۆرستان!
بۆ من مایەی شانازی و سەربڵندیە کە گوێبیستی ئەم لێدوانانە دەبم لە ناوەندە سیاسی و سەربازیەکانی ئەمریکا.
سیستەمی خۆبەڕیوەبەری لە ڕۆژئاڤای کوردستان (باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) هێلی سێیەمی هەڵبژاردووە و تاکوو ئیستا زۆر باشی هێناوە: خۆی پاراستوە، خۆی ڕێکخستوە، پەیوەندی دیپلۆماسی دروست کردوە، هیزێکی ئازا و ئازادی میانڕەوی مرۆڤ دۆستە لە نێو توندوتیژی و خراپەکاری ڕژێمی ئەسەد و تیرۆر و شۆڤێنیەتی بەناو ئۆپزسیۆنی سوریا.
مۆدێلیکی دیموکراتی لە نێو جەنجاڵی تیرۆر و کوشتن و بڕین لە سوریا وەک سیمبولێکی بەیەکەوە ژیان سەریهەڵداوە کە پێموایە جێگای دڵخۆشی هەموو کەسە لیبڕاڵ و عیلمانی و دیموکراتخوازەکانی ناوخۆی سوریا و ناوجەکەیە! هەر ئەوەش وایکردووە لەسەر ئاستی جیهان بەرگری لێبکرێ-ئەمریکا بە نموونە.
یەکێک لە جوانیەکانی ئەم سیستەمە کە زۆر دڵخۆشکەرە (دژی مورتەزەقەیە بە هەموو جۆرەکانی)!
خۆیان قەبووڵی مورتەزەقەیی ناکەن، قەبوولیش ناکەن هیچ هیزێکی بەکرێگیراوی گرێدراو بە ئەجێندای وولاتانی داگیرکەر خۆیان بخزێننە ناو سیستەمەکە! (ئەنەکەسە بە نموونە).

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand