Draw Media

بۆچی نوسینی درێژ؟! وەڵامێکی ئەرێنی بۆ هاوڕێیانی ئازیز

بۆچی نوسینی درێژ؟! وەڵامێکی ئەرێنی بۆ هاوڕێیانی ئازیز

2021-09-24 08:27:43



بەهرە حەمەڕەش
لە هەر سەردەم و قۆناغێک، فۆرمی بیرکردنەوە و میتۆدی مامەڵەکردن لە گەڵ ژیان دەگۆڕدرێت. ئەمەش کاریگەری لە سەر شێوەی بیرکردنەوە و داکۆکیکردن لە میکانیزم و چەمکەکانی ژیان دەکات. ئێمە لە چاخێکدا دەژین، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە سەردەمی خێرا لە گەیاندن و زۆربوونی کەناڵەکانی پەیوەندی پێدەڵێن، کە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەری لە سەر نەفەسی بیرکردنەوە و دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردن دەکات. هەروەها ئەم کەش و هەوایە، کاریگەری لە سەر وەرگر دەکات.
بە پێی تیۆری رۆڵان بارت، خوێنەر دانەری راستەقینەی تێکستە یان بەشێوەکی تر، کە نوسەر تكستێک دەنوسێت بەپێی تێگەیشتنی رۆڵان بارت، نوسەر دەمرێت و وەرگر دەبێتە دانەر و خاوەنی راستەقینەی تێکست.
لەم سەردەمەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، کۆمەڵێك دەرگای جیهانبینی کرایەوە و لەو کەناڵانەدا هەموو روداوەکانی جیهان بە پەلە بڵاودەکرێنەوە. تایبەتمەندییەکان گشتێنراون زۆر کەمبوونەوە. هەندێجار بەریەککەوتن لە گەڵ کلتور و وردەکلتورەکاندا دەکات، کە دواجار کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە. چۆن هەواڵەکان بە پەلە بڵاودەرکرێنەوە، خوێنەریش دەیەوێ بە پەلە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زانیاری وەربگرێت. لە کاتێکدا، ئەمە لە سەر حسابی کوالێتی و تەندروستی و دەروندروستییە.
زۆربەی کەناڵەکانی پەیوەندی، دەیانەوێ خۆیان لە گەڵ ئەم خێرا وەرگرتن و گەیشتنەی زانیاری بگونجێنن. لە کاتێكدا، زۆربەی جار ئەوە لە سەر حسابی کوالێتی زانیاری و گەیشتنە بە خوێنەر، بەڵام پرسیارێکی جددیش دێتە ئاراوە، کە ئایا ئەم جۆرە لە گەیشتن و زانیاری چی دەخاتە سەر مەعریفە و دنیابینی خوێنەر؟ ئایا خوێنەر تەنیا لە گەل ئەم هەواڵ و زانیارییە کورتانەدا رۆژ بەرێدەکات یان ئامانجێکی لە پاڵە؟
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی بدەینەوە، دەبینین رۆماننوسێکی وەک تۆڵستۆی کاتێک رۆمانی "شەر و ئاشتی ــ Tolstoi/ 1865 ــ 1869" نوسی، پێنج ساڵ خەریکی دۆکیۆمێنت کۆکردنەوە بوو. گرنگی ناوەڕۆکی ئەو رۆمانە وایکرد، کە نوسینی رۆمان ئەوەندە کاتی پێویست بێ کە نزیکەی دووهەزار لاپەڕەیە. دەنگدانەوەیەکی گەورەشی هەبوو و لەسەر ئاستی جیهان خوێنەری هەیە. لە بەرئەوە، لینین تۆلستۆی وەک ئاوێنەی شۆرشی روسیا پێناسە دەکرد. دیسان لێرەوە دەپرسین، ئایا وەرگری ئەو سەردەمە و دوای ئەویش، چۆن تاقەتی هەبووە، کە رۆمانی دوو هەزار لاپەڕەیی لە سەر شەڕی نێوان روسیا و فەرەنسا بخوێنێتەوە؟ زۆربەی ئەو پرسیارانەی، کە لە فەیسبوک بۆم دەنێردرێت ئەوەیە، کە دەڵێن: نوسینەکانت کورت بکەوە، زۆر درێژن. بێگومان لە بەرئەوەیە، کە زۆربەی خوێنەر بە مۆبایل بابەتەکان دەخوێنێتەوە. لەوانەیەش، مرۆڤ وەک دانەر ماف بە وەرگر بدات لە وەها رەوشێکدا، کە بیەوێت نوسینی کورت بخەیتە بەردەستیان، چونکە ئەوان دەیانەوێ بە کەمترین ماوە و ماندووبوون لە ناوەڕۆکی نوسین تێبگەن؟ بەڵام پرسیارێکی تری جددی بۆ نوسەر دێتە ئاراوە، ئایا هەموو مژارەکان(هزری، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، ئابوری...) بە ناوەرۆکی کورت گوزارشتی تەواویان لێدەکرێت؟
چونکە پێموایە، هەمیشە ناونیشان و جۆری بابەت حوکم لە سەر کورتی و درێژی نوسین دەدات، نوسەر کاتێک تێکستێک دەنوسێت، وەکو ئەوە وایە، کە منداڵێک بێنێتە دنیا، دەیەوێ مافی تەواو بە هەموو وردەکارییەکانی ژیانی بدات و لە هەموو روویەکەوە تێری بکات، تا دەگاتە تەمەنی باڵقبوون.
کەواتە چۆن دەتوانین زمان و شێوازی نوسین، لە نێوان راپۆرتێکی سیاسی، سەروتاری رۆژنامەوانی، بابەتێکی رۆشنبیری، هزری، فەلسەفی و کۆمەڵایەتی، لێک جیابکەینەوە، کە هەریەکێکیان زمانێکی بۆ نوسین هەیە، دەبێت بەهەمان شێوە وەرگری جۆراوجۆریش هەبێت.
 فەیسبوک پەنجەرەیەکی راستەوخۆ و بێ سانسۆرە، بە زووترین کات دەگەیتە هەموو وەرگرێک و دوارۆژی جیهان بە گشتی بەرەو ئەوەدەچێت، کە هەموو شتێک ببێت بە ئۆنلاین. ئەگەر ئێستا گۆڤاری هزری، فەلسەفی  و کۆمەڵایەتی هەبوایە، کە خوێنەری تایبەتی هەیە، ئەوا بە ئاسانی ئەم بابەتانە لەوێ بڵاو دەکرانەوە، بەڵام رەوشی ئابوری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، بەرەو تێکستی ئۆنلاین دەچێت. سەرەرای ئەمەش، ئەو نوسینانەی، کە خەڵکی وەکو ئێمە دەینوسێت لە پلان و خەونەکانی نوسەردایە، بەپێی توانا و دەرفەت، ئەمجۆرە نوسینانە لە نێوان دووبەرگدا وەک پەرتوک بخرێتەبەردەستی خوێنەری ئازیز.
دەمەوێ ئەوەش بڵێـم، کاتێک نوسەر تێکستێک دەنوسێت، لە وانەیە پێویستی بە خوێندنەوە و تێڕامانی مانگ و ساڵ لە ئاسانترین حاڵەتدا چەندین رۆژ بێت، لە بیرکردنەوە و خوێندنەوە، تا هەست بە تێر و تەسەلی دەکات. ئایا خوێنەری جددی، ناتوانێ یەک کاتژمێر بۆ خوێندنەوەی تەرخان بکات؟ هەروەها دەبێت خوێنەر ئەوەش بزانێت، کە کام نوسەر و تێکستە، شایانی کات پێدان و خۆماندووکردنە، هەروەها کام تێکست زانیارییەکی دیکە، دەخاتە سەر هەگبەی تێگەیشتن و دنیا بینی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand