سەرەتایەک بۆ سۆسیۆلۆجیای حیزبی کوردیی
2021-09-08 18:12:27
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
بەشی چوارەم و کۆتایی
ئەزموونی سی ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی نەوەی شۆڕشگێڕانی شاخ و پاشان منداڵەکانیان، گەواهی شکستێکی گەورەی هەمەلایەنە. ئەم ئەزموونە کوردییە هەم لەڕووە سیاسییەکەی و هەم لەڕووە ئەخلاقییەکەی و هەم لەڕووە ئابوورییەکەیەوە شکستی گەورەی هێنا.
لەڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتدارێتیی کوردیی شکستی هێنا لەوەی ئەزموونی تۆتالیتاریزمی بەعسیزم دووبارەنەکاتەوە کە تیایدا سەرۆک لەسەرووی یاساوە بوو، حیزب لەسەرووی دادگاوە و خێڵ و خێزانە سیاسییەکانیش لەسەرووی نەتەوەوە بوون. دەوڵەتی بەعس یەک سەرۆکی دیکتاتۆری هەبوو، یەک لەشکر و یەک جوگرافیای سیاسیشی هەبوو کە تیایدا سەروەر بوو. دەسەڵادارێتی کوردییش چەند سەرۆکێکی لۆکاڵیی هەیە کە یەک خەسڵەت کۆیان دەکاتەوە، ئەویش تەنها لەناوچەکەی خۆیان دەسەڵاتگەرن و لەو سنوورە تێپەڕێت دەسەڵات و خەونی دیکتاتۆربوونیان کۆتایی دێت. هەریەک لەم سوڵتانە لۆکاڵییانە خاوەن دەزگای لەشکر و پۆلیس و هێزی ئاساییش و دژەتیرۆری تایبەت بەخۆیەتی و سنووری سەروەرییشیان لەو چوارچێوە جواگرافیا لۆکاڵییەی تیایدا دەسەڵاتدارن، تێپەڕناکات. ئەم ئەزموونە کوردییە شکستی هێنا خیانەت لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆی نەکات، کە ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەریی بوو بۆ کوردستانێک، کە خاوەنی یەک گەل و یەک لەشکر و یەک حکومەتی دیموکراسیی بێت.
دەسەڵاتدارێتیی کوردیی شكستێکی گەورەی ئەخلاقیی هێنا، چونکە نە تاوانبارانی ئەنفال و شەنگالی دادگاییکرد و نە توانی بڕێک لە دادپەروەریی و ئارامیی ویژدانیی بۆ دەربازبووانی کۆمەڵکوژییەکان بگێڕێتەوە بەوەی کار بۆ بەجینۆسایدناساندنییان بکات و نە توانی چارەسەری ئەخلاقیی و یاسایی بۆ ئەو لێکەوتە و دەرکەوتە کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی و ئەخلاقییانە بدۆزێتەوە کە شکستی سەربازییان دژ بە داعش بەرهەمیهێنا. لێرەدا هەم کەیسی ژنانی ئەنفال و هەم کەیسی ژنانی شەنگال دوو حاڵەتی تایبەتی زۆر شەرمائاوەرە بۆ سیاسەتی کوردیی. ئەمەو چەندان کەیسی تر لەوێنەی بێسەروشوێنانی جەنگی ناوخۆ و هتد.
حوکمڕانانی شۆڕشگێڕانی دوێنێ شکستێکی ئابووریی گەورەیان هێنا، چونکە لەبری ئەوەی ئابوورییەکی نیشتیمانیی دابمەزرێنن کە تیایدا ماف و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیانی لەشێوەی ئاو و کارەبا و موچە زامنبکرێت و ئابووری قاچاخ لەناوببرێت، خۆیان بوون بە بکەری سەرەکیی ئابوورییەکی رەیعیی چەتەگەریی. ئەو ژێرخانە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییەی ئەم سیستەمە سوڵتانییە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەرهەمیهێناوە، هێز و توانای روبەڕووبونەوەی هیچ تەحەدایەکی ناوخۆییی و هەڕەشەیەکی دەرەکیی نییە. سیاسەتی کوردیی کورتبووەتەوە بۆ مۆدێلێک لە ئۆپورتونیزمی سیاسیی کە بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەم نوخبە سوڵتانییە، لەناوەوە هێز بەکاردەهێنێت و لە دەریشەوە ملکەچیی.
لەم قۆناغەی ئێستادا هەموو خێزانە سیاسییەکانی هەرێم بە نەوەی یەکەم و دووەمیانەوە، حیزب و دەزگاکانی تری حوکمڕانیی وەک کەرەسەیەک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و سامان و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان تەماشادەکەن و بەکاردەھێنن. لەم قۆناغەدا گروپە ستراتیژییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوازی جیاواز بەشدارن لە دەسەڵات و کەڵەکردنی ساماندا.
هاوشێوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیی، لەناو هەموو حیزبەکانی گروپە ستراتیژییە شارییەکانیشدا تەوریسی سیاسیی جێبەجێکراوە و بەپرۆسەی جیاواز گۆڕاون بۆ دەزگایەکی خێزانیی. میکانیزمی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزبەکان و ئەندامەکانیان لەڕووی وەزیفەوە هاوتایە بە پەیوەندی شێخ و موریدەکانی یان سەرمایەدار و کارمەندەکانی. وەزیفەی سەرەکیی حیزب لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە بەخشینی پۆستە هەرەباڵاکان بە سەرۆکەکان و پێگەی سیاسیی و ئیداریی گەورەش بە منداڵەکانیان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خزم و کەسوکار و ئەندامانی حیزبەکانیان. لەناو ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە و لەناو هەردوو کایەی دەسەڵات و ئابووریی رەیعییدا، گروپە ستراتیژییەکان بە پرۆسەیەکی خێرا گەشەدەکەن بۆ چینێکی ئۆرستۆکراتیی کۆمەڵایەتیی نوێ.
بە پێی ئامارەکانی دەزگای یەکێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستاندا (30) ملیاردێر و (10) هەزار و (800) ملیۆنێر هەبووە. زۆرترین ژمارەی ملیاردێرەکان لە سنووری پارێزگای هەولێردا بوون كە ژمارەیان دەگاتە (18) و لە سنووری پارێزگای سلێمانی (5) ملیاردێرە و (5) ملیاردێریش لە سنووری پارێزگای دهۆك وەبەرهێنانیان کردووە. بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستدان زۆرینەی دەوڵەمەندەکانی هەرێم دانیشتووی پارێزگای هەولێرن و پاشان دهۆک بە پلەی دووهەم دێت و سلێمانیش پلەی سێهەمی بەردەکەوێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە چ گروپێکی ستراتیژیی و چ ناوچەیەک لە نێوەندی دەسەڵاتدا بێت یان نزیک بێت لێی، شانسی دەوڵەمەندبوونی خێرا و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاترە. ئەو ڕاستییەی کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتێکی وەک هۆڵەندا زیاترە مانای ئەوە نییە کە هەرێم خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و بەرهەمهێنە، بەڵکو تەوا بەپێچەوانەوە، گەواهی ئەوەیە کە دابەشکردنی سامان لە هەرێمی کوردستاندا وابەستەی شوێنگە و چەشنی پەیوەندی و خزمایەتییە بە حیزب و خێزانە سیاسییەکانەوە. بەم چەشنە ئەم چینە ئۆرستۆکراتییە نوێیە ناو کۆمەڵگای کوردستان کە لە ماوەی تەمەنی سیاسیی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەدا دروستبووە، چینێکە ڕاستەوخۆ وابەستەی پێگەی دەسەڵاتە کە لە ڕێگای پەیوەندیی خێزانیی ئەو گروپانەوە مۆنۆپۆڵی کایەی ئابوورییان کردووە. واتە بوونی ئەم حیزبە بنەماڵەییانە لەناو کایەی دەسەڵاتدا چینێکی سوڵتانیی نوێی لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەمهێناوە، نەک گەشەی ئابووریی ئاسایی و وەبەرهێنانی سەرمایەی خۆیان.