حەماسەتی ئەخلاقیی
2021-09-12 13:57:15
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
مێژوو، ھەموو مێژوویەک، مێژووی ھەر کۆمەڵگا و کۆمەڵە مرۆڤێک کە بڕیاربێت پێکەوەبژین، پێویستیی بە چەندان ”شت“ی بنەڕەتیی و سەرەکیی ھەیە، بەر لە ھەمووشتێک پێویستی بە کار و ئیشکردن و بەرھەمھێنان ھەیە، پێیوستیی بە ھاریکاریی و کۆمەکی کۆمەڵایەتیی و بە بڕێک لە ململانێی و ڕکابەرایەتیی تەندروست ھەیە. ھەروەھا پێویستیی بە کۆمەڵێک خەون و ئومێد و ھەندێک یۆتۆپیای کۆنکریت و ئاسۆی کراوە، بەرەو جیھانێکی باشتر ھەیە. وەکچۆن پێویستیی بە فیکر و مەعریفە و ھونەر و ئەدەبیات ھەیە ھەم بۆ ناسینیی خۆی و ھەم بۆ ناسینی ئەو ژینگەیەی تیایدادەژیی و ناسینی جیھانەش کە تیایدا ئامادەیە. بەسەریەکیشەوە پێویستی بە جۆرێک لە ئیتیمای ئینسانیی ھەیە کە بیانکات بە خەڵکی سەرزەمینێکی دیاریکراو و بتوانن لەڕێگای ھاریکاریی و ھاوکارییەوە ئەو سەرزەمینە بگۆڕن بۆ ماڵێکی دەستەجەمعی بتوانن تیایدا بەختەوەربن.
ھاوکات ھەموو مێژوویەک پێویستی بە بڕێکی تایبەت لە حەماسەت ھەیە، حەماسەت وەک یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی. کە باس لە حەماسەت دەکەم باس لا مانا سایکۆلۆژییە تاکەکەسییەکانی ئەم دیاردەیە ناکەم، باس لە ھەڵبەز و دابەزیی دەرونیی ئەم یان ئەو تاکەکەس ناکەم، بەڵکو باس لە حەماسەت“ دەکەم وەک وزەیەک بۆ گۆڕانکاریی، وەک خواست و ئارەزوی دروستکردنێکی دەستەجەمعیی مێژوویەکی ھاوبەش، وەک دۆخی پاڵنان بە کەسەکانەوە بۆ بوون بە بکەری مێژوویی. بە کورتییەکەی حەماسەت وەک وزەیەکی مەعنەوی دەستەجەمعیی بۆ چالاکبوون و بەرپاکردنی گۆڕانکاریی.
بەڵام ئایا کە باس لە حەماسەت دەکەین، باس لە چ جۆرە حەماسەتێک و کام فۆرمی حەماسەت دەکەین؟ ئەوەی من لێرەدا بەرگریی لێدەکەم ئەو شێوازەیە لە حەماسەت کە فەیلەسوفی ئەمریکیی ڕیتشارد ڕۆرتی ناوی ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ لێدەنێت. حەماسەتێک کە ناچێتەوە ناو حەماسەتی دینیی، یان حەماسەتێک لەناو دینەوە ھاتبێت، بەڵکو حەمەساتێک لەناو ڕوانین و دیدگایەکی نادینییەوە ھاتبێت و وەک زەمینەیەکی ھاوبەشیش بۆ دیندار و بێدین ئامادەبێت و کاربکات. ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ جیاوازە لەو ”حەماسەتە دینیی“ەیەی کەسانێک کە خۆیان بە دەمڕاست و نوێەر و پارێزەری خودا دەزانن، دروستیدەکەن و دەیوروژێنن. حەماسەتێک جیاواز لەوەی ”خۆ بە وەکیل زانەکانی خوداوەند“ دروستکەری نەبن. ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ بنەماکانی لەسەر ”ڕێزی ھاوڵاتیان بۆ یەکتریی“ و ”پاراستنی ژیانی پێکەوەیی“ و ”دەستەبەرکردنی مافەکان“ دروستدەبێت. ئەم جۆرە حەماسەتە ”حەماسەتێکی مەدەنیی“ە، خەمخۆریی لەیەکتر و مشورخوردن لە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و ئینتیمایەکی مەدەنییانە بۆ یەکتریی و بۆ کۆمەڵگا دەیجوڵێنێت. ئەمانەش وادەکەن لە باتی ئینتیمایەکی توندڕەوانە بۆ ئەم یان ئەو دین و ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیا، ئینتیمایەکی تر لەئارادابێت بۆ کۆمەڵێک پرۆژەی مێژوویی ھاوبەش و بۆ کۆمەڵێک دەزگا کە بشێت ژیانی پێکەوەیی ئەو مرۆڤانە بە شێوەیەکی ھێمن و مانادار ڕێکبخەن و ەبسەریەکیشەوە کەرامتیان بپارێزێن و مافەکانیان دەستەبەربکەن.
”ڕێزی ھاوڵاتیان بۆ یەکتریی“ بنەمای ئەم شێوە تایبەتەیە لە حەماسەت، ھاوکات ژێرخانی شێوازە جیاوازەکانی ”ھاریکاریی کۆمەڵایەتیی“ و ”بەدەمەوەچوونی ئینسانیی“.و ”مشورخواردنی دەستەجەمعیی“ە ئەوەی لەم جۆرە حەماسەتەدا پێویستە، جۆری تازەی ھاریکاریی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای ئینتیمای دینیی و ئەتنی دروستنەبووبێت، یاخود لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ خێڵ و بنەماڵە و پەیوەندیی خوێن، بەڵکو لەسەر بنەمای ئیتیما بۆ ئەو ژیانە پێکەوەیی و ژیانە گشتییە دروستبووبێت، کە خەڵکانێک لەناو سەرزەمینێکی دیاریکراودا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ئەم شێوازە لە ئەخلاقیات و لە ئیتیما ئەخلاقیات و ئینتیمای دینیی نییە(ئەگەرچی دەشێت چەندان پرنسیپی ئینسانی تێدابێت لە دینەوە ھاتبن) بەڵکو ئینتیما و ئەخلاقیاتێکە لەسەر بنەمای پاراستنی ئازادیی و پاراستنی ڕێز و پاراستنی کەرامەت کاردەکات. لەمەشدا دەتوانرێت ئەوەی لە دیندا سودبەخش و ھاریکاربێت وەربگیرێت و ئەوەشی دژ بە ھاریکاریی و ھاودەردیی و ڕێز و ئازادیی و پاراستنی کەرامەت بێت وەلابنرێت. بە کورتییەکەی ئەم جۆرە لە ”حەماسەتی ئەخلاقیی“ بەرگریی لەوەدەکات کە ئینسان، دیندار و بێدین، ھەم ڕێزدار و ئازاد و خاوەن مافن، ھەم یەکسان و خاوەن شانسی یەکسان لەگەڵیەکدا.
دەزانم کە ئەم شتانە دەڵێم ھەم سوپایەک لە دیندارانی پەڕگیر و ھەم سوپایەک لە چەپگەرانی ڕادیکاڵ، دێنە قسە و دەڵێن. ئەمە کوفری عەلمانیەتە پێمان دەفرۆشرێتەوە، یاخود درۆیەکی بۆرژوازیانەی ناو سیستمی کاپیتالیزمە، بەرگریی لێدەکرێت. سەرەڕای ئەو جۆرە قسانە، کە لەمڕۆدا قسەی باڵادەستی ناو دونیای ئێمەن، مێژووی ئێمە پێویستییەکی گەورەی بەو جۆرە لە ”حەماسەتە ئەخلاقیی“ە کە باسمکرد.