Draw Media

كۆبونەوەكەی  دەستگا مخابەراتیەكان لە عێراق، فیدڕالیەتی عێراق و هەرێم پوچ دەكاتەوە

كۆبونەوەكەی  دەستگا مخابەراتیەكان لە عێراق، فیدڕالیەتی عێراق و هەرێم پوچ دەكاتەوە

2021-09-09 13:58:15


 محەمەد كیانی


لە ماوەی دادێ عێراق كۆبونەوەی سەرانی دەزگا مخابەراتیەكانی سوریا و توركیا ڕێكدەخات. كۆكردنەوەی عەلی مەملوك، بەرپرسی مخابەراتی سوری نزیك لە ئێران و دژە كورد، لەگەڵ هەقان فەدان، سەرۆكی میت، بە دەستپێشخەری سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، بێ هیچ گومانێك بۆ داڕشتنی پیلانگێڕییە دژی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان. ئەمە گەمەیەكی خەتەرناكە و دەمگەرێنێتەوە سەردەمی كۆبونەوە چوارقۆلیەكانی ئێران و توركیا و عێراق و سوریای حەفتا و هەشتاكان  بۆ خنكاندنی جولەی كورد لە هەر چوار وڵاتی دەورەبەر. هاوبەشی كورد لە حوكمەتی عێراقی و فیدڕالیەتی هەرێم دەبێ ببێتە هۆكارێكی كاریگەر لە ڕێگرتن لە دژایەتی ناوكۆی ئەو دەوڵەتانە دژی گەلی كورد و شكاندنی ئەو عەقلیەتە شۆڤێنیەی ئەو وڵاتانە دژی گەلی كورد هەیانبوە و هویانە وە دەبێ ببێتە زامنكردنی دوركەوتنەوەی عێراق لە دژایەتی گەلی كورد. سیستەمی فیدڕالی دەبێ بنچینەی چارەنوسی هاوبەش و سەقامگیری ئاشتەوایی گەلانی عێراق بێت. لە جیاتی ئەوەی عێراق ببێتە مەكۆی پیلانگێری لە دژی گەلی كورد دەبا ببایەتە سەمام ئەمانی سەلامەتی گەلی كورد و نمونەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلانی جیاواز لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانە بە گەلی كوردیشەوە. لایەنی كەم سیستەمی فیدڕالی عێراق و بەشداری كورد لە حوكمی دەسەڵاتی مەركەزی دەبایە عێراق دوربكاتەوە لە بەشداریكردن لە هەر جۆرە پیلانگێڕیەك لە دژی گەلی كورد، ئەگەر نەشبێتە قەڵای بەرگری لە گەلی كورد. ئێستا كاتیەتی بپرسین بونی كورد لە بەغدا، وە بەتایبەتی سەرككۆماری كورد لە بەغد، ئایا بۆ پێشگری كردنە لە پیلانگێڕی دژی گەلی كورد یان شەرعیەتدانە بە پیلانگێڕی ڕاسیستانەی ئەو دەوڵەتانە دژی گەلی كورد؟ ئایا وەڵامی سەرۆك كۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارەكان چییە لە بەڕێوەچونی كۆبونەوەی گەلەكۆمەكردن لە دژی گەلی كورد؟ ئەی هەڵوێستی حوكمەتی هەرێم و حیزبە كوردیەكان چییە؟ بە بەڕێوەچونی كۆبەنەوەیەی سەرانی دەستگا مخابەراتیەكانی ئەو دەوڵەتانە لە عێراق و بە بەشداری چاڵاكانەی عێراق لە كۆبونەوە پیلانگێڕیانە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و دروشمەكانی سەرجەم حیزبە كوردیەكان و حوكمەتی هەرێم بە درۆ دەخاتەوە و تێكدەشكێنێ و سیستەمی حوكمڕانی فیدڕالی و هاوبەشی كورد و عەرەب لە عێراق بە بێ مانا و پوچ دەكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand