Draw Media

كوردو هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌و پلان و پیلانه‌كان 

كوردو هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌و پلان و پیلانه‌كان 

2021-09-09 13:52:13


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
رۆژی 10-ی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی عیراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ،هه‌ڵبژاردن هه‌ر بریتی نیه‌ له‌ چوونی یان نه‌چوونی خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان و ناردنی به‌ربژێری نوێ‌ یان دووباره‌ بۆ پارله‌مان، هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌و ته‌قه‌لایه‌كه‌ بۆ جێهێشتنی دۆخێك و گۆڕینی به‌ دۆخێكی جیاوازتر ،له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكا لایه‌نه‌ جیاجیاكان یان پێش هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانه‌تی ده‌كه‌ن ، یان دوای هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی خۆیان له‌ كێكه‌كه‌ به‌رن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هاوپه‌یمانه‌تی دێته‌ ئاراوه‌ .
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی عیراق ، هه‌ڵبژاردنی پێشخراوه‌ و به‌شێكه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران، كه‌ هه‌میشه‌ دادو بێدادیانه‌ له‌ ده‌ست بارو دۆخه‌كه‌ ، له‌ عیراقی هه‌مه‌چه‌شن و مۆزائیكا عه‌ره‌ب و كوردو توركمان و كلدۆ ئاشورو سابیئه‌ی مه‌ندائی و شیعه‌و سونه‌و خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌ن ، ئه‌م هه‌مه‌چه‌شنیه‌ له‌ شه‌ناشیلی به‌غدایی  ده‌چێت ، گه‌رچی ئێستا له‌ دنیاشدا وڵاتی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ نه‌ما ، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی رابردوی پێكه‌وه‌ ژیان له‌ عیراقا له‌ بری ئاشتیانه‌ بێت خوێناویه‌، هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك مه‌ترسی و ده‌رفه‌تی خۆی هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت عه‌ره‌ب و توركمانی عیراق جگه‌ له‌وه‌ی قوڵایی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كیان هه‌یه‌و پشتیان قایمه‌ ، له‌ ناو خۆشیاندا وێڕای جیاوازی شیعه‌و سونه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسی كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ عه‌ره‌بی شیعه‌و سونه‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازیان عه‌ره‌بی بوون و عیراقی بوون كۆیانده‌كاته‌وه‌ ، كورد بارو دۆخی له‌وانی تر خه‌راپتره‌ ، گه‌رچی هه‌رێمێكی فیدراڵی هه‌یه‌و زۆرجاریش شێوازی هه‌ست و كه‌وته‌كانی جۆرێكه‌ له‌ یاخی بوون له‌ ناوه‌ند.
كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رووبه‌ڕووی ئاڵه‌نگاری و گیرو گرفت ده‌بێته‌ له‌ به‌غدای دوای ده‌رچوونی ئه‌نجامه‌كان و له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیش ، به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگای كه‌ركوك كه‌ تا ئێستا به‌ هه‌موو خراپیه‌كیه‌وه‌ ماده‌ی 140یشی تیا جێبه‌جێنه‌كراوه‌ ، كورد وه‌ك هه‌موو جارێك ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش پێكه‌وه‌ نین ، پێكه‌وه‌ بوون به‌و مانایه‌ نا كه‌ هه‌مووبه‌ یه‌ك لیست دابه‌زن ، پێكه‌وه‌ بوون به‌و مانایه‌ی به‌رنامه‌و پڕۆژه‌و ستراتیژی داهاتویان بۆ چوونه‌ به‌غداو به‌شداری پرۆسه‌ی حوكمڕانی و سیاسی چیه‌ .
به‌ دیدی جیاجیاو به‌ ته‌ماعی حزبیه‌وه‌ كورد به‌ره‌و به‌غدا ده‌ڕوات نه‌ك به‌ یه‌كدیدی و خواستی كوردیه‌وه‌ ، هه‌ڵبژاردنی پێشوو كورد ململانێیه‌كی سه‌ختی له‌ ناوخۆیدا بۆ بردنه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆك كۆمار به‌ ڕێخست ،هه‌ر له‌ ئێستاشه‌وه‌ تارماییه‌كانی هه‌مان ململانێ‌ ده‌ركه‌وتوه‌و به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت جانتای ئه‌و كێبڕكێیه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆك كۆمار له‌ به‌غدا دژی یه‌كتر به‌ كار بێنن ، ئه‌مه‌ چه‌ند ده‌كرێت وه‌ك پلانی حزبی سه‌یر بكرێت ده‌هێنده‌ ده‌كرێت وه‌ك پیلانی حزبی سه‌یر بكرێت ، له‌ كاتێكا شه‌ڕی ئه‌م پۆسته‌ پێویست بوو كورد له‌ ته‌ك ئه‌وانی تردا بۆ خۆی بیكات نه‌ك به‌ ویستی حزبی ، هه‌رچه‌نده‌ ململانێكی جاری پێشوو دۆخێكی ره‌خساند كه‌ كورد ، یان لایه‌نی كوردی ركابه‌ر وه‌ك پێویست پاڵپشتی نوێنه‌ره‌كه‌یان نه‌بن له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ، به‌ڵام بزاوت و جم و جۆڵی به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و نه‌رێنیه‌ كوردیه‌ی داپۆشیبوو ، به‌ڕاده‌یه‌ك به‌رهه‌م ساڵح پشتگیریه‌كی عه‌ره‌بی باشی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردبوو، ئێستا كه‌ بیر له‌ ململانێی كوردی له‌ سه‌ر كورسیه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كرێته‌وه‌ ، دیار نیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نێك به‌ هه‌ر بیانویه‌ك ده‌یه‌وێت دایبنا ، ئاراسته‌ی كاره‌كه‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌بات و ئامانجه‌كه‌ تاچه‌ند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌ .
هه‌ر پلانێك بۆ گۆڕانكاری ئه‌گه‌ر به‌ وردی نه‌خوێنرێته‌وه‌ ، لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانی لێك نه‌درێته‌وه‌ ، ده‌چێته‌ خانه‌ی پیلانه‌وه‌ ، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تا ئه‌مه‌ زۆرانێكی ناوخۆی حزبێك بێت بۆ دابه‌شكردنی كورسیه‌كان و شاردنه‌وه‌ی ململانێ‌ ناوخۆیه‌كان ، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت به‌وردی چاودێری ئه‌و جۆره‌ جم و جۆڵه‌ بكه‌ن و رێگه‌ به‌وه‌ نه‌ده‌ن  سیمای كوردی و په‌یوه‌ندی كوردی له‌ به‌غدا له‌ پرسی كورده‌وه‌ بكرێت به‌ سیماو په‌یوه‌ندی حزبی .
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێم ده‌گوزه‌رێت وێنه‌ی كوردبوونی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌كدا حزباندوه‌ ، كه‌ له‌ داهاتودا ئه‌مه‌ كاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت بۆ هه‌رێمه‌كه‌ ، كێشه‌  ئه‌وه‌یه‌ هاوبه‌شه‌كان ، جگه‌ له‌ جێگریه‌كی بێده‌نگ و بێتوانا هیچی تریان نیشاننه‌داوه‌ ، گوازتنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌ بۆ به‌غدا هیچ ناهێڵێته‌وه‌ بۆ دیموكراسی و جیازوازی ئه‌رێنی، بۆیه‌ ناكرێت مل بۆ ئه‌مجۆره‌ ویسته‌ بدرێت ، له‌ كاتێكا ئه‌ركی هاوبه‌شه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ی كوردستانیش راستبكه‌نه‌وه‌ ، وێنه‌یه‌كی لارو یه‌ك ڕه‌نگ و ته‌ڵخ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand