پاکستان؛ براوەی دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان
2021-09-12 12:50:26
دوکتۆر محەمەد حسێن زادە
پێشەکی
سەرەکیترین بنەما و پێوەری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، بەرژوەندییە نیشتمانییەکانن. سیاسەتەکان لەسەر بنەمای بەرژوەندییە نیشتمانییەکان دادەڕێژرێن و هەر ئەو بەرژوەندیانەن کە دەبنە چرای ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان. بەرژوەندییەکان دیاری دەکەن وڵاتان لە بەرانبەر ڕووداوە جۆراوجۆرەکاندا چۆن هەڵوێست وەربگرن. بۆ نموونە، دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، هەڵوێستی جیاوازی وڵاتانی لێ کەوتەوە. دەستەیەک لە وڵاتان کە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر بەرژوەندییەکانی خۆیان یاخود هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی جیهان دەبینن، نیگەرانی خۆیان لە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان دەربڕیوە. دەستەیەکی تر، گەرچی چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن، بەڵام لە داهاتووی تاڵیبان دڵنیا نین، بۆیە هێشتا بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان دەر نەبڕیوە. دەستەی سێیەم، کە پێیان وایە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی ئەواندایە، خۆشحاڵی خۆیان ناشارنەوە، گەرچی بە شیوەی ڕاستەوخۆیش ئەو هەستەی خۆیان دەرنەبڕن. پاکستان نموونەی ئەم وڵاتانەی دواییە. هەڵبەت، خۆشحاڵی پاکستان بێ بنەما نییە و هۆکاری لە پشتە. بە حەقیقەت، ئیسلام ئاباد یەکێکە لە براوەکانی دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان، چونکە هەبوونی تاڵیبان لە دەسەڵات لە بەراورد لەگەڵ حکومەتی پێشوو، زیاتر لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی پاکستانە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەست بە ئاسایشی زیاتر دەکەن. هەڵبەت ئەمە بەو واتایە نییە کە پاکستان لە داهاتوو دڵنیایە و بەرژوەندییەکانی بە تەواوەتی لەگەڵ تاڵیبان لە یەک ئاراستەدان، بەڵکو باس لە زیاترین ڕێژەی بەرژوەندی و دەستکەوتەکان دەکرێت. من لێرەدا هەوڵ دەدەم، باس لە هیوا و دەرفەتەکان و هەروەها مەترسی و نیگەرانییەکانی پاکستانی دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان بکەم. پێش ئەوە، زۆر بە کۆرتی، تیشک دەخەمە سەر پەیوەندییەکانی تاڵیبان و پاکستان.
پاکستان و تاڵیبان
کەم نین ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە پاکستان دانەر و دامەزرێنەری تاڵیبانە و ئەو گرووپە کە ئێستا بۆ جاری دووەم دەسەڵاتی ئەفغانستانیان بە دەستەوە گرتووە، لە بنەڕەتدا دەستکردی دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی پاکستانن. بەڵام ڕوانگەیەکی میانە کە لە حەقیقەتیش نزیکترە ئەوەیە کە پاکستان بە یەکێک لەو ئەکتەرانە دادەنێت کە ڕۆڵی سەرەکی لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی تاڵیباندا هەبووە و دەسەڵاتدارانی پاکستان، بەردەوام وەکو بەرگی براوەی خۆیان لە ناوچە و بە تایبەت لە ئەفغانستان سەیری تاڵیبانیان کردووە. ڕووداوە مێژووییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر ئەم ڕوانگەیە پشتڕاست دەکەنەوە.
یەکەمین کردەی سەربازی تاڵیبان لە ڕۆژی ١٢ی تەشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٤ لە ناوچەی "سپین بولدک" لە نزیک ویلایەتی قەندەهار و سنووری پاکستان ئەنجام درا. چەکدارانی تاڵیبان لەو کردەیەدا لە دژی یەکێک لە فەرماندەکانی حزبی ئیسلامی ئەفغانستان (بە سەرۆکایەتی حیکمەتیار) بە ناوی "مەلا ئەختەر جان" شەڕیان کرد و دوای دوو کاتژمێر پێکدادانی قورس، دەستیان گرت بەسەر ناوچەی "چەمەن" لە باشووری ویلایەتی قەندەهار. دەگوترێ ژمارەی چەکدارانی تاڵیبان لەو کاتەدا، ٣٠٠ کەس بوون و خۆیان بە خویندکاری ئایینی و فەقێی قوتابخانە ئایینییەکان دەناساند. دوای ئەوە، چەکدارانی تاڵیبان دەستیان گرت بەسەر بنکەی سەربازی "پاشا" کە یەکێک بوو لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حزبی ئیسلامی. پاشان شاری قەندەهاریان خستە ژێر ڕکێڤی خۆیان. لەوە بەدوا، چەکدارانی تاڵیبان دوو بەرەی نوێیان کردەوە، بەرەیەک بەرەو ڕۆژهەڵات و بەرەیەکی تر بەرەو باکوور. لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا، سەرەتا دەستیان گرت بەسەر شاری "غەزنی" و دواتر "مەیدان شار"دا کە شوێنی کۆبوونەوەی چەکدارانی حزبی ئیسلامی بوو. ماوەیەکی کۆرت دوای ئەوە، شاری "چەهارئاسیاب" ناوەندی فەرماندەیی گۆڵبەدین حیکمەتیار سەرنجی تاڵیبانی ڕاکێشا. حیکمەتیار بەرەو جەلال ئاباد و نەنگەرهار پاشەکشێی کرد و چەهارئاسیابی ڕادەستی تاڵیبان کرد. ڕێککەتنی نێوان تاڵیبان و حزبی یەکگرتووی ئیسلامیش ئەوەندەی نەخایاند و "عەبدولعەلی مەزاری" سکرتێری گشتی ئەو حزبە، لە لایەن تاڵیبانەوە کوژرا. دوای یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی حزبی ئیسلامی و حزبی یەکگرتووی ئیسلامی کە ئەندامی "شۆرای هەماهەنگی" بوون، تەنیا ئەحمەد شا مەسعوود، وەزیری بەرگریی حکومەتی رەبانی، وەکو تاقە ڕکابەری بەهێزی تاڵیبان لە کابوڵ مایەوە. شەڕی کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی کابۆڵ دەستی پێکرد. تاڵیبان سەرەتا لە کابوڵ تووشی شکست بوو، بەڵام لە بەرەی ڕۆژئاوادا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێنا. تا ناوەڕاستەکانی ١٩٩٤ بەشێکی زۆر لە ویلایەتەکانی نیمڕوز، هیلمەند و فەراه کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیسماعیل خان، ئەمیری گشتی پارێزگاکانی ڕۆژئاوا بوو، کەوتنە دەستی تاڵیبان. لە ٣ی ئەیلولی ١٩٩٥دا، هێزەکانی ئیسماعیل خان بەرەو هەرات کشانەوە. هیزەکانی تاڵیبان دوایان کەوتن و دەرئەنجام شاری هەراتیان لە ٥ی ئەیلولی هەمان ساڵ کۆنتڕۆڵ کرد. تاڵیبان جارێکی تر ڕوویان لە کابوڵ کرد و دوای کۆنتڕۆڵکردنی جەلال ئاباد، پۆکتیا و نەنگەرهار، خۆیان گەیاندە ناوچەی سەروبی و لەویوە بەرەو باشووری کابوڵ ڕۆیشتن. ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ١٩٩٦، کابوڵیش کەوتە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان. لە ئایاری ١٩٩٧دا، شارەکانی مەزارشەریف و بامیانیش لە لایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵ کران. بەو چەشنە، تاڵیبان تا ساڵی ٢٠٠١، لەژێر ناوی ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان، بەسەر نزیکەی سێ لە چواری خاکی ئەو وڵاتە حوکمی کرد. ئەوە بەردەوام بوو تا دوای ڕووداوەکانی ١١ی سیپتەمبەری ٢٠٠١ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان.
لە نیوان ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٦، تاڵیبان لەژێر کاریگەری هێرشەکەی ئەمریکا و دامەزراندنی حکومەتی نوێ لە کابوڵ، چالاکییەکی ئەوتۆی نەبوو. لە ٢٠٠٦وە، هێدی هێدی چالاکییەکانی چەکدارانی تاڵیبان پەرەیان سەندەوە و لە ناوچەکانی باشوور، بە تایبەت لە زابۆل، قەندەهار و هیلمەند هێزیان نواند و بەرەبەرە پەرەیان بە هەیمەنەی خۆیان دا. هاوکات تاڵیبانی پاکستانیش خۆی دەرخستبوو. تاڵیبانی پاکستان تۆڕێک بوو پیکهاتوو لە چەندین گرووپ و لەو کەسانەی کە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و داڕووخانی تاڵیبان، بۆ ناوچەکانی پەشتو کۆچیان کرد. هەڵبەت بەشیک لە تاڵیبان پێشتریش لە پاکستان هەبوون. حکومەتی ئەفغانستان بەردەوام پاکستانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پشتیوانی لەو گرووپە دەکات و پڕچەکیان دەکات.
حامید کەرزای، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستان، کاتی خۆی گوتبووی "کێشەی ئەفغانستان، تاڵیبان نییە، بەڵکو پاکستانە"". ئەشرەف غەنی تا ئەو ڕۆژەی ئەفغانستانی بەجێهێشت بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تاڵیبان درووستکراوی پاکستانە و ئیسلام ئاباد پشتیوانی لە چەکدارەکانی تاڵیبان دەکات. تەنانەت حەفتەی پێشوو چەکدارانی "بەرەی خۆڕاگری نیشتمانی ئەفغانستان" ڕایانگەیاند، لە هێرشی تاڵیبان بۆ سەر پەنجشیر، پاکستان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هیزی کۆماندۆی سەر بە سوپای ئەو وڵاتە، ڕاستەوخۆ یارمەتی چەکدارانی تاڵیبانی کردووە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێش ئەوەی حکومەتی نوێ لە ئەفغانستان ڕابگەیێنرێت، ژەنەڕاڵ فەیز حەمید سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری پاکستان سەردانی کابوڵی کرد. بەو حاڵەش هێشتا پەیوەندیی نیوان پاکستان و تاڵیبان و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەو پەیوەندیانە بە تەواوەتی ڕوون و ئاشکرا نییە.
پێشتر گوتم، گونجاوترە پاکستان بە یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی تاڵیبان دابنرێت، نەک بە دامەزرێنەر. دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٩، چەکدارە ئیسلامگەراکان دەستیان کرد بە شەر لە دژی ئەو زلهیزە. محەمەد زیائەلحەق، سەرۆکی ئەوکاتی پاکستان، نیگەرانی ئەوە بوو سۆڤیەت بیەوێت هێرش بکاتە سەر بەلووچستانی پاکستانیش، بۆیە موختار عەبدولرەحمانی رەوانەی سعوودیە کرد بۆ ئەوەی پشتیوانی ڕیاز بۆ بەرەی خۆراگری ئەفغانستان لە بەرانبەر هێزەکانی سۆڤیەت بە دەست بێنێت. ماوەیەک دواتر، ڕێکخراوەی هەواڵگری ئەمریکا (CIA) و دەزگای هەواڵگری سعوودیە (GID) بودجە و پێداویستییەکانیان لە ڕێگای دەزگای هەواڵگری پاکستان (ISI)وە گەیاندە چەکدارانی ئەفغان. بینەزیر بۆتۆ لە ١٤ی تەشرینی یەکەمی ١٩٩٦، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕادیۆ بی بی سی دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە پارەی سعوودیە چەکیان بۆ تاڵیبان دابین دەکرد". ئەمە لەگەڵ ئەو بۆچوونە باوەیش دەخوێنێتەوە کە دەڵێت، پاکستان بە یارمەتی دارایی و سەربازی ئەمریکا، سعودیە، ئیمارات و بەریتانیا، تاڵیبانی لە ئەفغانستان بەهێز کرد.
بە هەر حاڵ، هەزاران ئەفغانی، و لەوانە محەمەد عومەر، لە دەیەی ١٩٨٠ لە لایەن دەزگای هەواڵگری پاکستانەوە ڕاهێنران. تاڵیبان لە ناو ئەو بەرەیەدا سەریان هەڵدا و گوتمان، یەکەمین کردەی چەکدارییان لە ساڵی ١٩٩٤ ئەنجام دا. بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای کۆبوونەوە و یەکگرتنەوەی تەلەبە ئایینییەکانی پاکستان و ئەفغانستان لە قوتابخانە ئایینییەکانی سەر بە کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام لقی مەولانا سەمیعولحەق، کە ئەمرۆکە بە ناو کۆمەڵەی حەقانی دەناسرێنەوە، بزووتنەوەی تاڵیبان بە ڕابەرایەتی مەلا محەمەد عومەر دامەزرا. ئاشکرایە پاکستان لە دەسەڵاتگرتنیان لە ئەفغانستان دەستی هەبوو. ئیسلام ئاباد [لە پاڵ ئیمارات و سعوودیە] لەو دەگمەن وڵاتانە بوو کە بە فەرمی دانی بە دەسەڵاتی تاڵیبانی پێش ٢٠٠١دا نا.
دوای هێرشەکەی ئەمریکا و ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان، ئیسلام ئاباد بە سەرۆکایەتی پەرویز موشەرەف، خۆی لە بەرەی هاوپەیمانێتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم" پێناسە کرد. موشەرەف ناچار بەو بژاردەیە بوو، چونکە جۆرج دەبلیۆ بۆش ڕایگەیاندبوو " یان لەگەڵ ئێمە یاخود لەگەڵ تیرۆریزم". ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی بژاردەکەی موشەرەفدا، زیاتر لە ١٠ میلیار دۆلار یارمەتی پاکستانی کرد. بەڵام ئەوە بە واتای کۆتایی پەیوەندییەکانی پاکستان و تاڵیبان نەبوو. موشەرەف سەرەتا هەوڵی دا قەناعەت بە وڵاتانی جیهان بێنێت کە پێویستە پشتیوانی لە تاڵیبانێکی میانەڕۆ بکرێت، بەڵام ئەمریکا ئەوەی رەت کردەوە. ساڵی ٢٠٠٢، پاکستان سوپای رەوانەی ناوچەکانی باشووری وەزیرستان کرد بۆ ئەوەی رێگری لە دزەکردنی ئەندامانی تاڵیبان و ئەلقائیدە بۆ ئەو ناوچە بکات. دەزگا هەواڵگرییەکانی پاکستان داوایان لە هیزەکانی تاڵیبان کرد، ئەندامانی بیانی ڕێکخراوکەیان و ئەندامانی ئەلقائیدە ڕادەستی ئەوان بکەن و خۆیان لەوان جودا بکەنەوە. لە ڕاستیدا، هۆکاری ئەوە و کردە سەربازییەکەی ساڵی ٢٠٠٤ ئەوە بوو کە سوپای ئەمریکا سەبارەت بە هەبوونی ئەندامانی ئەلقائیدە و تاڵیبان لەو ناوچانەدا تووڕە بوو. بەڵام ساڵی دواتر، ئەو کاتەی نیشانەکانی سەرهەڵدانەوەی تاڵیبان دەرکەوتن، پاکستان هیچ هەوڵیکی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان نەدا. موشەرەف دەیویست بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی تر دسەڵاتی خۆی لەو ناوچەیەدا بسەپێنێت و دۆخی ئەو ناوچە بگۆڕێت. بەڵام پاکستان بەردەوام بانگەشەی ئەوەشی دەکرد کە بە بێ دانپیدانان بە تاڵیباندا، چاوەروانی جێگیربوونی ئاشتی لە ئەفغانستان ناکرێت. مۆشەرەف لە حوزەیرانی ٢٠٠٥، بە ئاشکرا رایگەیاند ئەگەر پێشووتر دان بە حکومەتی تاڵیباندا بنرایەت، رەنگە هێرشەکانی ١١ی سیپتەمبەر ڕوویان نەدایەت.
هەر لەو کاتەدا، بەشێک لە دامودەزگای سەربازی و هەواڵگریی پاکستان، لەگەڵ گرووپە ئیسلامگەراکان و بە تایبەت تاڵیبان لە پەیوەندیدا بوون. ئەو پەیوەندییانە دواتر بەرفراوانترە بووونەوە و ئیسلام ئاباد لە ڕووی مادی و لۆجستییەوە یارمەتی تاڵیبانی دا. ئەو دامودەزگانە هەوڵیان دەدا تاڵیبانی پاکستان بەرەو ئەفغانستان رەوانە بکەن. پاکستان بەو کارە لە لایەکەوە ئەو چەکدارانەی لە سنوورەکانی دەبردە دەرەوە و لە لایەکی ترەوە، ئەو تۆمەتەی بە درۆ دەخستەوە کە دەگوترا پاکستان بووەتە پەناگەی تیرۆریستان. بەو جۆرە دەیتوانی نیگەرانییەکانی واشنتۆنیش کەم بکاتەوە و ڕێگری بکات لە نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە هیند. بۆیە، ساڵی ٢٠٠٦ حکومەتی پاکستان لە ناوچەی وەزیرستان ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان ئیمزا کرد، هاوکات لە ناوخۆدا خۆی ئامادەی شەڕ لەگەڵ ئەو گرووپە کرد. ئەو ڕێککەوتننامە لە نیوان پارێزگارەکانی حکومەتی موشەرەف لەگەڵ گەورەپیاوان و ڕیش سپییەکانی تاڵیبان ئیمزا کرا و بە جۆرێک ئاراستەپێدان بوو بە چالاکییەکانی تاڵیبان. ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٠٦ کە کەرزای و موشەرەف لە واشنتۆن پێکەوە دیداریان کرد، تاڵیبان ڕایانگەیاند لە ناوچەی میرشاه، ناوەندی ویلایەتی وەزیرستان، دوو نووسینگەی نوێنەرایەتییان کردووەتەوە. ئەوە بە واتای سیاسەتی دوو فاقەی ئیسلام ئاباد سەبارەت بە تاڵیبان بوو.
ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠١١، سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما، بە میدیاکانی راگەیاند ئۆسامە بن لادەن لە ئۆپەراسیونێکدا لە نزیک ئیسلام ئابادی پاکستان، بە دەستی کۆماندۆکانی ئەمریکا کوژراوە. سەیر ئەوە بوو بن لادەن لە ناوچەیەکی سەربازی لە پاکستان خۆی حەشار دابوو، واتە لە شوێنیکدا کە حکومەت و دەزگای هەواڵگریی پاکستان ئاگادار بوون، ئەوەش پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و واشنتۆنی ئاڵۆزتر کرد و دەرخەری ئەوە بوو کە پاکستان هەرگیز لە بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان و ئەلقائیدە جدی نەبووە. لەوە بەدوا، ئەمریکا متمانەی بە پاکستان نەما و زیاتر ڕووی لە هیند کرد، گەرچی ئەوە بە واتای کۆتایهاتنی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا نەبوو. ئیسلام ئاباد پیویستی بە یارمەتییەکانی واشنتۆن بوو، بۆیە هەمدیسان لە ساڵی ٢٠١٢، ڕێگای دا کاروانی چەک و کەلوپەلی سەربازی هیزەکانی ناتۆ و ئەمریکا لە پاکستانەوە بەرەو ئەفغانستان تێپەڕێن، بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ئیسلام ئاباد تەنیا ئامادەیە بە شیوەی تاکتیکی لەگەڵ ئەمریکا لە دژی تاڵیبان هاوکاریی بکات. پاکستان بە کردەویش هەر ئەو سیاسەتەی گرتە بەر و لە پاڵ هاوکارییە تاکتیکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، هەرگیز دەستی لە ستراتیژی سەرەکی خۆی، واتە پشتیوانیکردن لە تاڵیبان، هەڵنەگرت. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەوە ڕازی نەبوو. بۆیە بە بیانووی پشتیوانی پاکستان لە تاڵیبان، بڕیاری کۆتاییهێنان بە پێدانی یارمەتی سەربازی بەو وڵاتەی دەرکرد، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە ساڵی ٢٠٠١وە ئەو یارمەتیانە ڕادەستی تاڵیبان دەکران. ترەمپ و دواتر بایدن گفتوگۆکانیان لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان دەستپێکرد کە ئەنجامەکەی چوونەدەرەوەی ئەمریکا و هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان و دەسەڵاتگرتنی دووبارەی تاڵیبان لەو وڵاتە بوو. لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو گفتوگۆیانەدا، کە بە گفتوگۆی ئاشتی ناسران، بەردەوام بەرپرسانی باڵای پێشووی ئەفغانستان، پاکستانیان بە پشتیوانیکردن و پڕچەککردنی تاڵیبان تۆمەتبار دەکرد. داڕووخانی دەسەڵاتی کابوڵ دەری خست ئەو تۆمەتانە زۆریش بێ بنەما نەبوون و پاکستان ئیستا زیاتر لە هەر ئەکتەرێکی جیهانی و ناوچەیی خۆشحاڵە لە دەسەڵاتگرتنەوەی تاڵیبان. دوابەدوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان، عەمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، تاڵیبان زنجیرەکانی کۆیلایەتییان پچڕاند. بەڵام دەرفەت و قازانجەکانی پاکستان لە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان چین و کامانەن؟
دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان و دەرفەتەکانی پاکستان
بۆچی پاکستان کە ٢٧٥٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش و لە بواری بازرگانیدا پەیوەندی بەرفراوان و لە ڕووی کلتووری و ئایینییشەوە هاوچەشنیی زۆری لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، هەبوونی تاڵیبان لە دەسەڵاتدا بە دەرفەت لە قازانجی خۆی و لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانیدا دەبینێت. دیارە بەشیکی زۆری ئەو مەیلە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە مێژووییانە کە پێشتر باسمان کرد و ئێستا پاکستان هەوڵی چنینەوەی بەرهەمی ئەو هەوڵانەی دەدات. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە خۆدی ئەو هەوڵانە بۆچی ئەنجام دران. ڕەنگە ئەو چەند خاڵەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم، ڕوونکەرەوەی خۆشحاڵی پاکستان لە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان بن.
یەکەم، لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە، پاکستان، ئەفغانستان بە داڵانێکی سوودمەند بۆ بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەندی دەبینێت. پێش ساڵانی ٢٠٠١ کە تاڵیبان دەسەڵاتی کابوڵی بە دەستەوە بوو، پاکستان هیوادار بوو لە بازارە گەورەکانی هەم ئەو وڵاتانەدا و هەم لە بواری بانکداری، بیمە، بازاری پشکەکان و کارگێڕی بازرگانی باڵادەست بێت. ڕەنگە ئێستا بە هۆی پتەوبوونەوەی پێگەی ئەو وڵاتانە و فرەچەشنبوونی ئابوورییان و هەروەها بە هۆی لاوازیی ئابووری پاکستان، ئەو ئامانجە واقیعبینانە نەبێت، بەڵام پاکستان بێ هیوا نییە. لەپاڵ ئەوەدا، بەرپرسانی پاکستان دەتوانن هیوادار بن بەوەی کە گواستنەوەی نەوت و گازی وڵاتانی ئاسیای ناوەندی لە ڕێگای ئەفغانستانەوە بۆ بەندەری کراچی و ئوقیانوسی هیند و بازارەکانی جیهان، داهاتێکی بەرچاویان دەست بخات، ئەمە جگە لەوەی، پاکستان دەتوانێت لەو ڕێگایەوە، نەوت و گازی خۆی بە نرخی هەرزانتر دابین بکات. هەر سەبارەت بە بازرگانی، پاکستان دەتوانێت هەوڵی ئەوە بدات بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و داهاتێکی زۆر بە دەست بهێنێت. دەرئەنجام، بازاری خودی ئەفغانستانیش دەتوانێت بازارێک بێت بۆ هەناردەکردنی کاڵای پاکستانی و ئابووری ئەو وڵاتە تا رادەیەک ببووژێتەوە.
دووەم، لە سەردەمی تاڵیباندا، پاکستان هیوای زیاترە بە چارەسەرکردنی کێشەی سنوورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان. پاکستان هەر لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە، لەگەڵ ئەفغانستان کێشەی سنووری هەبووە. هێڵی سنووری دیوراند لە ساڵی ١٨٩٣ لە لایەن ئەفسەرێکی بەریتانی بە ناوی "سێر مۆرتیمر دیوراند" لە نێوان هیند و ئەفغانستان کێشرا. بەریتانیا لەو کاتەدا دەستی بەسەر هینددا گرتبوو و ئەمیر عەبدولڕەحمان خان، پاشای ئەفغانستان بوو. دوای ئەوە، هەمیشە ئەفغانستان لەژێر ناوی پەشتوونستان، ئیدیعای بەشێ لە خاکی پاکستانی کردووە و هەرگیز لە لایەن ئەفغانییەکانەوە دان بەو دابەشکردنەی سنوورەکاندا نەنراوە. لە ڕاستیدا هێڵی دیوراند، هەڵخڕێنی ناسیونالیزمی ئەفغانستانە و نزیک لە هەموو حکومەتەکانی ئەفغان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوخۆیی کەڵکیان لێ وەرگرتووە. پاکستانیش هەمیشە هەوڵی داوە حکومەتێکی گوێڕایەڵ یان لانیکەم لاواز لە ئەفغانستان دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت کێشە سنوورییەکانی لە قازانجی خۆی چارەسەر بکات. بەرپرسانی پاکستان، دوای جودابوونەوەی بەنگلادیش لە ساڵی ١٩٧١دا، لە جودابوونەوەی بەلووچەکان لە ڕۆژئاوا و پەشتووەکان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان، نیگەرانن. پاکستان هەوڵی داوە سیاسەتی پەشتوو لە بەرانبەر پەشتوو بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی ئەو خواستەی ئەفغانستان شکست پی بێنێت. ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی یارمەتیدانی تاڵیبان لە لایەن پاکستانەوە، بۆیە دەسەڵاتگرتنی پاکستان لەو ڕووەوە جێگای ڕەزامەندییە، گەرچی ناتوانێ زۆریش گەشبین بێت، چونکە تەنانەت تاڵیبانی پێش ٢٠٠١ کە دەسەڵاتی کابوڵی بەدەستەوە بوو، بە فەرمی دانی بە سنوورەکاندا نەنا.
سێیەم، لاوازکردنی پێگە و دەسەڵاتی هیند لە ئەفغانستان، دەرفەتێکی ترە کە تاڵیبان بۆ ئیسلام ئابادی دەڕەخسێنێت. دوای جیابوونەوەی پاکستان لە هیند لە ساڵی ١٩٤٧، ململانێ و کێبڕکێی توند لە نیوان ئەو دوو وڵاتە، لە بوارەکانی سەربازی، سیاسی و ئابووری دەستی پێ کرد و ئێستاش درێژەی هەیە. ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی ١٩٩٨دا چەکی ئەتۆمییان تاقی کردەوە و چەندین جار تێکهەڵچوونی سەربازیی لە نیوانیان ڕووی داوە. ساڵی ١٩٩٨ کە تاڵیبان دەسەڵاتی کابوڵی بەدەستەوە گرت، باڵویزخانەی هیند خێرا داخرا و پەیوەندییە سیاسییەکان پچران، چونکە هیند دانی بە حکومەتی تاڵیباندا نەنا. هیند لە ساڵی ١٩٨٧وە لە کەشمیر ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و نارەزایەتی دانیشتوانی مۆسڵمانی ئەو ناوچە بووەتەوە، بۆیە پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای تاڵیبانی و هەروەها کۆبوونەوەی گرووپە توندڕۆوە ئیسلامییەکان لە خاکی ئەفغانستان وەکو مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی سەیر دەکرد. بەرپرسانی هیند دوای ٢٠٠١، بە پشتبەستن بە هەبوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هەوڵیان دا پێگەی خۆیان لەو وڵاتە بەهێز بکەن، بۆیە جارێکی تر لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠١ باڵوێزخانەکەیان لەو وڵاتە کردەوە و دوای ماوەیەک کۆنسولخانەکانیشیان لە شارەکانی جەلال ئاباد، هەرات، قەندەهار و مەزار شەریف کرانەوە. لە ئەفغانستانیش ئەو مەیلە هەبوو، کەرزای و غەنی خوازیاری پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هیند بوون، بەتایبەت کە پاکستانیان وەکو ڕکابەر دەبینی و بە هۆی ناڕەزایی ئەمریکاوە نەیاندەتوانی پەیوەندی بەرفراوانیش لەگەڵ ئێران پێک بێنن. هیند لە کۆبوونەوە جیاجیاکاندا کە بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوە و یارمەتیدانی ئەفغانستان بەڕێوەدەچوون، بەشداری کرد. لە ڕوانگەی پاکستانەوە، ئەو هەوڵانە مەترسیدار بوون. ئیسلام ئاباد دەسەڵاتی نیودەلهی لە ئەفغانستان بە مەترسی دادەنێت و خوازیاری پشک و دەسەڵاتی زیاترە لە ئەفغانستان، بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کابوڵ لایەنگری لە هیند ناکات، بەردەوامیش هەوڵی داوە لە ناوچەکەدا تۆڕێک لە هاوپەیمانانی بەهێز و بەقەوەت لە دژی هیند پێک بێنێت. لەو ئاراستەیەدا، هەوڵەکانی پاکستان بۆ جێگیرکردنی حکومەتێکی گوێڕایەڵ لە ئەفغانستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئێستا پاکستان زیاتر لە هەموو کات لە ئامانجەکەی نزیک بووەتەوە. دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان دەستی ئیسلام ئاباد لە بەرانبەر نیودەلهی کراوەتر دەکات.
چوارەم، لەم ساڵانەی دواییدا، بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندڕۆوە ئیسلامییەکان ئامانجێکی تری پاکستان بووە لە پاڵپشتیکردنی زیاتری تاڵیبان. لە ناو لایەنە جیاوازەکانی ئەفغانستاندا، تاڵیبان زیاتر لە هەمووی لە پاکستان نزیکە. بەرپرسانی ئیسلام ئاباد هیوادارن لە ڕێگای تاڵیبانەوە، ئەو گرووپانەی کە توندتڕۆترن (تا ڕادەیەک ئەلقائیدە و زیاتر داعش) کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕێگە نەدەن دزە بکەنە ناو خاکی پاکستان. پێشتریش بەرپرسانی پاکستان چەندین جار ڕایانگەیاندووە، تاڵیبان ڕێگری لە دەسەڵاتگرتنی داعش لە ئەفغانستان دەکات، تەنانەت ڕایانگەیاندووە، دەزگای هەواڵگری هیند (RAW) هەوڵ دەدات بە کەڵکوەرگرتن لە گرووپی داعش لە ئەفغانستان، بەرژوەندییەکانی پاکستان بخاتە مەترسییەوە، بۆیە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان بە خەڵاتێک بۆ پاکستان دێتە ئەژمار.
پەنجەم، دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان لە کابوڵ، ڕۆڵی نێوەندگێڕی ئیسلام ئاباد بەرجەستەتر دەکاتەوە و ئەو وڵاتە هیوادارە بەو شێوەیە سەرنجی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و پاکستان ئاڵۆزییان تێکەوتووە و بایدن لەو کاتەوە دەسەڵاتی کۆشکی سپی بەدەستەوە گرتووە تەنانەت پەیوەندی تەلەفونیشی لەگەڵ عەمران خان، نەگرتووە، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبووە وڵاتانی تر ڕوو لە پاکستان نەکەن. هەر ئێستا هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژائاوا کە دەیانەوێت کاریگەری لەسەر حکومەتی تاڵیبان دابنێن، هیوادارن پاکستان بتوانێت ڕۆڵی نێوەندگێڕ بگێڕێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و بەریتانیا سەردانی پاکستانیان کرد. ئەوان لەو بڕوایەدان پاکستان دەتوانێت کاریگەری لەسەر تاڵیبان دابنێت، هەروەها لەوە نیگەرانن کە پەراوێزخستنی پاکستان ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی ئەو وڵاتە لە پەکین و مۆسکۆ.
شەشەم، لاوازکردنی پێگەی ئێران لە ئەفغانستان و ئاسیای ناوەندی دەتوانێت یەکێکی تر بێت لە هۆکارەکانی پاڵپشتیکردنی پاکستان لە تاڵیبان. چاوەڕوان دەکرێت ململانێ و کێبڕکێی نیوان تاران و ئیسلام ئاباد دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان پەرە بسێنێت و پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزتر بن. بەتایبەت کەڵکوەرگرتن لە بەندەرەکانی کراچی و گوادر لەجیاتی بەندەر عەباس و بەندەری چابەهاری ئێران یەکێک دەبێت لە ئامانجەکانی پاکستان. سەرەڕای ئەوەی تاران لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان داوە و تەنانەت دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان لە کابوڵ، تاران پشتی لە هاوپەیمانە پێشووەکانی کرد و هەڵویستێکی ئەوتۆیشی لە بەرانبەر کەوتنی پەنجشیریش وەرنەگرت، بەڵام لە کۆتاییدا چاوەڕوان دەکرێت خاڵە هاوبەشەکانی پاکستان و تاڵیبان زۆر زیاتر بن لەو خاڵانەی تاران و تاڵیبان پێکەوە گرێ دەدەن.
مەترسی و نیگەرانییەکانی پاکستان
گریمانەی سەرەکی من ئەوە بوو کە پاکستان تا ئێستا براوەی دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان بووە و پێدەچێت لە بەراورد لەگەڵ ئەکتەرەکانی تر، دەرفەتی زیاتری بۆ برەخسێت لە ئاراستەی دابینکردنی بەرژوەندییەکانیدا. بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە، دەسەڵاتدارانی ئیسلام ئاباد دڵنیان تاڵیبان بە گشتی گوێرایەڵ و جێبەجێکاری بڕیارەکانیان دەبێت. لەوە ئاگادارین مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، ڕابەری نوێی پاکستان، سەردەمانێک لەسەر داوای ئەمریکا لە پاکستان دەستبەسەر کرابوو، جارێ زووە داوەری بکەین کە چۆن لەو ئەزموونە دەروانێت. جگە لەو بێ متمانەیی و دڵنیانەبوونە، لانیکەم پاکستان لە دوو پرسی تر نیگەرانە:
یەکەم، گەرچی ئەگەری زۆرە پاکستان لە لایەن وڵاتانی ترەوە وەکو پردێک بۆ پەیوەندیگرتن بە تاڵیبانەوە سەیر بکرێت و خۆیشی لەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێت، بەڵام هاوکات لە ئەگەری هەر جۆرە کردەیەکی توندوتیژانەی تاڵیبان لە ناوخۆ یاخود لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا کە بەرژوەندی زلهێزەکان یاخود ئاسایشی نیودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە، بەسەر پاکستاندا دەشکێتەوە و ئەگەری ڕەخنەگرتن لەو وڵاتە و پەراوێزخستنی زیاتری بەتایبەت لە لایەن ئەمریکاوە لە ئارادایە. بە تایبەت کە پاکستان ساڵانێکی زۆرە لە لایەن وڵاتانەوە تۆمەتبارە بەوەی کە پشتیوانی لە تاڵیبان دەکات. رەنگە ئەمە لە ئێستادا جدیترین نیگەرانی پاکستان بێت. پێشتر گوتمان لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، کۆشکی سپی بە بیانووی پشتیوانیکردنی پاکستان لە تاڵیبان، بڕیاری کۆتاییهێنان بەو یارمەتییە سەربازییەی کرد کە لە ساڵی ٢٠٠١وە بەو وڵاتە دەدرا. بڕیاردەرانی پاکستان لەوە ئاگادارن، بۆیە عەمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاندوە، پاکستان بەرپرسی هەڵسوکەوتی تاڵیبان دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان نییە و چالاکییەکانی تاڵیبان هیچ پەیوەندییەکی بە وڵاتەکەیەوە نییە.
دووەم، پاکستان لە شەپۆلی نوێی پەنابەران نیگەرانە. ئەو وڵاتە، هەر ئیستا میوانداری لە نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری ئەفغانستانی دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە خۆی ئابوورییەکی لاوازی هەیە و پەنابەری زیاتر دەبنە بارێکی قورس بەسەر شانیەوە. هەروەها لەو پاشاگەردانییەدا، ئەگەری دزەکردنی ئەندامانی سەر بە گرووپە توندڕۆکان بۆ ناو سنوورەکانی پاکستان لە ئارادایە.
ئەنجام
گەرچی هێشتا داهاتووی ئەفغانستان و ناوەڕۆکی سیاسەتەکانی تاڵیبان ڕوون و ئاشکرا نین، بەڵام پێدەچێت، تا ئێستا پاکستان زیاتر لە هەمووان لەو دۆخەی لە ئەفغانستان هاتووەتە ئاراوە ڕازی بێت. سەرەڕای ئەوەی پاکستان سەبارەت بە ڕەخنە و گازندەی وڵاتان لە ئەگەری هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی پاکستان و هەروەها لە شەپۆلی نوێی پەنابەرانی ئەفغانی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە نیگەرانە، بەڵام پێشبینی دەستکەوتەکانی داهاتوو، و لەوانە دەستپێڕاگەیشتن بە بازاری ئەفغانستان و پەرەپیدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەندی و گواستنەوەی نەوت و گاز بۆ ناوخۆی پاکستان، خولقاندنی دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکان، لاوازکردنی پێگەی هیند و ڕێگریکردن لە پەلهاوێشتنی گرووپە ئیسلامگەرا توندڕۆکان هیوای زیاتر دەبەخشێتە بڕیاردەران و دەسەڵاتدارانی پاکستان. لە کۆتاییدا، هیچ یەک لەوانەی ئاماژەم پێ کردن، بەو واتایە نین کە پاکستان خوازیاری تاڵیبانێکی بەهێزە. حاشاهەڵنەگرە، بەرژوەندییەکانی پاکستان هەرگیز لەگەڵ دەسەڵاتێکی سەقامگرتوو و بەهێز لە کابوڵ یەک ناگرنەوە، تەنانەت ئەگەر حکومەتێکی وەکو تاڵیبان دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت کە لە مێژووی ئەفغانستاندا، هیچ حکومەتێک بەو ڕادەیە لەژێر کاریگەری ئیسلام ئاباددا نەبووە.